ڕەغەد سەدام حسێن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-09-23:16:00 - کۆدی بابەت: 10189
ڕەغەد سەدام حسێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەغەد سەدام حسێن (بە عەرەبی: رغد صدام حسين، بە ئینگلیزی: Raghad saddam hussein) کچە گەورەی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق و ژنی حسێن کاملە کە وەزیری پیشەسازی جەنگ بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدامدا و ئەو زاوایەی سەدام بوو کە ویستی خیانەتی لێبکات.

زانیاری گشتی

ناو

ڕەغەد سەدام حسێن

لەدایکبوون

٢ـی ئەیلوولی ١٩٦٨، بەغداد

شوێنی نیشتەجێبوون

عەممان، ئورودن

ئایین

موسڵمانی سوننە، ئیسلام

نازناو

دایکی عەلی

هاوسەر

حسێن کامل

باوک

سەدام حسێن

دایک

ساجدە خەیڕوڵڵا

ژیانی تایبەتی

ڕەغەد سەدام حسێن لە ٢ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦٨ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی ئەو ساڵە بوو کە بەعسییەکان و باوکی بە کودەتا دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست. هەر لە مناڵییەوە لە خێزانێکی دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند پەروەردە کراوە، سەدام حسێنی باوکی لە سەرەتادا جێگری سەرۆک کۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر بوو، خاڵی "خەیڕوڵڵا تەڵفاح" وەزیری بەرگری بووە.

دایکی ڕەغەد ژنی یەکەمی سەدام بووە و دایکی منداڵەکانی بووە، ڕەغەد لە پاش هەردوو براکەی عودەی و قوسەی منداڵی سێیەم و کچی گەورەی سەدام بووە و خاوەن دوو خوشکی لەخۆی بچووکتریشە بە ناوەکانی حەلا و ڕەنا.

ڕەغەد لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە ساڵی ١٩٨٣ هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕە مامێکی باوکی کردووە بە ناوی حسێن کامل و بوونە خاوەنی پێنج منداڵ بە ناوەکانی عەلی، حەریر، وەهەج، سەدام و بەنان. ڕەغەد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە وەرگێڕانی ئینگلیزی بەدەستهێناوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکی بووەتە یاریدەدەری بەڕێوبەری قوتابخانەی شەبیبیە کە تایبەت بوو بە خوێندنی نەوەکانی سەدام.

هەڵاتنی لەگەڵ هاوسەرەکەی

حسێن کاملی هاوسەری ڕەغەد لە ساڵی ١٩٩٥ لە نێو حکوومەتەکەی سەدام بڕیاری جیابوونەوەی دا، حسێن کامل لەگەڵ سەدام کامل کە دوو برا بوون و ئامۆزای سەدام بوون، هەردووکیان ڕەغەد و ڕەنای کچی سەدامیان خواستبوو و پلەی باڵایان لە نێو حکوومەت هەبوو، لە ساڵی ١٩٩٥ زاواکانی سەدام دژی حکوومەت وەستانەوە و بڕیاری جیابوونەوەیان دا و بەرەو وڵاتی ئوردن خۆیان و خێزانەکانیان هەڵهاتن. سەدام ئەم ڕووداوەی بە خیانەت دانا، ساڵێک دواتر و لە ساڵی ١٩٩٦ سەدام حسێن بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەرکردن و گەڕانەوە بۆ عێراق، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوە سەدام ڕەغەد و ڕەنای کچی لە هاوسەرەکانیانی جیاکردەوە، پاشان دوای ١٢ کاتژمێر لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی هەردوو هاوسەری کچەکەی سەدام لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە کوژران.

دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام حسێن

پێش دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کۆتا جار کە سەدام حسێن لەگەڵ خێزان و نەوەکانی کۆبووەوە، داوای لێکردن کە خۆیان بپارێزن و بەهێزبن. دوای دەستپێکردنی جەنگ خێزان و نەوەکانی سەدام داواکراو بوون، کۆشکەکانی سەدام بۆردومان دەکران، هەواڵ بڵاوبووەوە کە هەردوو کچەکەی سەدام ڕەغەد و ڕەنا و منداڵەکانیان لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەدامن لە شاری مووسڵ، پێش ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بگەنە ئەو کۆشکە، ڕەغەد و ڕەنای خوشکی لەگەڵ منداڵەکانیان بەرەو سنووری عێراق و سووریا هەڵهاتن، دوای مانەوەیان بە چەند ڕۆژێک چوونە وڵاتی ئوردن و پێشوازییان لێکرا. دواتر گوازرانەوە بۆ عەممانی پایتەخت، شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوەیان بۆ دابین کرا و تاکوو ئێستاش هەر لە عەممان نیشتەجێن.

چالاکی سیاسی

خێزان و نەوەکانی سەدام حسێن دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی بەرەو ئوردن کۆچیان کرد، پەناهەندەی سیاسیان بە مەرج لەو وڵاتەدا وەرگرت، هیچ نەوەیەکی سەدام حسێن لە کایەی سیاسی وڵاتی عێراقدا بەشدار نییە، هیچ بۆچوون و لێدوانێک لەسەر پرس و بابەتەکانی ڕۆژ نادەن. ڕەغەد وەکوو کچە گەورەی سەدام تاکە نەوەی ئەو بوو کە لەکاتی زیندانیکردنی باوکی هەوڵی زۆریدا کە دادگاییکردنەکەی لە عێراق نەبێت بەڵام هەوڵەکانی بێسوود بوون، هاوکات دوای لەسێدارەدانی سەدام داوای کرد تەرمەکەی پێ بدەنەوە بەڵام داواکەی ڕەتکرایەوە. لە کاتی دەرکەوتنی گرووپە توندڕەوەکانی نموونەی داعش هەندێک تۆمەت بۆ ڕەغەد بەسترا کە ئەو پاڵپشتیان دەکات بەڵام تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە.


سەرچاوەکان



297 بینین