کۆنیشانەی ڕامزی هەنت

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-09-16:34:00 - کۆدی بابەت: 9763
کۆنیشانەی ڕامزی هەنت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆنیشانەی ڕامزی هەنت (بە ئینگلیزی: Ramsay Hunt syndrome یان herpes zoster oticus، بە عەرەبی: متلازمة رامزي هانت)، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، کە ڤایرۆسێکی دیاریکراو کاردەکاتە سەر دەمارەکانی ڕووخسار بەتایبەتی ئەوانەی لە گوێیەکانەوە نزیکن. ئەم حاڵەتە بەهۆی ڤایرۆسی مێکووتەی ناچالاک (varicella zoster virus)، واتە هەمان ئەو ڤایرۆسەی لە منداڵیدا یان تەمەنێکی کەمدا دەبێتە هۆی مێکووتە ڕوودەدات. ئەگەر تووشی مێکووتە بوبێتیت ئەوا دەکرێت دووبارە ڤایرۆسەکە لە جەستەدا چالاک ببێتەوە و تووشی ئەم حاڵەتەت بکات. کاتێک کەسێک تووشی مێکووتە دەبێت و دواتر چاک دەبێتەوە، دەکرێت دوای ماوەیەک هەمان ڤایرۆس لە لەشدا چالاک بێت، لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری کۆنیشانەی ڕامزی هەنت یان پشتێنەی ئاگرین (shingles) دەبێت، لەوانەشە هەردووکی. لەدوای چالاکبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەگەر پەڵەی سوور لە دەوروبەری کەمەر دەرکەوت ئەوا حاڵەتەکە پێی دەوترێت پشتێنەی ئاگرین، بەڵام ئەگەر لە ڕووخساردا دەرکەوت و کەسەکە دووچاری ئیفلیجبوونی ڕووخسار بوو ئەوا کۆنیشانەی ڕامزی هەنتە. دەکرێت سووربوونەوەی ناوچەی کەمەر دواتر بۆ ڕووخسار بگوازرێتەوە، واتە حاڵەتەکە لە پشتێنەی ئاگرینەوە بۆ کۆنیشانەی ڕامزی هەنت بگۆڕێت. لە کاتی هەستکردن بە نیشانەکانی وەک دەرکەوتنی پەڵەی سوور و لاوازبوونی ماسولکەکانی ڕووخسار، وا باشترە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکەیت، کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا، وا دەکات کەسەکە تووشی گرفت و مەترسی گەورە نەبێتەوە.

نیشانەکان

یەکێک لە نیشانە ئاشکراکانی ئەم حاڵەتە بریتییە لە هەبوونی پەڵەی سوور لە نزیک یەکێک یان هەردوو گوێدا. هەروەها ئیفلیجبوونی ڕووخسار لەو بەشەی کە بەر ڤایرۆسەکە کەوتووە دەردەکەوێت. لە کاتی ئیفلیجبوونی ڕووخساردا کەسەکە هەست بە قورسی ماسولکەکانی ڕووخسار دەکات، یان بەهۆی لاوازبوونیانەوە ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. دەکرێت لەگەڵ سووربونەوەی شوێنەکەدا هەڵئاوسانیش ڕووبدات، زیاتر لە ناوچەکانی نزیک دەرەوەی گوێ دەبینرێ، بەڵام ئەگەری هەیە لە شوێنی تری وەک ناوەوەی گوێ، ناو دەم بەتایبەتی مەڵاشوو و هەروەها لە بەشی سەرەوەی قوڕگ دەربکەوێت. لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەری هەیە کەسەکە بە تەنها دووچاری ئیفلیجبوونی ڕووخسار ببێتەوە، واتە هیچ نیشانەیەکی وەک سووربونەوەی تێدا بەدینەکرێت. 

نیشانە باوەکانی تری ئەم حاڵەتە بریتیین لە: 

  • هەستکردن بە ئازار لەو گوێیەی بە ڤایرۆسەکە تووشبووە.
  • هەستکردن بە ئازاری مل.
  • زرینگەی گوێ.
  • لەدەستدانی توانای بیستن.
  • لەو لایەی ڕووخسار کە ڤایرۆسەکەی تووشبووە، کەسەکە ناتوانێت چاوی دابخات.
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
  • سەرگێژخواردن واتە هەستکردن بە سوڕانەوەی شتەکانی دەوروبەر.

