غانم میفتاح

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-11-29-17:00:00 - کۆدی بابەت: 10490
غانم میفتاح

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

غانم محەمەد میفتاح یان غانم محەمەد ئەلمیفتاح (بە عەرەبی: غانم محمد المفتاح، بە ئینگلیزی: Ghanim Muhammad Al-Muftah) یوتوبەری ناوداری قەتەری لە ٥ی ئایاری ٢٠٠٢ لە شاری دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەڕ لەدایکبووە. غانم وەکوو یەکێک لە ئیلهام بەخشترین و کاریگەرترین ناوەکانی قەتەر و جیهان ئاماژەی پێکراوە، سەرەڕای ئەوەی بە نیوەی جەستەیەوە لەدایکبووە، وەکوو باڵوێزی نیازپاکی "جامی جیهانی قەتەر" هەڵبژێردراوە.

ناو غانم محەمەد میفتاح
بەرواری لەدایکبوون  ٥ـی ئایاری ٢٠٠٢
شوێنی لەدایکبوون دەوحە
نەتەوە عەرەبی قەتەری
زمان عەرەبی
پیشە قوتابی، خاوەنی کۆمپانیای غەریسا ئایس کرێمە
هۆکاری بەناوبانگبوونی یوتوبەر، باڵوێزی نیازپاکی وڵاتی قەتەر
وەرزش مەلەکردن، تۆپی پێ، خلیسکێنە

غانم هەر لە لەدایکبوونیەوە توشی نەخۆشی (التراجع الذيلي، caudal Regression Syndrome)بووە، کە نەخۆشییەکی دەگمەنی زگماکییە و کار دەکاتە سەر گەشەکردنی بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت، بەهۆیەوە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت پێش لەدایکبوون بە تەواوی دروست نابێت، ئەم نەخۆشییە لە ٢٥ هەزار حاڵەتی جیهاندا تووشی یەک کەس دەبێت، غانم بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە نیوەی لەشی بۆ دروست نەبووە. 

ئەم نەخۆشییەی غانم نەبوونە ڕێگر لە بەرەوپێشچوونی بەڵکوو غانم بەبێ بوونی بەشی خوارەوەی لەشی، تەنها بە بەکارهێنانی دەستی و کورسی جوڵاو لە خوێندن و خەبات و فێربوون بەردەوامبوو، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە بەرنامەی TEDxی ٢٠١٨ قەتەڕ بەشداری کردووە، خاوەنی کۆمپانیای غەریسا ئایس کرێمە کە شەش لقی هەیە و ٦٠ کارمەند کاری تێدا دەکەن، هەروەها خوێندکاری بەشی زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی لۆفبۆرۆی بەریتانیا و ئامانجی ئەوەیە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی قەتەر.

چیرۆکی سەرکەوتنی غانم لە سیستمی پەروەردەدا

وەزارەتی پەروەردەی قەتەر چیرۆکی غانمی لە سیستمی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی لە وانەی (المهارات الحياتية المهنیة) داناوە، هەروەها وەزارەتی پەروەردەی کوەیتیش چیرۆکی ئەم کوڕە قەتەرییە کە نازناوی پەرجوی (المعجزة) لێنراوە، لە سیستمی ئینگلیزی پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی داناوە و ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردەی کوەیت بە شێوەیەکی فراوان دەنگی دایەوە. ئەمیری کۆچکردووی دەوڵەتی کوەیت شێخ سەباح ئەحمەد کاتژمێرێکی بەنرخی مێژوویی وڵاتی کوەیتی وەکوو دیاری بۆ غانم ناردووە.

چالاکی غانم لە وڵاتی قەتەر

غانم چەندین کتێب و بڵاوکراوەی هەیە، کە باس لە سەرکەوتن و نکۆڵیکردنی کەمئەندامی و زەحمەتییەکانی دەکات، نووسراوەکانی ئیلهامبەخشە بۆ هەمووان، لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی «غانم هەمیشە براوەیە» کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خێزانەوە لە قەتەر چاپکراوە. تیایدا نووسیویەتی: «ناوم غانمە، منداڵێکی قەتەریم، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەدایکبووم، لە بەهاری وڵاتەکەم، لە زمانەکەمدا: ناوم بە واتای هەمیشە بردنەوە دێت، با چیرۆکە جوانەکەم بخوێنینەوە و ببیستین».

کۆمەڵەی "غانم رابح" بۆ کورسی جوڵاو 

غانم کۆمەڵەیەکی مەدەنی دامەزراندووە کە لە ڕێگەیەوە هەڵدەستێت بە دابەشکردنی کورسی جوڵاو بەسەر ئەو کەسانەی کە پێویستیانە، غانم توانی قۆناغی بەزەیی و سۆز لە کەسانی تردا تێپەڕێنێت و ببێتە نموونەیەکی نایابی سەرکەوتن و بەخشینی هیوا و زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا. غانم دەڵێت: "لەسایەی خواوە گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە خوای باڵادەست منی بە جوانترین شێوە و ڕێکوپێکترین شێوازدا دروست کردووە، ئێش و ئازارەکانم بە ئارامگرتن و ستایش و نزا چارەسەر دەکەم".

غانم لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا گوتی: "لە منداڵیمەوە فێربووم کە لەگەڵ خۆم ئاشت ببمەوە، هەروەها لەگەڵ ئەو شتانەی ناتوانم بیانگۆڕم ئاشت ببمەو، بۆیە لەگەڵ جەستەم ئاشتبوومەوە، لەگەڵ شێوەی خۆم ئاشتبوومەوە". ڕوونیشی کردەوە کە: "ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو شتانەی کە ناتوانین بیانگۆڕین، هێزە و لاوازی نییە، بەختەوەرییە و ناخۆشی نییە، ئومێدە و ئازار نییە، جەستەم قبووڵکردووە و سوپاسی خودا دەکەم لەسەری".

غانم و جامی جیهانیی قەتەر 

لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای جامی جیهانیی قەتەر دەستنیشانکردنی "غانم" وەکوو باڵوێزی ڕەسمی پاڵەوانیەتیەکە ڕاگەیاند، غانمیش دڵخۆشی خۆی لەم هەڵبژاردنە بە بڵاوکردنەوەی تویتێکی کورت لە ئەکاونتی ڕەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی"تویتەر" دەربڕی.

لە دەستپێکی جامی جیهانیی قەتەردا لە ٢٠ـی ١١ی ٢٠٢٢ غانم بە خوێندنەوەی ئایەتی {يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ} [الحجرات : 13] لە قورئانی پیرۆز دەستی بە مەڕاسیمی کردنەوەی جامی جیهانی ٢٠٢٢ کرد، دوای دەرکەوتنی شانبەشانی ئەکتەری ناوداری ئەمریکی مۆرگان فریمان لە دیمەنێکی نواندنی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا لە یاریگای ئەلبەیت.


سەرچاوەکان



420 بینین