گواستنەوەی خوێن

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-17-03:52:00 - کۆدی بابەت: 11310
گواستنەوەی خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گواستنەوەی خوێن (بە ئینگلیزی: Blood Transfusion، بە عەرەبی: نقل الدم) بەگشتی واتە گواستنەوەی خوێن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. گواستنەوەی خوێن بەکاردەهێنرێت بۆ جێگرتنەوەی خوێن کە بەهۆی برینداربوون، نەشتەرگەری، یان چارەسەرکردنی حاڵەتە پزیشکییەکان لەدەست چووە. پێویستە سەرەتا پشکنین بۆ هەموو خوێنە بەخشراوەکان بکرێت لە ئەگەری هەبوونی نەخۆشییە گواستراوەکانی خوێن وەک هەوکردنی جگەر و ئایدز.

جۆرەکانی گواستنەوەی خوێن

  • گواستنەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن: ئەگەر کەسێک تووشی لەدەستدانی خوێن بووبێت، یان تووشی کەمخوێنی بووبێت (کەمی ئاسن)، یان ئەگەر نەخۆشییەکی خوێنی هەبێت، لەوانەیە تەنها خڕۆکە سوورەکانی خوێن بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشەکە.
  • گواستنەوەی پەڕەکانی خوێن: گواستنەوەی پەڕەکانی خوێن دەکرێت یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە ژمارەی پەڕەکانیان کەمترە لەڕێژەی ئاسایی و توانای خوێن مەیاندنیان نییە، وەک ئەو نەخۆشانەی کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن.
  • گواستنەوەی پلازما: پلازما پرۆتینی گرنگ بۆ تەندروستی تێدایە، ئەگەر کەسێک تووشی سووتانێکی زۆر، هەوکردن، یان لەکار کەوتنی جگەر بووبێت، دەکرێت تەنها پلازما بگوازرێتەوە.
  • گواستنەوەی خوێنی تەواو: ئەگەر کەسێک تووشی خوێنبەربوونێکی توند بووبێت و پێویستی بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن و خڕۆکە سپییەکان و خەپلەکان بێت، دەکرێت خوێنی تەواو بگوازرێتەوە.

جۆرەکانی خوێن

پێویستە پسپۆڕی چاودێری تەندروستی لە کاتی گواستنەوەی خوێندا جۆری خوێنی دروست بەکاربهێنێت و ڕەچاوی بکات، ئەگەر نا لەوانەیە جەستە خوێنە نوێیەکە ڕەتبکاتەوە و کڵۆتبوون ڕوبدات.

جۆرەکانی خوێن

  • A (+) یان (-)
  • B (+) یان (-)
  • AB (+) یان (-)
  • O (+) یان (-)

بۆچی گواستنەوەی خوێن پێویستە؟

گواستنەوەی خوێن کاتێک پێویستە کە لە جەستەدا خوێنی پێویستی نەبێت بۆ ئەوەی بە باشی خانە و شانە و ئەندامەکان فرمانەکانیان جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک برینێکی سەختی هەبێت یان لە کاتی نەشتەرگەرییدا خوێنێکی زۆری لەدەست دابێت، ئەوا پێویستی بە گواستنەوەی خوێن دەبێت. هەندێک کەس پێویستیان بە گواستنەوەی خوێن هەیە بۆ هەندێک حاڵەت و نەخۆشی، لەوانە:

  • کەمخوێنی
  • شێرپەنجە
  • هێمۆفیلیا
  • نەخۆشی خوێنی خانە داسی
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە
  • نەخۆشیەکانی جگەر
  • لەدەستدانی خوێن بەهۆی منداڵبوونەوە

چۆن خوێن ببەخشین؟

گواستنەوەی خوێن پشت بە بەخشینی خوێن دەبەستێت لەلایەن خوێنبەخشە خۆبەخشەکانەوە، خوێنبەخش پێویستە:

  • تەمەنی لە نێوان ١٨ بۆ ٧٥ ساڵ بێت.
  • کێشی بەلایەنی کەمەوە 50 کیلۆگرام بێت.
  • تەندروستی باش بێت، لەوانەش پلەی گەرمی و پەستانی خوێنی ئاسایی بێت.
  • هیچ نەخۆشییەکی گوازراوەی نەبێت.

مەترسییەکانی گواستنەوەی خوێن

گواستنەوەی خوێن زۆر سەلامەت و متمانەپێکراوە لەبواری پزیشکییدا. ڕێکارە توندەکان هەن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی خوێنەکە بەهۆی پشکنین، چۆنییەتی مامەڵەکردن و هەڵگرتنی خوێنە بەخشراوەکە، بەم هۆیەشەوە پزیشکان و پسپۆڕان دڵنیا دەبنەوە لە سەلامەتی پڕۆسەکە. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە جەستەی کەسێک کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو خوێنە نوێیە، ئەم جۆرە کاردانەوەیانە دەتوانن سووک یان توندبن، هەندێک کاردانەوە یەکسەر ڕوودەدەن، هەندێکی تر دەکرێت چەند ڕۆژێک بخایەنێت تا دەردەکەون. نموونە لەوانە:

  • کاردانەوە و حەساسیەت (هەستیاری)
  • تا
  • تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەلایەن لەشەوە (کاردانەوەی هیمۆلایتیک)
  • زۆربوونی خوێن لە جەستەدا
  • زۆربوونی ئاسن لە خوێندا
  • گواستنەوەی ڤایرۆس


سەرچاوەکان



665 بینین