هۆکارەکانی تووشبوون بەم حاڵەتە

کۆنیشانەی ڕامزی هەنت لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە پێشتر تووشی مێکووتە بوون. کاتێک تووشی مێکووتە دەبیت و چاک دەبیتەوە، ئەگەری هەیە دوای چەند ساڵێک هەمان ڤایرۆس چالاک ببێتەوە، بەڵام لە جاری دووەمدا ببێتە هۆی ئەم حاڵەتە. ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە کۆنیشانەی ڕامزی هانت زیاد دەکەن بریتیین لە: 

  • پێشتر تووشی مێکوتە بوبێتیت و چاک بووبێتیتەوە.
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاترە (بە دەگمەن لە منداڵاندا ڕوودەدات، واتە لە ناویاندا حاڵەتێکی باو نییە).
  • ئەو کەسانەی کۆئەندامی بەرگرییان لاوازە.

چارەسەر

باوترین ڕێگەی چارەسەرکردن بریتییە لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی دژەڤایرۆسن، وەک فامسایکلۆڤیر (famciclovir) یان ئەسایکلۆڤیر (acyclovir) لەگەڵ دەرمانی تری وەکوو پرێدنیزۆن (prednisone) و هەروەها دەرمانەکانی کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان (corticosteroids). هەڵبژاردنی جۆری چارەسەرەکە پەیوەستە بەو نیشانانەی لە کەسەکەدا هەیە، دەرمانەکانی دژەهەوکردنی ناستیڕۆیدی (Nonsteroidal anti-inflammatory drugs) و دژەگەشکە (antiseizure) وەک کاربامازاپین (carbamazepine) بۆ کەمبوونەوەی ئازار بەکاردەهێنرێت، دەرمانەکانی دژەهیستامین (antihistamine) یارمەتی نەهێشتنی سەرگێژخواردن دەدات. بەکارهێنانی قەترەی چاو، یارمەتی چەورکردنی چاو دەدات و ئەو بەشەی چاو کە بە کۆرنیا ناودەبرێت لە زیان دەپارێزێت.

زیانە لاوەکییەکان

ئەگەر ئەم حاڵەتە لەماوەی سێ ڕۆژی یەکەمی دەرکەوتنی نیشانەکاندا چارەسەر بکرێت، ئەوا کەسەکە دووچاری کێشەی درێژخایەن نابێتەوە. بەڵام ئەگەر چارەسەری بۆ نەکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە کەسەکە بۆ هەمیشە تووشی لاوازی ماسولکەکانی ڕووخسار و لەدەستدانی توانای بیستن ببێت. زۆر کەس ناتوانێت یەکێک لە چاوەکانی دابخات، ئەمەش دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی چاوەکە.

لە ئەنجامی وشکبوونەوەی چاوەکە، ئەگەر شتێکی وەک برژانگ بکەوێتەوە چاوتەوە ئەگەری هەیە نەتوانی بەئاسانی دەری بهێنیت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە چاو. بەکارنەهێنانی قەترەی چاو یان هەر چەورکەرێکی تر زیان بەو بەشەی چاو دەگەیەنێت کە پێی دەوترێت کۆرنیا، لە ئەنجامدا خورانی چاو ڕوودەدات و لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای بینین. لەبەرئەوەی ئەم حاڵەتە زیان بە دەمارەکانی ڕووخسار دەگەیەنێت، لەوانەیە کەسەکە هەست بە هەبوونی ئازار بکات تەنانەت دوای تێپەڕاندنی نەخۆشییەکە، ئەم ئازارە ڕوودەدات چونکە ئەو دەمارانەی زیانیان پێگەیشتووە ناتوانن هەستەکان بناسنەوە و لە ئەنجامدا نیشانەی هەڵە بۆ مێشک دەنێرن.


سەرچاوەکان

96 بینین