کەریم عێراقی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-27-22:17:00 - کۆدی بابەت: 10471
کەریم عێراقی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەریم عێراقی (بە عەرەبی: کریم العراقي، بە ئینگلیزی: Karim Al Iraqi)، شاعیر و نووسەرێکی عێراقی ناودارە، هۆزانڤانێکی نوێخوازە و زۆرێک لە شیعرەکانی لەلایەن هونەرمەند کازم ساهیرەوە کراون بە گۆرانی. ناوی تەواوی کەریم عۆدەیە و نازناوی کەریم عێراقی هەیه. لە ساڵی ١٩٥٥ له ناوچەی کەڕادە لە بەغداد لەدایکبووه، بڕوانامەی دیبلۆمی لە دەروونناسی منداڵ و مۆسیقای لە پەیمانگای مامۆستایانی بەغداد وەرگرتووە. دوای تەواوکردنی خوێندن بووە بە مامۆستا و لە ناوچە جیاجیاکانی بەغداد کاری مامۆستایی کردووە، پاشان پلەی بەرزکراوەتەوە و بووە بە سەرپەرشتیار.

زانیاری گشتی
ناو کەریم عۆدە
لەدایکبوون ١٨ شوباتی ١٩٥٥
نازناو و ناوی ناسراوی کەریم عێراقی
پیشە شاعیر، مامۆستا

ئەزموونی شیعری و نووسین

کەریم عێراقی هەر لە تەمەنی لاوی و لەو کاتەی کە لە خوێندنگە بووە دەستی کردووە بە نووسینی شیعر، لە گۆڤار و ڕۆژنامە عێراقییەکان، لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان شیعرەکانی بڵاوکردووەتەوە. سەرەتای نووسینی شیعری هەمەجۆر بووە و بە  شیعری نەتەوەیی و میللی دەستی پێکردووە، پاشان گرنگی تەواوی داوە بە نووسینی شیعری گۆرانی، ئۆپەرێت، شانۆگەری، کورتەوتار، هاوکات بایەخی زۆری بە وێژە و زمانی عەرەبی داوە.

کەریم عێراقی سەرباری هەمەجۆری لە شیعرەکانی، بەڵام تەواو لێهاتوو ناودار بوو لە شیعر نووسین بۆ گۆرانی، واتا زۆرێک لە شیعرەکانی تایبەتن و دەکرێن بە گۆرانی، سەرەتای نووسینی شیعری گۆرانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٤ کاتێک لە قۆناغی ناوەندی بووە دوو شیعری منداڵانی نووسیوە بە ناوەکانی (الشميسة) و (يا خالة يالخياطة) کە لە ئێستادا دوو گۆرانی فۆلکلۆری عێراقین.

ئەزموونی لەگەڵ هونەرمەندە عێراقییەکان

کەریم عێراقی هەر لە سەرەتای ئەزموونی شیعرییەوە لەگەڵ زۆرێک هونەرمەندانی سەدەی ڕابردوو لە عێراق کاری کردووە، ئەو  شیعرانەی ئەو کە دەکران بە گۆرانی لەناو خەڵکدا زوو بڵاودەبووەوە و تایبەتمەندی خۆی هەبوو و ئێستا زۆرێک لەو گۆرانییانە وەکوو گۆرانی فۆلکلۆری عێراقی ماونەتەوە، ناودارترین کارەکانی لەگەڵ هونەرمەندە عێراقییەکانی بریتین لە:

  • گۆرانی (يا أمي) بۆ سەعدوون جابر 
  • گۆرانی (جنة جنة) بۆ ڕیزا خەیات
  • گۆرانی (تهانينا يا أيام، خيرتك حبيبي) بۆ سەڵاح عەبدولغەفوور
  • گۆرانی (عمي يبو مركب) بۆ فوئاد سالم
  • گۆرانی (عرفت روحي أنا) بۆ ریاز ئەحمەد
  • گۆرانی (تحياتي، شكد صار أعرفك، هنا يمن كتلي اعتمد) بۆ حسێن نیعمە

ئەزموونی لەگەڵ هونەرمەند کازم ساهر

کەریم عێراقی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لەگەڵ گۆرانیبێژی عێراقی ناودار کازم ساهر هەیە، تەنانەت بە "شاعیری گۆرانییەکانی کازم" ناسراوە، یەکەم کاری هاوبەشی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ و لەکاتی سەربازییەوە دوو هاوڕێی نزیکن، تاکوو ئێستا کاری هاوبەش لە نێوانیان بەردەوامە و کازم ساهر نزیکەی ٧٠ شیعری کەریم عێراقی کردووە بە گۆرانی.

ئەزموونی کارکردنی کەریم عێراقی

لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و تێکچوونی بارودۆخی عێراق، کەریم عێراقی وڵاتی بەجێهێشت و بەرەو توونس کۆچی کرد. پاشان چووە چەند وڵاتێکی تر و لە وڵاتی ئیماڕات نیشتەجێ بوو. کاری سەرنووسەری و بەڕێوبەری ژمارەیەک گۆڤاری عەرەبی میسری و سعوودی و ئیماراتی کردووە نموونەی گۆڤاری (سیدتي). هەروەها ئەندامە لە کۆمەڵەی ئاوازدانەر و بڵاوکەرەوەکانی میوزیکی جیهانی.

خاوەن چەندان خەڵات و ڕێزلێنانی تایبەتییە لەسەر شیعرەکانی، لەوانە خەڵاتی ڕێکخراوی یونسێف بۆ باشترین شیعری مرۆڤدۆستی شیعری "تذكّر" واتا "لە یادت بێت" کە لەلایەن کازم ساهیرەوە کراوە بە گۆرانی. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ بووە خاوەن خەڵاتی ئەمیر عەبدوڵڵای فەیسەڵی جیهانی بۆ شیعر و هۆنراوەی عەرەبی، کە خەڵاتێکی عەرەبییە ساڵانە لە سعوودیە دەدرێت بە شاعیرانی عەرەبی لێهاتوو. هاوکات کەریم عێراقی خاوەن چەندان تۆماری دەنگییە کە خۆی بە دەنگی خۆی شیعرەکانی دەخوێنێتەوە.


سەرچاوەکان



422 بینین