ناوهڕۆك
ناساندن
ئەو خۆراکانەی بەهەڵە هەڵدەگیرێن (بە ئینگلیزی: Foods stored incorrectly، بە عەرەبی: الأطعمة المخزنة بشكل غير صحيح) خۆراک دەرمانە و وەک دەرمان چۆن هەڵیدەگریت گرنگە. زۆربەمان پێمان وایە شارەزاییمان هەیە لەسەر چۆنیەتی دانانی خواردنەکانمان، بەڵام ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت گۆڕانکاری بکەین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەڵگرتنی خۆراکەکانت بە باشی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لەو نەخۆشیانەی بەهۆی خۆراکەوە توشمان دەبن. شێوازی هەڵگرتنی خۆراکەکانت ڕەنگە یارمەتیت بدات بۆ بوونی خواردنی تەندروست و ژیانێکی تەندروستتر، هەروەها خۆراکە تەندروستەکان، وەک دانەوێڵەی تەواو، گوێز و بەرهەمەکان، ئەگەر بە شێوەیەکی نادروست یان زۆر هەڵبگیرێن، ڕەنگە بەشێک لە بەها خۆراکیەکانیان لەدەست بدەن.
هەندێک خۆراک هەن کە خەڵکانێکی زۆر بە شیوازێکی هەڵە هەڵیدەگرن
برۆکلی
سەرچاوەیەکی نایابی کۆمەڵێک ڤیتامین و کانزاکانە، بەپێی USDA، لەنێویاندا ڤیتامین C و ڤیتامین K. بەڵام ئەم سەوزە خاچدارە حەزی لە ساردییە. بۆیە دەبێت کاتێک دەکڕدرێت یەکسەر بخورێت، نابێت بۆماوەی ٣ تا ٤ ڕۆژ بمێنێتەوە چونکە ماددە خۆراکیەکانی لەدەست دەدات. زۆربەی خەڵکی بۆماوەیەکی زۆر دەیهێڵنەوە کە تامەکەی لەدەست دەدار وسوودەکانی کەم دەبنەوە کە ئەمەش ڕێگایەکی هەڵەیە.
هێلکە
ئایا دەرگای سەلاجەکەت ڕەفەیەکی هێلکەی جوانی هەیە بۆ ئەوەی هێلکەکانت دابنێیت؟ لە کاتێکدا ڕەنگە گونجاو بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نابێت کە لە ڕاستیدا لەوێ بمێنێتەوە. بەپێی ئاژانسی USDA، کە هێلکە نابێت لە دەرگادا هەڵبگیرێت، بەڵکو لە ڕەفەیەکی ناوەوەدا (لە ساردترین بەش لە سەلاجەکەتدا) هەڵبگیرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەڵاوسانی پلەکانی گەرما کە بەهۆی کردنەوە و داخستنی دەرگاکەتەوە دروست دەبێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هێلکەکانت خێراتر خراپ بن.
مۆز
زۆربەی خەڵک مۆزەکانیان لەسەر کەوانتەر دادەنێن. بەڵام گلەیی ئەوە دەکەن کە چەندە خێرا پێدەگات (مۆز لە توێژینەوەیەکدا کە لە زانکۆیەکی سوید ئەنجامدراوە، پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە کە زۆرترین خواردنی بەفیڕۆچوو لە مارکێتەکاندا). ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ گازی ئیتیلێن. بەپێی زانیارییەکانی بریتانیکا، مۆز گازی ئیتیلین بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانێت پرۆسەی پێگەیشتنی خێراتر بکات. هەڵواسینی مۆز تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە لەم کارەدا (Reader’s Digest ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵواسینیان پرۆسەی دەردانی غاز خاو دەکاتەوە). بەڵام ئەگەر دەتەوێت مۆزەکانت بمێننەوە (بۆ ئەوەی پێویست نەکات چەند دانەیەکیان فڕێ بدەیت) باشترین کار ئەوەیە کە ئەم میوانە بخەیتە ناو سەلاجەوە. دانانی میوەکان لەناو سەلاجەدا گرنگە، هەروەها، بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەنجام دراوە لە سەنتەری تەندروستی کۆمەڵایەتی زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیێگۆ کە نابێت مۆز و سێو لە تەنیشت یەکترەوە هەڵبگریت چونکە ئەو گازە ئیتیلێنەی هەردوو میوەکە بەرهەمی دەهێنن دەتوانێت پێگەیشتنی هەردووکی خێراتر بکات.
