نرخی دۆلار

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-04-11:02:00 - کۆدی بابەت: 10837
نرخی دۆلار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دۆلاری ئەمریکی دراوی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، دراوی یەدەگی سەرەکی جیهانە، لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت. لە بازاڕی دراوگۆڕینەوەی جیهانی فۆڕێکسدا باوترین جووتکردنە بە دراوەکانی تر. هەروەها دۆلاری ئەمریکی دراوی فەرمی ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی ترە، هاوکات بە شێوەیەکی نافەرمی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

نرخی دۆلار چییە؟

نرخی دۆلار (بە ئینگلیزی: Dollar rate، بە عەرەبی: سعر الدولار) نرخی دراوێکە بە بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی. زۆربەی ئەو دراوانەی کە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان پێوە دەکرێت، بەپێی ژمارەی یەکەکانی دراوی بیانی بۆ هەر دۆلارێک ئاماژەیان پێدەکرێت. 

نرخی دۆلار چۆن کار دەکات؟

نرخی دۆلار بریتییە لەو ڕێژەیەی کە دراوی وڵاتێکی تر بەو ڕێژەیە دەگۆڕێت بۆ دۆلاری ئەمریکی، بۆیە دەتوانرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە چەند یەکە دراو بۆ کڕینی یەک دۆلاری ئەمریکی پێویستە.

بۆ نموونە ئەگەر ڕێژەی دۆلار بۆ یەک دۆلاری کەنەدی ١,٢٥ بێت، ئەوە ١,٢٥ دۆلاری کەنەدیت دەوێت بۆ کڕینی یەک دۆلاری ئەمریکی. ئەگەر بە پێچەوانەوە نرخی دۆلاری ئەمریکی بۆ یەک دۆلاری کەنەدی ٠,٧٥ بێت، ئەوە دەتوانرێت دۆلارێکی ئەمریکی بە سێ چارەکی دۆلاری کەنەدی بگۆڕدرێتەوە.

گرنگی نرخی دۆلار

نرخی دۆلار ڕەنگدانەوەی بەهای ڕێژەیی دراوەکانە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمەش چەندین کاریگەری دروست دەکات، وەکوو مەترسی نرخی ئاڵوگۆڕ بەو واتایە دێت کە گۆڕانکاری لە بەهای ڕێژەیی دراوێکی دیاریکراو بۆ دراوی دووەم ڕەنگە بەهای وەبەرهێنانەکان زیاد بکات یان کەم بکاتەوە کە بەو دراوە دیاری کراوە.

ئەمە بە شێوەیەکی گشتی گرنگترین مەترسییە بۆ خاوەن بۆندەکان کە پارەی سوود و بڕی سەرمایە بە دراوێکی بیانی دەدەن، نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر ڕێژەی ڕاستەقینەی سوودی وەبەرهێنەر هەیە، بۆیە کاریگەرییەکی گەورە بۆ وەبەرهێنەران دروست دەکات. 

کاتێک بەهای دراوێک بەرز دەبێتەوە، وڵات ئاستی باڵاتر دەبێت و کەمتر ڕکابەری نێودەوڵەتی دەبێت. هاوڵاتییانی وڵاتەکەش ئاستی ژیانیان بەرزتر دەبێت، چونکە بەرهەمی نێودەوڵەتی بە نرخێکی کەم دەکڕن. کاتێک بەهای دراوەکە دادەبەزێت، بەرهەمە ناوخۆییەکان زیاتر ڕکابەرییان دەبێت و هەناردەکردن زیاد دەکات.

بۆ نموونە کاتێک نرخی دۆلار دادەبەزێت، بەرهەمە ئەمریکییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەرزانتر دەبن و کۆمپانیا ئەمریکییەکان هەناردەکردنیان زیاد دەکەن. کۆمپانیاکانی هەناردەکار کرێکاری زیاتر دادەمەزرێنن و دامەزراندن زیاد دەکات. لەبەرئەوەی بەرهەمە دروستکراوەکانی بیانی کاتێک لە ئەمریکا دەفرۆشرێن گرانتر دەبن، هاوردەکردن کەم دەبێتەوە.

ئەمریکا بۆ گەشتیارانی بیانی بەردەستتر و هەرزانتر دەبێت، داهاتی گەشتیاریش زیاد دەکات. بەڵام گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەمریکییەکان گرانتر دەبێت. نرخی هەندێک بەرهەمی هاوردەکراو بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.

ئەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار دەکەن

خواست و خستنەڕوو نرخی دراوێک دیاری دەکەن. هەندێک کەس، کۆمپانیا یان حکوومەتەکان دۆلار بە دراوەکانی تر دەکڕن یان دەیفرۆشن بۆ زیادکردن یان کەمکردنەوەی بەهای دۆلار.

 بۆ نموونە هاوردەکارانی ئەمریکی لە بانکێکدا دۆلار بە یەنی ژاپۆنی دەگۆڕنەوە، دواتر ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی دەکڕن بۆ فرۆشتنی لە ئەمریکا، ئەمەش خستنەڕووی دۆلار دروست دەکات. بە هەمان شێوە هاوردەکارێکی ژاپۆنی یەن بە دۆلار دەگۆڕێتەوە و دواتر ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ فرۆشتن لە ژاپۆن دەکڕێت، ئەمەش خواست لەسەر دۆلار دروست دەکات.

وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتیش کاریگەرییان لەسەر نرخی دۆلار هەیە. بۆ نموونە وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دۆلار بە یەن دەگۆڕنەوە بۆ کڕینی پشک لە بۆرسەی ژاپۆن، ئەمەش خستنەڕووی دۆلار دروست دەکات. بە هەمان شێوە وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی لەکاتی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی ئەمریکادا یەن بە دۆلار دەگۆڕنەوە، ئەمەش خواست لەسەر دۆلار دروست دەکات.

هەروەها حکوومەتەکانیش کاریگەرییان لەسەر نرخی دۆلار هەیە. هەر وڵاتێک یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی بۆ پێدانی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و هاوردەکردن و مەبەستی تر دەهێڵێتەوە. بۆ نموونە کاتێک حکوومەتی ژاپۆن بڕیاری زیادکردنی یەدەگی دۆلارەکەی دەدات، یەن بە دۆلار دەفرۆشێت و خواست لەسەر دۆلار دروست دەکات. هاوکات کاتێک حکوومەتی ئەمریکا یەدەگی یەن زیاد دەکات، دۆلار بە یەن دەفرۆشێت و خستنەڕوو بۆ دۆلار دروست دەکات.

جگە لە یەدەگی دراوی خۆی حکوومەتێک، سەقامگیری سیاسی و ئابووری هەستپێکراوی هەبێت، ئەو حکوومەتە و وڵاتەکەی، وەبەرهێنەران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت یان لێی دوور دەخەنەوە. ئەو وڵاتانەی کە سەقامگیری سیاسی و ئابوورییان کەمترە، ئەگەری ئەوە هەیە نرخی دۆلار بە بەراورد بە دراوی خۆیان بەرزتر بێت، بە پێچەوانەشەوە.


سەرچاوەکان



943 بینین