ناسا

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-11-25-22:18:00 - کۆدی بابەت: 10452
ناسا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناسا (بە ئینگلیزی: NASA، بە عەرەبی: ناسا) کورتکراوەی (National Aeronautics and Space Administration) بە واتای (بەڕێوبەرایەتی نەتەوەیی زانستی فڕین و بۆشایی ئاسمان) ئاژانسێکی سەربەخۆی سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە ڕێکەوتی ٢٩ـی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ دامەزراوە. هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئاژانسەکە بەزاندنی یەکێتی سۆڤیەت بوو لە پێشبڕکێی گەردوونناسیدا، ئەم ئاژانسە حکوومەت گرنگییەکی زۆری پێدەدات و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کردووە.

لە ئێستادا گەورەترین دامەزراوەی تایبەت بە بۆشایی ئاسمانە، کە بڕیار و بڵاوکراوەکانی کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە. ناسا ساڵانە بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت، بەپێی ئامارەکان بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ـی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی جۆ بایدنەوە نزیکەی ٢٤ بلیۆن دۆلار بووە. ناسا کار دەکات بۆ زیاتر ئاشنابوون بە گەردوون و مرۆڤایەتی، هەوڵی ئەوە دەدات بە هەسارەکانی تر بگات و چەندین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەیە کە گۆڕانکاری گەورەیان دروستکردووە لە ژیاندا.

مێژوو

لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە، لیژنەی ڕاوێژکاری نەتەوەیی بۆ زانستی فڕین (NACA) دەستی کرد بە تاقیکردنەوەی فڕۆکەی موشەکیی، وەک بێڵ ئێکس-١ی سوپەرسۆنیک. لە سەرەتای ١٩٥٠ـاکاندا، پێشبڕکێی دروستکردنی سەتەلایتێکی دەستکرد بۆ ساڵی جیۆفیزیکی نێودەوڵەتی (١٩٥٧-١٩٥٨) دەستیپێکرد. یەکێک لە هەوڵەکان پرۆژەی ئەمریکی ڤانگارد بوو. بەڵام لە ڕێکەوتی ٤ـی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧، پڕۆگرامی بۆشایی ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەت توانی بە سەرکەوتوویی یەکەم مانگی دەستکرد بە ناوی (سپوتینک ١) بنێرێتە بۆشایی ئاسمان. لەدوای ئەوەوە کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو سەرکەوتنەی یەکێتی سۆڤیەتی بە هەڕەشەیەک دانا بۆ سەر تەکنەلۆجیای نەتەوەکانی ڕۆژاوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرنجی خستەسەر بەرەوپێشبردنی زانستە ئاسمانییەکانی، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەناوی (دوەیت ئایزنهاوەر) ناسای دامەزراند. NACA و سوپای ئاژانسی مووشەکی (ABMA) و چەندین تاقیگە بۆ مەبەستی توێژینەوە کران بە بەشێک لە ناسا، هەروەها بودجەیەکی ساڵانەی بە بڕی ١٠٠,٠٠٠ دۆلاری بۆ بڕدرایەوە. 

بەڕێوەبەرەکانی ناسا

بەڕێوەبەرانی ناسا لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەڵدەبژێردرێن و هەروەها ماوەی کارکردنیشیان هەر لەلایەن ئەو دیاریدەکرێت. بەڕێوبەرەکە وەکوو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناسا کاردەکات، کە بەرپرسیارە لە سەرکردایەتی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئاژانسەکە. ئەم سەرکردایەتییە پێویستی بە باسکردنی دیدی ئاژانسەکە و دانانی ئەولەویاتی بەرنامە و بودجە و سیاسەتی ناوخۆ و هەڵسەنگاندنی ئەدای ئاژانسە.

یەکەم بەڕێوەبەری ناسا دکتۆر تی کێیس گلێنان بوو کە لەلایەن سەرۆک دوەیت ئایزنهاوەرەوە دەستنیشان کرا. لە ماوەی کارکردنی پڕۆژە جیاجیاکان و توێژینەوەکانی پەرەپێدانی بۆشایی ئاسمانی  کۆکردەوە کە لە ئەمریکا بوون. دانێل گۆڵدن بۆ درێژترین ماوە (نزیکەی ١٠ ساڵ) پۆستی بەڕێوەبەری هەبووە، زیاتر بە دروشمی "خێراتر، باشتر، هەرزانتر" بۆ بەرنامەکانی بۆشایی ناسراوە. تاکە کەس کە دووجار ئەو پۆستەی هەڵگرتوە جەیمس سی فڵێچەرە کە لە دوای کارەساتی چالێنجەر دووبارە گەڕایەوە ناسا.

