خەواریجەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-15-21:11:00 - کۆدی بابەت: 11019
خەواریجەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەواریج یان خەوارج (بە عەرەبی: الخوارج، بە ئینگلیزی: Khawarij) دەستە و کۆمەڵێکی نێو ئیسلام بوون کە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ و بە دیاریکراوی لە نیوەی یەکەمی سەدەی یەکەمی کۆچی دوای فیتنەی یەکەمی ئیسلام دەرکەوتن و ناسران. چەمک و واتای گشتی خەواریج لە مێژووی ئیسلامیدا بریتییە لە لادان و یاخیبوون و هەڵگەڕانەوەی هەر تاک و کۆمەڵێک لە یاسای گشتی نێو کۆمەڵگای موسڵمانان و دەرچوون و دژایەتی کردنی پێشەوا و دەسەڵاتداری موسڵمانان، لەگەڵ ڕازینەبوون بە دەسەڵاتەکەی لە هەر کات و سەردەمێک بێت.

بەڵام بە واتایەکی دیاریکراوتر خەواریج بەو کۆمەڵ و گرووپ و دەستەیە دەوترا کە لە ماوەی فیتنەی یەکەمی ئیسلام دەرکەوتن و دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالیب و لەکاتی جەنگی سەفین ئەوان دەسەڵاتیان پەسەند نەکرد و دژی موسڵمانان و پێشەوای کۆمەڵ هەڵگەڕانەوە و لە ڕێبازی ئیسلام لایاندا. 

ناو و نازناوەکانیان

دەستەی خەواریجەکان چەند ناو و نازناوێکی تایبەتییان هەبووە، دەستەی خەواریج خۆیان بە ئەهلی حەق یان یارانی حەق یاخود پاڵپشتیکارانی حەق ناساندووە، ئەوان بەناوی خەواریج ناسران چونکە لە دەسەڵاتی عەلی کوڕی ئەبووتالیب دەرچوون، سەرباری ئەو ناوە چەند ناو و نازناوێکی تریشیان هەیە کە گرنگترین نازناو و ناوەکانیان بریتییە لە:

-ناوی (الخوارج): خواریج یان خەواریجەکان لە زمانی عەرەبیدا وشەکە واتای دەرچوون یان لادان دەبەخشێت. بەهۆی ئەوەی ئەوان دەسەڵاتی کۆمەڵیان پەسەند نەکرد بۆیە جیابوونەوە و لە کۆمەڵ دەرچوون، دژایەتیکەرانی ئەم چەمکە پێیان وایە ئەم ناوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەوان دەستەیەک بوون لە یاسای کۆمەڵ و ئایین دەرچوون و لە پێشەوای موسڵمانانی ئەو سەردەمە عەلی کوڕی ئەبووتالیب یاخی بوون و هەڵگەڕانەوە و دەسەڵاتەکەیان پەسەند نەکرد بۆیە بە گرووپێکی لادەر و دەرچوو لە ئایین و حەق ناویان دەهێنن، بۆیە بەهۆی دەرچوونیان لە دەسەڵاتی عەلی کوڕی ئەبووتالیب ئەم ناوەیان لێنرا و بە خەواریج ناسران.

-ناوی (الحرورية): حروورییەکان یان حروورییە ئەم ناوە لە ناوچەی حەروورا یان حەرەورا وەرگیراوە کە ناوچەیەکی نزیک باشووری شاری کووفەیە، نیشینگە و ڕەچەڵەکی بەشێک لە دەستەی خەواریجەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و بەشێکیان لەو شوێنەوە دەرکەوتن و ناسران بۆیە دوای دەرچوونیان لە دەسەڵاتەکەی عەلی کوڕی ئەبووتالیب گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچەیە و لەوێ نیشتەجێبوون، بۆیە ئەو نازناوەیان بۆ بەکارهاتووە.

-ناوی (الشراة): لە زمانی عەرەبیدا واتای کڕیار دەبەخشێت، ئەم ناوە خەواریجەکان خۆیان بەکاریان دەهێنا و شانازییان پێوەی دەکرد و لە ئایەتی ١١١ـی سوورەتی التوبة وەریانگرتبوو کە خوای گەورە دەفەرموێت: (إِنَّ ٱللَّهَ ٱشْتَرَىٰ مِنَ ٱلْمُؤْمِنِينَ أَنفُسَهُمْ وَأَمْوَٰلَهُم بِأَنَّ لَهُمُ ٱلْجَنَّةَ) واتا: بەڕاستی خوا گیان و ماڵی موسڵمانانی کڕیوە بەوەی کە بەهەشت بۆ ئەوانە و بەشیانە. بۆیە ئەوان واتای ئەم ئایەتەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا و پێیان وابوو ئەم ئایەتە مەبەستی ئەوانە.

