چۆنیەتی فێرکردنی منداڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکست

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-03-15:56:00 - کۆدی بابەت: 10533
چۆنیەتی فێرکردنی منداڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی فێرکردنی منداڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکست (بە ئینگلیزی: Teaching the child to face failure، بە عەرەبی: تعليم الطفل مواجهة الفشل)، زۆر قورسە بۆ دایک و باوک شکست هێنانی منداڵەکەیان ببینن، لەڕاستیدا لە بارودۆخێکی ئاوادا بەتەواوی دەتانەوێت منداڵەکەتان بپارێزن بۆ ئەوەی زیانی پێنەگات، ناتوانرێت هەمیشە ڕێگری لە شکستهێنانی منداڵ بکرێت. لەلایەکی تریشەوە باش نییە کە هەمیشە ئاگاداریان بن تا شکست نەهێنن، بەڵکوو دەتوانن فێریان بکەن کە چۆن ڕووبەڕووی هەڵەکانیان ببنەوە و فێری وانەی بەنرخ ببن لێیانەوە. 

ڕێگاکانی فێرکردنی منداڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکست

فێریان بکەن شکست قبووڵ بکەن

ژیان پڕیەتی لە ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو لەبەرئەوە منداڵەکەتان فێری ئەوەبکەن کە قبووڵکردنی سەرنەکەوتنەکان و کێشەکان، ڕێگاچارەیەکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شکست بەبێ ترس، ئەگەرچی ئەم کێشە و شکستانە جێگای ڕەزامەندی نین، بەڵام بەواتای ئەوەش نایەن کە ژیان کۆتایی هاتووە.

دەربارەی شکست ڕاستگۆبن لەگەڵیان

کاتێک بە منداڵەکەتان بڵێن شکستهێنان ئەزموونێکی جوانە، واتا درۆتان لەگەڵی کردووە، کەواتە باشترە ڕاستگۆبن. شکستهێنان ئەزموونێکی چێژبەخش نییە، بەڵام بەواتای ئەوەش نییە کە هەموو شتێک کۆتایی هاتووە.

گرنگی بە هەوڵەکانیان بدەن لەجیاتی تواناکانیان

بڕیار نییە کە تەنها ستایشی توانا و بەهرەکانی منداڵەکانتان بکەن. لەجیاتی ئەوە سەیربکەن و ببینن کە منداڵەکەتان چەندە هەوڵی داوە و سوپاس و ستایشی ئەم هەوڵ و ماندووبوونە بەردەوامەی بکەن.

هاوخەمی بۆ دەرببڕن

شکست ڕووداوێکی قورس و تاڵە و هیچ کەسێک پێی خۆش نییە تاقیبکاتەوە، ئەگەر هەستتان کرد کە منداڵەکەتان لەدوای شکستهێنان بەکاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت، هەوڵبدەن کە دڵی بدەنەوە و لە هەستەکانی تێبگەن.

نموونەیەکی باش بن

کاتێک کە هەڵەیەک دەکەن، دەبێت خۆڕاگر و ئارام بن، لەڕاستیدا ئەوەی کە ئێوە چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانتان دەبنەوە، دەتوانێت منداڵەکەتان فێربکات کە ئەویش بەهەمان شێوە بە خۆڕاگرییەوە ڕووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە.

فێری ئەوەی بکەن کە هەمووان براوە نابن

دەبێت ئەوەی فێر بکەن کە ئەو شتەی زۆر پێویست و گرنگە، هەوڵی بەردەوامی ئێمەیە، دەکرێت ئەم هەوڵە ئەنجامەکەی بردنەوە یان دۆڕان بێت.

ڕوونیبکەنەوە کە بەهرە و تواناییەکان جیاوازن

ستایشی منداڵەکەتان بکەن لەبەر ئەو توانایانەی هەیەتی، بەڵام ئومێدی بەتاڵیان پێمەدەن، دەرفەت بدەن با توانا و لێهاتووییەکانی خۆی بناسێت و بزانێت چۆن دەتوانێت لەو بوارەدا خۆی بەرەوپێش ببات، ئەوەشی بیر بخەنەوە کە بەهرەکانی هیچ کەسێک لە هی کەسێکی تر ناچێت و  یەکسان نین، مرۆڤەکان جیاوازن لەیەکتری.

پێیان بڵێن شکست مامۆستایە

کاتێک کە شکست دەهێنن، فێردەبن کە چۆن جارێکی تر ڕێگری لەو شکستە بکەن، شکست دەبێتە هۆی ئەوەی کە خێراییتان کەم ببێتەوە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ڕێگا چارەیەکی تر دەخاتە بەردەمتان، منداڵەکەتان تێبگەیەنن کە شکست بۆ فێربوونی شتی باشتر گرنگە، وای لێبکەن کە وەکوو مامۆستایەکی دڵسۆز سەیری بکات. 

فێری ئەوەی بکەن لە شکست نەترسێت

منداڵەکەی ئێوە ناتوانێت لە شکست دووربکەوێتەوە، کەواتە فێری بکەن کە لە شکست نەترسێت و وەکوو ڕێگایەک بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی خۆی بیبینێت ترس لە شکست دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانێت شتە نوێیەکان بدۆزێتەوە و تاقییان بکاتەوە. 

بە سەربەرزییەوە بدۆڕێن

ئەگەر ژیانی پاڵەوانە گەورەکان بخوێننەوە، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەوان لە کاتی شکستیشدا شکۆ و سەربەرزی خۆیان پاراستووە، ئەم شکۆ و خۆڕاگرییە دەبێتە هۆی ئەوەی ببن بە نموونە، کە ئێوەش لەوانەوە فێرببن و پاشان منداڵەکانتان فێر بکەن بەباشی بەشکست ڕازی بن و ببنە نموونەیەکی باش بۆ کەسانی تر.


سەرچاوەکان



616 بینین