بۆچی هەر خواردن دەخۆم و قەڵەو نابم؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-30-21:58:00 - کۆدی بابەت: 10081
بۆچی هەر خواردن دەخۆم و قەڵەو نابم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی هەر خواردن دەخۆم و قەڵەو نابم (بە ئینگلیزی: Why do I eat but not gain weight ، بە عەرەبی: لماذا آكل ولكن وزني لايزيد)، لە تەواوی جیهاندا کەسانێکی زۆر بە دەست زۆری کێشەوە دەناڵێنن و دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن. بەڵام بەشێکی تری خەڵک بە پێچەوانەوە دەیانەوێت کێشیان زیاد بکەن و کێشەیان لەگەڵ کەمیی کێشیاندا هەیە. بەهۆی هۆکاری بۆماوەییەوە یان هەر حاڵەتێکی تر پەیوەندی بە لایەنی تەندروستی کەسەکەوە هەبێت، دەکرێت زیادکردن یان هێشتنەوەی کێش بە هاوسەنگی ئەرکێکی گران بێت. 

ئەو هۆکارانەی ڕێگری لە زیادبوونی کێش دەکەن 

هۆکاری بۆماوەیی ڕۆڵی لە دیاریکردنی شێواز و جۆری جەستەی کەسەکەدا هەیە. هەروەها هەندێک نەخۆشی یان بەکارهێنانی دەرمان دەکرێت ڕێگری لە زیادبوونی کێش بکات، ئەو هۆکارانەی ڕێگری لە زیادبوونی کێشی لەش دەکەن بریتیین لە:

زیادبوونی دەردانی هۆڕمۆنی سایرۆید (Hyperthyroidism)

زیاد چالاکبوونی سایرۆید دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی سایرۆید لە جەستەدا. هۆڕمۆنی سایرۆید ڕۆڵی لە پڕۆسەی زیندەپاڵی لەشی مرۆڤ هەیە، واتە خێرایی ئەم پڕۆسەیە ڕێک دەخات. ئەو کەسانەی کێشەی زیادبوونی دەردانی هۆڕمۆنی سایرۆیدیان هەیە، پڕۆسەی مێتابۆلیزمیان زۆر خێرایە و لە ڕۆژەکەدا کالۆرییەکی زیاتر دەسووتێنن. بەبێ بەکارهێنانی دەرمان، ئەم نەخۆشییە کێشە بۆ کەسەکە دروست دەکات و وا دەکات سەرەڕای خواردنی زۆریش نەتوانێت کێشی زیاد بکات. 

نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک

نەخۆشیی شەکرەی جۆری یەک یەکێکە لەو حاڵەتانەی جەستە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی پەنکریاس، کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و تێکیان دەشکێنێت. ئەنسۆلین هۆڕمۆنێکە بۆ پڕۆسەی زیندەپاڵی شەکری گلوکۆز گرنگە، کاتێک کەسێک تووشی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک دەبێت، ئاستی گلوکۆز لە خوێنیدا زیاد دەکات، ئەمەش دەکرێت ڕێگری لە زیادبوونی کێشی لەش بکات. 

پەشێوی خواردن (Eating disorder)

تووشبوون بە چەند حاڵەتێک کە پەیوەندی بە خواردنی کەسەکەوە هەیە ڕێگری لە زیادبوونی کێش دەکات، هێشتنەوە یان زیادکردنی کێش لەم جۆرە کەسانەدا لەوانەیە ئەرکێکی گران بێت. بە تایبەتی ئەو کەسانەی  دەمارگیریی نەمانی ئارەزووی خواردنیان (Anorexia nervosa) هەیە، ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی دابەزینی کێشێکی زۆر و وا دەکات کەسەکە نەتوانێت بەئاسانی کێشی زیاد بکاتەوە. هەروەها حاڵەتی تری وەک دەمارگیریی تێرنەخۆری (Bulimia) کار لەسەر هاوسەنگی کێشی لەش دەکات. 

دەرمانەکان و چارەسەرەکان

ئەو دەرمان و چارەسەرانەی دەبنە هۆی نەمانی ئارەزووی خواردن، هێڵنجدان، ڕشانەوە و سکچوون یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی ڕێگری لە زیادبوونی کێش یان هێشتنەوەی بە هاوسەنگی دەکەن. بۆ نموونە دەرمانەکانی دژەبەکتریا و چارەسەرەکانی وەک چارەسەی کیمیایی دەبنە هۆی دەرکەوتنی ئەو زیانە لاوەکییانەی پەیوەندییان بە گەدە و ڕیخۆڵەی کەسەکەوە هەیە، واتە دەبنە هۆی ناڕەحەتبوونی گەدە و ڕیخۆڵە. بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی پێویستییان بەم جۆرە چارەسەرانە هەیە دووچاری دابەزینی کێش دەبنەوە و كێشەیان لەگەڵ زیادکردنی کێشی لەشیاندا هەیە. 

