دیارترین تیرۆرەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-07-15:55:00 - کۆدی بابەت: 9738
دیارترین تیرۆرەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیرۆرەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین (بە عەرەبی: عمليات الاغتيال الإسرائيلية في فلسطين، بە ئینگلیزی: Israeli assassinations in Palestine) کۆمەڵێک هێرشی لەناکاو و پلان بۆداڕێژراوی سوپای بەرگریی ئیسرائیلە بۆ سەر کەسایەتییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچە فەڵەستینییەکان کە لە جەنگی سارد و ڕووبەڕوودان لەگەڵ ئیسرائیل. هەندێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی مردنی منداڵ و کەسانی بەتەمەن و کەسە نزیکەکانی کەسی ئامانج و زیانێکی زۆریان گەیاندووە.

تیرۆرەکان

٢٧ی ئابی ٢٠٠١ تیرۆرکردنی سکرتێری گشتیی بەرەی گەل بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین، ئەبوو عەلی موستەفا، بە دوو مووشەک لەلایەن ئیسرائیلەوە کە ئاڕاستەی ئۆفیسەکەی لە ڕامەڵڵا لە کەناری ڕۆژاوا کرا.

٢٣ی تەممووزی ٢٠٠٢ تیرۆرکردنی سەڵاح شەحادە، دامەزرێنەری باڵی سەربازیی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماسیەکینەکانی عیززەدین قەسام.

٢٢ی ئازاری ٢٠٠٤ شێخ ئەحمەد یاسین، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، لەکاتی گەڕانەوەی لە نوێژی بەیانی لەلایەن کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلەوە تیرۆر دەکرێت.

١٦ی نیسانی ٢٠٠٤ هێزەکانی ئیسرائیل سەرکردەیەکی دیاری حەماس لە غەززە بە ناوی دکتۆر عەبدولعەزیز ڕەنتیسی تیرۆر دەکەن، کە ئەوکات لەدوای ئەحمەد یاسین ببووە سەرۆکی بزووتنەوەکە.

لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ و لە سەرەتای یەکەم جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرکردەی سەربازی و سیاسیی حەماس، نزار ڕەیان بەهۆی بۆمبێکەوە کە کێشەکەی ١ تەن دەبوو لەلایەن فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ـەوە تیرۆر کرا. لەگەڵ خۆیدا هەر چوار ژن و ١١ منداڵەکەی کوژران.

١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ لە کاتی یەکەم جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی حەماس، سەعید سیام لەکاتی مانەوەی لە ماڵی براکەی بەهۆی بۆردمانی فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ـەوە تیرۆر کرا. لەگەڵ خۆیدا هەریەک لە کوڕەکەی، براکەی و هاوژینی براکەی و چەند دراوسێیەکی دەوروبەری ماڵەکەیان کوژران.

١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ ئیسرائیل ئەحمەد جەعبەری، جێگری فەرماندەی گشتی یەکینەکانی قەسامی تیرۆر کرد، ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ٨ ڕۆژە کە تێیدا ٢٠ ئیسرائیلی و ١٦٢ فەلەستینی کوژران.

١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئیسرائیل بەها ئەبوو عەتا، فەرماندەی ناوچەی باكووری سەرایا قودس كە قۆڵی سەربازیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییە تیرۆر دەكات و بزووتنەوەكەش بە وەشاندنی نزیكەی ٤٥٠ مووشەك بۆ ئامانجەكانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو رۆژدا وەڵامی دایەوە، کە بووە هۆی زیانی یەک ملیار و ١٥٠ ملیۆن دۆلار.

٥ی ئابی ٢٠٢٢ ئیسرائیل فەرماندەیەکی سەربازی لە سەرایا قودس بە ناوی تەیسیر جەعبەری لە بۆردمانێک بۆ سەر شوقەکەی تیرۆر دەکات.


سەرچاوەکان



315 بینین