هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە چیرۆک

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-08-30-14:32:00 - کۆدی بابەت: 11160
هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە چیرۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری پەروەردەکردنی منداڵ (بە ئینگلیزی: The art of educating children with story، بە عەرەبی: فن التعليم الأطفال بالقصة)، منداڵان بە سروشت حەز بە چیرۆک دەکەن بەهۆی چیرۆکەوە چەندان ئامۆژگاری و مەبەستی جوان دەگەنە شوێنی خۆیان، چەندان بیرۆکەی باش دروست دەبن، ڕۆحی بەرگری و داهێنانی تێدا دروست دەکات، بەهۆی چیرۆکەوە فێری دان بەخۆدا گرتن دەبێت.

بۆچی منداڵ حەز بە چیرۆک دەکات؟ 

١- چونکە هۆیەکە بۆ نزیک خستنەوەی دایک و باوک لە یەکتری. 
٢- چونکە لە نێو چیرۆک هەست بە خۆشەویستی و بایەخپێدان دەکات. 
٣- بە چیرۆک حەزی بەدواداگەڕانی زیاد دەکات. 
٤- حەزی جووڵەکردنی بەتاڵ دەبێتەوە. 
٥- چیرۆکی خەیاڵی منداڵ تێر دەکات. 

سوودە پەروەردەییەکانی چیرۆک بۆ منداڵ 

  • گەشە بە مێشک و خەیاڵی منداڵ دەدات.
  • بیر و هۆشی منداڵ ڕوون دەکاتەوە.
  • ئەو ئەزموونانە فێر دەبێت کە مرۆڤ پێویستی پێیان دەبێت.
  • هەلی گفتوگۆکردن لە نێوان منداڵ و دایک و باوکدا دەڕەخسێنێت.
  • فێری چەند رێگایەک دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
  • چەندان وشەی نوێ فێر دەبێت و لایەنی زمانەوانی باش دەبێت.
  • کۆمەڵێک بەهای جوان فێردەبێت.
  • حەزی خوێندنەوەی لای دروست دەبێت.
  • خەوی خۆش دەبێت و گرفتی تێکچوونی خەوی نامێنێت.
  • گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی دایک و باوک بە منداڵەکانیان.
  • گەشەپێدانی بەهرە و کارامەییەکانی منداڵ.
  • بەهۆی چیرۆکەوە هەندێک خەیاڵی خراپ لە مێشکی منداڵ دەسڕێتەوە.
  • چیرۆک بەشێک لە ئەزموونە هەڵەکانی منداڵ ڕاست دەکاتەوە.
  • چیرۆک چارەسەری ڕەفتارە خراپەکان دەکات.
  • منداڵ فێری گوێڕایەڵی دەکات.
  • چیرۆک منداڵ لە دڵەڕاوکێ و ترس ڕزگار دەکات.

چۆن چیرۆکێکی گونجاو بۆ منداڵەکەت هەڵدەبژێریت؟ 

١- پێویستە لە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە دڵنیا بن بزانن ئەو پەیامەی کە چیرۆکەکە دەیگەینێت چییە. 
٢- ڕەچاوی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ بکەن بە نموونە منداڵ لە ٣ ــ ٦ ساڵ حەزی لە چیرۆکی وێنەدار و سادە هەیە بە تایبەتی چیرۆکی ئاژەڵان. 
٣- ئەو چیرۆکەی کە بۆ منداڵەکەت دەیکڕیت پێویستە لایەنی دەرهێنانی هونەری و وێنە و نووسینەکانی جوان بێت. 
٤- ئەو چیرۆکەی بۆ منداڵی خوار تەمەن ٤ ساڵ دەیخوێنیتەوە پێویستە قەبارە و کێش و کات و ماوەی تێدا نەبێت، منداڵ لەو تەمەنەدا لەمانە تێناگات. 
٥- بۆ منداڵی بچوک خۆت لە خوێندنەوەی چیرۆکی تراژیدی بپارێزە.
٦- نابێت چیرۆکەکە کۆتاییەکی بێزارکەری هەبێت. 
٧- چیرۆکەکە ئاسان و ڕەوان بێت. 
٨- چیرۆکەکە ئامانجدار بێت. 
٩- لە چیرۆکی تاوانکاری و کوشتن، خواردنەوەی مەی، داوێن پیسی خۆت بە دووربگرە. 
١٠- پێویستە چیرۆکەکە ڕاستەقینە بێت نەک خەیاڵی.
١١- پێویستە ناونیشانی چیرۆکەکە گوزارشت لە ناوەڕۆکەکەی بکات. 
١٢- لە یەک چیرۆکدا کۆمەڵێک بیرۆکە چڕ نەکرێتەوە و کار لەسەر یەک پەیام بکرێت.

