پاراگوای

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-09-04-18:38:00 - کۆدی بابەت: 11206
پاراگوای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پاراگوای (بە ئینگلیزی: Paraguay، بە عەرەبی: باراغواي)، بە فەرمی کۆماری پاراگوای (the Republic of Paraguay)، وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە لە ئەمریکای باشوور. ئەم وڵاتە لە باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەرجەنتین، لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بەڕازیل و لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ بۆلیڤیادا هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی کۆماری پاراگوای نزیکەی 7.4 ملیۆن کەسە و نزیکەی سێ ملیۆن کەسیان لە پایتەخت و گەورەترین شاری ئاسونسیۆن و گەورەناوچەی دەوروبەری دەژین.

زانیاری گشتی

ناو پاراگوای، بە فەرمی کۆماری پاراگوای
پایتەخت و گەورەترین شار ئاسونسیۆن
سەرۆکی وڵات سانتیاگۆ پێنا
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتووی حزبی باڵادەست
سەربەخۆیی لە ئیسپانیا 14ـی ئایاری 1811
دەستووری ئێستا 20ـی حوزەیرانی 1992
زمانە فەرمییەکان ئیسپانی و گوارانی
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
ڕووبەری گشتی 406,796 كم2
ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێری ساڵی 2022 6,109,644
چڕیی دانیشتووان 15/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن +595
یەکەی دراو گوارانی (PYG)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2023 117.6 بلیۆن دۆلار

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

داگیرکەرە ئیسپانییەکان لە ساڵی 1524ـدا گەیشتنە خاکی پاراگوای و لە ساڵی 1537ـدا شاری ئاسونسیۆنیان دامەزراند. بەدرێژایی سەدەی 17، پاراگوای بووە ناوەندێک بۆ جێگیرگە ئایینییەکانی کاسۆلیکی ڕۆمانی، کە تێیدا ئایینی گەلی گوارانی ڕەسەن لەلایەن دەستەی ئامۆژگارانەوە دەگۆڕدرا بۆ مەسیحی و هەروەها کولتووری ئەورووپیشی تێدا دەناسێنرا. دوای دەرکردنی دەستەی ئامۆژگاران لە ناوچەکانی ئیسپانیا لە ساڵی 1767، پاراگوای زیاتر بوو بە کۆلۆنییەکی لاوەکی، کە تەنیا ژمارەیەکی کەم ناوچەی شارستانی چڕ و دانیشتووی هەبوو. دوای سەربەخۆیی لە ئیسپانیا و لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، وڵاتەکە لەلایەن زنجیرەیەک حکوومەتی دیکتاتۆرەوە بەڕێوەبرا کە سیاسەتەکانی نەتەوەپەرست، دابڕانخواز و پشتیوانیخواز تێیدا پەیڕەو دەکرا. ئەم سەردەمت بە جەنگی کارەساتباری پاراگوای کۆتایی هات، کە لە ساڵی 1864 دەستی پێکرد و تا ساڵی 1870 بەردەوامبوو. لە ماوەی شەڕەکەدا وڵاتەکە نیوەی دانیشتووانی پێش جەنگ و نزیکەی 25% بۆ 33%ـی خاکەکەی بە هاوپەیمانی سێ لایەنەی ئەرجەنتین، بەڕازیل و ئۆرۆگوای لەدەستدا. لە سەدەی بیستەمدا، پاراگوای ڕووبەڕووی ململانێیەکی گەورەی نێودەوڵەتی دیکە بووەوە، ئەویش جەنگی چاکۆ بوو (1932 بۆ 1935) دژی بۆلیڤیا، کە پاراگوای سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا. دواتر، وڵاتەکە کەوتە ژێر دەستی چەند جۆرە حکوومەتێکی یەک لەدوای یەکەوە کە تێیدا ئەفسەرێکی سەربازی کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵات دەکات، وەک ڕژێمی 35 ساڵەی ئەلفریدۆ سترێسنێر (Alfredo Stroessner)، کە لە ساڵی 1989ـدا بە کودەتایەکی سەربازیی ناوخۆییەوە کۆتایی پێهێنرا. ئا لەم کاتە بەدواوە سەرەتای سەردەمی دیموکراتیی پاراگوای دەستی پێکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ئێستادا، پاراگوای وڵاتێکی گەشەسەندووە و لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـدا لە پلەی 105ـی وڵاتانی جیهاندایە. جگە لەوەش، ئەندامێکی دامەزرێنەری مێرکۆسور، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی دەوڵەتانی ئەمریکا، بزووتنەوەی بێلایەن و گرووپی لیمایە.

