پلانی وانەوتنەوە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-18-17:12:00 - کۆدی بابەت: 11324
پلانی وانەوتنەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلانی وانەوتنەوە (بە ئینگلیزی: Teaching plan، بە عەرەبی: الخطة التدربية)، مەبەست لە پلانی وانەوتنەوە گرتنەبەری پڕۆسەیەکی وێناکردن و خستنەکاری ئەو پڕۆگرامانەی خوێندنە کە پێویستە بگیرێتە بەر لە پێناو ئاڕاستەکردنی چالاکییەکان بە ئامانجی جێبەجێکردنی لە ماوەیەکی دیاریکراو و سنوورداردا.

پلانی وانەوتنەوە چییە؟

بریتییە لە ڕامان و بۆچوونێکی هزری بۆ وێناکردنی ئەو فرمان و کردارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێت لە چوارچێوەی ئەو توانایانەی بەردەستە لەگەڵ جێگرەوەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو لە ماوەیەکی سنوورداردا.

پلانی وانەوتنەوەی ڕۆژانە

لە کاتی دانانی پلانی وانەوتنەوەی ڕۆژانەدا مامۆستا دەکەوێتە هەڵوێستێکی نوێوە ئەویش چۆنیەتی پراکتیزەکردنی بابەتەکەیە لە نێو پۆلدا و دابەشکردنی ڕەگەزەکانی پلانەکەیە لە نێو پۆلدا، ئەوەی گرنگە لێرەدا پێویستە مامۆستا وا هەست نەکات کە ئەم ئەرکە بارگرانییە کەوتوەتە ئەستۆی، بەڵکو دەبێت وا هەست بکات کە پلان یارمەتیدەری دەبێت بۆ ڕێکخستنی کات و ئاڕاستەکردنی قوتابی بۆ ئامانجەکەی کە بۆی دیاریکراوە.

گرنگترین ڕەگەزەکانی پلانی وانەوتنەوەی ڕۆژانە 

١- دەستنیسانکردنی ڕێگاکانی وانەوتنەوەی گونجاو بەپێی شارەزایی مامۆستا وەک (وانەبێژی، گفتوگۆ، گرووپ، چارەسەری کێشە).

٢- ئامانجی گشتی و ئامانجی تایبەتی: لە کاتی داڕشتنی ئامانجەکاندا پێویستە مامۆستا چەند خاڵێک ڕەچاو بکات لەوانە:

  • لە داڕشتنی ئامانج پێویستە مامۆستا ڕەچاوی بەدیهێنانی نزیک و دروستی بکات.
  • دیاریکرا و ڕوون بێت.
  • شیاو بێت لەگەڵ ئاستی وەرگرتنی قوتابیاندا.
  • گونجاو بێت لەگەڵ ئەو پێداویستییە مادییانەی کە پێویستە.
  • گشتگیری لایەن جیاوازەکانی پڕۆسەی خوێندن بێت.

پلانی ساڵانە

پلانێکی دوور مەودایە و مامۆستا لەگەڵ کۆی بابەتەکان خوێندن و چالاکییەکانی پەیوەست پێوەی مامەڵە دەکات.

ڕەگەزەکانی پلانی ساڵانە

١.ناونیشانی پلان: ئەمە زۆرجار بە پێکهێنەرێکی ڕۆتینی ناودەبرێت و چەند شتێک لەخۆ دەگرێت لەوانە: جۆری پلان، ناوی بابەت، ساڵی خوێندن، وەرزی خوێندن، پۆل.

٢.ئامانجی گشتی: مەبەست لەو ئامانجانەیە کە دەویسترێت لە ماوەی ساڵ یان وەرزی خوێندن بهێنرێتە دی، دەبێت ئامانج لەگەڵ ئاستی گەشەی فێرخوازاندا گونجاو بێت و ڕەچاوی ئارەزووەکانیان بکرێت.

٣. کاتی دیاریکراو: مامۆستای کارامە بابەتەکانی پەیڕە و دابەش دەکات بەسەر مانگ، هەفتە و ڕۆژەکاندا، تیایدا ڕەچاوی پشوو و بۆنە و ئارەزوو و پێویستی خوێندکارەکان دەکات.