بەڕێوبەرانی ناسا   ماوەی کارکردنیان
تی کێیس گلێنان ئابی ١٩٥٨ بۆ کانوونی دووەمی ١٩٦١
هیو درایدن کانوونی دووەمی ١٩٦١ بۆ شوباتی ١٩٦١
جەیمز ئی وێب شوباتی ١٩٦١ بۆ تشرینی یەکەمی ١٩٦٨
تۆماس پەین تشرینی یەکەمی ١٩٦٨ بۆ ئەیلوولی ١٩٧٠
جۆرج لاو   ئەیلوولی ١٩٧٠ بۆ نیسانی ١٩٧١
جەیمز فڵێچەر نیسانی ١٩٧١ بۆ ئایاری ١٩٧٧
ڕۆبێرت فرۆز حوزەیرانی ١٩٧٧ بۆ کانوونی دووەمی ١٩٨١
ئالان لۆڤلەیس کانوونی دووەمی ١٩٨١ بۆ تەممووزی ١٩٨١
جەیمز بێگز تەممووزی ١٩٨١ بۆ کانوونی یەکەمی ١٩٨٥
ویلیام گراهام کانوونی یەکەمی ١٩٨٥ بۆ ئایاری ١٩٨٦
جەیمز فڵێچەر
ئایاری ١٩٨٦ بۆ نیسانی ١٩٨٩
دەیڵ مەیەرز
نیسانی ١٩٨٩ بۆ ئایاری ١٨٩٨
ڕیچارد ترولی
ئایاری ١٨٩٨ بۆ ئاداری ١٩٩٢
دانێڵ گۆڵدن
نیسانی ١٩٩٢ تشرینی دووەمی ٢٠٠١
دانێڵ مەڵڤیڵ
تشرینی دووەمی ٢٠٠١ بۆ کانوونی یەکەمی ٢٠٠١
سییان ئۆ کیف
کانوونی یەکەمی ٢٠٠١ بۆ شوباتی ٢٠٠٥
فرێدێریک جۆرجی
شوباتی ٢٠٠٥ بۆ نیسانی ٢٠٠٥
میکاییل گریفن
نیسانی ٢٠٠٥ بۆ کانوونی دووەمی ٢٠٠٩
کریستۆڤەر سکۆڵێن
کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بۆ تەممووزی ٢٠٠٩
چارلس بۆڵدن
تەممووزی ٢٠٠٩ بۆ کانوونی دووەمی ٢٠١٧
ڕۆبێرت لایتفووت
کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بۆ نیسانی ٢٠١٨
جیم بریدێنستن
نیسانی ٢٠١٨ بۆ کانوونی دووەمی ٢٠٢١
ستیڤ یوورچک
کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ ئاداری ٢٠٢١
بیڵ نێڵسن
ئاداری ٢٠٢١ بۆ (٢٠٢٢) بەردەوامە

ناوەندی بەڕێوەبردنی ئاژانسەکە و لقەکانی

ناوەندی سەرەکی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ناسا دەکەوێتە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جگە لەوە ١٠ ناوەندی تری هەیە لە شوێنە جیاجیاکانی تر، هەروەها هەشت سەنتەر و تاقیگەی تری لاوەکی لە ئەمریکا هەیە. لەو ١٠ ناوەندە سەرەکییە چواریان پێشتر سەر بە NACA بوون، دووانیان لە سوپاوە گوەزراونەتەوە بۆ ناسا، هەروەها چوار دانەکەی تر لەلایەن ناسا خۆیەوە بنیاتنراوە، کە هەریەکێکیان ئەرکێکی تایبەتیان هەیە. ناسا جگە لە ئەمریکا لە شوێنی تری جیهان لقی هەیە یەکێک لەوانە (پەیوەندییە قوڵەکانی بۆشایی ئاسمانیی کانبێرا)ـــیە کە دەکەوێتە ئوستڕالیاوە، هەروەها (پەیوەندییە قوڵەکانی بۆشایی ئاسمانیی مەدرید) کە دەکەوێتە ئیسپانیا.

