پلیمۆس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-13-21:58:00 - کۆدی بابەت: 9819
پلیمۆس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلیمۆس (بە ئینگلیزی: Plymouth، بە عەرەبی: بليموث)، شارێکی بەندەرییە لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا. ئەم شارە دەکەوێتە کەناری باشووری دیڤۆن، نزیکەی ٥٨ کیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای ئێکستەر و ٣١١ کیلۆمەتر باشووری ڕۆژئاوای لەندەنەوە دوورە. لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاواشەوە هاوسنوورە لەگەڵ کۆرنواڵ. مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی برۆنزی، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٨دا وەک شارێک دیاری کراوە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی پلیمۆس لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە ٢٦٤٫٢٠٠ کەس خەمڵێندرا. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، لە دوای شاری بریستۆڵەوە دووەم گەورەترین شاری ناوچەی باشووری ڕۆژئاوایە و ۳۰هـەم قەرەباڵغترین شاری شانشینی یەکگرتووە. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٣٠٫٨٢ کیلۆمەتر دووجایە، چڕی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٨٫٥٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەسەر بنەمای ئەو ئامارانەی کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ئەنجامدراوە، زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە سپی پێستن، کە بە ڕێژە ٩٦.٢٪ـی دانیشتووانە، لەو ڕێژەیەش ٩٢٫٩٪ سپی پێستی بەریتانین، لەگەڵ ئەوەشدا چینییەکان ٠٫٥٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. هەروەها ئاستی هەژاری دانیشتووانی شارەکە لە تێکڕای نیشتیمانی بەرزترە، تێکڕای تەمەنی نێرەکان ٧٨٫٣ ساڵی و  مێیەکان ٨٢٫١ ساڵییە.

ئابووری

ئابووری شارەکە پشت بە پیشەسازی دەریایی دەبەستێت. هەروەها دەیان هەزار دانیشتووانی شارەکە لە کەرتی بەرگری دامەزراون، لە کاتێکدا ٧٫٥٠٠ کەسیان ئەندامی هێزی چەکدارن.

ئایین

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ٥٨٫١٪ـی دانیشتووان خۆیان بە  مەسیحی دا لە قەڵەم و ٠٫٨٪ـی دانیشتووان موسڵمان بوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئایینەکانی تر هەریەکەیان نوێنەرایەتی کەمتر لە ٠٫٥٪ـی دانیشتووانیان کرد. هەروەها ئەوانەی بێ ئایینن ٣٢٫٩٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن؛ ئەم ڕێژەیەش لە سەرووی تێکڕای نیشتیمانییەوەیە کە ٢٤٫٧٪. سەرەڕای ئەوەش ٧٫١٪ـی دانیشتووان وەڵامی پرسیارەکەیان نەدایەوە و بیروباوەڕی ئایینی خۆیان نەخستەڕوو. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠١ـەوە ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی مەسیحی و جوولەکە کەمیکردووە، یەکەمیان بە ڕێژەی ١٦-٪ و دووەمیان بە ڕێژەی ٧-٪. لە کاتێکدا ڕێژەی هەموو ئایینەکانی دیکە زیادیان کردووە و ژمارەی کەسە بێ ئایینەکان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

مێژوو

مێژووی شوێنەوار و نیشانەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی برۆنزی. پلیمۆسی ئێستا سەرەتا گوندێک بوو بەناوی سەتن (Sutton)، پاشان لە ساڵی ١٤٤٠ـدا ناوەکە گۆڕدرا بۆ پلیمۆس کە بە واتای ڕێژگەی ڕووباری پلیم (Plym) دێت، پاشان ئەم گوندە گەشەی کرد و بوو بە شارۆچکە. لە ساڵانی ١٤٤٠ـەکاندا چەند هەوڵێک درا بۆ هێرشکردنە سەر شارۆچکەکە و لە ساڵی ١٤٣٩ سوتێنرا. لە کۆتایی سەدەی پازدەهەمدا قەڵای پلیمۆس دروستکرا کە بۆ پاراستنی حەوزی سەتن بەکاردەهێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ١٥١٢ـدا چەند شوورا و قولەیەک بۆ پاراستنی شارۆچکەکە دروستکرا.

