چاندنی داری زەیتوون

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-01-23:11:00 - کۆدی بابەت: 10515
چاندنی داری زەیتوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری زەیتوون (بە ئینگلیزی: Planting olive tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الزیتون)، ئەم درەختە بە گوێرەی مێژووی دێرینی یۆنانییەکان یەکێکە لە کۆنترین ئەو درەختانەی کە لەسەر زەوی چێنراوە، دارێکی هەمیشە سەوزە و لە بەهاردا گوڵی کرێمی سپی و زەردی بۆنخۆش دەگرێت، جگە لە ئەوەی کە نشینگە بنەڕەتییەکەی خۆی تایبەتە بە دەریای سپی ناوەڕاست، بەڵام بە پاراستنی لە کەشی زستانی سەخت دەکرێت لە زۆرینەی ناوچەکاندا بچێنرێت و گەشەبکات، زۆرینەی داری زەیتوونەکان زیاد لە ١٥٠ ساڵ دەژین بەڵام دەوترێت ناگەنە ١٠٠٠ ساڵ.  

چەندین جۆری جیاوازی هەیە و دەکرێت بۆ دوو کۆمەڵە پۆلێن بکرێن، یەکێکیان ئەو جۆرە دار زەیتوونانە کە گەشەیەکی زۆر دەکەن و درێژییەکەیان دەگاتە ٤.٥-٩ مەتر، بەڵام جۆرەکانی تر پێیان دەوترێت کورتەباڵا و تەنها ١.٨-٢.٤ مەتر بەرز دەبن، بەڵام دارەکە بەگشتی گەشەکردنی هێواشە و ساڵانە تەنها ٣٠-٦٠ سانتیمەتر بەرزدەبێت، شێوەی گەڵاکانی ئاساییە و ڕەنگی بەشی سەرەوەی سەوزێکی نزیک ڕەساسییە، بەشی ژێرەوەشی سپییەکی نزیک زیوییە، بەڵام دارەکە تووشی چەندین نەخۆشی دەبێت و پێویستە چاودێری چڕی بکرێت، بەتایبەتی کە مێشی زەیتوون هێلکەکەی لە بەرەکەیدا جێگیردەکات و پاشان بە تەواوەتی دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەرهەمەکەی.

جگە لە ئەوەی بەرەکەی بۆ خواردن بەکاردێت ئەوا کۆی گشتی درەختەکە لە ڕازاندنەوەشدا بەکاردێت، چونکە هەموو جۆرەکانی جوانی دەبەخشێت و تەنانەت ئەو جۆرانەشی کە بەرناگرن گوڵ دەگرن، کاتی گونجاو بۆ چاندنی لە بەهاردایە بەتایبەتی کاتێک بێت کە مەترسی سەرما کۆتایی هاتبێت، بەڵام چاندنی لە پاییزدا گونجاو نییە چونکە دارە نوێیە بچووکەکان بەرگەی سەرما ناگرن، ئەگەر جێگەکە زستانی زۆر سەخت نەبێت دەکرێت لە پاییزیشدا بچێنرێت.   

هەنگاوەکانی چاندن

  • هەڵکۆڵینی چاڵێک کە لە درێژی ڕەگەکە کەمێک قوڵتربێت، بەڵام پانییەکەی هاوشێوەی گەورەیی ڕەگەکەی بێت.
  • بۆ پڕکردنەوەی چاڵەکە پێویست ناکات سەماد و ماددەی ئەندامی بۆ خاکەکەی زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی ڕەگی زەیتوونەکە بەهێزبێت، جگە لە ئەمەش پێویستە ڕەگی داری زەیتوون لەگەڵ سروشتی خاکەکەی ڕابێت و بگونجێت.

شێوازی گرنگیپێدان

دەبێت لە جێگەیەکدا بێت کە ڕۆژانە بڕی ڕووناکی خۆری تەواوی هەبێت واتە هەشت کاتژمێر یان زیاتر، بەڵام لە جێگەیەکی چاڵایی و نزمدا نەبێت کە ئاو تێیدا کەڵەکە بکات، چونکە کۆبوونەوەی ئاو گەشەکردنی دارەکە ناهێڵێت، واتە دەبێت خاکەکەی بەتەواوەتی وشک ببێتەوە و ئاو پێیدا تێپەڕبێت، کە بە سروشتی خۆی بەرگەی کەشی وشک و گەرم دەگرێت، بەڵام باشترە لە وەرزی گەشەکردندا ئاوبدرێت، شێوازی ئاودانەکەی گۆڕانکاری تێدایە، بۆ نموونە درەختە لاو و گەنجەکان لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا دەبێت هەفتەی سێ جار ئاوبدرێن، کە ئەگەر شێوازی ئاودانی قەترە و دڵۆپ بەکاربێت باشترە، بەڵام ئەو دارانەی کە تەمەنیان ٥-٧ ساڵە و جێگیربوون دەکرێت ئاودانیان  بۆ چەند هەفتە جارێک کەمبکرێتەوە، لە هەموو ئاودانەکانیشدا دەبێت چاوەڕێبکرێت هەتاکوو خاکەکەی بە تەواوەتی وشکدەبێتەوە، جگە لە ئەمانەش لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا پێویستی بە ئاودان نابێت.  

