چاندنی داری هەنجیر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-24-23:08:00 - کۆدی بابەت: 9998
چاندنی داری هەنجیر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری هەنجیر (بە عەرەبی: زرع شجرة التين، بە ئینگلیزی: Planting fig treeداری هەنجیر یەکێکە لە ئەو دارانەی کە لە وەرزی بەهاردا خونچە دەکات و دواتر لە کۆتایی هاویندا بەرهەمێکی بەتامی دەبێت، جێگەی بنەڕەتی گەشەکردنی ناوچە گەرمەکانە، بەڵام لەگەڵ گرنگیپێدانێکی زیاتردا دەکرێت لە ناوچە مامناوەندەکانیشدا گەشە بکات، بەگشتی بەرهەمەکەی وەک میوە دەخورێت یاخود لێدەنرێت و بۆ دروستکردنی خۆراک بەکاردێت، هەروەها دەبێت خەڵکی تێبینی ئەوە بکەن کە هەنجیر وەک هەندێک لە جۆرەکانی تری میوە نییە، لە دوای لێکردنەوەی لە درەختەکەی گەشەی زیاتر ناکات واتە پێناگات، بۆیە پێویستە پێش پێگەشتنی بەتەواوی لێنەکرێتەوە.  

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە داری هەنجیر هەیە بەڵام بەناوبانگترین جۆریان کە پێی دەوترێت هەنجیری باو بەرگرتنی ئاسانترە، چونکە ئەم جۆرەیان پێویستی بە گواستنەوەی دەنکەهەڵاڵە نییە، لەکاتێکدا جۆرەکانی تر بەرهەمێکی باشیان نابێت و دەنکەهەڵاڵەکانیشی پێویستیان بە گواستنەوە هەیە، کە دەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی و گرفت بۆ باخەوانەکان، کاتی چاندنی داری هەنجیریش لە سەرەتای بەهار یاخود کۆتایی پاییزدا ئەنجام دەدرێت.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • چاندنی لە خاکێکدا کە ئاو بەباشی تێپەڕێت و کەڵەکە نەکات، هەروەها ماددەی خۆراکی دەوڵەمەندی بۆ زیادبکرێت، هەرچەندە بەگشتی دەکرێت لە هەر خاکێکدا گەشەبکات.
  • هەڵکۆڵینی چاڵێک کە بە نزیکەیی زیاتر لە ڕەگی ڕووەکەکە درێژ و پان بێت، جێگەکەشی باشترە چەند مەترێک لە داری ترەوە دووربێت.
  • ئاودانێکی گونجاو و ڕێک بەتایبەتی لە هاویندا کە بەلایەنی کەمەوە هەفتەی جارێک ئاودانی دەوێت.

شێوازی گرنگیپێدان

داری هەنجیر پێویستی بەڕووناکی خۆری تەواو هەیە لەگەڵ خاکێکی ترش یان نزیکبێت لە هاوکێش، لە کاتی لێکردنەوەی بەرهەمەکەیدا باشترە کە دەستکێش لەدەستبکرێت چونکە ئاوگ و شیرەکەی دەبێتە هۆی خورانی پێست، هەروەها دەبێت باخەوانەکان ئاگاداری داری هەنجیرەکانیان بن چونکە دەکرێت ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی جیاواز ببنەوە، لە وەرزی پاییزدا و دوای دامرکانەوەی دارەکە لە بەرهەمهێنان پێویستە هەڵبپاچرێت، هەموو لقێکی نەخۆش و لاواز یان سیسەوەبوو لێبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە ساڵی دواتردا دارێکی بەهێزتر گەشەبکاتەوە.


سەرچاوەکان



506 بینین