لە سەدەی ١٦ـدا، خوری لە شارۆچکەکەوە هەناردە دەکرا، هەروەها بۆ زۆرێک لە بازرگانانی دەریایی بەندەرێکی نیشتیمانی بوو. لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئینگلیزدا چەندین جار هێرشی کرایە سەر شارۆچکەکە و سیستمی پاشایەتی گەڕێنرایەوە. لە سەدەی ١٧ـدا شارۆچکەکە ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت بوویەوە و ناوبانگی وەکوو بەندەرێکی بازرگانی لەدەستدا. دواتر لە سەدەی ١٨ـدا، دانیشتووانی شارۆچکەکە لە شارۆچکەیەکی نزیک پلیمۆس بە ناوی دۆک (Dock) کە ئێستا بە دێڤنپۆرت (Devonport) ناسراوە، کاریان دەکرد. پلیمۆس و شارۆچکەکانی دەوروبەری لە سەدەی ١٨ و ١٩ـدا ئاوەدانکرانەوە و بەرەوپێش چوونیان بەخۆیانەوە بینی.

هەروەها شارەکە وەکوو بەندەرێک ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا هەبوو و بەهۆی گرنگییە دەریاییەکەیەوە لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە بۆردومانکرا، زیاتر لە ١٠٠٠ کەس کوژران و بەشێک لە شارەکە وێرانکرا. ئەم زنجیرە بۆردومانەش ناونرا، هێرشە لەپڕ و توندوتیژەکانی پلیمۆس (The Plymouth Blitz). لە ساڵی ١٩٤٣ـدا پلان بۆ دووبارە گەشەپێدانی شارەکە دانرا و لە ساڵانی ١٩٥٠ـکاندا هەزاران خانوو دروستکرا.

لە ئێستادا پلیمۆس ناوەندێکی پیشەسازی دەریاییە. شارەکە کۆمەڵە فرۆشتگایەکی جۆراوجۆری دروست کردووە، خاوەنی چەند باڵەخانە و شوێنێکی مێژوویی گەشتیارییە، چەند پلانێکیشی بۆ زیاتر فراوانکردنی ناوچەکە هەیە.

گەشەی دانیشتووانی پلیمۆس

پلیمۆس لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، لە سەرژمێری نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠١١ـدا ١٥٫٦٦٤ کەس زیادی کرد. پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاتر گەشە بکات، بەتایبەتی بەو پلان و دەستپێشخەرییانەی کە بۆ داهاتووی شارەکە داڕێژراون، ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە ئەوەیە شارەکە فراوان بکات، ئەویش بە زیادکردنی تێرمیناڵی گەشتی دەریایی و چەند فرۆشتگایەکی جۆراوجۆر و ٣٣ هەزار شوێنی نیشتەجێبوون. لەژێر کاریگەری ئەم دەستپێشخەرییەشەوە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بۆ ٣٠٠ هەزار کەس بەرزببێتەوە.

کەشوهەوا

شاری پلیمۆس کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. شارەکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، لە دیڤۆن، لەو ناوچەیەی کە وەرزی زستان مامناوەندترین وەرزی وڵاتە. بەفر زۆر بەدەگمەن دەبارێت و ئەو کاتانەشی دەبارێت، تەنها چەند سانتیمەترێک دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٢- یان ٣- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٧٩ـدا ٨٫٨- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام کەمتر لەو ڕێژەیەی کە لە وەرزی زستاندا دەبارێت.

بەهۆی شوێنە کەنارییەکەی شارەکەوە، پلیمۆس کەمێک زیاتر لە شەپۆلەکانی گەرما پارێزراوە کە هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا هەبێت. سەرەڕای ئەوەش ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام کورتخانەینن، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی حوزەیرانی ١٩٧٦ـدا گەشتە ٣١٫٦ پلەی سەدی.

ساڵانە ١٠٤٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی بەرزە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئایارە ٦٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی یەکەمە ١٢٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٧٣٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی پلیمۆس

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی پلیمۆس وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە لەم کاتەدا پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

۱. قەڵای شاهانە

۲. پێشەنگای زیندەوەرانی دەریایی نەتەوەیی

۳. ناوەندی شاری پلیمۆس

٤. خانووی مێژوویی ئەلیزابێس

٥. قەڵای کراون هیڵ

٦. پردی تەمار

۷. پلیمۆس هۆو و قولەی سمیتن

٨. سالترام هاوس


سەرچاوەکان



247 بینین