دامەزراوەی CMA

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-03-19:06:00 - کۆدی بابەت: 11187
دامەزراوەی CMA

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دامەزراوەی سی ئێم ئەی (بە عەرەبی: منظمة CMA، بە ئینگلیزی: CMA organization) دامەزراوەی CMA کە ناوی تەواوی بریتییە لە Competition and Markets Authority دامەزراوەیەکی بازرگانی شانشینی یەکگرتووە کە هەر سێ وڵاتی ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، ئێرلەندا دەگرێتەوە. کاری دامەزراوەکە بریتییە لە ڕێگریکردن لە دروستبوونی زاڵبوونی لایەنێکی دیاریکراو لە ناو بازنەی کێبەرکێی بازرگانیدا، واتە لایەنێک بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکات و بواری هاوپیشەکانی نەدات کێبەرکێ بکەن. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو دامەزراوەی کێبڕکێ و دەسەڵاتی بازاڕەکان
بەرواری دامەزراندن ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ 
جۆری دامەزراوە ناحکومی 
وڵات شانشینی یەکگرتوو 
بارەگای سەرەکی شاری لەندەن 
ژمارەی فەرمانبەر ٨٥٩٫٨٣١ کەس ئاماری ساڵی ٢٠٢١ 
دەسەڵاتداران مارکۆس بۆکرینک (سەرۆک)، سارا کاردێل (بەڕێوەبەری گشتی)

دامەزراندن

لە بەرواری ١٥ـی ئاداری ساڵی ٢٠١٢ بەشی بازرگانی، داهێنان و توانستەکان لە حکوومەتی بەریتانیا هەستان بە دروستکردنی کڵێشەی دامەزراندنی دامەزراوەی CMA. دوای پێشکەش کردنی کڵێشەکە و خوێندنەوەی لە پەرلەمانی بەریتانیا دواجار لە بەرواری ١ـی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ پەسەند کرا. لەو کاتەوە CMA ڕۆڵی کارای بینیوە لە مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن و ڕێگری کردن لە دروستبوونی قۆرخکاری لە بازرگایدا. 

ئامانج لە دروستبوونی CMA چی بوو؟ 

بە گوتەی دەسەڵاتدارانی CMA ئەم دامەزراوەیان دروستکرد تاوەکو ڕێگری بکەن لە قۆرخکاری کۆمپانیا زەبەلاحەکان لە مامەڵەی کڕینی پشک و کۆمپانیای زیاتر و فراوانکردنی یەکەی بازرگانی کۆمپانیاکانیان، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی وا دەردەکەێت نیازیان هەیە بازاڕەکان داگیربکەن بە بەرهەمەکانیان، لەم ڕوانگەیەوە کاتێک کۆمپانیایەک هەوڵی کڕینی کۆمپانیایەکی نوێ دەدات CMA پاش خوێندنەوەی مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان دەسەڵاتی تەواوی هەیە کە کڕینەوەکە ڕابگرێت و مامەڵەکە بداتە دادگا. هەر ئەمەش هۆکاری دامەزرادنی بووە کە بە شێوازێکی کاریگەر و بەهێز ڕۆڵیان هەبێت لە ڕاگرتنی ئەو دەستەوارانەی دەبنە مایەی زیان بە کۆمپانیا ودامەزراوە بچووکەکان.

بەرپرسیارێتی 

دامەزراوەی CMA کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی لەسەر شانە. کە بریتین لە:

یەکەم: لێکۆڵینەوە لەلایەنی یەکەم و دووەم کە کڕیار و فرۆشیارن، هەروەها لایەنەکانی سێیەم (ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی سوودمەند دەبن و ئەولایەنانەی توشی زیان بەرکەوتن دەبن). 

دووەم: لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە لە بارەی بازاڕەکان. 

سێیەم: تانە لێدان یاخود ڕەتکردنەوەی دەستەوارەکانی کڕین و فرۆشتن. 

چوارەم: ناردنە دادگایی ئەو کەسانەی تاوابارن بە کاری مافیایی و نایاسایی و تاوانیان دژی تاکەکان ئەنجامداوە لە کاری بازرگانیدا. 

پێنجەم: گێڕانەوەی ماف بۆ بەکاربەران، دوای ئەوەی لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتندا بەکاربەر فێڵی لێکراوە دەتوانرێت لە ڕێگەی CMA مافی خۆی وەرگرێتەوە. 

شەشەم: وەستان لە ڕووی ئەو کۆمپانیایانەی هێز بەکاردەهێنن تا کێبەرکێ بکەن لە بازاڕدا. لە ڕێگەی بەکارهێنانی دروشمێک کە پیاداهەڵدان بێت بە دامەزراوەکە وەکو "یەکەمی بێ ڕکابەر، باشترین دامەزراوە، باشترینی مێژوو و چەندان ڕستەی تر لە شێوەی دروشم کە دامەزراوەکەت بە بێ ڕکابەر وەسف بکەیت". 

حەوتەم: CMA دەتوانێت مامەڵەی بازرگانی ڕەت بکاتەوە گەر لە هەموو جیهاندا مامەڵەکە پەسەند کرابێت CMA ڕەتی بکاتەوە کڕیار دەبێت قەرەبووی فرۆشیار بکاتەوە بە پێدانی پارە کە نەیتوانیوە مامەڵەکە کۆتایی پێ بێنێت و بیکڕێتەوە. 

دیارترین ئەو کەیسانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە

دیارترین کەیس کڕینەوەی کۆمپانیای ئەکتیڤشن بلیزارد بوو لەلایەن مایکرۆسۆفت لە ساڵی ٢٠٢٢ کە پێیان وابوو مایکرۆسۆفت بازاڕی Cloud لە یاری ڤیدیۆیی داگیردەکات و بواری کێبەرکێ ناهێڵێت لەگەڵ کۆمپانیای Sony هەر بۆیە تا سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٣ ئامادە نەبوون بڕیارەکەیان بگۆڕن و بلۆکیان کردبوو. بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا کڕینەوەکەی پەسەند کرد. هەروەها کڕینەوەی Giphy لەلایەن کۆمپانیای مێتا. کە تا CMA ڕازی نەبوو مامەڵەکە کۆتایی پێنەهات.

سوودی دامەزراوەی CMA بۆ مامەڵەی بازرگانی

بە پێی بۆچوونی شارەزایان دامەزراوەی CMA سوودی زۆرە بۆ مامەڵەی بازرگانی چونکە دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لە بازاڕدا و ڕێگری دەکەن لە قۆرخکاری، هەروەها بواری ئەوە دەدەن بە کۆمپانیاکان لە بەریتانیادا کێبەرکێ بکەن. چونکە یەکێکە لە وڵاتە بازرگانییە گرنگەکانی ئەورووپا و جیهان. 


سەرچاوەکان



293 بینین