عادل ئیمام

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-28-14:54:00 - کۆدی بابەت: 10044
عادل ئیمام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عادل ئیمام (بە ئینگلیزی: Adel Emam، بە عەرەبی: عادل إمام) ئەکتەرێکی سینەمایی و تەلەڤزیۆن و شانۆی میسڕییە. بە یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی میسڕ و جیهانی عەرەبی دادەنرێت. بە ڕۆڵە کۆمیدییەکانی ناسراوە کە پرسە سیاسی و ڕۆمانسی و کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات، عادل ئیمام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە ژیانی هونەری کردووە، خاوەنی زیاتر لە ١٢٦ فیلم و ١٦ زنجیرە و ١١ شانۆگەری و زنجیرەیەکی ڕادیۆییە لەگەڵ گۆرانیبێژ عەبدولحەلیم حافز بە ناونیشانی "تکایە خێرا لە من تێمەگە (١٩٧٣).

عادل ئیمام بووەتە ئایکۆنێکی کولتووری لە مێژووی میسڕی مۆدێرن، بەو پێیەی فیلمەکانی شوێنکەوتوو و هەوادارێکی بەرفراوانی پەیدا کرد و وتەکانی نێو فیلمەکانی بوونەتە کولتووری باوی ناوچەکە. عادل ئیمام ئەکتەرێکی مشتومڕاوییە، کە سەرەڕای ناوبانگ و هەوادارانی لە هەمان کاتدا دوژمنی لە بازنەی هونەری و جەماوەریدا دروست کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە.

ژیان

عادل محەمەد ئیمام محەمەد بوخارینی کە ناسراوە بە عادل ئیمام، لە ١٧ی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەکی سەیدە عائیشە لە قاهیرە لە بنەماڵەیەکی جووتیاری هەژار لەدایکبووە. عادل لە قوتابخانەی حیلمییە خوێندوویەتی، پاشان چووەتە قوتابخانەی ناوەندی بنباقدان، پاشانیش بۆ قوتابخانەی ناوەندی ئەلمەرقەسییە لە ئەسکەندەریە، دوای تەواوکردنی خوێندن؛ عادل ئیمام پەیوەندی بە فاکەڵتی کشتوکاڵی زانکۆی قاهیرەوە کرد. سەرەتای ژیانی هونەری لەسەر شانۆی زانکۆی قاهیرە دەستی پێکرد، کە ساڵی ١٩٦٣ لەوێ بەشداری لە شانۆگەری (أنا وهو وهي) کرد لە ساڵی سێیەمی زانکۆی.

عادل ئیمام هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هالە شەلقانی كردووه‌ و خاوه‌نی سێ منداڵه‌ بە ناوەکانی: ڕامی و سارا و محه‌مه‌د.

ژیانی هونەری

عادل ئیمام لە ساڵی ١٩٦٢ بە ڕۆڵی بچووک دەستی بە کاری هونەری کرد، بەڵام ناوبانگەکەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کرد، لە ڕێگەی ڕۆڵە کۆمیدییەکانیەوە کە تێکەڵ بە کەسایەتی سیاسی بوو. بەتایبەت دوای شانۆگەری (مدرسة المشاغبين) لە ساڵی ١٩٧٣.

یەکەمین کاری دەگەڕێتەوە بۆ شانۆگەری (أنا وهو وهي) لە ساڵی ١٩٦٣ و لەوێوە دەستی بە کاری هونەری کردووە. لە شانۆگەرییەکە هەریەک لە فوئاد موهەندس و شویکار ڕۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕا، عادل ئیمام ئەو کاتە خوێندکاری زانکۆ بوو. لەو کاتەدا فوئاد موهەندس داوای ڕووخسارێکی نوێی کرد بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە و لەنێو ٩٠ پێشبڕکێکار عادل ئیمامی هەڵبژارد. لە سینەماشدا سەرەتای ئەو لەو فیلمانەدا بوو کە تیایدا بە شێوەی کۆمیدی دەرکەوتووە و تێکەڵ بە ڕۆمانسی بووە، وەک فیلمی (مراتي مدير عام) لە ساڵی ١٩٦٦، (كرامة زوجتي) لە ساڵی ١٩٦٧ و (عفريت مراتي) ١٩٦٨، لە هەموو ئەم فیلمانەدا سەڵاح زولفیقار و شادیە ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن شانبەشانی عادل ئیمام. 

