ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-20:10:00 - کۆدی بابەت: 10736
ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریا یان بۆگەنبوونی خوێن (بە ئینگلیزی: Septicemia or sepsis) زاراوەیەکی پزیشکییە بۆ وەسفکردنی ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریاوە بەکاردێت. لە حاڵەتە مەترسیدارەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی مردن و ڕێژەکەشی بەپێی جۆری ئەو بەکتریایەی دەبێتە هۆی ژەهراویبوونەکە جیاواز دەبێت. ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریا مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە. بەبێ چارەسەر ئەم ژەهراویبوونە دەکرێت ببێتە هۆی لەناوچوونی خانە، شانه، ئەندامەکان و دواتریش ببێتە هۆی مردن.

هۆکاری ژەهراویبوونی خوێن:

  • هەوکردنی جگەر
  • هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ
  • هەوکردنی پێست
  • هەوکردن لە ڕیخۆڵەدا

ئەو بەکتریایانەی بەزۆری لەم حاڵەتەدا دەردەکەون بریتین لە:

  • ستافیلۆکۆکەس ئۆریەس (staphylococcus aureus).
  • ئێشریکیا کۆڵای (Escherichia coli).
  • هەندێک جۆری ستریپتۆکۆکەس (Streptococcus).

ئەو هۆکارانەی ژەهراویبوونی خوێن بەهۆی بەکتریاوە زیاد دەکەن بریتین لە:

  • هەندێک نەخۆشی درێژخایەن وەک نەخۆشی شەکرە، شێرپەنجە، نەخۆشی جگەر، کەموکوڕی سیستمی بەرگری، نەخۆشی گورچیلە.
  • لاوازی سیستمی بەرگری.
  • ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانە ماونەتەوە بەتایبەتی بەهۆی هەوکردن.
  • منداڵان کە تەمەنیان لە یەک ساڵ زیاترە.
  • کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ یان زیاتر.

نیشانەکان:

ئەو کەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن بەزۆری هەندێک پەڵەی بچووکی خوێن لە پێستیاندا دروست دەبێت، ئەگەر چارەسەر نەکرێن وردە وردە ئەم پەڵانە گەورەتر دەبن و دەبنە هۆی شینبوونەوەی پێست. ئەم پەڵە شینانە دواتر یەک دەگرن و ناوچەیەکی شینبووەوە لە پێستدا دروست دەکەن، دەبنە هۆی تێکچوونی ڕەنگی پێست.

ئەم نەخۆشییە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی:

  • لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
  • تالێهاتن.
  •  زیادبوونی لێدانی دڵ.
  • ڕشانەوە.
  • کەسەکە بۆ ڕووناکی هەستیار دەبێت.
  • ئازاری زۆر و هەستکردن بە بێزاری.
  • کەسەکە لە دەست و قاچەکانیدا هەست بە ساردی دەکات.
  • هەست بە بێتاقەتی، تەمەڵی و سەرلێشێوان دەکات.
  • بێهۆشی و هەندێک کات مردن.

ڕێگاکانی خۆپاراستن:

  • یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکان بۆ خۆپارێزی بریتییە لە شۆردنی دەستەکان.
  • پاککردنەوەی برین و پێچانەوەی بە باشی تاکو باش دەبێتەوە.
  • چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک نەخۆشی وەک شەکرە.
  • هێشتنەوەی کێش بە شێوەیەکی تەندروست.
  • ئەنجامدانی ڕاهێنان.
  • وەرگرتنی پێکوتە (ڤاکسین).
  • کاتێک شوێنێکی جەستە تووشی هەوکردن بوو، هەروەها بەرەو باشبوونەوە نەڕۆیشت و خراپتر بوو پێویستە بەپەلە سەردانی پزیشک بکرێت.

کەی پێویسستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

زیاتر ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانە دەمێنەوە تووشی ئەم حاڵەتە دەبن. ئەو نەخۆشانەی لە چاودێری چڕ دەمێننەوە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە هەیە. دەکرێت هەر برینێک یان هەوکردنێک ببێتە هۆی ئەم حاڵەتە، لەبەر ئەمەش پێویستە لە کاتی تووشبوونی هەر هەوکردنێک یان برینێک کە وەڵامی چارەسەرەکان نەداتەوە و بەرەو باشتربوون نەچێت سەردانی پزیشک بکرێت. هەروەها هەندێک نیشانەی وەک سەرلێشێوان و هەناسەدانی خێرا پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

ئایا چاکبوونەوەی تەواوەتی بۆ ئەم نەخۆشییە هەیە؟

چاکبوونەوەی ئەم نەخۆشییە پشت بە سەختی تووشبوون بە نەخۆشییەکە و هەبوونی نەخۆشی تر لە پێشوودا دەبەستێت، هەندێک کەس دەتوانن بەتەواوی لە نەخۆشییەکە چاک ببنەوە.

ژەهراویبوونی خوێن لەماوەی دووگیانیدا

دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا ئەم حاڵەتە ڕووبدات و کاریگەری لەسەر ژیانی دایکەکە و منداڵەکەش دروست بکات، لەهەندێک حاڵەتدا دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەکە.

ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە لە ئافرەتانی دووگیاندا بریتین لە:

  • لەباربردنی منداڵ: ئەو لەباربردنانەی لە دەرەوەی بنکە تەندروستییەکان ئەنجام دەدرێت ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتە زیاد دەکەن.
  • درێژەکێشانی ماوەی ژان یان ڕێگریکردن لە ژان، درێژەکێشانی ژان بە شێوەیەکی نائاسایی مەترسی تووشبوون زیاد دەکات.
  • تاوەکوو ماوەی نێوان دڕانی پەردەی سەراو و لەدایکبوونی منداڵەکە زیاتر بێت، ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن زیاتر دەبێت.
  • تووشبوون بە بەکتریا و ڤایرۆس لە ماوەی دووگیانیدا.


سەرچاوەکان



308 بینین