مایۆنیز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-15-21:48:00 - کۆدی بابەت: 11021
مایۆنیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سۆسی مایۆنیز یان مایۆنیس (بە عەرەبی: مايونيز، بە ئینگلیزی: Mayonnaise) جۆرە سۆسێکی تایبەتی چڕی ڕەنگ سپییە و بۆ سەر زۆرێک لە خواردنەکان بەکاردەهێنرێت بە تایبەتی خواردنە خێراکان.

مێژووی بەکارهێنانی

مێژووی بەکارهێنان و دروستکردنی سۆسی مایۆنیز دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی فەڕەنسا و بە دیاریکراوی بۆ سەدەی هەژدەیەم، بۆ یەکەم جار وشەکە لە کتێبێکی دروستکردنی خۆراکی فەڕەنسی بەکارهێنرا. بەڵام پێش ئەو مێژووەش چەند سۆسێکی هاوشێوەی مایۆنیز لە ئیسپانیا و فەڕەنسا بوونیان هەبووە.

بەپێی سەرچاوە مێژووەییەکان مایۆنیز لە ساڵی ١٧٥٦ لەلایەن شێفێکی فەڕەنسییەوە داهێنراوە و دروستکراوە، لەو سەردەمەدا بەهۆی بردنەوەی فەڕەنسا لە جەنگی نێوان فەڕەنسا و ئینگلتەرا و سەرکەوتنی فەڕەنسییەکان و گرتنی مینای ماهوون لەلایەن سەرکردە ڕێشیلۆی فەڕەنسی، داوا لە شێفی سەرکردەکە کرا کە سۆسێک لە کرێم و هێلکە بۆ ڕازاندنەوەی خوانی سەرکەوتن دروست بکات، بەڵام بەهۆی بەردەست نەبوونی کرێم لە چێشتخانەی شاهانە، شێفەکە ناچار بوو لە جیاتی کرێم زەیتی زەیتوون بەکاربهێنێت.

دوای دروستکردنی سۆسەکە لەو سەردەمەدا ناوبانگێکی زۆری دەرکرد و ناوی (ماهۆنیز-mahonnaise) بۆ ئەو سۆسە نوێیە دانرا وەکوو ئاماژەیەک بۆ بەندەری ماهوون کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسییەکان. هەندێک سەرچاوەی مێژوویی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە مایۆنیز لە شاۆچکەی بایۆن لە باشووری ڕۆژاوای فەڕەنسا دەرکەوتووە و ناوی بایۆنیز بۆ سۆسەکە دانراوە وەکوو ئاماژەیەک بۆ ناوی شارۆچکەکە. بەپێی کات وشەکانی ماهۆنیز یان بایۆنیز گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و بوونە وشەی مایۆنیز (بە ئینگلیزی: Mayonnaise) کە لە ساڵی ١٨١٥ بە فەرمی لە فەرهەنگی ئینگلیزی وشەکە تۆمارکرا.

پێکهاتەی خۆراکی

بە گشتی پێکهاتەی مایۆنیز لە زەردێنەی هێلکە و جۆرێکی زەیت نموونەی زەیتی ڕووەکی وەک زەیتی زەیتوون یان زەیتی سۆیا یاخوود زەیتی گوڵەبەڕۆژە لەگەڵ جۆرە ترشێک نموونەی سرکە یان لیمۆ دروستکراوە. ماددە و پێکهاتەکانی بەبڕ و ڕێژە دیاریکراون و بریتین لە:

  • مایۆنیز ڕێژەی ٨٠٪ـی لە جۆرێک زەیتی ڕووەکی پێکهاتووە کە دەکرێت زەیتی سۆیا یان زەیتی زەیتوون یان زەیتی گوڵەبەڕۆژە بێت.
  • بە ڕێژەی ٧٪ بۆ ٨٪ـی مایۆنیز ئاوە.
  • ڕێژەی ٦٪ـی پێکهاتەکەی زەردێنەی هێلکەیە یان زۆرجار سپێنەی هێلکەش لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنرێت.
  • مایۆنیز ڕێژە ٤٪ سرکە و ١٪ خوێ و ١٪ شەکر لە دروستکردنیدا بەکاردەهێنرێت.
    نزیکەی ٢٨ گرام مایۆنیز پێکهاتووە لە:
  • ٢٠٣ کالۆری
  • ٢٢٫٣ گرام چەوری گشتی
  • ٣ گرام چەوری تێر
  • ١٠ ملیگرام کۆلیستڕۆڵ
  • ١٨٢ ملیگرام سۆدیۆم