ڕاهێنانکردنی بەردەوام

یەکێک لە هۆکارە هەرە ئاشکراکانی زیاد نەبوونی کێش بریتییە لە ڕاهێنانکردنی بەردەوام. ئەگەر کەسێکیت ڕاهێنان دەکەیت بەتایبەتی ئەو جۆرانەی لە هۆڵی لەشجوانیدا دەکرێن، ئەوا دەکرێت بڕی ئەو کالۆرییەی دەیسووتێنیت زیاتر بێت لەو بڕەی وەریدەگریت، ئەمەش وا دەکات کێشی لەشت دابەزێت و دووچاری کەمیی کێش ببیتەوە و نەتوانیت کێشی لەشت زیاد بکەیت. 

ڕێگاکانی زیادبوونی کێش 

بێجگە لەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە تەندروستی کەسەکەوە هەیە، هەندێک کەس سەرەڕای ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە هێشتا ناتوانن کێشی لەشیان زیاد بکەن. ئەگەر یەکێکیت لەو کەسانەی ئەم کێشەیەت هەیە، ئەوا چەند ڕێگایەک هەیە دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادبوونی کێشی لەش بە شێوەیەکی تەندروست. ئەو ڕێگایانەش بریتیین لە:

١. بنیاتنانی ماسولکەی زیاتر

ئەنجامدانی ئەو ڕاهێنانەی ڕۆڵیان لە زیادبوونی قەبارەی ماسولکەکاندا هەیە زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی قەبارەی ماسولکە زیاترە وەک لە قەبارەی چەوری، کەواتە ئەنجامدانی ئەم جۆرە ڕاهێنانە وا دەکات قەبارەی ماسولکەکانت زیاد بێت بەبێ ئەوەی چەوری جەستەت زیاد بکات و شێوەی جەستەت تێکبچێت. 

٢. هەوڵبدە ژمارەی ژەمەکانت زیاد بکەیت

زیادکردنی ژەمەکانت خاڵێکی زۆر گرنگە، چونکە کاتێک ژەمەکانت زیاد دەکەیت واتە بڕی ئەو خواردنەی وەریدەگریت بە بەراورد بە پێشتر زیاترە، بەمەش بڕی کالۆرییەکەت زیاد دەکات. نزیکەی پێنج بۆ شەش ژەمی بچووک لە خواردن بخۆ لە جیاتی دوو یان سێ ژەمی گەورە.

٣. ئەو خواردنانە بخۆ کە کالۆرییان زۆرە

دانەوێڵەکان و هەروەها ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر لە چەوریی سوودبەخشیان تێدایە ڕێژەی کالۆرییان زۆرە بە بەراورد بە خۆراکەکانی تری وەک سەوزەواتەکان. ئەگەر دەتەوێت کێشت زیاد بکەیت ئەوا هەوڵبدە ژەمەکانت ئەم دوو پێکهاتەیەی تێدابێت. نموونەی هەندێک لەو خۆراکانەی دەکرێت لە زیادبوونی کێش یارمەتیدەر بن بریتییە لە ئەڤۆکادۆ، پەنیر، چەرەساتەکان، هێلکە، دانەوێڵەکان و چەند خۆراکێکی تر. 

٤. تەواوکەرە خۆراکییەکان تاقیبکەوە

ئەگەر ناتوانیت بگەیت بەو بڕە کالۆرییەی ڕۆژانە پێویستتە، ئەوا دەتوانیت تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاربهێنیت، کە ڕێژەیەکی باش کالۆرییان تێدایە و ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنرێن ئەوا کێشی لەش زیاد دەکەن. 

٥. هەوڵبدە لە پێش یان لە کاتی ژەمەکاندا ئاو نەخۆیتەوە

لەگەڵ ئەوەی ئاو بەشێکی گرنگی ژیانە و چەندین سوودی جۆراوجۆری لەخۆ گرتووە، بەڵام خواردنەوەی ئاو لە پێش یان لە کاتی ژەمەکاندا هەڵبژاردەیەکی گونجاو نییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان زیاد بکەن. خواردنەوەی ئاو وا دەکات هەست بە تێری بکەیت و هەستی برسێتی ناهێڵێت، بۆیە ئەگەر تۆ لەسەر پلانێکی خواردنی زیادبوونی کێشیت یاخود دەتەوێت کێشت زیاد بکەیت، ئەوا وا باشترە لەو دوو کاتەدا ئاو نەخۆیتەوە تاکوو بتوانیت بڕێکی زیاتر لە خواردن بخۆیت.


سەرچاوەکان



998 بینین