ئابووری

ئابووریی پاراگوای ئابوورییەکی بازاڕە و بەزۆری پشت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت. لەم ساڵانەی دواییدا ئابووریی وڵاتەکە لە ئەنجامی زیادبوونی هەناردەی کشتوکاڵی، بەتایبەتی پاقلەی سۆیا، گەشەی کردووە. کەرتی کشتوکاڵ 30%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی خۆی پێک دەهێنێت. جگە لەوەی کەمی سەرچاوە کانزاییەکان و ناسەقامگیری سیاسی زیانی بە ئابووری وڵات دەگەیەنێت، بەڵام پاراگوای خاوەنی سوودە ئابوورییەکانی دانیشتووانێکی گەنج و سەرچاوەیەکی بەرفراوانی هێزیکی کارۆئاوییە. هەروەها حکوومەتی وڵاتەکە پێشوازی لە وەبەرهێنانی بیانی دەکات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

دانیشتووانی پاراگوای بە شێوەیەکی نایەکسان لە وڵاتەکەدا دابەشکراون، 10%ـی دانیشتووانی وڵات لە ناوچەی رۆژهەڵات لە نزیک پایتەخت و گەورەترین شار، ئاسونسیۆن، دەژین. لە کاتێکدا، ناوچەی گران چاکۆ کە نزیکەی 60%ـی خاکی وڵات پێک دەهێنێت، کەمتر لە 2%ـی دانیشتووانی لێ نیشتەجێیە. هەروەها، نزیکەی 56%ـی پاراگواییەکان لە ناوچە شارییەکان دەژین، ئەمەش وایکردووە پاراگوای یەکێک بێت لەو وڵاتانەی ئەمریکای باشوور کە ڕێژەیەکی کەمتری دانیشتووانەکەی شارنشینن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی پاراگوای دەبینین لە دوای شەڕی پاراگوایەوە تا ئەمڕۆ وڵاتەکە کۆچبەر وەردەگرێت. ئەو کۆچبەرانەش بریتین لە ئیتالییەکان، ئەڵمانییەکان، ئیسپانییەکان، ئینگلیزەکان، ڕووسەکان، کۆرییەکان، چینییەکان، عەرەبەکان، ژاپۆنییەکان، ئۆکراینییەکان، پۆڵەندییەکان، جوولەکەکان، بەڕازیلییەکان، ئەرجەنتینییەکان، ئەمریکییەکان، بۆلیڤییەکان، ڤەنزوێلییەکان، مەکسیکییەکان، چیلییەکان، تایوانییەکان، خەڵکی ئاسیا و ئورۆگواییەکان. بێجگە لە ئەرجەنتینییە ئەڵمانییەکان، پاراگواییە ئەڵمانییەکان یەکێکە لە دیارترین و گەشەسەندووترین کۆمەڵگە ئەڵمانییەکانی ئەمریکای باشوور، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 25,000 مێنۆنایتی ئەڵمانزمان لە چاکۆی پاراگوایدا دەژین. چەند ماڵپەڕێک ئاماژە بەوە دەکەن کە 5% بۆ 7%ـی دانیشتووانی وڵات بە ڕەچەڵەک ئەڵمانین، کە 150,000 کەسیان بە ڕەچەڵەک بەڕازیلی ئەڵمانین.