کاریگەری مایۆنیز لەسەر تەندروستی

سۆسی مایۆنیز سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وزە چونکە کەوچکێکی گەورە لە مایۆنیز نزیکەی ١٠٠ کالۆری تێدایە. بەهۆی بوونی هێلکە وەکوو ماددەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەکەیدا سەرچاوەیەکی گرنگی پرۆتین و چەورییە. مایۆنیز سۆسێکی چەورە و زۆر خواردن و زۆر بەکارهێنانی زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی ئاستی ڕێژەی چەوری و کۆلیستڕۆڵیان بەرزە لەگەڵ تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ، هاوکات هۆکارە بۆ زیادبوونی کێش و ئارەزووی خواردن زیاد دەکات.

چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی دەریخستووە کە زۆرخواردنی مایۆنیز پەیوەندی بەڕێژەی بەرزی تووشبونی بە بەکتریای سالمۆنێلا هەیە، تەنانەت ئەگەر مایۆنیزی لە ماڵەوە ئامادەکراو بێت یان بەرهەمێکی بازرگانی بێت، ئەمەش بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی هەڵگرتن و پاراستن و کۆگاکردنەکەیەتی، چونکە هێلکەی خاو لە ئامادەکردنی مایۆنیز بەکارهاتووە و ناوەندەکەی ترشی کەمە، بۆیە زۆر مانەوەی مایۆنیز و باش هەڵنەگرتنی دەبێتە هۆی تووشبوون و ژەهراویبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا بە تایبەت ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە، بۆ دووربوون لەم کێشەیە پێویستە بۆ ماوەیەکی زۆر مایۆنیز بە کراوەیی هەڵنەگیرێت و بە ماوەیەکی دیاریکراو دوای هەڵبچڕان و کردنەوەی بەکاربهێنرێت.

ئەو کەسانەی هەستیارییان بە هێلکە یان هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی مایۆنیز هەبێت، دوای خواردنی سۆسەکە تووشی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاریی وەک خووران و سووربوونەوە دەبن و خواردنی مایۆنیز بۆیان تەندروست نییە. هەروەها ئەو کەسانەی هەستیاری یان بەرگەنەکرتنی گلۆتین یان لاکتۆزیان هەیە خواردنی ماینۆنیز بۆیان پەسەند نییە و پێویستە لە خواردنی دووربکەونەوە.

شێوازی دروستکردنی مایۆنیز لە ماڵەوە

پێکهاتەکان

  • یەک هێلکەی قەبارە گەورە
  • نیو کەوچکی بچووک خوێ
  • نیو کەوچکی بچووک سرکە
  • کەوچکێکی مامناوەند ئاوی لیمۆ
  • کوپێک زەیتی ڕووەکی (بەپێی پێویست)
  • یەک سیری جنراو

شێوازی ئامادەکردنی

  • هێلکەکە دەکرێتە ئامێری تێکەڵکەرێکی کارەبایی و بە خێراییەکی زۆر تێکەڵ دەکرێت تاکوو وەکوو کەفێکی سپی لێدێت.
  • پاشان خوێ، سرکە، ئاوی لیمۆکەی یەک لەدوای یەک تێدەکرێت و بە بەردەوامی بە ئامێرەکە تێکەڵ دەکرێت.
  • دواتر سیرە جنراوەکە تێکەڵی گیراوەکە دەکرێت.
  • کۆتا قۆناغ تێکردنی زەیتە ڕووەکییەکەیە کە پێویستە بە پلەبەندی لەکاتی تێکەڵکردنی گیراوەکە تێی بکرێت و لە کۆتاییدا گیراوەیەکی چڕی سپی بەدەست دەهێنرێت.
  • ئەو مایۆنیزانەی لە ماڵەوە دروست دەکرێن پێویستە لە ساردکەرە هەڵبگیرێن و ماوەی بەکارهێنان و کۆگا کردنەکەی پێنج ڕۆژە.


سەرچاوەکان



484 بینین