کام کۆمپیوتەر بۆ من گونجاوە؟

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2023-02-23-22:59:00 - کۆدی بابەت: 11094
کام کۆمپیوتەر بۆ من گونجاوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کام کۆمپیوتەر بۆ من گونجاوە؟ (بە ئینگلیزی: ?Which computer is right for me، بە عەرەبی: ما هو جهاز الكمبيوتر المناسب لي؟کۆمپیوتەرەکان جۆر و قەبارە و تایبەتمەندی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە، ئەمەش پڕۆسەی هەڵبژاردنی گونجاوترینیان بۆ کڕیار قورس دەکات. لە کۆتایی ئەم ڕێبەرەدا ئاشنا دەبیت بەو زانیارییانەی پێویستە لە کاتی کڕینی کۆمپیوتەردا ڕەچاو بکرێن.

لاپتۆپ یان دیسکتۆپ؟

هەڵبژاردن لە نێوان لاپتۆپ یان دیسکتۆپ بە تەواوی دەکەوێتە سەر پێویستییەکانی کڕیار هەردوو بژاردە خاڵی بەهێز و لاوازی خۆیان هەیە.

دیسکتۆپ کۆمپیوتەرێکی جێگیرە کە لە یەک جێگا دەمێنێتەوە. لە چەند بەشێک پێكدێت لەوانە: ماوس، کیبۆرد، کەیس و شاشە، کە دەتوانرێت بە پێی ویستی خۆت بۆی دابنێیت و چەندین هەڵبژاردنت لە بەردەستە بۆ ئەوەی سێت ئەپەکەت دیزاین بکەیت کە لە لاپتۆپدا ئەو بژاردانە سنووردارن. سەرەڕای ئەوەش دەتوانیت ڕام و کارتی شاشەکەی بەرز بکەیتەوە لەگەڵ دابینکردنی بیرگەیەکی فراوانتر. دیسکتۆپەکان پشت بە پاتری نابەستن و بە سەرچاوەی وزەی بەردەوام وەکو کارەبا کار دەکەن. توانای پیشاندانی گرافیکی یارییەکان بە کوالێتی بەرز و هەڵگرتنی فایلی گەورە تایبەتمەندی سەرەکی دیسکتۆپن.

لە لاپتۆپدا هەموو بەشەکان لە یەک شوێندان شاشە، ماوس و کیبۆرد. هەرچەندە دەتوانیت بەهۆی پۆرتەکانەوە پارچەی دەرەکی خوازراوی بۆ زیاد بکەیت. توانای بردنی لاپتۆپەکەت بۆ ئەو شوێنەی دەتەوێت گرنگترین تایبەتمەندی لاپتۆپە کە دەکرێ لەبەرچاو بگیرێت. لە لاپتۆپە نوێکاندا توانای پاترییەکان بەرز کراونەتەوە کە بۆ چەند کاتژمێرێک بەبێ بارگاوی کردنەوە کار دەکەن.

بۆ چ مەبەستێک بەکاری دەهێنیت؟

دەشێ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر بە گوێرەی مەبەستی بەکارهێنان بکەین بە چەند بەشێکەوە لەوانە:

یاریکردن

بۆ یاریکردن، کۆمپیوتەرێکت دەوێت کە کارتێکی گرافیکی بەهێز و شاشەیەکی کوالێتی بەرزی هەبێت و توانای پرۆسێسەرەکانی زۆرباش بن. هەروەها گونجاوترە کە خاوەنی بیرگەیەکی فراوان بێت بۆ هەڵگرتنی یارییەکانت و هەر فایلێکی پەیوەندیدار. دیسکتۆپ هەڵبژاردنێکی گونجاوە بۆ یاریکەران.