بە هەمان شێوە، لە ساڵانی 1920 بۆ 1930، پاراگوای چەند شەپۆلێک کۆچبەری سلاڤی وەرگرت کە لە شاری ئاسونسیۆن و باشووری پاراگوای نیشتەجێ بوون. هەروەها، کۆمارەکە پەناگەیەک بووە بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەهۆی باوەڕە ئایینییەکانیانەوە دەچەوسرێناوە، وەک ئەو برودەرهۆفانەی کە لە ساڵی 1941ـدا بە ناچاری ئینگلتەرایان جێهێشت. زۆرێک لەم کۆمەڵگایانە زمان و کولتوو‌ری خۆیان پاراستووە، بەتایبەتی بەرازیلییەکان، کە گەورەترین و دیارترین گرووپی کۆچبەرانن و ژمارەیان نزیکەی 400 هەزار کەسە. زۆرێک لە پاراگواییە بەڕازیلییەکان بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی، ئیتاڵی و پۆڵەندین. بە مەزەندە 63,000 پاراگوایی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی لە پاراگوایدا جێگیرن، کە 1%ـی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن. هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتووانی پاراگوای نییە، چونکە بەشی ئامار، ڕاپرسی و سەرژمێری پاراگوای لە ڕاپرسییەکانی سەرژمێریدا پرسیار لەبارەی ڕەگەز و نەتەوەی دانیشتووان ناکات، بەڵام پرسیار لەبارەی دانیشتووانی ڕەسەن دەکات. بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2002، دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکە 1.7%ـی کۆی دانیشتووانی پاراگواییان پێکهێناوە. بە شێوەیەكی نەریتی، ڕەگەزی زۆربەی دانیشتووانی پاراگوای تێکەڵە. لە ساڵی 2022ـدا ژمارەی دانیشتووانی پاراگوای 6,703,799 کەس بوو، کە 95%ـیان مێستیزۆ یان سپی پێستن و 5%ـەکەی تریان سەر بە نەتەوەکانی ترن، کە ئەندامانی 17 گرووپی ڕەسەنی زمانەوانی ڕەگەزی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

ئایین

ئایینی مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی پاراگوایە و مەسیحییەکانی وڵات کاسۆلیکین. بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2002، 89.9%ـی دانیشتووانی کۆمارەکە کاسۆلیکی، 6.2%ـی دانیشتووان پرۆتستانتی ئینجیلی، 1.1%ـی دانیشتووان سەر بە ئایینە مەسیحییەکانی دیکە و 0.6%ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینە ڕەسەنەکانن. ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ئازادی ئایینی ناوی چەند گرووپێکی ئایینی دیاری وڵاتەکەی هێنا، ئەوانیش، کاسۆلیزم، پرۆتستانتی ئینجیلی، پرۆتستانتی کۆنەپارێز، جوولەکەگەری (ئۆرتۆدۆکس، کۆنەپارێز و چاکسازی)، مۆرمۆنگەری و ئایینی بەهایی. هەروەها کۆمەڵگەیەکی گەورەی مسوڵمانان لە ئەنجامی کۆچی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەتایبەتی لە لوبنان)ـەوە بۆ پاراگوای و کۆمەڵگەیەکی دیاری مێنۆنایتەکان لە وڵاتەکەدا نیشتەجێن.

زمانەکان

پاراگوای وڵاتێکی دوو زمانە، واتە دوو زمانی فەرمی هەیە، ئەوانیش زمانی ئیسپانی و زمانی گوارانین. لە ساڵی 2015ـدا نزیکەی 87%ـی دانیشتووانی وڵات بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن، لە کاتێکدا زیاتر لە 90%ـی دانیشتووان یان کەمێک زیاتر لە 5.8 ملیۆن دانیشتوو بە گوارانی دەدوێن. 52%ـی پاراگواییە گوندنشینەکان بە دوو زمان دەدوێن. جگە لەوەی زمانی گوارانی بە شێوەیەکی بەرفراوان قسەی پێ دەکرێت کەچی زمانی ئیسپانی بە پلەی یەکەم لە حکوومەت، بازرگانی، میدیا و پەروەردەدا وەک یەکێک لە زمانە هاوبەشەکانی ئەمریکای باشوور بەکاردێت. جگە لەمانەش، نزیکەی 19 زمانی ڕەسەن لە پاراگوایدا قسەیان پێ دەکرێت، کە زۆربەیان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، وەک زمانەکانی گوانا، ئایۆریۆ و ئیشێر.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی پاراگوای نیمچە خولگەییە، زستانی، ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، زۆر مامناوەندە و هاوینی، لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی ئازار، درێژ و زۆر گەرمە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشنیوەڕواندا ئەگەری لێزمەباران و ڕەشەبای بروسکاوی لە سەرتاسەری وڵاتدا هەیە. پاراگوای لە هیچ لایەکییەوە بە دەریا ناگات و لەگەڵ وڵاتی بۆلیڤیا دوو وڵاتە بە زەوی دەورەدراوەکانی ئەمریکای باشوورن. بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە لە نیوەگۆی باشووردایە، وەرزەکانی بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکای باکوور یان ئەورووپا پێچەوانە دەبنەوە.

