زیوریخ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-12-23:30:00 - کۆدی بابەت: 10636
زیوریخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیوریخ (بە ئینگلیزی: Zurich، بە ئەڵمانی: Zürich، بە عەرەبی: زيورخ)، گەورەترین شاری سویسرا و پایتەختی کانتۆنی زیوریخە. دەکەوێتە باکووری ناوەڕاستی سویسراوە، لە باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی زیوریخ. ژمارەی دانیشتووانی شارەوانییەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ـدا ٤٣٤٫٣٣٥ کەس بوو، هەروەها ژمارەی دانیشتووانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا ١٫٣١٥ ملیۆن کەس بوو و ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری زیوریخ لە ساڵی ٢٠١١ـدا ١٫٨٣ ملیۆن کەس بوو. زیوریخ ناوەندێکی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبان و گەشتی ئاسمانی. هەردوو فڕۆکەخانەی زیوریخ و وێستگەی سەرەکی شەمەندەفەری زیوریخ گەورەترین و قەرەباڵغترینن لە وڵاتەکەدا.

مێژوو و گرنگی شارەکە

بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەزار ساڵە مرۆڤەکان لەم شارە جێگیر بوون، زیوریخ لەلایەن ڕۆمییەکانەوە دامەزراوە، کە بە (Turicum) ناویان بردووە. بەڵام مێژووی جێگیرگەکانی ناوچەکە بۆ زیاتر لە ٦٫٤٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا، زیوریخ پێگەی سەربەخۆ و ئیمتیازاتی دەستبەجێی ئیمپراتۆری بەدەستهێنا و لە ساڵی ١٥١٩ـدا بوو بە ناوەندێکی سەرەکی چاکسازی پرۆتستانت لە ئەورووپا. لە ئێستادا گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی زیوریخ تاڕادەیەک کەمە، بەڵام شارەکە لەنێو گەورەترین ناوەندە داراییەکانی جیهاندایە و شوێنی زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیا بانکییەکانە. ئەم شارە دووەم دەوڵەمەندترین شاری جیهانە و ٢٧٫٣٤٪ـی دانیشتووانەکەی ملیۆنێرن.

دانیشتووان

زیوریخ شارێکی سەرسوڕهێنەری سویسرایە، هەم لەڕووی شوێنە گەشتیارییەکان و هەم ئابوورییەکی گەشەسەندووی هەیە. لە سەرانسەری جیهاندا وەک پێشەنگێک لە کەرتی داراییدا ناسراوە. زیوریخ ڕووبەرێکی نزیکەی ٨٧٫٩٣ کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە. چڕی دانیشتووانی شارەکە نزیکەی ٤٫٧٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. زیوریخ لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە سەرژمێری تێدا ئەنجام نەدراوە، بەڵام بەپێی سەرژمێری ئەو ساڵە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٣٩١٫٤٠٠ کەسە. نزیکەی ٤٫٧٦٦٪ـی کۆی دانیشتووانی سویسرا پێک دەهێنێت.

لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٤٢١٫٨٧٨ کەس بوو بەمەش دەبێتە گەورەترین شاری سویسرا. بەپێی تۆمارێکی ساڵی ٢٠١٦ ٣٢٪ـی دانیشتووانی شارەک هەڵگری ڕەگەزنامەی سویسری نین. لەم ژمارەیەش، هاوڵاتیانی ئەڵمانیا گەورەترین گرووپ پێک دەهێنن بە ڕێژەی ٨٪، لە دوای ئەویشەوە ئیتاڵییەکان دێن کە ٣٫٥٪ پێک دەهێنن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٦، گەورەترین گرووپی دانیشتووانی بیانی شارەکە بریتین لە:

ئایین

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ئەم شارە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٣٠٪
  • بێ ئایینەکان: ٢٧٪
  • کڵێسای پرۆتستانتی سویسرا: ٢٦٪
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: ٧٪
  • ئیسلام: ٥٪
  • ئایینەکانی تر: ٢٪
  • ئەوانەی وەڵامییان نەداوەتەوە: ٢٪
  • جوولەکە: ١٪

