چاندنی سپێناخ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-11-22:32:00 - کۆدی بابەت: 10622
چاندنی سپێناخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی سپێناخ (بە ئینگلیزی: Planting spinach، بە عەرەبی: زراعة السبانخ)، یەکێک لە سەوزە بە سوودەکان کە دەچێنرێت سپێناخە، گەڵایەکی سەوزە و لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا دەچێنرێت، تەنانەت لە هەندێک لە جێگەکاندا لە زستانیشدا دەچێنرێت و سەوز دەبێت، بەڵام لە جێگەی پلەی گەرمی نزمدا پێویستی بە شەش هەفتە هەیە لەکاتی چاندنییەوە هەتاکوو ئامادە دەبێت بۆ لێکردنەوە، بۆیە باشترە کاتێک کە پلەی گەرمی کەمێک بەرزبووەوە بچێنرێت، هەروەها سپێناخ زیاتر لە زۆرینەی جۆرەکانی تری سەوزەکان ماددەی خۆراکی و کانزا و ڤیتامینی جیاوازی تێدایە واتە بەسوودترە.  

چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە توانای بەرگەگرتنیان بۆ پلەی گەرمی و قەبارە یان ڕەنگی گەڵاکانیان جیاوازی تێدایە، دەکرێت تووشی چەندین نەخۆشی جیاوازی مێروویی و کەڕوویی و ڤایرۆسی ببنەوە، کە دەکرێت بە ڕشتنی دەرمان یاخود دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا چارەسەربکرێن.

هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترە کە هەفتەیەک پێش چاندنی خاکەکەی بۆ ئامادەبکرێت بە تێکەڵکردنی خاکەکەی لەگەڵ پەیین.
  • دواتر تۆوەکان لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت، دەکرێت لە گۆزە و ماڵەوەشدا بچێنرێت بەڵام دواتر گواستنەوەی زۆر ئاسان نابێت، بۆیە بە ڕێگەیەکی زۆر سەرکەوتوو هەژمار ناکرێت.
  • مەودای نێوان ڕیزێک بۆ دانەیەکی تر باشترە ٣٠-٤٥ سانتیمەتر ببێت.
  • پاش چاندن پێویستە زۆرینەی کاتەکان خاکەکە بە شێداری بمێنێتەوە و ئاودانێکی ڕێکی هەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

پێوستە لە جێگەیەکدا بچێنرێت کە ڕۆژانە زۆرترین کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، پلەی ترشێتی خاکەکەی باشترە کە هاوکێش بێت، بەگشتی جێگە و هەلومەرجی گەشەکردنی هاوشێوەی کاهوو و کەلەرمە، بەڵام سپێناخ بەکارهێنانی جیاواز و سوودی زیاتری هەیە، هەروەها کاتێک سپێناخەکان چەکەرە دەکەن و دەگەنە سێ یەکی بەرزییەکەیان دەکرێت ماددەی خۆراکی بۆ خاکەکەی زیادبکرێت.  

کاتێک سپێناخەکان دەگەنە قەبارەیەکی گونجاو دەکرێت گەڵاکانی دەرەوەی کە تەواو گەورەبوون لێبکرێنەوە، یاخود تەواوی بنجی سپێناخەکە لێبکرێتەوە و بەکاربێت، هەروەها پێویست ناکات کاتێکی زۆر چاوەڕێ بکرێت بۆ لێکردنەوە چونکە پاش چەکەرە کردنی گەشەسەندنێکی خێرای هەیە، هەروەها ئەگەر لەدوای لێکردنەوەی ڕاستەوخۆ بەکار نەهێنرێت ئەوا پێویستیش ناکات بشۆردرێت چونکە پاش تەڕکردنی پێویستە بەکاربهێنرێت. 


سەرچاوەکان



309 بینین