بۆ گەشەکردنی باش پێویستی بە جێگەیەکە کە هاوینی وشک و گەرمبێت بەڵام زستانی مامناوەند و فێنک بێت، چونکە هەبوونی سەرمای سەخت دەبێتە هۆی لەناوبردنی دارەکە، بۆیە ئەو ناوچانەی کە زۆر ساردن باشترە خەڵکی داری زەیتوونی جۆرە کورتەباڵاکان لە گۆزەدا بچێنن، دواتر پێش هاتنی سەرما بیبەنە ماڵەوە، هەرچەندە ئەوانەشی کە دەبرێنە ژوورەوە دەبێت ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆریان هەبێت و جێگەکەیان لە نزیک پەنجەرەوە بێت.  

هەروەها ڕێژەی شێی گونجاو هەبێت و بۆ ڕێگریکردن لە زۆر بەرزبوونی بە گونجاوی هەڵبپاچرێت و بخرێتە شێوەی درەختێکی بچووکەوە، خاکی گۆزەکە باشترە کە پێکهاتەیەکی تێکەڵبێت و ئاو بە ئاسانی تێپەڕبکات، هەروەها گۆزەکەش بەجۆرێک بێت کە ڕێگە بەتێپەربوونی ئاو بدات، دەکرێت لە بەهار و هاویندا جۆری گونجاو لە ماددەی بەپیتکەری هاوسەنگی بۆ زیادبکرێت، لە بەهاریشدا پێش ئەوەی کە دارەکە ببرێتە دەرەوە دەبێت چاوەڕێ بکرێت هەتاکوو مەترسی سەرما بەتەواوەتی کۆتایی دێت، دواتریش بەشێوەیەکی زنجیرەیی بخرێتە بەردەم ڕووناکی خۆری زیاتر.

بۆ گوڵگرتن و بەرگرتن پێویست ناکات خاکەکەی زۆر بەپیتبکرێت و بڕێکی زۆر ماددەی خۆراکی هەبێت، بەڵکو تەنها بەشێوەیەکی گشتی خاکەکەی بەپیتبێت گونجاوە، ئەگەر خاکەکەشی لاوازبوو ئەوا دەکرێت بەڕێکی ماددەی خۆراکی بۆ زیاد بکرێت، هەروەها بۆ هێشتنەوەی خاکەکەی بە شێداری و ڕێگریکردن لە سەوزبوونی گژوگیای زیانبەخش دەکرێت چینێک سەماد بۆ بنجی دارەکە زیادبکرێت، بەڵام چەند سانتیمەترێک دووربێت لە درەختەکەوە.

ئەم دارە خۆی دەپیتێنێت واتە گوڵ لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەهەمان داردا بوونی دەبێت، بەڵام بۆ زیاد کردنی ڕێژەی بەرهەمهێنان باشترە زیاد لە دار زەیتوونێک لە جێگەکەدا هەبێت، زۆرینەی زەیتوونەکان لەسەرەتای بەرگرتندا ڕەنگیان سەوزە پاشان دەگۆڕێت بۆ مۆر و ڕەش، بەڵام لە ڕووی قەبارە، شێوە، تام و بڕی زەیتەکەی گۆڕانکاری زۆریان هەیە، بەرگرتنیش کاتێک ڕوودەدات کە درەختەکە تەمەنی بگاتە ٤-٥ ساڵ، کاتی لێکردنەوەی زەیتوونەکان بەگوێرەی شێوازی بەکارهێنانی دەگۆڕێت، دەکرێت هەر لە سەرەتادا کە سەوزە یان لە کۆتایی پاییزدا کە پێدەگات لێبکرێتەوە، بەڵام لە هەردوو دۆخەکەدا تامێکی تاڵی هەیە و پێویستی بە چارەسەرکردنە.  

بەگوێرەی شێوازی هەڵپاچین داری زەیتوونیش وەڵامدانەوەی جیاوازی دەبێت، بۆ نموونە هەڵپاچینەکە دیاریدەکات کە دارەکە بەری باشبگرێت یاخود ڕازاوە بێت و جوانی ببەخشێت، سەرەتا پێویستە هەموو چڵە لاواز و نەخۆشەکان لەگەڵ ئەو بنجە نوێیانەی کە لە خوارەوە گەشەدەکەن لێبکرێنەوە، بۆ ئەوی دارەکە بە تەندروستی بمێنێتەوە، بەرگرتنیش لەسەر چڵێک ڕوودەدات کە ساڵی پێشوو بوونی هەبووە، واتە بۆ ئەوەی بڕێکی زۆری زەیتوون بگرێت دەبێت تەنها بەشێکی بچووکی کۆتایی چڵەکان ببڕدرێن و مەودا بۆ تێپەڕبوونی خۆر بە لقەکاندا بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



500 بینین