-ناوی (الشكاكية): ئەم وشەیە واتای گوماناوی یان کەسە گومانکارەکان یان کەسانی گومڕا دەبەخشێت، ئەم ناوە لەلایەن نەیارانەکانیانەوە بۆیان بەکاردەهێنرا.

-ناوی (البغاة): ئەم ناوە واتای دەرچوون لە هەق و لە سنوور لادان و لادەر یان یاخیبووان دەبەخشێت.

-ناوی (المكفرة): ئەم وشەیە بۆ کەسانێک بەکاردەهێنرێت کە موسڵمانان بە بێباوەڕ و کافر دادەنێت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان هەبێت و زۆر بە ئاسانی بڕیاری کافربوونی موسڵمانان دەدەن، بەهۆی ئەوەی خەواریجەکان زۆرێک لە موسڵمانانیان زۆر بە ئاسانی بە کافر و بێباوەڕ دادەنا ئەم ناوەیان بۆ بەکارهێنرا.

-ناوی (الـمحكمة): ئەم وشەیە لە زمانی عەرەبیدا واتای دەسەڵاتدەر یان بڕیاردەر دەبەخشێت، ئەم ناوە لە ڕووداوی دوای جەنگی سەفین سەرچاوەی گرتووە کە کاتێک لە سوپا جیابوونەوە، ڕێکەوتن کرا لە نێوان عەلی کوڕی ئەبووتالیب و عوروەی کوڕی ئودەی کە دواتر کرا بە سەرکردەی خەواریجەکان، ئەو پاساوی بۆ دەرچوونیان لە دەسەڵاتی عەلی کوڕی ئەبووتالیب هێنایەوە و ئەیوت "خەڵکی دەکەنە ناوبژیوان و حکومدەر و دەسەڵاتدار لە کاری خوا" بۆیە لەدوای ئەم ڕووداوەوە لەناوخۆیان خەواریجەکان وشەی موحەکەمەیان بۆ دەستەکەیان بەکاردەهێنا.

-خەڵکی نەهرەوان: بەهۆی ئەوەی لە جەنگی نەهرەوان بەشداربوون و ئەوان هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە بوون.

-وشەی (النواصب): بەهۆی ئەوەی دژایەتی ئەهلی بەیتیان کردووە ئەم وشەیەیان بۆ بەکارهاتووە کە واتای دوژمنانی ئەهلی بەیت دەبەخشێت.

هۆکار و مێژووی دەرکەوتنیان

مێژوونووسان و توێژەرانی ئیسلامی ڕووداوی تەحکیم و جەنگی سەفین (بە عەرەبی: معرکة صفین) لە ساڵی ٣٧ـی کۆچی بە هۆکاری سەرەکی و ڕاستەوخۆی دەرکەوتن و سەرهەڵدانی خەواریجەکان دادەنێن. بەڵام دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ و دوای دەسەڵاتی هەردوو خەلیفە ئەبووبەکر و عومەر و بە دیاریکراوی لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی کوڕی عەففانەوە چەند هۆکارگەلێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەبوون کە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ دەرکەوتن و یاخیبوونی دەستەی جۆراوجۆر لە نێو ئیسلامدا و خەواریجەکان یەکێک بوون لەوان، گرنگترین هۆکارەکان بریتیبوون لە:

  • سەردەمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی عوسمانی کوڕی عەففان ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی گرووپە یاخییەکان نموونەی خەواریجەکان، نەرمی نواندنی خەلیفە لە سیاسەت کردن و بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیدا هۆکار و ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دروستبوونی دەسەڵات و دەستەی ناڕازی.
  • فراوانبوونی سنوور و دەسەڵاتی ئیسلامی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و بەرزبوونەوە و گەشەکردنی داهات، دەرکەوتنی کۆمەڵ و دەستەی ناڕازی لە سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردن و شێوازی دابەشکردنی داهات.
  • کوژران و شەهید کردنی عوسمانی کوڕی عەففان و هەڵگیرسانی جەنگی جەمەل، بکوژانی عوسمانی کوڕی عەففان لەنێو سوپای موسڵمانان و درێژەدانیان بە شەڕکردن و دروستکردنی پشێوی هۆکارێکی تری دروست بوونی دەستەی خەواریجەکان بوو.
  • بوونی ڕۆحی یاخی بوون و ناڕەزایی لەنێو هۆزە عەرەبەکانی شام و عێراق و حیجاز.
  • گۆڕانی سیستمی خەلافەت لە بنەمای ڕاوێژ و هەڵبژاردنەوە بۆ بنەمای پشتاوپشت‌ و بنەماڵەیی، قۆرخ كردنی پارە و سامانی دەوڵەت‌ و بەفیڕۆدانی لەلایەن ئومەوییەكانەوە، كوژرانی ئیمام حسێن لە سەردەمی یەزیدی كوڕی موعاویەدا، تۆخكردنەوەی دەمارگیریی خێڵایەتی لەلایەن هەندێك لە والییە دەسەڵاتدارەكانەوە، دروستبوونی بۆشایی‌ و پەرتەوازەیی سیاسی نزیكەی دە ساڵی خایاند لە دوای مردنی یەزیدەوە تاکوو جێگیربوونی خەلافەتی عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان، سوكایەتیكردنی حەجاجی سەقەفی كە والی عێراق بوو بە مەوالییەكان‌ و هەندێك لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ، هەموو ئەمانە هۆکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون کە ڕۆڵی بەرچاویان بینی لە گەشە کردنی فیکری توندوتیژی خەواریج و بەردەوامبوون و مانەوەیان بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان. 

ڕووداوی جەنگی صەفین و دەرکەوتنی ڕاستەوخۆی خەواریجەکان

- سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی صەفین

لە ساڵی ٣٧ـی کۆچی جەنگی صەفین لە نێوان سوپای عەلی کوڕی ئەبووتالیب و سوپای موعاوییەی کوڕی ئەبووسوفیان لە ناوچەی صەفین لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا لە نزیک کەناراوەکانی ڕووباری فوڕات ڕوویدا، کە بەهۆی تۆڵەسەندنەوە بۆ کوشتنی ئیمامی عوسمانی کوڕی عەففان جەنگەکە ڕوویدا.

سوپاکەی عەلی کوڕی ئەبو تالیب ١٣٠ ھەزار جەنگاوەر بوون و سوپاکەی موعاوییەش نزیکەی ٨٠ ھەزار جەنگاوەر بوون، دوای چەند شەڕێک لە نێوانیان معاوییە ھەستی بەوەکرد کە بەرگەی سوپاکەی عەلی ناگرێت، بۆیە موعاوییە هانای بۆ عەمری کوڕی عاس برد کە هاریکاری بکات و سوپاکەیان لە شکست ڕزگار بکات، چونکە سوپاکەی هەر لە سەرەتاوە بەرەو شکان و دۆڕان هەنگاوی دەنا، سەعد بۆچوونێکی خستەڕوو کە تێیدا داوای لە جەنگاوەرانی پێشەوەی سوپاکە کرد قورئان بەرز بکەنەوە سەر ڕمەکانیان و قورئان بکەن بە دادەوەر و ناوبژی لە نێوان هەردوو سوپاکە و جەنگ ڕابگرن، سوپای موعاوییە ڕاستەوخۆ داواکەی سەعدیان جێبەجێ کرد.

- دروستبوونی ڕاجیایی لەنێو سوپاکەی ئیمامی عەلی

ئەم کارە هۆکاری سەرەکی تێکدان و دروستبوونی پشێوی و ڕاجیایی بوو لەنێو سوپاکەی عەلی کوڕی ئەبووتالیب و بۆچوون و بڕیاری سوپاکەی دابەش کردە سەر چەند دەستە و کۆمەڵێک کە بریتی بوون لە:

دەستەی یەکەم: قورئانخوێنان و کۆمەڵێک دەشتەکی و دانیشتووانی بیابانبوون کە بەشێکی زۆری سوپاکەیان پێکدەهێنا و ڕاستەوخۆ داوای وەستانی شەڕیان کرد.

