ئەماکسۆفۆبیا (ترس لە شۆفێری)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-25-17:31:00 - کۆدی بابەت: 11370
ئەماکسۆفۆبیا (ترس لە شۆفێری)

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ئەماکسۆفۆبیا ، هەروەها پێی دەوترێت هاماکسۆفۆبیا واتا ترس لە شۆفێریکردن (بە ئینگلیزی: Amaxophobia or Fear of driving، بە عەرەبی: رهاب الاماكس او الخوف من القيادة) وادەکات هەست بە نیگەرانی و ترس بکەیت کاتێک سواری ئۆتۆمبێل، پاس یان فڕۆکە دەبیت یان لێیاندەخوڕیت. ئەم ترسە دەتوانێت دەستێوەردان بکات لە کاروباری کەسەکە، لایەنی کۆمەڵایەتی و گەشتکردنی. چارەسەری بەرکەوتن، جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی، یارمەتی خەڵک دەدات بەسەر ئەماکسۆفۆبیادا زاڵ بن.

ئەماکسۆفۆبیا چییە؟

ئەو کەسانەی کە ئەماکسۆفۆبیایان هەیە ترسیان هەیە لە شۆفێریکردن یان بوون بە سەرنشین لە ئۆتۆمبێل یان پاس یان هەر بارهەڵگر و ئامێرێکی گواستنەوەی تر. ئەو کەسانەی کە ئەماکسۆفۆبیایان هەیە لەوانەیە ئەوەندە دڵەڕاوکێ یان ترسیان هەبێت لە کاتی بیرکردنەوە لەوەی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بن و ناتوانن بگەنە شوێنی کارەکەیان یاخود دوکان و شوێنەکانی تر.

فۆبیا جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ و ترس، بە یەکێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان دیاریکراوە. ئەو کەسانەی فۆبیایان هەیە کاردانەوەیەکی زۆر ترسناک دروست دەکەن بۆ شتێک کە لە ڕاستیدا زیانبەخش نییە.

ئەماکسۆفۆبیا نەخۆشییەکی تایبەتی فۆبیکە. شتێکی دیاریکراو (هۆکاری گواستنەوە) یان بارودۆخێک (لێخوڕین یان سواربوونی هۆکارە گوێزەرەوەکان) کاردانەوەیەکی ترسناک دەهێنێت بۆ کەسەکە.

بنچینەی چەمکی ئەماکسۆفۆبیا دەگەڕێتەوە بۆ وشەی ئەماکسا (Amaxa) کە وشەیەکی یۆنانییە بۆ گالیسکە بەکاردێت، هەروەها وشەی فۆبیاش وشەیەکی ئینگلیزییە و بە مانای ئەو ترسە دێت کەسەکە لە کاتی بیرکردنەوە لە هۆکارەکەی ئەکەوێتە بارودۆخێکی دەروونی ناخۆشەوە. 

ئەو کەسانەی کە تووشبووی ئەماکسۆفۆبیان مەرج نییە تەنها ترسیان لە شۆفێریکردنەکە هەبێت. لەوانەیە ئەسڵەن خۆیان شۆفێرێکی باش بن یان متمانەیان بە شۆفێریکرنی بەرامبەر هەبێت بەڵام ترسیان لە ڕووداوەکان هەبێت وەک مردن یان برینداربوون بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە.

ناوەکانی تری ئەماکسۆفۆبیا

  • ھاماکسۆفۆبیا Hamaxophobia
  • مۆتۆرفۆبیا Motorphobia
  • ئۆوچۆفۆبیا Ochophobia

ئەماکسۆفۆبیا چەند باوە؟

زەحمەتە بزانرێت چەند کەس فۆبیایەکی تایبەتیان هەیە، وەک ئەماکسۆفۆبیا. چونکە لەوانەیە زۆرێک لە خەڵک ئەم ترسە لای خۆیان بهێڵنەوە و بیشارنەوە یان لەوانەیە ئەسڵەن نەزانن کە ئەو ترسەیان هەیە. نزیکەی یەک لە هەر دە کەسی پێگەیشتووی ئەمریکی و یەک لە پێنج هەرزەکار لە قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانیاندا تووشی نەخۆشی فۆبیاییەکان دەبن.

جۆرەکانی ئەماکسۆفۆبیا چین؟

ئەو کەسانەی کە ئەماکسۆفۆبیایان هەیە لەوانەیە:

  • بتوانن باش شۆفێری بکەن بەڵام نەتوانن کەسی تر لە پشت خۆیانەوە هەڵبگرن.
  • ترسیان تەنها لە شۆفێری کەسەکە نزیک و متمانە پێکراوەکانیان نییە وەک هاوسەر.
  • ناتوانن لە ئۆتۆمبێلێکدا سەرنشین بن بەبێ گوێدانە ئەوەی کە بزانن کێ لێیدەخوڕێت.
  • ناتوانن سەیری ئۆتۆمبێلێک بکەن یان بیر لە چوونە ناو ئۆتۆمبێل بکەنەوە بەبێ ئەوەی هەست بە ترس بکەن، کە ئەمە لە جۆرە مەترسیدارەکەیەتی.