بەرنامەسازی

ئەگەر پلانت هەیە کۆمپیوتەرەکەت بۆ بەرنامەسازی بەکاربهێنیت، ئەوا ئامێرێکت دەوێت کە هێزی پرۆسێس کردن و بیرگەی پێویستی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی کۆد نووسین. هەروەها ڕەنگە بتەوێت کۆمپیوتەرەکەت کیبۆردێکی ئارام و شاشەیەکی گەورەی هەبێت، بۆ ئەوەی کۆد نووسینەکەت چالاکانەتر بێت و کەمتر چآوەکانت ماندوو بێت، لەم لایەنەوە زۆربەی کات دیسکتۆپ پێشنیار دەکرێت. بەڵام بە گشتی زۆربەی کۆمپیوتەرەکان گونجاون بۆ بەرنامەسازی و کوالیتی بێ وێنەی پێویست نییە.

گرافیک دیزاین

بۆ کاری گرافیک دیزاین، کۆمپیوتەرێکت دەوێت کە شاشەیەکی کوالیتی بەرزی هەبێت و بتوانێت ڕەنگەکان بە وردی ڕێندەر بکات. هەروەها باشترە کە کارتێکی گرافیک بەهێزی هەبێت و خێرایی پرۆسێسکردنی زۆر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی نەرمەکاڵای گرافیک دیزاین.

کار

لە کاتی هەڵبژاردنی کۆمپیوتەر بۆ کارەکەت، پێداویستیی و داواکارییە تایبەتەکانی کارەکەت لەبەرچاو بگرە. ئەگەر بە داتای زۆر یان فایلە گەورەکان کار دەکەیت، لەوانەیە پێویستت بە کۆمپیوتەرێک بێت کە بیرگەیەکی فراوانی هەبێت و پڕۆسێسەرەکانی لە ئاستێکی بەرزدابن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر تەنها پێویستت بە کۆمپیوتەرێکە بۆ ئەرکە سەرەتاییەکانی وەک گەڕان بە ئینتەرنێت، ناردنی ئیمەیڵ، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەتوانیت بە کۆمپیوتەرێکی تایبەتمەندی نزمەوە کارەکانت بەڕێ بکەیت.

فێربوون

ئەگەر کۆمپیوتەرێک بۆ مەبەستی خوێندن دەکڕیت، ئەوا ئامێرێکت دەوێت کە بەکارهێنەر دۆست بێت و ئاسان بێت بۆ هەڵگرتن لەگەڵ خۆتدا. بیر لە کۆمپیوتەرێک بکەرەوە کە شاشەیەکی گەورە، کیبۆردێکی ئارام و تەمەنی پاتریەکەی درێژ بێت بە ڕەچاو کردنی بیرگەی پێویست بە فایلەکانت.

سیستمی کارپێکەری خوازراوت کامەیە؟

سیستمی کارپێکردن بریتییە لە نەرمەکاڵا سەرەتاییەکان کە هەموو ڕەقەکاڵا و نەرمەکاڵاکانی تری ناو کۆمپیوتەر بەڕێوەدەبات. سیستمی کارپێکردنەکە لەگەڵ ڕەقەکاڵای کۆمپیوتەرەکەدا کار دەکات و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات کە بەرنامەکانی کۆمپیوتەرەکە دەتوانن بەکاریبهێنن. چوار سیستمی سەرەکی کارپێکەر بریتیین لە ویندۆز، ماک ئۆ ئێس، لینێکس و گووگڵ کڕۆم ئۆ ئێس.

ویندۆز سیستمێکی کارپێکردنی بەناوبانگە کە لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە پەرەی پێدراوە. لەسەر چەندین ئامێر بەکاردێت، لەوانە دیسکتۆپ و لاپتۆپ و تابلێت. ویندۆز ڕووکارێکی بەکارهێنەری گرافیکی هەیە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لە ڕێگەی ئایکۆن و ماوسەوە کۆمپیوتەرەکەیان بەکاربهێنن. پشتگیری لە کۆمەڵێکی زۆر نەرمەکاڵا دەکات.

ماک ئۆ ئێس ئەو سیستمە کارپێکەرە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک پەرەی پێدراوە. تایبەتمەندی ڕووکارێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە جەخت لەسەر ئاسانکاری و سادەیی دەکاتەوە. ئەم سیستمە بە سەقامگیری، ئاسایش و یەکخستنی بێ کێشە لەگەڵ بەرهەمەکانی تری ئەپڵ وەک ئایفۆن و ئایپاد ناسراوە. ئەگەر تۆ بەکارهێنەری بەرهەمەکانی ئەپڵ بیت ئەوا بە زۆری ئەم سیستمەت بۆ پێشنیار دەکرێت.