دەستەی دووەم: شەڕکەر و ئەفسەرانی پێشەوەی سوپا بوون و دژی ئەوە بوون کە جەنگ بووەستێت و سووربوون لەسەر بەردەوامبوونی شەڕ، چونکە ئەو کارەی سوپای بەرانبەریان بە فێڵ و تەڵەکە و تەکتیکی جەنگی دانا.

دەستەی سێیەم: ئەو کۆمەڵەیە بوون کە چاوەڕێی بڕیاری ئیمامی عەلییان بوو و بێلایەن بوون و ئەوان لەگەڵ بڕیاری پێشەواکەیان بوون، ئەگەر ویستی شەڕی هەبووایە دەجەنگان، ئەگەر ئاشتیشی بویستایە لەگەڵ هەمان بۆچوون دەبوون.

- بۆچوون و بڕیاری ئیمامی عەلی

دەستەی یەکەم بەهۆی زۆری ژمارەیان توانیان کاریگەری لەسەر ئیمامی عەلی دروستبکەن و ئیمام بڕیاری ڕاگرتنی جەنگیدا و ڕەزامەند بوو بە داوای سوپاکەی موعاوییە و هەردوو سوپا گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەردوولا نوێنەرێک دیاری بکەن و بەبێ جەنگ بگەنە ئەنجام بۆ دیاریکردنی خەلیفەیەکی نوێ بۆ موسڵمانان، نوێنەری سوپای ئیمامی عەلی ئەبووموسای ئەشعەری بوو و نوێنەری سوپای موعاوییەش عەمری کوڕی عاس بوو.

- هەڵگەڕانەوەی دەستەی یەکەم لە بۆچوونەکەیان و خیانەت کردنیان

دوای ئەوەی ئیمامی عەلی لەسەر داوای دەستەی یەکەم جەنگی ڕاگرت، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕێککەوتن و بڕیاری ڕاگرتنی جەنگ زۆرینەی کۆمەڵەی یەکەم کە پێشتر پێشەوا عەلییان ناچار کرد کە جەنگ ڕابگرێت، لێی هەڵگەرانەوە و لە بڕیارەکەیان پاشگەزبوونەوە، بەبیانووی دەستوەردانی خەڵک لە کاری خوا، ئەوان لە فرمان و دەسەڵاتی ئیمامی عەلی دەرچوون و یاخیبوون و بڕیاری ڕاگرتنی جەنگیان ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا خۆیان هۆکاری بڕیارەکە بوون و لە سەرەتادا بانگەشەیان بۆ ڕاگرتنی جەنگ کرد و ئیمامی عەلییان بە بڕیارەکە ناچارکرد.

بەڵام ئەوان بە دروشمی "هیچ حوکم و دەسەڵاتێک نییە جگە لە دەسەڵاتی خوا" لە ئیمامی عەلی جیابوونەوە و لە ناوچەی (حەرورا) نیشتەجێبوون، بۆیە ئەم کۆمەڵەیە بە حروورییەکان یان یاخیبووەکان ناسران و ناویان دەرکرد. لە سەرەتای جیابوونەوەیان پێشەوا عەلی بە چەند جۆرێک هەوڵیدا وتووێژیان لەگەڵ بکات و چەند کەسێکی بۆ گفتوگۆ ناردە لایان و دواتر خۆیشی گفوگۆی لەگەڵ کردن بەشێکیان پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە نێو دەسەڵاتەکەی، بەڵام بەشێکیان لەسەر بۆچوونەکەیان سووربوون بۆیە ئیمامی عەلی لە گەڕانەوەیان بێهیوا بوو. چەند بڕیارێکی لە بارەیانەوە دەرکرد و ئاگاداری کردنەوە کە مافی خۆیانە لەناو موسوڵماناندا بژین و بچنە مزگەوت، بێبەش نەكرێن لە پارە و سامان و داهاتی موسڵمانان، شەڕیان لەگەڵ نەكرێت بە مەرجێك ئەوان بە ئاشتی ‌و ئارامی دانیشن و ئازاری كەس نەدەن و دەستپێشخەری نەكەن لە شەڕكردندا.