شێوازێکی گونجاو بۆ چیرۆک خوێندنەوە

لەباربوونی لایەنی دەروونی چیرۆک خوێن و منداڵەکە:

١. لەبارەی چیرۆک خوێن

  • پێویستە دایک و باوک یان هەر کەسێک چیرۆک بۆ منداڵ دەخوێنێتەوە لە هەڵچوون و دوودڵی بە دوور بێت، مەیلی لە خوێندنەوەی چیرۆک بێت. 
  • پێویستە لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆک تەماشای منداڵەکەت بکەیت و لەگەڵیدا چێژ ببینیت.

 ٢. لەبارەی منداڵە

  • باری دەروونی باش بێت. 
  • بەهیچ شتێکی دیکەوە سەرقاڵ نەبێت.
  • باش وایە لە کاتی خوێندنەوەی هەر چیرۆکێک پەرداخێک شەربەت یان پەرداخێک شیر بخۆنەوە.

شوێنی چیرۆک خوێندنەوە

  • پێویستە شوێنی چیرۆک خوێندنەوەکە لەبار بێت هێمن و بێ ژاوەژاو بێت. 
  • بەبێ تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەر بێت. 
  • ڕووناکییەکی لاوازکراو هەبێت. 

٣. چیرۆک خوێن چۆن لەگەڵ منداڵەکە تێکەڵ دەبێت؟ 

  • ڕووخسار: پێویستە ڕووخساری چیرۆک خوێن کراوە و گەش بێت لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆک سەرسامی و غەمباری، توڕەیی، شادی، لەسەر ڕووخسار دەربکەوێت. 
  • لە سەرەتای چیرۆکەکە بزەیەک بکات، چونکە خەندە و پێکەنین لە دەسپێکی چیرۆکەکە منداڵ دەخاتە نێو قوڵای چیرۆکەکە. 
  • دەنگ: پێویستە دەنگی چیرۆک خوێن لەگەڵ ناوەڕۆکی چیرۆکەکە یەکبگرێتەوە. نە هێندە بە سستی بیگێڕێتەوە کە تاقەتی منداڵەکە ببات، نە هێندە بە پەلە بێت تێی نەگات و سوودی لێ وەرنەگرێت. 
  • جووڵەی دەست و جەستە پێویستە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بن. 

٤. لەبارەی ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە

  • پێویستە ڕێکخستنی گونجاو لە نێو چیرۆکەکە هەبێت.
  • پاڵەوانی چیرۆکەکە ڕوون و ئاشکرا بێت. 
  • تەمەنی پاڵەوانی چیرۆکەکە و منداڵەکە پێکەوە ببەستەوە. 
  • باش وایە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە لەگەڵ ئاستی کۆمەڵایەتی منداڵەکە بگونجێت. 
  • نابێت چیرۆکەکە لە ٣٠ خولەک زیاتر بێت. 

٥. کۆتایی چیرۆکەکە

  • وردە وردە دەنگت نزم بکەرەوە، وەک ئەوەی پێی بڵێیت لە کۆتایی نزیک بووینەتەوە. 
  • بە جووڵەی جەستەت وای نیشان بدە بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەچن.
  •  لە کۆتایدا لە منداڵەکە بپرسە چی سوودێکی لێ چیرۆکەکە وەرگرتوو.


سەرچاوەکان



1056 بینین