چۆن یارمەتی منداڵان دەدەن تاکوو بوێربن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-11-21:56:00 - کۆدی بابەت: 10217
چۆن یارمەتی منداڵان دەدەن تاکوو بوێربن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن یارمەتی منداڵان دەدەن تاکوو بوێر بن (بە ئینگلیزی: How to help children to be courage، بە عەرەبی: كيف تساعد الأطفال على أن يكونوا شجاعا) بەهۆی پێشبڕکێکاری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، منداڵان ئەمڕۆ لەژێر فشارێکی زۆردا گەورە دەبن. هەرزەکاران و منداڵان کاتێکی زۆر بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەن، لێرەوە بڕیار دەدەن خەڵکی تایبەتمەندی زیاتریان هەیە و ئەمان نییانە. گەنجەکانی تر دەبینن کە ژیانێکی ئارام و سەرکەوتوویان هەیە، وا بیردەکەنەوە لاوازن و ناتوانن سەرکەوتوو ببن. پێویستە منداڵان فێر بکرێن کە هیچ کەسێک لەدایک نابێت تاکوو ڕاستەوخۆ سەرکەوتوو بێت، سەرکەوتن و دڵخۆشی بەرهەمی هەڵبژاردنی بڕیاری دروستن، بۆ نموونە هەڵبژاردن بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی نمرەی باش، هەڵبژاردن بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵدان تەنانەت کاتێک بەرەنگارییەکانی ژیان زۆریش بن.

چەند ڕێگایەک بۆ دروستکردنی بوێری لە منداڵدا

دایک و باوک و منداڵەکان وەک یەک پێویستە تێبگەن بوێری ڕەفتارێکی فێرکراوە نەک شتێک کە لەگەڵیدا لەدایک ببیت، بوێری دەتوانرێت فێر بکرێت و بنیات بنرێت تاکوو ببێتە خووێک.

  • بۆ منداڵەکەتی ڕوون بکەرەوە خەڵکی قارەمان هەمیشە لە ناخەوە هەست بە بوێری ناکەن: منداڵان وا بیردەکەنەوە ئەگەر کەسێک بوێرانە هەڵسوکەوت بکات، ئەوا نابێت هەست بە ترس بکات. بەم جۆرەش پێیان وایە چونکە خۆیان هەست بە ترس دەکەن ناتوانن بوێر بن. ئەگەر بۆی ڕوون بکەیتەوە کەسانی ئازاش لە ناخەوە هەست بە ترس دەکەن، بەڵام ئەوەیان هەڵبژاردووە کە بەسەر ترسەکەیان زاڵ ببن، یارمەتی منداڵەکان دەدات کە ئەوانیش بەسەر ترسەکانیان زاڵ بن و بوێر بن.
  • ئازایەتی منداڵەکەت دووپات بکەوە: بیری منداڵەکەتی بهێنەرەوە کە تۆ ئەو بە ئازا دەبینیت، ئەمە هانی دەدات کە خۆی بەم شێوەیە ببینێت و لە کردارەکانیدا ڕەنگ بداتەوە، هەوڵبدە پێی بڵێیت: "تۆ دەتوانیت بیکەیت"، "دەزانم چەند ئازایت"، "بەڕاستی من ڕێز لەوە دەگرم کە چۆن هەڵبژاردنێکی قورس هەڵدەبژێریت و کاری ڕاست ئەنجام دەدەیت" نیشانی بدە تۆ چۆن ئەو دەبینیت.
  • هانی منداڵەکەت بدە شتی نوێ تاقی بکاتەوە: داوا لە منداڵەکەت بکە کۆمەڵێک چالاکی جیاواز وەک (وەرزش، مۆسیقا یان وێنەکێشان) تاقی بکاتەوە، فێری بکە ئامانجی کۆتایی ئەم چالاکییانە ئەوە نییە کە لە کەسانی تر باشتر بێت، بەڵکو ئەم چالاکییانە بۆ ئەوەیە باشتر خۆی بناسێت. ڕێگەی بدە منداڵەکەت بیرۆکە نوێیەکان تاقی بکاتەوە، ڕەنگە منداڵەکەت لەگەڵ هەندێک بیرۆکەی تۆ هاوڕا نەبێت ڕێگەی بدە بیروڕای خۆی هەبێت. تاقیکردنەوەی شتی نوێ بکە بە بەشێک لە ژیانتان خواردنی نوێ تاقی بکەنەوە سەردانی شوێنی نوێ بکەن، هەستی سەرکێشی لای منداڵەکانت دروست بکە.
  • ببە بە نموونەیەکی باش: ڕووداوەکانی ژیانت لەگەڵ منداڵەکانت بەش بکە، باسی ئەو کاتانەیان بۆ بکە کە  هەستت بە دڵەڕاوکێ کردووە و توانیوتە بە سەریدا زاڵ بیت، ئەو کاتانەی لاواز بوویت و دووبارە سەرکەوتوو بوویت، ئەو کاتانەی باوەڕت بە خۆت بووە و توانیووتە بەرانبەر کەسانی تر بووەستیت. لەبیرت بێت منداڵەکانت چاویان لە تۆیە و دەیانەوێت لاسایت بکەنەوە ئەگەر بزانن تۆ لە پێشتردا ترست هەبووە و توانیوتە بەسەریدا زاڵ ببیت، ئەوانیش هەمان شت دووبارە دەکەنەوە.
  • ڕێگە بە منداڵەکەت بدە کە بڕیاری خۆی بدات: تاکوو سەلامەتی منداڵەکەت لە مەترسیدا نەبێت، ڕێگەی بدە ژیری خۆی لە هەڵبژاردنەکانیدا بەکاربهێنێت، لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەیت بڕیارەکانی منداڵەکەت کۆنتڕۆڵ بکەیت، فێری بکە چۆن بڕیاری ژیرانە بدات. بە بیری بهێنەرەوە کە یاساکان نەشکێنێت، بڕیارەکانی ئازاری خۆی یان کەسانی تر نەدات و هەر بڕیارێکیان دا لە ناخەوە هەست بەوە بکەن کە بڕیارێکی ڕاستیان داوە.
  • منداڵەکەت فێری قسەکردنی ئەرێنی لەگەڵ خۆیدا بکە: هەوڵبدە منداڵەکەت فێر بکەیت ئەو شتانەی کە بە خۆیانی دەڵێن لە کردەوەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە ئەگەر هەمیشە بە خۆیان بڵێن: "ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن"، "ناتوانن سەرکەوتوو ببن" بەڕاستی بەو جۆرە دەردەکەون. یارمەتی بدە هەموو ڕۆژێک وشەی ئەرێنی وەک: "من دەتوانم" بەخۆی بڵێت. گرنگە لە کۆتایی هەفتەدا کۆبوونەوەی خێزانی ئەنجام بدەن و ئەو بوێرییانەی لە هەفتەکەدا ئەنجامتان داوە لەگەڵ یەکتر هاوبەشی پێ بکەن.
  • ئەو کارانە ئەنجام مەدە کە منداڵەکان خۆیان دەتوانن ئەنجامی بدەن: دەروونناس ئانابێلا دەڵێت: "دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی خۆیان ڕێگەیەکە هانی منداڵان دەدات زیاتر گەشە بکەن ئەگەر هەمیشە دایک و باوکان منداڵەکانیان لەو بەرەنگاريیانەی دێتە ڕێیان ڕزگار بکەن، ئەوا فێر نابن کە ڕاستییەکەی خۆیان دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن".

 


سەرچاوەکان



767 بینین