- دەرکەوتنی یەکەم گرووپی خەواریج

دوای وەستاندنی جەنگ لە نێوان سوپای موعاوییە و ئیمامی عەلی هەردوو نوێنەرەکە کۆبوونەوە بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، کاتێک هەواڵی کۆبوونەوەی دوو نوێنەرەکە و نەگەیشتنیان بە هیچ ئەنجامێک بڵاوبووەوە، چەند هۆزێکی عەرەب نموونەی عەرەبە تەمیمییەکان و دەشتەکییەکانی بیابان و قورئانخوێنەکان بە نهێنی لە سوپای ئیمامی عەلی جیابوونەوە و لەگەڵ هەڵگەڕاوەکانی ناوچەی حەروار یەکیان گرت و لە ناوچەی نەهرەوان کۆبوونەوە، عەبدوڵڵای کوڕی وەهەبیان کرد بە پێشەوا و ئەمیری خۆیان. ئەم گرووپە بە خەواریجەکان ناسران و لە ساڵی ٣٧ـی کۆچی دەرکەوتن و بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نەهرەوان، هەر ئەوانیش ئیمامی عەلییان شەهید کرد. 

بۆچوون و بنەمای خەواریجەکان

خەواریجەکان بە بۆچوون و بڕیاری توندڕەو و توندوتیژ ناسراون، ئەوان زیادەڕۆیی دەکەن لە تەکفیر کردنی موسڵمانان و حەڵاڵکردنی خوێنیان. ئەوان پەنا دەبەنە بەر كوشتن‌ و ترساندن‌ و تۆقاندنی نەیارانیان‌ و حەڵاڵ كردنی خوێن و ماڵ‌ و سامانیان.

خەواریجەکان پێیان وایە کە ئەگەر هەرکەسێک لە قەدەغەکراو و گوناهە گەورەکان ئەنجام بدات سزای هەتاهەتایی دۆزەخی بەسەردا دەسەپێندرێت و باوەڕیان بە تەوبە و گەڕانەوە نییە، بەهەڵە تێگەشتنیان لە دەق و ئایەتەکانی قورئان و جێبەجێکردنی ئەو ئایەتانەی کە بەسەر بێباوەڕان دابەزیووە ئەوان لەسەر ئیمانداران جێبەجێی دەکەن. ئەگەر هەرکەسێک لە دەرەوەی ژینگەی جوگرافی ئەوان بێت و باوەڕیان پێ بهێنێت و شوێن بیرۆکە و بۆچوونیان بکەوێت ئەوان باوەڕەکەی ڕەتدەکەنەوە، چونکە ئەگەر هەرکەسێک بڕوای بە بۆچوونەکانیان هێنا پێویستە کۆچ بکات بۆ شوێنی جوگرافی ئەوان. 

لەناوچوون و کاڵبوونەوەیان

خەواریجەکان وەکوو دەستە و کۆمەڵەکانی تری نێو ئیسلام لەناوخۆیاندا ڕاجیایی و دووبەرەکی لەسەر بابەتی فیقهی و شەرعی و سیاسی دروست بوو، بۆیە خودی دەستەی خەواریج چەندان لق و کۆمەڵەی تری لەژێر هەمان ناو لێ بووەوە و دابەشبوون و دووبەرەکەی و ڕاجیاییان تێکەوت، یەکەم دەستە کە لێیان جیابووەوە لە ساڵی ٦٥ـی کۆچی بوو بە ئەزاریقەکانی خەواریج ناسران. دواتر دەستە و پێشەوای تر لەناویان زیاتربوو و چەندان لقیان لێ بووەوە نموونەی:

  1. ئەزاریقەکان، شوێنکەوتووی نافعی کوڕی ئەزرەق بوون.
  2. نەجدەتەکان، شوێنەکەوتووی نەجدەی کوڕی عامری حەنەفی بوون.
  3. ئیبازییەکان، شوێنکەوتووی عەبدوڵڵای کوڕی ئیبازە بوون.
  4. سەفەڕییەکان، شوێنکەوتووی زیادی ئەسفەڕی بوون.

لە ئێستادا تەنیا گرووپی ئیبازییەکان ماون، کە ژمارەیان زۆر کەم و دیاریکراوە و لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا لە توونس و جەزائیر و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان ماوە، بە دیاریکراوی بەشێکی زۆریان لە وڵاتی عوممان لە کەنداوی عەرەبی نیشتەجێن. بە پێی بۆچوونی زانایانی سوننە لە ئیسلامدا دەستەی خەواریج بە کافر و بێباوەڕ ناسراون و بێبەرین لە ئیسلام و وەکوو هەڵگەڕاوەکانی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.


سەرچاوەکان



1596 بینین