هەستی پەپوولە لە هەناودا 

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-08-08-15:10:00 - کۆدی بابەت: 9753
هەستی پەپوولە لە هەناودا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەستی پەپوولە لە هەناودا (بە ئینگلیزی: Butterflies feeling in the stomach، بە عەرەبی: مشاعر الفراشات) بریتییە لە هەستکردن بە گرژبوون یان جۆرێک لە ختوکەدان و ترپە ترپ کردن و خرۆشان لە ناو گەدەدا، کە ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێنەوە بۆ ئەندامەکان و زیاتر دەردانی هۆڕمۆنی ئەدریناڵینەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد بێت و لە ئەنجامدا خوێنی زیاتر دەنێردرێت بۆ ماسولکەکان.
هەستی پەپوولە لە هەناودا هاوشێوەی کاردانەوەی مرۆڤە بۆ ڕووداوە ترسناک و پڕ فشار و زۆر بەچێژەکان و بە واتای هەبوونی کاردانەوەیەکی بەهێزی هەستیارانە دێت بۆ بارودۆخ و بابەتە هەستیار و گرنگەکان.

چ شتێک هەستی پەپوولە لە هەناودا دروست دەکات؟

ئەلێکساندرا سۆڵومۆن (Alexandra Solomon) پزیشک و مۆڵەتپێدراوی نۆرینگەی دەروونناسی و یاریدەدەری پڕۆفیسۆری نۆرینگەی بەشی دەروونناسی لە زانکۆی نۆڕسوێسترن (بە ئینگلیزی: Northwestern) و شارەزا لە بواری خۆشەویستی و پەیوەندییەکاندا پێی وایە کە هەردوو هۆکارە دەرەکی و ناوەکییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی هەستی پەپوولە لە هەناودا.

هاوکات چەندین کرداری چێژبەخش و ورووژێنەر بۆ نموونە وەک بینینی ئەو کەسەی خۆشەویستیت بۆی هەیە یان زۆر سەرسامیت پێی، چوون بۆ یەکەمین ژوان، پیاهەڵدانێکی لەناکاو لەلایەن هاوڕێ یان هاوژینەکەتەوە و چەندین شتی تر، ئەمانە هەموویان دەبنە هۆی دروستبوونی هەستکردن بە خرۆشان لە هەناودا، هەروەها دوکتۆر سۆڵومۆن ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە ئەو هەستکردنە وەک ئەوەیە دڵت خەبەری شتێک بدات یان هاوشێوەی هەستکردنە بە دڵەڕاوکێ، بەو واتایەی هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا دروست دەبێت کاتێک هەست بە شڵەژان یان شپرزەیی دەکەیت یان لەوکاتانەدا کە لەلایەنی سێکسییەوە هەست بە ورووژاندن دەکەیت.

دەروونناس دوکتۆر مایکڵ دەنبەریش (Micheal Dunbar) ئاماژە بەوە دەکات کە دڵەڕاوکێ هۆکارە بۆ دروستبوونی هەستی پەپوولە لە هەناودا و ئەم هەستکردنە وەک یەکەم نیشانە دادەنێت بۆ هەبوونی فشارێک ئیتر چ دەرەکی بێت یان ناوەکی، هاوکات ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە هەستکردن بە پەپوولە دروست دەبێت بەهۆی ئەوەی مێشک جەستە ئاگادار دەکاتەوە تاوەکوو هۆڕمۆنی ئەدریناڵین (Adrenaline) وەک وەڵامدانەوەیەکی دەستبەجێ بۆ کاتی هەستکردن بە مەترسی و دڵەڕاوکێ دەربدات و ئەمەش ڕۆیشتنی خوێن بۆ گەدە کەمدەکاتەوە و خوێنی زیاتر بۆ ئەندامەکانی تری جەستە دەنێرێت، ئەو کەمبوونەوەی ڕۆشتنی خوێنە بۆ گەدە هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا دروست دەکات.

هەستکردن بە پەپوولە دەکرێت بە هەمان هۆکار بۆ ماوەی چەندین جار هەست پێبکرێت و کاریگەریی هەبێت، بۆ نموونە بیرکردنەوە لە قسەیەکی چێژبەخشی هاوژینەکەت بۆ ماوەی چەندین جار ڕەنگە وابکات هێشتاش هەست بە پەپوولە و خرۆشان بکەیت لە هەناوتدا.

ئایا هەستکردن بە پەپوولە ئاساییە؟

بوونی پەپوولە لە هەناودا بە زۆری ئاماژەیە بۆ ئەزموونکردنی شڵەژان کە بەهۆی ڕووداوێکی تایبەتەوە دروست دەبێت، بۆ نموونە ڕەنگە ئەم هەستە لەو کاتەدا دروست بێت کە لەسەر سەکۆی شانۆیەکدا نمایش دەکەیت و قسە بۆ خەڵک دەکەیت یان ئامێرێکی میوزیکییان بۆ دەژەنیت یانیش وتارێک دەدەیت، هەروەها ڕەنگە کەسانی تر ئەزموونی ئەم هەستە بکەن لەکاتی ناسینی کەسێکی نوێدا یان لە ڕۆژانی سەرەتای پەیوەندییەکی ڕۆمانسیدا یان لەکاتی دەستپێکردنی کارێکی نوێدا و ئەم هەستە هەندێک جار نیشانەیەکە بۆ عاشقبوونی کەسێک و هەندێک جاریش نیشانەیەکە بۆ نائارامی و هەستکردن بە دەمارگیری و شڵەژان بەهۆی ڕووداوێکەوە.

