نموونەوەرگرتن لە جگەر

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-04-18:00:00 - کۆدی بابەت: 11204
نموونەوەرگرتن لە جگەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نموونەوەرگرتن لە جگەر (بە ئینگلیزی: Liver Biopsy، بە عەرەبی: خزعة الكبد). بریتییە لە شیکارییەک کە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی جگەر دەکرێت، نموونەی شانە لە جگەر دەردەهێنرێت و لە ژێر مایکرۆسکۆپدا سێردەکرێت، پشکنین بۆ خانەی نائاسایی یان نەخۆشی دەکرێت. لەڕێگەی ئەم شیکارییەوە دەردەکەوێت گەر خانە شێرپەنجەییەکان یان خانە نائاساییەکان لە جگەردا هەبن و گەشەیان کردبێت، هەروەها دەردەکەوێت جگەر تاکو چەند فەرمانەکانی بە باشی جێبەجێ دەکات.

جۆرەکانی نموونەوەرگرتن لە جگەر

بە سێ شێواز دەکرێت:

لە ڕێگەی پێستەوە

باوترین شێوازی نموونەوەرگرتنە لە جگەر، نەخۆشەکە نیوە بێهۆش دەکرێت و دەرزییەکی بچووک دەخرێتە ناو جگەریەوە بۆ وەرگرتنی نموونەکە.

لاپارۆسکۆپی

نەخۆشەکە بەتەواوی بێهۆش دەکرێت.  بۆرییەکی تەنک و گڵۆپدار (لاپارۆسکۆپ) لە ڕێگەی بڕینێکی بچووکەوە دەخرێتە ناو پێستتەوە، بۆرییەکە کامێرای ڤیدیۆیی بچووکی پێوە بەستراوە، پزیشکەکە دەتوانێت ناوەوەی سکی نەخۆشەکە لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر ببینێت، دەرزییەک لە ڕێگەی بۆرییەکی ترەوە دادەنرێت بۆ دەرهێنانی نموونەکە.

لە ڕێگەی خوێنهێنەرەوە

ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنرێت کاتێک کێشەی خوێن مەین یان شلە لە سکی نەخۆشەکەدا هەبێت. نەخۆشەکە نیو بەنج دەکرێت و خوێنهێنەرێک لە ملی نەخۆشەکەدا بریندار دەکرێت، پاشان بۆرییەکی ناو بۆش لە ڕێگەی خوێنهێنەرەکەوە دەنێردرێتە خوارەوە تاکو جگەری نەخۆشەکە. بۆیەیەکی تایبەت (کۆنتراست) دەخرێتە ناو بۆرییەکە و تیشکی ئێکس بەکار دەهێندرێت، بۆیەکە ڕێگە بە خوێنهێنەرەکە دەدات بە ڕوونتر لە تیشکی ئێکسدا دەربکەوێت، دواتر دەرزییەک لە ڕێگەی بۆرییەکەوە دەنێردرێت بۆ جگەری نەخۆشەکە، بەم شێوازە نموونەی شانەکانی جگەری نەخۆشەکە وەردەگیرێت. گەر پزیشکەکە داوایکرد تەنها لە شوێنێکی دیاریکراوی جگەر نموونەکە وەربگرێت، ئەوا پێویستە نەشتەنگکارییەکە بە یارمەتی ئامێرە ڕادیۆلۆجییەکانی وەک:

  • MRI
  • CT SCAN
  • Ultrasound

ئەنجام بدرێت بۆ دەستکەوتنی نموونەی دیاریکراو.

لە چ کاتێکدا پێویستە نموونە لە جگەر وەربگیردرێت؟

نموونەوەرگرتن لە جگەر بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی  نەخۆشیەکانی جگەر، کە ناتوانرێت بە نیشانەکان یان پشکنینی تاقیگەیی دەستنیشان بکرێن و یەکلای بکرێنەوە.
 نموونەوەرگرتن لەم بارودۆخانەدا پێویستە:

  • شێرپەنجە
  • گەورەبوونی جگەر
  • زەردبوونی پێست و چاو (زەردوویی)
  • ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان نائاسای بێت و ئاماژەبن بۆ نەخۆشییەکانی جگەر.

هەروەها دەکرێت بۆ چەندین نەخۆشی دیکە ئەنجام بدرێت لەوانە:

  • نەخۆشی جگەری کحولی (چەوری جگەر، هەوکردنی جگەر، یان سیرۆزیس)
  • چەوری جگەری ئەمبیک
  • هەوکردنی جگەری چالاک درێژخایەن
  • هەوکردنی درێژخایەنی بەردەوامی جگەر
  • کۆکسیدیۆئیدۆمایکۆزی بڵاوبووەوە
  • هیمۆکرۆماتۆزی
  • ئاوسانی جگەری جۆری C
  • ئاوسانی جگەری D
  • لیمفۆمای هۆدجکین
  • نەخۆشی چەوری جگەری نا کحولی
  • نەخۆشی ویڵسن

مەترسییەکانی نموونەوەرگرتن لە جگەر

دەکرێت ئەم شێوازە مەترسی بۆ سەر تەندروستی نەخۆشەکە دروست بکات وەک:

  • برینداربوونی ئەندامەکانی تری ناوەوەی جەستەی نەخۆشەکە بە هەڵە.
  • خوێنبەربوون
  • ئازار و کزانەوەی ئەو شوێنەی نەخۆش کە نموونەکەی لێوە وەرگیردراوە.
  • هەوکردنی شوێن برینەکە.

چۆن خۆت بۆ نموونەوەرگرتنەکە ئامادە بکەیت؟

بە پزیشکەکەت بڵێ دەربارەی:

  • کێشەی خوێنبەربوون
  • هەبوونی هەستیاری بە دەرمان
  • ئەو دەرمانانەی کە بەکاریان دەهێنی
  • پێویستە پزیشک ئاگادار بکرێتەوە لە ئەگەری دووگیانبوونی نەخۆشەکە.
    پێویستە فۆڕمی ڕەزامەندی واژۆ بکرێت، پێویستە پێش نموونەوەرگرتنەکە پشکنینە پێویستەکان ئەنجام بدرێت وەک: پشکنینی گشتی خوێن، توانای خوێن مەیاندن و پشکنینی ڤایرۆسەکان. هەروەها دەبێت بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر پێش پشکنینەکە هیچ شتێک نەخۆیت و نەخورێتەوە .


سەرچاوەکان



357 بینین