پیاز
پێویستە پیاز لە تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر دوور بخرێتەوە و دوور لە سەرچاوەی گەرمی ، دەتوانیت شوێنێک دابین بکەیت بۆ هەڵگرتنی پیازەکانت ئەوە دەتوانێت بە مانای کەوانتەر بێت بە مەرجێک لە لای پەنجەرە یان ئامێری گەرمکەرەوە یان سەرچاوەیەکی ترەوە نەبێت. بە هەڵگرتنی دروست، پیاز دەتوانێت لە وەرزی بەهار و هاویندا تا ٦٠ ڕۆژ و لە پاییز یان زستاندا تا ١٨٠ ڕۆژ بمێنێتەوە.
پەتاتە
ئەگەر تۆ پەتاتە لە سەلاجەدا هەڵدەگریت، ئەوا بە هەڵە ئەنجامی دەدەیت. بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتنەوەی پەتاتە لەناو سەلاجەدا دەبێتە هۆی زیادکردنی ماددەی ئەکریلامید، کە ماددەیەکی کیمیاییە و دەتوانێت لە کاتی چێشت لێنان لە پلەی گەرمی بەرزدا دروست بێت و لەوانەیە زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت. ڕاپۆرتی بەکاربەرانی ئەو بەڕێوبەرایەتییە ئەمریکییە پێشنیاری ئەوە دەکات کە لەناو کیسەیەکی کاغەزیدا لە کۆگایەک کە دووربێت لە گەرمی، دۆڵاب، یان لە شوێنێکی وشک هەڵیبگرن. بەڵام یەکێک لە شتە گرنگەکان ئەوەیە کە هەرچەندە پەتاتە لەگەڵ بارودۆخێکی هاوشێوەی پیازدایە، بەڵام نابێت پێکەوە هەڵبگیرێن، چونکە ڕێژەی شێی زۆری پەتاتە دەتوانێت شێی ناو کۆگاکەت زیاد بکات کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ناگونجێت بۆ ژینگەی پیاز لەوانەیە تێکی بدات.
دانەوێڵەی تەواو
بەپێی هەواڵێکی قوتابخانەی زانست و سیاسەتی خۆراکی فریدمان لە تافتس، خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە دانەوێڵەی تەواو پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی زۆرێک لە کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکانەوە هەیە. بەڵام زۆر کەس بەهەڵە هەڵدەستن بە پڕکردنەوەی کۆگاکەیان لە کیسی برنجی قاوەیی و فارۆ و کینۆا و گەنم. دانەوێڵەی تەواو دەبێت لە بەفرگردا بن مەگەر بەپەلە بخورێت، ئەنجومەنی دانەوێڵە تەواوەکان ڕوونی دەکاتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دانەوێڵانە زۆر باشن بۆ ئێمە ئەوەیە کە چەوری تەندروست و ڕیشاڵ و ماددە خۆراکیەکانی تریان تێدایە کە لە دانەوێڵەی پاڵاوتەدا وەک ئاردی سپی و برنجدا بونیان نیە. بەڵام ئەم دانەوێڵانە لەوانەیە کاریگەری نەرێنییان هەبێت بەهۆی گەرمی و ڕووناکی و شێ وە.
شیر
شیر یەکێکە لەو جۆرانەی نابێت لەناو دەرگای بەفرگردا هەڵبگیرێت. دەبێت لەناو بەشی ناوەوەی هەلبگیرێت. چونکە لەناو دەرگادا دەبێتە هۆی هەڵاوسانی پلەی گەرمی لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکە و داخستنی زۆرجار. بەپێی ڕاپۆرتی USDA، نابێت شیر، لەناو دەرگادا هەلبگیرێت چونکە پلەی گەرمی لەوێ وەک لەسەر ڕەفەکان جێگیر نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرەکە.