پشکنینی باوانێتی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-03-23:16:00 - کۆدی بابەت: 11200
پشکنینی باوانێتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی باوانێتی یاخود پشکنینی باوکایەتی (بە ئینگلیزی: Paternity test، بە عەرەبی: اختبار الأبوة) ئامانجی دیاریکردنی پەیوەندی بایۆلۆجی نێوان دوو کەسە. بە واتایەکی دیکە، ڕێگەمان پێدەدات بزانین کێ باوکی بایۆلۆجی یان دایکی بایولۆجی منداڵە. جۆرێکی تری بەرەوپێشچووی ئەم پشکنینە هەیە کە پشکنینی خزمایەتییە و ڕێگەمان پێدەدات جۆرەکانی تری پەیوەندی خێزانی دیاری بکەین: خوشک و برا، باپیر، پوور، مامەکان، ئامۆزاکان و چەندانی تر. پشکنینی باوانێتی دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر باوانی کەسەکە نەک تەنها بە گومانکردن بێت لە باوان.

پشکنینی باوانێتی

پشکنینی باوکایەتی و پشکنینی خزمایەتی بە گشتی بریتیین لە شیکردنەوەی دی ئێن ئەی بۆ هەر تاکێک بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی پێی دەوترێت پرۆفایلی بۆماوەیی یان پەنجەمۆری بۆماوەیی. پاشان بە بەراوردکردنی ئەو بۆماوەییانەی کە لە دوو کەسەوە بەدەست هاتوون، دەتوانرێت پەیوەندی نێوانیان دیاری بکرێت.

کەسەکان نیوەی ماددە بۆماوەییەکانیان لە باوکیان و نیوەیان لە دایکیانەوە بە میرات وەردەگرن. لە دی ئێن ئەی کەسەکاندا ناوچەی کۆدکردن (coding regions) دەدۆزرێتەوە، بۆهێڵەکان، کە تەنها ۲٪ی جینۆم یاخود تەواوی بۆهێڵەکانی خانەی کەسێک پێکدەهێنن، و ئەو ناوچانەی کە ماون کۆدیان نییە (non coding regions). لەم ناوچانەدا، واتا ناوچەی کۆدکردن لە نێوان شتەکانی تردا، پارچەکانی پڕ لە دووبارەبوونەوە دەدۆزینەوە، پارچەکانی دووبارەبوونەوە زنجیرەیەکی کورتن لە تفتەکانی دی ئێن ئەی کە هەمیشە بە هەمان شێوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. پشکنینەکانی باوانێتی لەسەر بنەمای شیکردنەوەی دووبارەبوونەوەی ناوچەکانی دی ئێن ئەیە.
زانایان ئاماژە بەو دووبارەکردنەوانە دەکەن وەک دووبارەبوونەوەیەکی کورتی بەدواییەکداهاتوو (STRs). ئەم پارچە دووبارەبووانەی تفتەکان لە دوو بۆ حەوت تفتی دی ئێن ئەی پێکهاتوون کە دەتوانرێت چەندین جار دووبارە بکرێتەوە. بۆ نموونە، زنجیرەی "GATC" لەوانەیە هەشت جار لە کەسێکدا دەرکەوێت، بەڵام پانزە جار لە کەسێکی تردا. ئەمانە وەک پەنجەمۆری تاکن و ڕێگەیان پێ دەدەن بە نزیکەیی بە شێوەیەکی بێهاوتا بناسرێنەوە (جگە لەو کەسانەی دوانەی لێكچوون).

پشکنینی باوانێتی پشکنینی بۆماوەیی نییە، چونکە زانیاری کەم دەربارەی بۆماوەیی پێشکەش دەکات. لەبری ئەوە، درێژی بەشەکانی دی ئێن ئەی تاکەکان دیاری دەکات، و لە ئەنجامدانی ئەو کارەدا زۆر شت دەربارەی ڕەچەڵەک ئاشکرا دەکات.

شیکردنەوەکە دەست پێدەکات بە دەرهێنانی دی ئێن ئەی لە نموونەیەکەوە (زۆربەی کات لیک). لەبەر ئەوەی بڕی دی ئێن ئەی کە لەم نموونانەوە بەدەست دەهێنرێت زۆر کەمە، سەرەتا پێویستە دی ئێن ئەیەکە گەورەتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت شیکردنەوەی بۆ بکرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش واتا زیادکردنی بڕی دی ئێن ئەی، زاناکان کاردانەوەی زنجیرەی پۆلیمەرەیز (PCR) بەکاردەهێنن، دەتوانرێت ملیۆنان لەبەرگیراوەی بەشەکانی STR لە چەند کاتژمێرێکدا بەرهەم بهێنرێت. دواتر لەبەرگیراوەکانی دی ئێن ئەی دەبەسترێنەوە بە فلۆرۆفۆرێکەوە (دەستنیشانکەرێکە بە پێدانی ڕەنگ یارمەتی بینینی شتەکان دەدات) ئەمەش وا دەکات لە هەنگاوی داهاتوودا لەبەرگیراوەکانی دی ئێن ئەی بینراوبن.

بەشەکانی STR لە درێژیدا جیاوازن، هەربۆیەش لەبەرگیراوی دروستکراوی PCRیشیان جیاوازە. بۆیە ئەو نموونەیەی کە دوای گەورەکردن بەدەست دەهێنرێت لە ڕێگەی تۆڕێکی تەسکەوە دەنێردرێن کە تێیدا لەبەرگیراوە بچووکەکان خێراتر دەجوڵێن لە لەبەرگیراوە گەورەکان. کە ئەمەش پێی دەوترێت جیاکەرەوەی کارەبایی یاخود ئیلیکترۆفۆرەسس، ئەو خێراییەی کە لەبەرگیراوەکانی دی ئێن ئەی بەهۆیەوە دەگوازرێنەوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی درێژیەکانیان بزانرێت، چونکە  کورتریانیان خێراترینە و درێژترینیشیان خاوترینیانە.

لە پشکنینی باوانێتی، لە نێوان ١٥ بۆ ٤٠ نیشانەی دی ئێن ئەی شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت. لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا، زاناکان ژمارەیەکی زۆر خاڵی پێوانەیان هەیە، بە جیا بۆ باوک و منداڵەکە و هەندێک جار دایکیش. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەس نییە، هەنگاوی گرنگ لە تاقیکردنەوەی باوکایەتیدا هەڵسەنگاندنی ئاماری داتاکانە لەگەڵ بەرنامەی تایبەت.

چ نموونەیەک پێویستە بۆ پشکنینی باوانێتی؟

هەموو خانەکانی لەش (DNA) یان تێدایە. بۆیە نموونەی خوێن، قژ یان لیک (کە خانەکانی لەشی تێدایە) گونجاون بۆ شیکردنەوە و بەکارهێنانیان لە پشکنینی باوانێتیدا.

بۆ پشکنینی باوانێتی، نموونەی لیک بە زۆری بەکاردێت، چونکە بەدەستهێنانی خوێن قورسترە و نموونەی قژیش هەمیشە ناتوانرێت بە ڕوونی دیاری بکرێت. سوابێک لە ناو دەم ئەدرێت و بەر لینجایی مەڵاشوو دەکەوێت و لەڕێیەوە نموونەی پێویست لە لیک وەردەگرێت.

پشکنینی باوانێتی پێویستی بە لانیکەم دوو نموونە هەیە: یەکێکیان لە منداڵەکەوە و ئەوی دیکە لە باوکی شیاو یاخود بڵێین گومانلێکراو. هەروەها پێویستە نموونەیەک لە دایکەوە تاقی بکرێتەوە، ئەنجامی ئەو نموونەیەی لە دایکی پشتپێبەستراوەوە وەرگیراوە وا لە ئەنجامدەرانی شیکارییەکە دەکات کە لە کۆتاییا ئەنجامی پشکنینی باوانێتی ڕەت بکەنەوە یان بە ئەگەری زۆر پۆلێنی بکەن.

ئەنجامەکانی پشکنینی باوانێتی

ئەو نموونانەی کە لە منداڵەکەوە وەرگیراون و لە باوکەکەوە بە هەمان شێوە وەرگیراون و لە تاقیگەدا پشکنینیان بۆ دەکرێت. ئەنجامە شیاوەکان بریتین لە:
ڕەتکردنەوەی باوانێتی: کاتێک ڕێژەی لێکچوونی بۆماوەیی بە ڕێژەیەک نەبێت بە باوان هەژماربکرێت.
سەلماندنی باوانێتی: لەگەڵ ئەم ئەنجامەدا، ئەگەری باوکایەتی ٩٩٪ دەبێت ئەگەر دایکەکە بەشداری لە پشکنینەکە نەکات. کاتێک کە پێی دەوترێت حاڵەتی سێ کەسی و هەر سێ دایک و باوکی شیاو و منداڵەکەش نموونەیان لێوەردەگیرێت و پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەری زیاتر لە ٩٩.٩٩٩٪ بە گشتی بەدەست دەهێنرێت.

