دێڤنپۆرت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-15-17:43:00 - کۆدی بابەت: 9846
دێڤنپۆرت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دێڤنپۆرت (بە ئینگلیزی: Devonport، بە عەرەبی: ديفونبورت)، شارێکە لە باکووری تاسمانیا لە ئوستورالیا، دەکەوێتە سەر ڕێژگەی ڕووباری مێرسی (Mersey). ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی دێڤنپۆرت لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١ـی ئوسترالیادا ٢٦١٫٥٠ کەس بوو.

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری دێڤنپۆرت بە ٢٤٫٦٩٦ کەس خەمڵێندرا، لەم ژمارەیەش ٤٧٫٢٪ـیان لە ڕەگەزی نێر بوون و ٥٢٫٨٪ـیان لە ڕەگەزی مێ. تێکڕای تەمەنی دانیشتووانی شارەکە ٤٣ ساڵییه، منداڵانی تەمەن سفر تا ١٤ ساڵی بە ڕێژەی ١٨٫٢٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵی و بەرەو سەرەوەیە ٢١٫٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی ناو شاری دێڤنپۆرت

ئوستڕالی: ٣٥٫٦٪

ئینگلیز: ٣٤٫٥٪

ئێرلەندی: ٨٪

سکۆتلەندی: ٦٫٨٪

ئەڵمانی: ٢٫٤٪

شوێنی لەدایکبووانی دانیشتووانی شارەکە

ئوستوڕالیا: ٨٤٫٨٪

ئینگلتەرا: ٣٫١٪

نیوزلەندا: ٠٫٨٪

سکۆتلەندا: ٠٫٥٪

فلیپین: ٠٫٤٪

هۆڵەندا: ٠٫٣٪

ئایین

ئایینی مەسیحی پەیڕەوکراوترین ئایینی دانیشتووانی لەم شارەیە و بێ ئایینەکانیش ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانیان پێکهێناوە. ٥٧٫٥٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، لەنێو ئەم ڕێژەیەشدا، ١٨٫٥٪ـی دانیشتووان ئەنگليكانین، ١٤٫٨٪ـی دانیشتووان کاسۆلیکی و ئەوانەی وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە ٩٫٥٪ و ٥٫٥٪ـی دانیشتووان یەکتاپەرەستن، هەروەها ٣٦٫٥٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن.

زمان

٩١٫٣٪ـی دانیشتووان لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد. زمانەکانی دیکە کە لە ماڵەوە قسەیان پێ دەکرا بریتی بوون لە ماندارین بە ڕێژەی ٠٫٤٪، ئیسپانی ٠٫٢٪، تاگالۆگ ٠٫٢٪، سینهالیایی ٠٫٢٪ و هۆڵەندی ٠٫١٪.

کشتوکاڵ

ناوچەی دێڤنپۆرت خاکێکی سووری دەوڵەمەندی هەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی ڕووەکی (پاقلەمەنییەکان، پیاز، پۆڵکە، پەتاتە و هتد) گونجاوە و گرنگییەکی زۆری لە بەرهەمهێنانی بەرهەمی دانەوێڵە، ڕۆنی خەشخاش، عاقرقرحا و بەرهەمەکانی تردا هەیە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای دێڤنپۆرت ئۆقیانوسییە، کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا بارانێکی زۆر دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٢٫٣ پلەی سەدییە و ساڵانە نزیکەی ٩١٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

دێڤنپۆرت لە نیوەگۆی باشوورە، هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمەوە دەست پێدەکات و لە مانگی کانوونی یەکەمدا کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە، کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم، شوبات و ئازار. ڕێژەی شێ لە مانگی حوزەیراندا بەرزترینە ٨٢٫٩١٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا نزمترینە ٦١٫٥٠٪ـە. هەروەها زستانی شارەکە سارد، شێدار و هەوراوییە، بەهۆی کاریگەری کەناری دەریا و ئەو هەورانەی کە بەبەردەوامی ئاسمانی شاریان گرتووە، بەدەگمەن پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر پلەی سەدی دادەبەزن و بۆ سەرووی ١٥ پلەی سەدی بەرز دەبنەوە.

وشکترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و بە تێکڕایی ٥٥ مللیمەتر باران دەبارێت، مانگی تەممووز باراناویترین مانگی ساڵە و زۆربەی دابارینەکان لەم مانگەدایە و بە تێکڕایی ١٠١ مللیمەتر باران دەبارێت.

تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە

مانگی کانوونی دووەم گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٧٫٤ پلەی سەدییە، مانگی تەممووز ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٧٫٩ پلەی سەدییە، ئەم پلەیەش تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ساڵانەیە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

١. بازاڕی کۆن

٢. هێڵی ئاسنینی دۆن ڕیڤەر

٣. کەشتی ڕۆحی تاسمانیا

٤. هۆم هیڵ

٥. کەنار دەریای کۆڵز

٦. پەرتووکخانەی دێڤنپۆرت

٧.  ناوەندی سەردانکەرانی دێڤنپۆرت

٨. ناوەندی دەریایی ستڕایت باس


سەرچاوەکان



328 بینین