ماجی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-13-22:05:00 - کۆدی بابەت: 10894
ماجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماجی یان چوارگۆشەی ماجی یانی ماجی مریشک (بە عەرەبی: ماجي، بە ئینگلیزی: Maggi) ئەو جۆرە تامەیە کە شێوەی چوارگۆشەیەکی بچووکی ڕەنگ زەردی هەیە و لە کۆمەڵە پێکهاتەیەکی هەمەجۆر دروستکراوە، تامی مریشک یان گۆشت دەبەخشێتە خوانەکان و لە دروستکردنی زۆرێک لە خواردنەکان بۆ پێدانی تام و چێژێکی زیاتر بەکاردەهێنرێت. بەهۆی پێکهاتە زیانبەخشەکانی ماجی لەڕووی تەندروستییەوە بەکارهێنانی ماجی بەشێوەیەکی بەردەوام لە خوانەکاندا پەسەند و تەندروست نییە و زیان بە تەندوستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

پێکهاتەی ماجی 

ماجی لە کۆمەڵە پێکهاتەیەک دروست دەکرێت کە لەڕووی تەندروستییەوە ڕاجیایی لەسەر پێکهاتەکانی هەیە و پەسەند ناکرێت، خراپترین پێکهاتەی ناو ماجی بریتییە لە مۆنۆ سۆدیۆمی گلۆتامایت کە بە هێمای MSG ناسراوە و بە ژەهری لەسەرخۆ ناوزەد دەکرێت و لە هەموو ماجییەک بوونی هەیە، بەکارهێنانی بەشێویەکی بەردەوام کاریگەری نەرێنی و خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات.

خوێ و چەوری و زەیتی ناتێر چەند پێکهاتەیەکی تری نێو ماجین کە زیانەکانی زیاتر دەکەن و بەبڕی زۆر و نادیاریکراو لە دروستکردنی ماجیدا بەکاردەهێنرێن، هاوکات ماددەی پارێزراو و ماددە کیمیاییەکان پێکهاتەیەکی ترن لە نێو ماجی و بە بڕێکی نادیاریکراو بەکاردەهێنرێن. پێکهاتە سەرەکییەکانی ماجی بریتیین لە:

  • مۆنۆ سۆدیۆمی گلۆتامایت Monosodium Glutamate(MSG)
  • خوێ
  • شەکر
  • نیشاستەی گەنمەشامی
  • ڕەنگ
  • بەهارات
  • زەردەچەوە
  • ماددەی پارێزراو TBH
  • گۆشتی وشککراوه کەمتر لە ٢%
  • دیسۆدیۆمی ئینۆسینات
  • زەیت و چەوری هەیدرۆجینکراوی ناتێر
  • تامی دەستکردی گۆشت یان مریشک
  • پێکهاتەی چەند بەشێکی مریشک نموونەی ئێسک و چەرم.

زیانە تەندروستییەکانی ماجی

  • بەهۆی بوونی بڕێکی زۆری خوێ لە پێکهاتەی ماجیدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هاوکات کێشە بۆ تەندروستی دڵ دروست دەکات، چونکە زۆرجار لەکاتی بەکارهێنانی ماجی لە خوانەکاندا کە سەرباری ئەوەی بڕێکی زۆری خوێ لە پێکهاتەکەی ماجییەکەدا هەیە، بەڵام بەجیاش خوێ دەکرێتە خوانەکەوە و سوێری لە خوانەکەدا دروست دەبێت و زیانێکی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنێت.
  • بوونی پێکهاتەی مۆنۆ سۆدیۆمی گلۆتامایت کە بە MSG ناسراوە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندان نەخۆشی مەترسیدار، بەکارهێنانی ماجی بەشێوەیەکی بەردەوام لە خوانەکان بەهۆی ئەم ماددەیەوە پەسەند نییە، چونکە بەپێی کات لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی نموونەی شێرپەنجە و لاسەرئێشە و زەهایمەر و قەڵەوی. کێشەیەکی تری ئەم ماددەیە بریتییە لەوەی تووشی ئالوودەبوونت دەکات، بەو واتایەی کە ئالوودە دەبیت و بۆ هەموو خوانێک ماجی بەکاردەهێنیت و ناتوانیت دەستبەرداری ببیت و تامێکی جیاواز بە خوانەکان دەبەخشێت.
  • چەورییە ناتێرەکان ڕێگایەکی دڵنیان بۆ پەرەسەندنی نەخۆشی لە خوێنبەرەکاندا، نموونەی ڕەقبوون و تەسکبوونەوەی ئەو خوێنبەرانەی کە خوێن بۆ دڵ دابین دەکەن، لە پێکهاتەی ماجیدا چەند جۆرێک چەوری و زەیتی ناتێر بوونیان هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم کێشانە.
  • ماددەی پارێزراو نموونەی ماددەی کیمیایی (E-621) پێکهاتەیەکی تری زیانبەخشی نێو ماجییە، تەنانەت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەم ماددەیەی وەکوو ماددەیەکی ژەهراوی داناوە کە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونی لەش، ئەم ماددەیە لە چەند جۆرێکی ماجی بەکاردەهێنرێت.

دروستکردنی ماجی بەشێوەیەکی تەندروست لە ماڵەوە

دەکرێت بە کەرەستەی سادە و سروشتی لە ماڵەوە بە چەند ڕێگایەکی ئاسان ماجی دروست بکرێت و ببێت بە جێگرەوەیەکی سروشتی و ماجی دروستکراوی ناتەندروست.

دروستکردنی ماجی مریشک بە شێوازێکی تەندروست

پێکهاتەکانی:

  • دوو کەوچکی گەورە زەیتی ڕووەکی
  • دوو کەوچکی گەورە ئاردی سپی
  • یەک کەوچکی گەورە پیازی جنراو
  • چوار کەوچکی گەورە لە هەر بەشێکی مریشک کە بە تەواوی جنرا بێت 
  • یەک کەوچکی بچووک شەکر
  • نیو کووپ ئاو
  • یەک کەوچکی بچووک خوێ
  • یەک کەوچکی بچووک بیبەری هاڕاو
  • یەک کەوچکی بچووک زەردەچێوە
  • یەک کەوچکی بچووک کەرەوزی وشککراوە

شێوازی ئامادەکردن

ڕۆنەکە گەرم بکە و پیازە جنراوەکەی تێدا سووربکەرەوە، پاشان مریشک و ئاردەکەی بۆ زیاد بکە و پێکەوە تێکەڵیان بکە، دواتر خوێ و بەهارات و کەرەوزە وشککراوەکە بۆ پێکهاتەکە زیاد بکە و بەردەوام بە لە تێکەڵکردنیان بۆ ماوەی چەند خولەکێک. پاشان نیو کوپ ئاوەکە بۆ تێکەڵەکە زیاد بکه و چاوەڕێ بکە هەتا تێکەڵەکە چڕ دەبێتە و شلی و ئاوەکەی هەڵدەمژرێن.

دوای چڕبوونەوەی تێکەڵەکە لەسەر ئاگر لایبە و چاوەڕێبکە تاکوو سارد دەبێتەوە. پاشان بیخەرە قاڵبی چوارگۆشەوە و لە بەفرگر هەڵیبگرە، ئەم جۆرەی ماجی ئەگەر لە بەفرگر و ساردەکەرە پارێزگاری لێبکرێت دەکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەکارهێنانی لە خوانەکاندا سوودی لێببینرێت و ببێتە جێگرەوەی ماجی دەسکردی ناتەندروست.


سەرچاوەکان



334 بینین