دەوحە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-06-13:11:00 - کۆدی بابەت: 7935
دەوحە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەوحە (بە ئینگلیزی: Doha، بە عەرەبی: الدوحة)، پایتەخت و ئاوەدانترین شاری قەتەڕە، ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ساڵی 2018دا بە 2,382,000 کەس خەمڵێنرا، ئەم شارە دەکەوێتە کەناری کەنداوی فارسی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، باکووری ئەل وەکرە و باشووری ئەل خور، دەوحە خێراترین شاری گەشەسەندووی قەتەرە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 80٪ دانیشتوانی نەتەوەکان کە لە دەوحە و ناوچەکانی دەوروبەری نیشتەجێن، هەروەها شاری دەوحە ناوەندی سیاسی و ئابووری وڵاتەکەیەتی.

مێژووی شارەکە

دەوحە لە ساڵانی 1820ـەکانەوە وەکوو لقێکی ئەل بیدا (Al Bidda) دامەزرا، لە ساڵی 1971دا و کاتێک قەتەر سەربەخۆیی بەدەست هێنا بەفەرمی وەکوو پایتەختی ئەو وڵاتە ڕاگەیەنرا، ئەم شاره وەکوو پایتەختی بازرگانی قەتەر و یەکێک لە ناوەندە داراییە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی بێتا دادەنرێت.

ناوی شارەکه

بەپێی وتەی وەزارەتی شارەوانی و ژینگەی شارەکە ناوی (دەوحە) لە زاراوەی عەرەبی "دوحة" ەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە واتای "خڕبوون" دێت و ئاماژەیەکە بۆ کەنداوە خڕەکانی دەوروبەری هێڵی کەناری ناوچەکە.

دانیشتوانی شاری دەوحە

دانیشتوانی شاری دەوحە نزیکەی یەک ملیۆن کەسە و ژمارەی دانیشتوانی شارەکە لە ساڵی 2000 بۆ 2010 زیاتر لە دوو ئەوەندە بووە، لە ساڵی 2018دا ژمارەی دانیشتوانی دەوحە 2.382 ملیۆن کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا چڕی دانیشتوانەکەی، 20000 بۆ 25000 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی دووجادا، هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە 132 کیلۆمەتر دووجایە.

گرووپە ڕەگەزییەکانی شاری دەوحە

دانیشتوانی شاری دەوحە بەزۆری لە ئاوارەکان پێکهاتوون، لەگەڵ نەتەوە قەتەرییەکان کە کەمینەیەکی دانیشتوان پێکدەهێنن، گەورەترین پشکی ئاوارەکانی ناو قەتەر بەر وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیان، بەگشتی هیندستان، پاکستان، سریلانکا، نیپاڵ، فلیپین و بەنگلادش کەوتووە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی شام، جیبۆتی، سۆماڵیا، باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەروەها شاری دەوحە نیشتیمانی چەندین ئاوارەی ئەورووپا، ئەمریکای باکوور، ئەفریقای باشوور و ئوسترالیایە.

زمانی دانیشتوانی شارەکە

عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتی قەتەرە و زمانی ئینگلیزیش وەکوو زمانی دووەم بەکاردێت، هەروەها زمانی هاوبەش لە نێوان چەند نەتەوەیەکدا بەکار دەهێنرێت بەتایبەتی لە کاروباری بازرگانیدا. لەبەرئەوەی لە شاری دەوحەدا ژمارەیەکی زۆر دانیشتوانی ئاوارەی لێیە بۆیە بەگشتی بە زمانەکانی وەکوو مەلایالام، تامیل، بەنگالی، تاگالۆگ، ئیسپانی، سینهالا، فەرەنسی، ئوردو و هیندی قسە دەکرێت.

ئایین

زۆرینەی دانیشتوانی شاری دەوحە موسڵمانن، مەسیحییەکانیش ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن، لە دوای فەرمانەکانی ئەمیر بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ کڵێساکان، لە مانگی ئازاری ساڵی 2008دا یەکەم کڵێسای کاسۆلیکی بە ناوی (Our Lady of the Rosary) لە شاری دەوحە کرایەوە، شێوازی دروستکردنی کڵێساکە بە شێوەیەکە کە ڕێز لە تایبەتمەندییەتی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر گیراوە و دروشمی مەسیحی لە دەرەوەی بیناکە پیشان نادرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کڵێسای تر لە دەوحە بوونیان هەیە، هەروەها زۆرینەی مزگەوتەکان یان لەسەر ڕێبازی سەلەفین یان سوننە.

کەشوهەوای شاری دەوحە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری دەوحە کەشوهەوایەکی بیابانی گەرمی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و درێژە و زستانی سارد و کورتە، تێکڕای بەرزترین پلەکانی گەرما لە مانگەکانی ئایار و ئەیلوول دەگاتە 38 پلەی سەدی و زۆرجار نزیکی 45 پلەی سەدی دەبنەوە، ڕێژەی شێ زۆرجار لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا نزمە، بەدرێژایی وەرزی هاوین هیچ بارانێک نابارێت و لە مانگەکانی تردا کەمتر لە 20 ملیمەتر دەبارێت، بەگشتی لە ساڵێکدا 75 ملیمەتر باران دەبارێت و بە شێوەیەکی پچڕ پچڕ و بەزۆری لە نێوان تشرینی یەکەم تا ئازار دەبارێت، هەروەها ڕۆژەکانی زستان گەرمن و شەوگاریشی ساردە، پلەکانی گەرما بە دەگمەن نزم دەبنەوە بۆ خوار 7 پلەی سەدی.

شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکانی شاری دەوحە

  • مۆزەخانەی هونەری ئیسلامی
  • ناوچەی کۆرنیچ
  • سوق واقیف
  • تێنسی نێودەوڵەتی خەلیفە و یاریگای سکواش
  • ئەسپایەر پارک
  • گوندی کولتووری کاتارا
  • دوورگەی دەستکردی مروارییەکە
  • مۆزەخانەی نەتەوەیی قەتەر
  • ناوەندی ڕۆشنبیری ئیسلامی
  • هاوینەهەواری کەنار دەریایی سیلاین
  • تاوەرەکانی بارزان


سەرچاوەکان



537 بینین