هەروەها هەستکردن بە پەپوولە لە هەموو کەسێکدا بەهۆی هەندێک بارودۆخەوە دروست دەبێت، ئەم هەستە کاتییە و بەشێوەیەکی تایبەت بەهۆی دۆخێکی دیاریکراوەوە هەست پێدەکرێت و چەند نیشانەیەکی هەیە وەک: هێڵنجدان، هەستکردن بە خرۆشان لە گەدەدا، هەستکردن بە پێچهاتن بە گەدەدا، هەستکردن بە گرێیەک لە گەدەدا، زیادبوونی لێدانی دڵ، سەر گێژخواردن، ئارەقکردن.

هەستی پەپوولە لە هەناودا لەڕووی زانستییەوە

هێلین ئی. فیشەر (Helen E. Fisher) خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، مرۆڤناس لەلایەنی زیندەییەوە و شارەزای بواری زانستی خۆشەویستی بە شێوەیەکی ڕۆمانسییانە، پێی وایە هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا ڕەنگە بەهۆی زیادبوونی ئاستی ماددەی (نۆرئەپینفرین بە ئینگلیزی: norepinephrine)ـەوە بێت لەناو سیستمی ناوەندە کۆئەندامی دەماردا. نۆرئیپینفرین وەک هۆڕمۆن و دەمارە گوێزەرەوەش کاردەکات و بۆ وەڵامدانەوەی فشارەکان دەردەدرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان مێشک کاردەکات تاوەکوو جیاوازی بکات لە نێوان ترس و ورووژاندنێکی بەچێژ و هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوەش ڕووندەکەنەوە کە دەردانی ماددەی (نۆرئیپینفرین بە ئینگلیزی: Norepinephrine) کە پێشی دەوترێت (نورئەدریناڵین بە ئینگلیزی: Noradrenaline) بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیدارە بە هەستکردن بە مەترسی و هەستکردن بە سەرنجڕاکێشانێکی ڕۆمانسییانەوە، بەو واتایەی کە نۆرئیپینفرین دەردەرێت وەکوو وەڵامدانەوەیەکی دەستبەجێ بۆ هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و ترس و دەردان و بەرزبوونەوەی نۆرئیپینفرین دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و زیادبوونی وزە و هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.

دوکتۆر هێلین فیشەر پێی وایە کە ئەم کاریگەرییانە هاوشێوەی ئەو کاریگەرییانەن کە مرۆڤ دەکەوێتە خۆشەویستییەکی ڕۆمانسییانەوە و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا دروست دەبێت، بەو واتایەی هەستکردن بە خۆشەویستی هاوشێوەی ترس و دڵەڕاوکێ هەمان لێکەوت و کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دروست دەکەن و هەموو ئەم گۆڕانکارییە فیزیۆلۆجییانە یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ ڕزگاربوون لە باروودۆخە پڕ فشار و مەترسیدارەکانی ژیان.

هەروەها دۆپامین هۆڕمۆنێکە پەیوەندییەکی نزیکی بە نۆرئیپینفرینەوە هەیە، کاریگەرییەکی دیاری لە دروستکردنی هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا هەیە و بە هۆڕمۆنی “هەستکردن بە باشبوون” ناسراوە، وادەکات مرۆڤ هەست بە دڵخۆشی و هاندان بکات و ئەو کاتانە دەردەدرێت کە مرۆڤ کردارێکی بەچێژ ئەنجام بدات، بۆ نموونە وەک سێکس کردن یان کات بەسەربردن لەگەڵ هاوژین و خۆشەویستەکەیدا.

هەردوو ماددە کیمیاییەکانی دۆپامین و نۆرئیپینفرین بەستراونەتەوە بە هەستکردن بە خۆشەویستی کە لە ئەنجامدا چەندین کاردانەوەی جەستەییی دروست دەکەن بۆ نموونە وەک هەستکردن بە پەپوولە لە هەناودا، وشکبوونی دەم، بێهێزبوونی ئەژنۆکان، دەم تەتەڵەکردن و چەندین کاردانەوەی جەستەیی تر.

هاوکات دوکتۆر ئەلێکسەندەر سۆڵومۆنیش ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە پەیوەندییەکی کاریگەر لە نێوان مێشک و هەناوماندا هەیە و پێی وایە کۆئەندامی هەرسی مرۆڤ سیستمی کۆئەندامی دەماریی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێی دەوترێت دەمارە کۆئەندامی هەرس (بە ئینگلیزی: enteric nervous system (ENS)) هەروەها نازناوی “مێشکی دووەم”ـی پێ بەخشراوە.

دەمارە کۆئەندامی هەرس لە ڕێگەی ڕێڕەوی دەمارەکانەوە بەستراوەتەوە بە مێشکەوە و دەمارە گوێزەرەوەکانی وەک دۆپامین لە نێوانیاندا دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوانیاندا هەبێت و جڵەوگیری کرداری هەرسکردن بکەن.


سەرچاوەکان

362 بینین