دوای فیلمەکانی (رضا بوند، المراية، بحبك يا حلوة، حب المراهقات، برج العذراء و حەوت فیلمی تر) لە نێوان ١٩٧٠ و ١٩٧١، ناوبانگەکەی لە ناوەڕاستی و کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە لەڕێگەی چەند فیلمێکەوە دەستی پێکرد کە ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، بەڵام ڕێگای پاڵەوانێتی ئاسان نەبوو چونکە ١٠ ساڵی پێچوو تاوەکوو ببێتە ئەستێرە. ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمگەلێک گێڕا کە ئەو کاتە زۆر بەناوبانگی کرد، وەک: (البحث عن فضيحة، عنتر شايل سيفه، البحث عن المتاعب). فیلمی "إحنا بتوع الأتوبيس" بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانی سینەمای میسڕ دادەنرێت، بەو پێیەی دەستی خستۆتە سەر کۆمەڵێک پرسی سەختی سیاسی، کە ئەوەش بۆ عادل ئیمام تازە بوو. هەروەها فیلمی "رجب فوق صفيح ساخن" لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ سەعید ساڵح و ناهد شەریف ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێنا.

لەگەڵ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، فیلمەکانی کاراکتەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان گرتەبەر کە بە شێوەیەکی کۆمیدی بەرژەوەندییەکانی پیاوێکی ئاسایی سەرشەقام لە کۆمەڵگەی میسڕی و عەرەبیدا دەردەخات. دواتر لە فیلمەکانی وەک (مرجان احمد مرجان، بوبوس و زهایمر) کۆمەڵێک سەرکەوتنی نوێی بەدەستهێنا،

ڕەخنەکان

زۆرجار رووبەڕووی ڕەخنە و مشتومڕ دەبێتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە کە هەندێك لە ئیسلامییەكان ڕەخنەیان لێدەگرت بەهۆی گاڵتەكردن بە هەندێك گرووپی ئایینی، وەك لە شانۆگەری (الواد سيد الشغال) و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئایینی و پێشکەشکردنی ڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكان وەك لە فیلمی (الإرهابي). کە لەو دەرکەوتنانەدا هێرش دەکاتە سەر ئیسلامیی سیاسی و تۆمەتبارکردنیان بە هاندانی توندوتیژی. لە فیلمی (طيور الظلام) لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕەخنەی لێگیرا بەهۆی ئەوەی بەشێک لە فیلمەکانی دیمەنی ناشایستە لەخۆدەگرێت.

جارێکی تر تووشی ڕەخنە بوویەوە کە ڕاوێژی بە پاپا شنۆدە، سەرۆکی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی قبتی میسڕ کردووە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی قەشەیەک لە فیلمی حەسەن و مارکۆسدا بگێڕێت، هەندێکی دیکەش بە هەمان هۆکار ڕەخنەیان لێدەگرت و بەهۆی ئەوەی بە وتەی هەندێک لە ڕەخنەگران پێشتر لە هیچ بەرهەمێکدا ڕاوێژی بە ئەزهەر نەکردووە سەبارەت بەو ڕۆڵانەی کە تێیدا مامەڵەی لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە ڕەوتی ئایینی ئیسلامی کردووە. 

لە ٢ی شوباتی ٢٠١٢ دادگای تاوانەکانی قاهیرە سزای سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند و داوای بڕی ١٠٠٠ جونەی لێکرد بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیسلام لە ڕێگەی کارە هونەرییە سینەماییەکانییەوە، ئەمەش بەپێی سکاڵایەک لە ساڵی ٢٠١١ بەهۆی ڕۆڵگێڕانی لە زۆر فیلمی وەک (مرجان أحمد مرجان وحسن ومرقص والإرهابي). لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٢، دادگای تێهەڵچوونەوە عادل ئیمامی لە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایین بێتاوان دەرکرد و ڕایگەیاند کە لە کارەکانیدا هیچ سوکایەتییەک بە ئیسلام و ئایینە یەکتاپەرستەکانی دیکە نەبینراوە، بۆیە سزاکە هەڵوەشایەوە.

خەڵاتەکان

  1. خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ ساڵی ١٩٩٥ بۆ فیلمی (الإرهابي) لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە.
  2. خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی ٢٠٠٥.
  3. خەڵاتی لیژنەی دادوەری نێودەوڵەتی بۆ باشترین ئەکتەر لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ فیلمی عمارة يعقوبيان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ساوپاولۆ.
  4. خەڵاتی باشترین ئەکتەری گێڕانەوە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تریبیکا لە نیویۆرک لە ساڵی ٢٠٠٦.
  5. خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ ساڵی ٢٠٠٧ بۆ فیلمی عمارة يعقوبيان لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە.
  6. خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی ٢٠٠٨.
  7. خەڵاتی ڕێزلێنان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مەراکش لە ساڵی ٢٠١٤.
  8. خەڵاتی زێڕینی تانیت لە فێستیڤاڵی فیلمی قرطاج ٢٠١٦.
  9. مەدالیای نیشتمانی شایستەیی لە کەرتی ڕۆشنبیری پلە یەک لەلایەن سەرۆکی توونس باجی قائد سبسی لە ساڵی ٢٠١٦.


سەرچاوەکان



460 بینین