لینێکس سیستمێکی کارپێکەری بێ بەرامبەر و سەرچاوە کراوەیە،. بە سەقامگیری و ئاسایش ناسراوە. لینێکس زۆر دەتوانرێت خۆکارانە بگۆڕدرێت واتە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات دەستکاری کۆدی سەرچاوە بکەن و وەشانی تایبەتی خۆیان لە سیستمی کارپێکەرەکە دروست بکەن. ئەم سیستمە زیاتر بۆ پڕۆگرامەران و ئەوانەی گرنگی بە لایەنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەدەن گونجاوە.

گووگڵ کرۆم ئۆ ئێس سیستمێکی کارپێکەرە لەسەر بنەمای لینێکس و لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە پەرەی پێدراوە. بەشێوەیەک دروست کراوە کە سادە و خێرا و پارێزراو بێت، بە گرنگیدان بە کڵاود کۆمپیوتین و بەرنامەکانی وێب. هەبوونی بیرگەی فراوانی لەسەر ئینتەرنێت یەکێکە لە خاڵ بەهێزەکانی ئەم سیستمە. لەسەر لاپتۆپ و دیسکتۆپ و تابلێت و موبایلە زیرەکەکان کار دەکات.

توانا و نەوەی پرۆسێسەرەکان

پڕۆسێسەرەکان مێشکی کۆمپیوتەرەکانن کە زۆربەی "بیرکردنەوە"ـی تێدا بە ئەنجام دەگەیەنرێت. پرۆسێسەرێکی خێراتر واتا کارەکانت خێراتر تێدەپەڕێت و ڕەنگە بڕێکی باش لە پاترییەکەتی پێویست بێت. بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی پڕۆسێسەر (CPU) بریتیین لە Intel Core, AMD Ryzen, Apple M1.

بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنی جۆری گونجاوی پڕۆسێسەری کۆمپانیای Intel Core دەبێت سەرنجی ناو و نەوەی کۆرەکان یان ناوکەکان بدرێت کە لە (٣ تا ٩) ئای کۆر بەردەستن لە کەمترین بۆ زۆرترین خێرایی بە دوای یەکدا دێن، بە دڵنیاییەوە تا نەوەی کۆرەکانیش زیاتر بن خێرایی زیاترە. نموونەیەکی خوێندنەوەی پڕۆسێسەری Intel Core:

  • (Intel Core i7-1065 G7)
  • ناوی براندی بەرهەمهێنەر - ناوی کۆر - نەوەی کۆر

نرخی کۆمپیوتەرەکان

بەگشتی نرخی دیسکتۆپ لە ٤٠٠ دۆلار کە تایبەتمەندی بنەڕەتیی هەیە دەست پێدەکات تا ٣٥٠٠ دۆلار کە کە هاردێکی گەورە و تایبەتمەندی پێشکەوتووی هەیە. سیستمی کارپێکەریش ڕۆڵی هەیە لە جیاوازی نرخەکاندا، دیسکتۆپێک کە ویندۆزی لەسەر بێت نرخی کەمترە لەوەی کە سیستمی کارپێکەرەکەی ماک ئۆ ئێس بێت. نرخی لاپتۆپەکانیش لە ٣٠٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ سەرەتاییترین مۆدێلەکان تا ٣٠٠٠ دۆلار بۆ مۆدێلە خێراکان کە بیرگەیەکی فراوانیان هەیە. هاوشێوەی دیسکتۆپەکان، لاپتۆپەکانیش لە ڕووی تێچوونەوە جیاوازن بەپێی ئەوەی کام سیستمی کارپێکەرت پێ باشترە و ماک ئۆ ئێس ڕەنگە بژاردەیەک بێت کە تێچووەکەی زیاترە.


سەرچاوەکان



661 بینین