ڕێگای خستنەڕوو

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-16-15:26:00 - کۆدی بابەت: 11297
ڕێگای خستنەڕوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگای خستنەڕوو (بە ئینگلیزی: Methods of presentation، بە عەرەبی: طرق و اساليب عرض)، لە ڕێگا کلاسیکییەکانی وانەوتنەوەیە هەر وەک ڕێگای وانەبێژی وایە، بەڵام پەیوەست دەبێت بە گرتنەبەری تاقیکردنەوەیەک بە کرداری یان بەکارهێنانی ئامرازێکی فێرکاری کە دەبێتە چەقی بابەتی مەبەستدار، لە ڕاستیدا مامۆستا ئەم ڕێگایە بەکاردەهێنێت لە کاتێکدا کە زانیاری و مەعریفە  پێویستی بە لێهاتوویەکی تایبەت هەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی بنەماو ڕێساو یاسایەکی تایبەت بۆ ئەوەی بە ڕوونی و ئاشکرا بگات بە فێرخواز. 

مەبەستەکانی بەکارهێنانی ڕێگای خستنەڕوو

  • لە سەرەتای وانە بەکاردەهێنرێت بۆ سەرنجڕاکێشانی فێرخواز بۆ بابەتەکانی خوێندن.
  • بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی هەندێک چەمک و بنەڕەت و ڕاستی زانستی و دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان یەکەم و باسەکانی بابەتی خوێندن.
  • بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لەکاتی وانەوتنەوەدا دروست دەبێت یان شیکردنەوەی هەندێک کێشەو گرفت کە دێتە پێش. 
  • بۆ ڕوونکردنەوەو بەجێهێنانی ئەو بابەتانەی پێویستیان بە تاقیکردنەوە هەیە وەک بەجێهێنانی یاسا و ڕێساکان. 
  • بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی فێرخوازان .
  • بەکاردێت بۆ پێشکەشکردنی هەندێک نموونەی لێهاتوویی و ئامڕازی هونەری.

لایەنە باشەکانی ڕێگای خستنەڕوو

١- پاشەکەوتکردن لە کات. 
٢- یارمەتی فێرخواز دەدات بە پێدانی کۆمەڵێک چالاکی وەک تێبینیکردنی ورد، تۆمارکردنی داتاکان، وێنەی بابەتەکان.
٣- هەموو فێرخوازان وەک یەک و بە یەکسانی ئەزموون وەردەگرن، هەر بۆیە بیرکردنەوەو میکانیزمی کارکردنیان بۆ گەڕان بە دوای کێشەیەکی دیاریکراو بەیەک ئاڕاستەدا ڕاپێچ دەکات. 

لایەنە لاوازەکانی ڕێگای خستنەڕوو

١- بیرکردنەوەی فێرخواز نابێتە ناوەندی پرۆسەی فێرکاری و فێربوون.
٢- زۆرێک لە چالاکیەکانی مامۆستا ئەنجام دەدات.
٣- بۆ ئەو وانانە گونجاوە کە زیاتر خۆیان لە وەرگرتنی مەعریفە دەبیننەوە، گونجاو نابێت بۆ ئەو وانانەی پێویستیان بە وەرگرتنی لێهاتوویی دەبێت.
٤- بوار بە مامۆستا نادات بۆ داهێنان و نیشاندانی دەست ڕەنگینی.
٥- پاڵنەری ناوخۆیی فێرخواز و ئامادەباشی و لایەنی هەڵچوونی فێرخواز فەرامۆش دەکات، ئەمەش لەگەڵ بنەماکانی دەروونناسی نوێدا ناگونجێت. 

٦- تەنها گرنگی بە بابەتی (وانە)ی پێشکەشکردن دەدات و بیرۆکەی نوێ لەو ڕووەوە دەخاتە ڕوو، هەر بۆیە ئامانج و مەبەستەکە لە خودی وانە و بابەتەکدایە و کێشە و دواکەوتنی ژیان وەلاوەدەنێت. 


سەرچاوەکان



300 بینین