زمانەکان

زمانی فەرمی دانیشتووانی زیوریخ کە لەلایەن دامەزراوە حکومییەکان، چاپ، هەواڵ، قوتابخانە و زانکۆکان، دادگاکان، شانۆکان و هەر جۆرە نووسراوێک بەکار دەهێنرێت، جۆرە زمانێکی سویسری ئەڵمانی ستانداردە، لە کاتێکدا زمانی قسەکردن بریتییە لە ئەڵمانی زیوریخ (Züritüütsch). لە سەرژمێری کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ـدا هاتووە کە ٦٩٫٣٪ـی دانیشتووانی شارەکە بە زمانی ئەڵمانی سویسری وەک زمانی دایکی خۆیان لە ماڵەوە قسە دەکەن. نزیکەی ٢٢٫٧٪ـی دانیشتووان لە ماڵەوە بە ئەڵمانی ستاندارد قسە دەکەن. بەپێی دوایین سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠، ٨٫٨٪ـی دانیشتووان بە ئینگلیزی قسە دەکەن، لە دوای ئەویش زمانی ئیتاڵی دێت بە رێژەی ٧٫١٪ و پاشان زمانی فەڕەنسی بە رێژەی ٤٫٥٪. زمانەکانی دیکە کە لەم شارەدا قسەیان پێ دەکرێت بریتین لە: بۆسنی ٤٫١٪، ئیسپانی ٣٫٩٪، پورتوگالی ٣٫١٪ و ئەلبانی ٢٫٣٪. بەم شێوەیە، ٢٠٪ـی دانیشتووان لە ماڵەوە بە دوو زمان یان زیاتر قسە دەکەن.

باج

دەکرێت ڕێژەی بەرزی باج و سەرانەکان یەکێک بێت لە خراپترین بەشەکانی ژیان لە هەر شارێکدا، بەڵام ڕێژەی باج لە شاری زیوریخدا کەمە. ڕێژەی باجی ستانداردی شارەکە ٨٪ و ڕێژەی باجی کاڵاکانی تر کە باجیان لەسەرە ٢٫٥٪. چاودێری پزیشکی و پەروەردە هیچ باجێکیان لەسەر نییە، ئەمەش وایکردووە زیوریخ شارێکی زۆر سەرنجڕاکێش بێت بۆ سەردانکردن یان ناردنی منداڵان بۆ خوێندن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری زیوریخ بە شێوەیەکی مامناوەند کیشوەرییە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و هاوینی گەرمە. شارەکە دەکەوێتە باکووری سویسرا، لە کەنارەکانی دەریاچەی زیوریخ، کە دەکەوێتە بەرزی ٤٠٠ مەترەوە.

زستانی ئەم شارە ساردە و ئاسمانی شار هەوراوی و تاریکە. لەوانەیە هەندێک کات بەهۆی بەرە هەواییەکانی ئەتڵەسییەوە کەشی شارەکە تاڕادەیەک مامناوەند بێت، بەڵام لە کاتەکانی تردا کەشی شارەکە ساردترە و پلەی گەرمی بۆ خوار پلەی بەستن نزم دەبێتەوە. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ١٫١ پلەی سەدییە. هەروەها لە ساڵێکدا بە تێکڕایی ٨٥ سانتیمەتر بەفر دەبارێت. هەندێک جار دەشێت بۆ ماوەیەک کەش سارد بکات کە تێیدا پلەکانی گەرما بۆ نزمترین ئاست دادەبەزن و دەگەنە ١٥- پلەی سەدی یان خوارتر لەو پلەیەش. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٤٫٢- پلەی سەدی بوو کە لە شوباتی ١٩٢٩ـدا تۆمارکرا.

لە هاویندا پلەکانی گەرما بەگشتی خۆشن و بۆ چالاکییەکانی دەرەوە گونجاون، هەرچەندە هەندێک جار دەشێت باران ببارێت و ڕەشەبای بروسکاوی هەڵبکات، پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵ کە مانگی تەممووزە ١٩٫٤ پلەی سەدییە. لە هەندێک کاتدا، دەشێت بۆ ماوەیەک کەشی شارەکە گەرم بکات بەڵام بەگشتی ماوەکەی کورتە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە زیاتر دەبێت و تێیدا پلەی گەرمی دەتوانێت ٣٢ پلەی سەدی تێ بپەڕێنێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٧٫٧ پلەی سەدییە كە لە تەممووزی ١٩٤٧ـدا تۆمارکراوە. ساڵانە نزیکەی ١٫٦٧٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

بارانبارین

ساڵانە لە زیوریخدا ١٫١١٥ مللیمەتر باران دەبارێت، ئەم ڕێژەیەش زۆر زۆرە و بەپێی وشکترین و باراناویترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت. لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات دەگرێتەوە ٦٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگەکانی ئایار و تەممووزە ١٣٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی زیوریخ ناوەڕاستی مانگی ئایار تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلولە، بەو پێیەی گەرمترین و خۆرەتاوترین کاتی ساڵە. بەڵام لە مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیراندا کەمێک باران دەبارێت و کەشی شارەکە فێنک یان سارد دەکات.

شوێنە گەشتیارییەکانی

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • دەریاچەی زیوریخ
  • مۆزەخانەی هونەرە جوانەکان
  • فەرمانگەی شارەوانی
  • مۆزەخانەی نەتەوەیی سویسرایی
  • كاتێدراڵی گەورە
  • مۆزەخانەی فیفا
  • باخچەی ئاژەڵانی زیوریخ
  • کڵێسای سەینت پیتە


سەرچاوەکان



248 بینین