چەند جۆرە پشکنینی باوانێتی هەیە؟

دوو جۆر پشکنینی باوانێتی هەیە بە گوێرەی مەبەستی ئەنجامدانیان ئەوانیش پشکنینی تایبەتی باوانێتی و پشکنینی یاسایی باوانێتی.

پشکنینی باوانێتی تایبەت

کاتێک مەبەست لە دڵنیابوونەوەی دامەزراندنی پەیوەندی بایۆلۆجی نێوان دوو کەس بۆ بەکارهێنانی تایبەت و خۆیان بێت، کە تەنها باوانەکان یاخود منداڵ داوای ئەنجامدانی پشکنینەکە دەکەن و ئامانجیان لێی بابەتی یاسایی نییە، هەر بۆیەش  تێیدا داوا لە بەشداربووان ناکرێت خۆیان بناسێنن. بەڵام ئەو زانیارییانەی لەم پشکنینەوە بەدەست دەهێنرێت ناتوانرێت بۆ پرۆسەی یاسایی بەکاربهێنرێن.

پشکنینی باوانێتی یاسایی

ئەم جۆرەیان لە پشکنینی باوانێتی بە یاسایی یاخود پەسەندکراوی دادگا ئاماژەی پێدەکرێت چونکە لێرەدا پشکنینی باوانێتی ئەنجام دەدرێت کە تێیدا بە مەبەستی بەکارهێنانییەتی لە پرۆسەیەکی یاساییدا. لەبەر ئەم هۆکارە، داواکارییەکان زیاترن بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە، هەروەها پێویستە ئەو کەسانەی پشکنینەکە ئەنجامدەدەن لە باوان و منداڵەکان بناسرێنەوە و ناسنامەی نموونەکانیان مسۆگەر بکرێت تا شیکردنەوە و گەیاندنی ئەنجامەکان.

پشکنینی باوانێتی پێش لەدایکبوون

ئایا دەکرێت پشکنینی باوانێتی پێش لەدایکبوونی منداڵ ئەنجام بدرێت؟
پشکنینی باوانێتی دەتوانرێت پێش لەدایکبوون ئەنجامبدرێت و پەیوەندی بایۆلۆجی نێوان باوک و منداڵە لە دایک نەبووەکەی بسەلمێنێت. بە پشت بەستن بەوەی کە چۆن نموونەکان وەردەگیرێن، بەهەمان شێوە دەکرێت ئەم جۆرە پشکنینە باوانێتییە تایبەتی یان یاسایی بێت.

ئەم پشکنینە دوو جۆر گومان چارەسەر دەکات:

  • ئەو دایکانەی کە نازانن باوکی منداڵەکەیان کێیە و گومانیان لە ناسنامەی منداڵەکەیان هەیە.
  • ئەو باوکانەی کە گومانی ئەوەیان هەیە منداڵەکە هی ئەوان بن.

سوودی ئەم جۆرە پشکنینە دانی بڕیاری ڕاستی باوان و یەکلاکردنەوەیانە لەسەر ئەوەی بە ڕاستی باوانی منداڵەکەیان کێیە یاخود بەلای پیاوانەوە دڵنیایان دەکاتەوە کە باوانی ڕاستی منداڵەکەن یاخود نا. بەڵام هێشتا ئەم جۆرە پشکنینی باوانێتییەی پێش لەدایکبوون هەندێک زیانی هەیە، کە بریتین لە: مەترسی بۆ منداڵەکە بەتایبەت ئەگەر جۆرە هەرزانترەکەیان بەکارهات. تێچوونێکی زۆر بەتایبەت ئەگەر جۆرە گرانترەکەیان بەکارهات، چونکە ئەم جۆرە گرانترەی ئەنجامێکی وردتر و دڵنیاتر دەداتەوە بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەکی ئاڵۆز و کارامە تێیدا.

گرنگی ئەنجامدانی پشکنینی باوانێتی

  • دڵنیابوونەوەی باوان (هەم باوک هەم دایکیش) لە ڕەچەڵەکی منداڵەکەیان.
  • دڵنیابوونەوەی منداڵ لە باوانی (ئەکرێ دایک یان باوک یان هەردووکیان بێت).
  • بەدەستهێنانی مافی یاسایی منداڵ (مافی پاراستن و پاڵپشتیکردنی باری دارایی و کۆمەڵێک ماف کە باوان پێویستە بۆ منداڵەکانیان دابینی بکەن).


سەرچاوەکان



393 بینین