خێزانی فەیبڵمن (٢٠٢٢)

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-02-07-20:26:00 - کۆدی بابەت: 10945
خێزانی فەیبڵمن (٢٠٢٢)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فیلمی خێزانی فەیبڵمن (بە عەرەبی: فابلمانز، بە ئینگلیزی: The fabelmans) لە ژانەری درامییە و لەلایەن دەرهێنەری ئەمریکی ستیڤن سپیڵبێرگەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. یەکەم نمایشی لە ڕێکەوتی دەی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٢ بوو لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی تۆرنتۆ لە کەنەدا. دواتریش لە هەریەکە لە وڵاتەکانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا یۆنان، ئەمریکا، ئەستۆنیا، میسڕ و پورتوگال لە فیستیڤاڵی فیلمی تایبەتدا نمایش کراوە. کاتی فیلمەکە دوو کاتژمێر و ١٣ خوولەکە.

چیرۆک

چیرۆکی فیلمەکە باسی سامی فەیبڵمنی گەنج دەکات، لە کاتی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی لە ناوچەی ئاریزۆنا کە دەیەوێت ببێت بە فیلمساز. کاتێک دەگاتە تەمەنی پێگەیشتوویی نهێنییەکی خێزانەکەی بۆ ئاشكرا دەبێت کە دەکرێت ببێتە هۆی لێکترازانی خێزانەکەی، ئەوەشی بۆ دەردەکەوێت کە چۆن هێزی فیلمەکان وای لێدەکەن ڕاستییەکان ببینێت.

فیلمی خێزانی فەیبڵمن فیلمێکی ئەمریکییە کە باس لە کەسایەتییەک دەکات لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و کاری دەرهێنانی لەلایەن ستیڤن سپیڵبێرگەوە بۆ کراوە، بەهاوبەشی کاری نووسین و بەرهەمهێنانی لەگەڵ تۆنی کوشنەر. فیلمەکە نیمچە-خودژیاننامەیە. چیرۆکەکە بەشێکی باسی ژیانی گەنجییەتی ستیڤنی دەرهێنەر دەکات لە سەرەتای ساڵەکانی بوون بە فیلمساز. ستیڤن چیرۆکەکەی خۆی لەڕێگەی چیرۆکە خەیاڵییەکەی سامی فەیبڵمنەوە دەگێڕێتەوە، کە گەنجێکە حەز وخولیای بۆ فیلمسازی هەیە و لە ڕێگەی هێزی فیلمەکانەوە ڕاستییەکانی دەربارەی خێزانەکەی و کەسەکانی چواردەوری بۆ دەردەکەوێت.

سپیڵبێرگ لە ساڵی ١٩٩٩دا بە هاوکاری ئاننای خوشکی سکرین پلەیی فیلمەکەی نووسیوە بەڵام بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پڕۆژەکەی ئاشکرا نەکردووە. لە ساڵی ٢٠١٩دا لەگەڵ کوشنەردا دووبارە پڕۆژەکەی بەسەرکردووەتەوە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا کاری سکرین پلەیەکەی تەواو بووە.

ئەکتەرەکان

  • میشێڵ وڵیەمز بە کەسایەتی میتزی فەیبڵمن
  • گابریێڵ لەبێڵ بە کەسایەتی سامی فەیبڵمن
  • پۆڵ دانۆ بە کەسایەتی بێرت فەیبڵمن
  • جەد هرش بە کەسایەتی خاڵە بۆریس
  • سێث ڕۆگن بە کەسایەتی بێنی ڵۆوی

زانیاری گشتی

دەرهێنانی لەلایەن

ستیڤن سپیڵبێرگ

نووسینی لەلایەن

ستیڤن سپیڵبێرگ، تۆنی کوشنەر

بەرهەمهێنان لەلایەن

ستیڤن سپیڵبێرگ، تۆنی کوشنەر، کریستی مکاسکۆ کریگەر

ئەکتەرانی بەشداربوو

میشێڵ وڵیەمز، پۆڵ دانۆ، سێث ڕۆگن، گابریێڵ لەبێڵ، جەد هرش

سینەماتۆگرافی لەلایەن

یانوش کەمینسکی

مۆسیقا لەلایەن

جۆن وڵیەمز

کۆمپانیای بەرهەمهێنان

ئەمبڵین ئینتەرتەینمنت، ڕیڵایەنس ئینتەرتەینمنت

کۆمپانیای بڵاوکەرەوە

یونیڤێرسڵ پیکچەرز

بەرواری نمایش

١٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ (کەنەدا)، ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ (ئەمریکا)

کات

١٥١ خوولەک

وڵات

ویلایەتە یەکگرتووەکان

زمان

ئینگلیزی

بوودجە

٤٠ ملیۆن دۆلار

داهاتی بۆکس ئۆفیس

٢٠،٣ ملیۆن دۆلار

خەڵاتەکان

فیلمی خێزانی فەیبڵمن پاڵێوراوی ٢٠٧ خەڵات و براوەی ٢٢ خەڵاتە. گرنگترین براوەکان بریتیین لە:

  • براوەی خەڵاتی AFI بۆ فیلمی ساڵ
  • براوەی خەڵاتی بژاردەی ڕەخنەگران بۆ باشترین ئەکتەری گەنج (گابریێڵ لەبێڵ)
  • براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی درامی
  • براوەی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین دەرهێنەری فیلم (ستیڤن سپیڵبێرگ)
  • براوەی خەڵاتی IFCS بۆ باشترین دەرهێنەر (ستیڤن سپیڵبێرگ)
  • براوەی خەڵاتی سییەرا بۆ باشترین نواندنی خوار تەمەن ٢١ ساڵ (گابریێڵ لەمێڵ)
  • براوەی خەڵاتی MCFCA بۆ باشترین ئەکتەری گەنج (گابریێڵ لەمێڵ)
  • براوەی خەڵاتی NBR بۆ باشترین دەرهێنەر (ستیڤن سپیڵبێرگ)
  • براوەی خەڵاتی NBR بۆ باشترین نواندنکاری پیاو (گابریێڵ لەمێڵ)
  • براوەی خەڵاتی NBR بۆ باشترین دە فیلم
  • براوەی خەڵاتی بژاردەی بینەران بۆ باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی تۆرنتۆ


سەرچاوەکان



180 بینین