پلەی گەرمی

بەهۆی ئەوەی بارستەی هەوای جیاواز ڕوو لە پاراگوای دەکات بۆیە دەتوانێت گۆڕانکاری خێرا لە پلەی گەرمی ناوچەکەدا دروست بکات. وەرزی زستان، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کەشی وڵات لەم وەرزەدا زۆر مامناوەند یان گەرمێکی خۆشە. بەڵام هەڵکردنی هەوای سارد لە بەشی باشووری وڵاتەوە، لە مانگی ئایارەوە تا ئەیلوول، دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەش هەبێت و ببێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لە کاتەکانی شەودا بۆ دەوروبەری پلەی بەستن بەستن و هەندێک جار نزمتر لەو پلەیەش. هەروەها، بارستە هەوای گەرمیش بە هەمان شێوە ڕوو لە وڵاتەکە دەکات، کە دەتوانێت پلەی گەرمی لە وەرزی زستانیشدا بەرزبکاتەوە بۆ زیاتر لە 30 پلەی سەدی. لە وەرزی هاویندا، کەشی پاراگوای بە شێوەیەکی هەمیشەیی گەرمە، بەڵام بەگشتی کەشی بەشی باکووری ڕۆژئاوای وڵات گەرم و وشکە، پلەکانی گەرما دەگەنە سەروو 40 پلەی سەدی و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریش شێدارترە. سەرەڕای ئەوەش، شەپۆلەکانی گەرما لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە تا مانگی نیسان هەڵ دەکەن. لە نێوان کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی یەکەمی 2020، پلەی گەرمی گەیشتە 45.5 پلەی سەدی.

بارانبارین

هەتا لە باکووری ڕۆژئاواوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات بڕۆین ڕێژەی دابارینی باران بەرز دەبێتەوە، ساڵانە لە وشکترین ناوچەی پاراگوایدا ساڵانە کەمتر لە 1000 مللیمەتر باران دەبارێت، لەکاتێکدا لە باراناویترین ناوچەی وڵاتدا نزیکەی 2000 مللیمەتر باران دەبارێت. جیاوازی سەرەکی لە بڕی بارانباریندا لە وەرزی زستاندا دەبینرێت، کە چاکۆدا وشکە و لە باشووری ڕۆژهەڵاتدا باراناوییە. وەرزەکانی بەهار و پاییزیش بە هەمان شێوە باراناوین.

باکووری ڕۆژئاوا

لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتدا، کە دانیشتوویەکی پچڕپچڕی هەیە، هاوینێکی زۆر گەرمی هەیە و زستانیشی تاڕادەیەک گەرمە، بەتایبەتی لە کاتەکانی ڕۆژدا. لە بەشی باکووردا، ساڵانە کەمتر لە 1,000 مللیمەتر باران دەبارێت و وەرزی زستانی وشکه. لە ئەوپەڕی باکووری وڵاتدا، نزیک سنووری بۆلیڤیا، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە زیاتر لە 20 پلەی سەدیە، بۆیە دەکرێت بوترێت کەشوهەواکەی خولگەییە.

ناوەڕاستی باشوور

وەرزی زستانی ناوەند و باشووری پاراگوای لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات فێنکتر و باراناویترە. لە لایەکی ترەوە هاوینی ئێرەش زۆر گەرمە، بەڵام کەمێک مامناوەندترە لە ئەوپەڕی باشوور. تێکڕای پلەی گەرمی لە ئاسونسیۆنی پایتەختدا، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەوە، لە نێوان 29 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەمدا تا 18.5 پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. هەروەها، ساڵانە 1,400 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت و زیاتر لە 100 مللیمەتری لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی ئایاردا دەبارێت، لە کاتێکدا ئەم بڕە لە زستاندا کەمبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و لە مانگی تەممووزدا کەمترین بڕ 40 مللیمەترە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی وڵاتی پاراگوای وەرزی زستانە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، کەشی وڵات لەم وەرزەدا مامناوەند یان گەرمێکی خۆشە و لە زۆربەی بەشەکانی وڵاتدا، جگە لە لە باشووری ڕۆژهەڵات، وشکترین وەرزی ساڵە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە لەم وەرزەدا، بەتایبەتی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە تا کۆتایی مانگی تەممووز، دەشێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکی کەم کەشوهەوا کەمێک سارد و باگر بێت؛ لە باشووری ڕۆژهەڵات و هەندێک جار تەنانەت لە ئاسونسیۆنی پایتەختیشدا، دەشێت چەند ڕۆژێکی هەوراوی و باراناوی هەبێت.


سەرچاوەکان



462 بینین