٤ـ ناوەڕۆکی فێربوون: پێویستە ناونیشانی بەش، یەکە، بابەت و بیرۆکە سەرەکییەکان بەرانبەر مانگ، هەفتە و ڕۆژ دیاریکراوەکان بە ڕوونی بنوسرێت، ناوەڕۆکیش لە کتێبی خوێندنگە و هەر سەرچاوەیەکی فێرکاری تر وەردەگیرێت کە بەردەستە و ئامانجە خوازراوەکان بەدیدەهێنێت.

٥ـ هەڵسەنگاندن: پێویستە ئامراز و شێوازەکانی هەڵسەنگاندنی گونجاوی تێدا ڕوونبکرێتەوە، بە شێوەیەک کە بتوانێت ئاست و ڕادەی بەدیهاتنی ئامانجەکان پێوانە بکات، دەبێت وا لە هەڵسەنگاندن بڕوانرێت کە پڕۆسەیەکی بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی کەم و کورتییەکان و خستنەڕووی چارەسەری پێویست، تا ئامانجە ویستراوەکان بێنەدی، نەک تەنها بۆ دانانی نمرە و دەرچوون بۆ قۆناغێکی تر.

گرنگی پلاندانان و کارپێکردن پێی

١ـ پلاندانان شێوازی وانەوتنەوەی هەڕەمەکی و سەرپێی لەلایەن مامۆستاوە لە پڕۆسەی وانەوتنەوەدا ناهێڵێت، کاری مامۆستا لەسەر شێوەی ڕێک و پێک و قۆناغی یەک لە دوای یەک ڕێکدەخات.

٢ـ بەرچاو ڕوونی بە مامۆستایان  دەبەخشێت لە چۆنیەتی وتنەوەی وانەدا بە سەرکەوتووترین شێواز بە تایبەتی مامۆستایانی تازە دامەزراو چونکە ئەمانە ئەزموونی وانەوتنەوەیان کەمترە لە مامۆستا پێشینەکانی خۆیان. 

٣ـ دانان و پەیڕەوکردنی پلانی وانەوتنەوە دەبێتە هۆی گەشەپێکردنی ئەزموونی مامۆستا لە ڕووی زانستی و پیشەییەوە، ئەم ئەزموونەش ساڵ لە دوای ساڵ بە شێوازی جیاواز دەردەکەوێت بەهۆی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامە بڕیار لەسەردراوەکانی خوێندن و گۆڕانی ئامانجە پەروەردەییەکان، هەرەوەها گۆڕانی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیی و پەروەردەییانەی کە ڕوودەدەن بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پڕۆسەی وانەوتنەوەدا هەیە. 

٤ـ پلانی وانەوتنەوە یارمەتی مامۆستا دەدات لە دۆزینەوەی کەم و کورتییەکانی ناو پڕۆسەی وانەوتنەوە بە تایبەتی پڕۆسەی پەروەردە بە گشتی، چ ئەو کەموکورتییانەی لە ئامانجەکان و پێکهاتە و ڕێگاکانی وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندندا یان لە پڕۆگرامی خوێندندا بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مامۆستا خاڵی لاوازی لە پڕۆسەی وانەوتنەوەدا بدۆزێتەوە و بەدواداچوون بۆ چارەسەرکردنی بکات. 

٥ـ پلانی وانەوتنەوە مامۆستا دەپارێزێت لە هەڵوێستە شەرمەزارکەرەکان و حاڵەتە کتوپڕەکان، کە ئەمانەش بەهۆی پێشبینی نەکردنی ڕوودانیانەوە دێنە پێش لە کاتی وانەوتنەوە لە پۆلدا. 

٦ـ پلاندانان یارمەتی لە دۆزینەوەی باشترین ڕێگاکانی وانەوتنەوەی مامۆستا دەدات.

٧ـ بەفیڕۆدانی کات و ماندوبوون کەمدەکاتەوە.

٨ـ باوەڕبەخۆبوونی مامۆستا بەهێزتر دەکات لە زیاتر گرنگیدان بە وانەوتنەوە.


سەرچاوەکان



2024 بینین