 گرنگترین سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی ناسا

١.ئێکسپلۆرەی یەک

ئێکسپلۆرەی یەک یەکەمین مانگی دەستکردی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لەدوای سەرکەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناردنی یەکەمین مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی، تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژن (JPL) کە بوو بە یەکێک لە تاقیگەکانی ناسا لەدوای دامەزراندنی، دەستی کرد بە دیزاینکردنی مانگێکی دەستکرد بەناوی ئێکسپلۆرە یەک کە تەواو کردنی کەمتر لە سێ مانگی خایاند، لە ڕێکەوتی ٣١ـی کانوونی دووەمی ١٩٥٨، لە فلۆریداوە بە سەرکەوتوویی نێردرا بۆ بۆشایی ئاسمان و بوو بە دووەمین مانگی دەستکرد. ئەم مانگە دەستکردە بووە هۆی گۆڕانی تێگەیشتنمان لە بەرگەهەوا و کەشی زەوی و بووە هۆی چەندین دۆزینەوە، لە ڕێکەوتی مارسی ١٩٧٠، ئێکسپلۆرە یەک لەدوای ٥٨,٠٠٠ جار سوڕانەوەی بەدەوری زەویدا سووتا لە بەرگەهەوای زەویدا. 

٢.تەلیسکۆبی بۆشایی هەبڵ (HST)

پێش ساڵی ١٩٩٠ ئەو وێنانەی بۆشایی ئاسمان کە بەردەست بوون، زۆر ڕوون نەبوون، نەدەتوانرا بەباشی هەموو شتێک ببینرێت بەهۆی هەورەکان و کەش و ئاو و گازەکانی بەرگەهەوا، هەروەها نەدەتوانرا بە تەلیسکۆبەکان دوورییەکی زۆر ببینرێت، بەڵام تەلیسکۆبی بۆشایی هەبڵ کە بەناوی گەردوونناس ئێدوارد هەبڵەوە ناونراوە، چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی کرد. هەرچەندە هەبڵ یەکەم تەلیسکۆب نییە کە لە بۆشایی ئاسمان بێت بەڵام دەتوانرێت بوترێت گرنگترینیانە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی زیاتر لە ١.٥ ملیۆن سەرنج و توێژینەوە، جگە لەوە زیاتر لە ٤٠,٠٠٠ تەنی ئاسمانیی جۆراوجۆری پێ بینراوە. هەبڵ بووە هۆی ئاشکراکردنی گەردوون و جیهان، بە بڕینی دووری چەندین بلیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە. تاکوو ئێستاش (ساڵی ٢٠٢٢) ئەم تەلیسکۆبە کاری پێ دەکرێت.

٣.تەلیسکۆبی ئێکس ڕەیی چاندرا

ناسا هەستیارترین تەلیسکۆبی ئێکس ڕەی ناردووە بۆ بۆشایی ئاسمان کە تاکوو ئێستا دروست کرابێت، ئەویش تەلیسکۆبی چاندرایە. بۆ یەکەم جار قوتدانی تەنەکان لەلایەن کونە ڕەشەکانەوە بەم تەلیسکۆبە تێبینی کراوە. تەلیسکۆبی ئێکس ڕەیی باشترە لە هەر تەلیسکۆبێکی بینایی بەهۆی ئەوەی پشت بە ئێکس ڕەی دەبەستێت وەک لە ڕووناکی. چاندرا تەقینەوەی چەندین ئەستێرەی تۆمارکردووە، هەروەها چەندین پرسیاری وەڵامنەدراوەی دەربارەی تەنە ڕەشەکان ئاشکراکردووە.

٤.دروستکردنی کەشتیی ئاسمانیی جونۆ

ئامانجی دروستکردنی ئەم کەشتییە ئاسمانییە گەشتکردن بووە بۆ موشتەری بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و زانینی زانیاری دەربارەی هەسارەکە، لە ڕێکەوتی ٤ـی تەممووزی ٢٠١٦، جونۆ گەشتۆتە موشتەری. لەڕێگای گەیشتن بە موشتەری جونۆ ڕیکۆردێکی نوێی تۆمارکرد بەوەی کە تەنها ٧٩٣ ملیۆن کیلۆمەتر لە خۆر دوور بووە، کە هیچ کەشتییەکی ئاسمانی تر نەیتوانیوە ئەو دووریە ببڕێت. 

٥. ئازادیی حەوت

کە ئەو گەشتە بوو کە تێیدا ناسا بۆ یەکەمجار کەسێکی ناردە خولگەی زەوی، لە ڕێکەوتی ٥ـی ئایاری ١٩٦١ گەردوونناسی ئەمریکیی ئالان شێپارد بوو بە یەکەم کەس لە ناسا و دووەم کەس لە جیهان کە بە سەرکەوتوویی بچێتە دەرەوەی زەوی.  

٦.دروستکردنی مەکۆی ئاسمانی

پێشتر موشەکەکانی پڕۆگرامی ئەپۆلۆ تەنها بۆ یەک جار دەتوانرا بەکاربێن وەکوو کەشتیی ئاسمانیی، هەر ئەرکێک تێچوویەکی زۆری هەبوو، بۆیە ئەندازیارەکانی ناسا بیریان لە دروستکردنی کەشتییەکی ئاسمانیی کردەوە کە بتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، بەمەش بڕی تێچوو کەم دەبێتەوە هەروەها داهێنان و بەرەوپێشچوونێکی تەکنەلۆجیی گەورە دەبێت. دەستپێکردنی پڕۆژەکە تاکوو یەکەم فڕین نزیکەی نۆ ساڵی خایاند. یەکەم فڕینی مەکۆی ئاسمانیی ساڵی ١٩٨١ بوو، کە پڕۆژەکە سەرکەوتوو بوو. لەدوای ئەوە چەندین مەکۆی تری ئاسمانیی دروستکران. 

٧.تاقیگەی زانستیی مەریخ 

لە ساڵی ١٩٩٧ ڕێگەدۆزەرەوەی مەریخ یەکەم کەشتیی ئاسمانیی بوو کە توانی بگات بە هەسارەیەکی تر کە ئەویش مەریخ بوو ناسراو بە هەسارەی سوور، یەکێک لە سەرکەوتنە گەورەکانی ئەم گەشتە دروستکردنی تاقیگەی (کریۆستیی ڕۆڤەر) بوو بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە هەسارەکە، ئەم تاقیگەیە چەندین توێژینەوەی دەربارەی مەریخ کردووە.

٨. ناسا داهێنەری زۆر لەو شتانەیە کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنیت

هەرگیز پێشبینی ئەوەت نەکردبێت کە داهێنانی ئەوانە هەندێک لەوانە: گسکی کارەبایی بچوککراوەی بێدەنگ، فیلتەری ئاو پاککردنەوە، شوشەی دژە شوخت بۆ چاویلکە و هەروەها چەندین ئامێری پزیشکیی وەکوو سکانی تەنووری و بیستەری گوێ.

٩.ناسا بەردەوام وێنەی رووی زەوی و گەردوون بڵاودەکاتەوە 

چاودێری جوڵەی کاربۆن و ئاو و ڕێژەی شێ دەکات، کە دەتوانرێت لەڕێگەیانەوە پێشبینی لافاو و وشکەساڵی بکرێت.

پڕۆژەی ئەپۆلۆ

پڕۆژەی ئەپۆلۆ (١٩٦١ بۆ ١٩٧٢) سێهەمین گەشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو بۆ بۆشایی ئاسمان لەلایەن ناساوە، ئەپۆلۆ لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن سەرۆک دوەیت ئایزنهاوەرەوە ڕێکخراوە، دواتر کە پۆستی سەرۆک درا بە جۆن کەنەدی ئامانجێکی دانا بۆ ئەم پڕۆژەیە ئەویش "چونە سەرمانگی مرۆڤ و گەڕانەوە بە سەلامەتیی بۆ زەوی" بوو، هەروەها وتی کە ئەوە دەبێت بە گەورەترین دەستکەوتی ناسا. یەکەم گەشت لە ساڵی ١٩٦٧ بە ئەپۆلۆ یەک دەستی پێ کرد کە بە کارەساتێک ناوبرا و شکستی هێنا، هەموو گەردوونناسەکانی سەر کەشتییەکە سووتان و مردن. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی وەستانیان چەندین  جاری تر هەوڵیاندایەوە و تاقیکردنەوەیان کرد. لە کۆتاییدا لە گەشتی ئەپۆلۆ ١١ ئامانجەکەی کەنەدی بەدیهات، لە ڕێکەوتی ٢٠ـی تەممووزی ١٩٦٩ گەردوونناسان بەز ئەڵدڕین و نێیڵ ئارم سترۆنگ توانیان بگەنە سەر مانگی لونەر بە سەرکەوتووی و لەو کاتەدا گەردوونناس مایکڵ کۆڵینز لە خولگەی لونەر مایەوە، چوار ڕۆژ دواتر هەرسێکییان بە سەلامەتی گەشتنەوە سەر زەوی. کۆتا گەشتی ئەم پڕۆژەیە  لە ساڵی ١٩٧٢ ئەپۆلۆ ١٧ بوو، لە ئەپۆلۆ ١١ تاکوو ئەپۆلۆ ١٧، ١٢ گەردوونناس لەسەر مانگ ڕۆشتوون.


سەرچاوەکان



528 بینین