مەترسییەکانی تووش بوون بە ئەماکسۆفۆبیا 

بریتین لە:

  • بوونی ترس
  • بوونی جۆرەکانی تری فۆبیا
  • بوونی دڵەڕاوکێ
  • ڕاڕایی
  • خراپ بەکارهێنانی ماددە

فۆبیا پەیوەندیدارەکان بە ئەماکسۆفۆبیاوە

دوو فۆبیا کە لە نزیکەوە پەیوەندییان بە ئەماکسۆفۆبیاوە هەیە بریتین لە:

  • ئەگۆرەفۆبیا Agoraphobia: ترس لە جێهێشتنی ماڵی کەسێک یان نەتوانینی ڕاکردن لە شوێنێک یان بارودۆخێک.
  • کلۆوسترۆفۆبیا Claustrophobia: ترس لە شوێنی داخراو.

هۆکارەکانی ئەماکسۆفۆبیا چین؟ 

بریتین لە:

ئەزموونی برینداری ڕابردوو: ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکانی ئۆتۆمبێلدا بریندار بوون یان لە شەمەندەفەرێکی ژێرزەوی یان هەر گوێزەرەوەیەکی دیکەدا گیریان خواردووە لەوانەیە تووشی ئەماکسۆفۆبیا بن. 
هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی خۆشەویستی بە سەختی بریندار بێت یان لە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێلدا گیانی لەدەستدابێت، ترسی بەرامبەر شۆفێری زیادەکات. لەم حاڵەتانەدا، پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئەماکسۆفۆبیا و نەخۆشی فشاری دوای تراومادا (PTSD).

مێژووی خێزان: هەبوونی دایک و باوکێک یان خزمێکی نزیک لەگەڵ نەخۆشی فۆبیا یان نەخۆشی دڵەڕاوکێ هۆکارێکی تری تووشبوونن بە ئەماکسۆفۆبیا. هەروەها بابەتی بۆماوە و بۆهێڵەکانیش هەن کە دەتوانن ببنە هۆکارێک بۆ زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان و فۆبیاکان. 

شێوەگری: چاودێریکردنی کەسێک کە ئەماکسۆفۆبیای هەیە یان گوێگرتن لێی دەربارەی ترسەکانی لە شۆفێریکردن یاخود سەرنشینبوون دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی هەمان فۆبیا دروستببێت.

نیشانەکانی ئەماکسۆفۆبیا چین؟

نیشانەکانی ئەماکسۆفۆبیا لەوانەیە لە سووکەوە بۆ توند بێت. ئەم نیشانانە دەکرێت دروستببن لەکاتی بەرکەوتن بەهۆکاری ترسەکە (شۆفێریکردن یاخود سەرنشینی یاخود دەکرێت تەنانەت بە بیرکردنەوە لێیان دروستببێت)، کە بریتین لە:

  • لەرز
  • سەرلێشێواوی و تێکچوون بە ڕووناکی
  • زیادەڕەوی لە ئارەقکردنەوە (hyperhidrosis)
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • هێڵنجدان
  • هەناسە کورتی (dyspnea)
  • لەرزین یان مێروولەکردن
  • ئازاری گەدە یان هەرسکردنی ناتەواو (dyspepsia)

دەستنیشانکردن و پشکنین

ئەماکسۆفۆبیا چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

ئەگەر ئەماکسۆفۆبیا بگاتە ئەو ڕادەیەی ژیانی کەسەکە تێکبدات بە نیشانەکانی، کارمەندی چاودێری تەندروستی پێشنیاری بینینی پسپۆڕی تەندروستی دەروونی دەکات وەک دەروونناس. کۆمەڵەی دەروونپزیشکی ئەمریکی بۆ دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM) ئەماکسۆفۆبیا وەک نەخۆشییەکی فۆبیک ناناسێتەوە. بەڵام دەروونناسێک دەتوانێت دوای هەڵسەنگاندنی بە پێی پرسیارەکان دەستنیشانی بکات، ئەگەر وڵامەکان بریتیبن لە

  • بوونی ترسی لانی کەم ماوەی شەش مانگ بێت.
  • بوونی ترس لە کاتی بیرکردنەوە لە شۆفێری و سەرنشین بوون.
  • بوونی ترسەکە کاریگەری کردبێتە سەر ژیانی ڕۆژانە، کارەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
  • بوونی ترسەکە کاریگەری لەسەر جەستە و تەندروستی دروست کردبێت.
  • کاریگەری کردبێتە سەر لاوازی کەسەکە و نەتوانینی چێژبینینی لە ژیان و خۆشییەکانی.

چارەسەری ئەماکسۆفۆبیا چییە؟

چارەسەری بەرکەوتن: لەگەڵ پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی یارمەتی زۆر کەس دەدات بەسەر ئەماکسۆفۆبیادا زاڵ بن. نزیکەی نۆ لە دە کەس کە فۆبیای تایبەتیان هەیە، نیشانەکانی باشتربوونیان لێ بینراوە دوای وەرگرتنی ئەم جۆرە چارەسەرە دەروونیە (چارەسەری قسەکردن). چارەسەرییەکە بریتییە لە بەرکەوتنی بەردەوام بە وێنە یان بارودۆخەکان کە بوونەتە هۆی دروستبوونی نیشانەکان.
لە کاتی چارەسەری دەرکەوتن، تۆ:

  • فێربوونی تەکنیکەکانی هەناسەدان و پشوودان بۆ بەکارهێنانی پێش و لە کاتی بەرکەوتن بە هۆکاری ترسەکەی واتا ئۆتۆمبێل، شۆفێری و سەرنشینبوون.
  • بینینی وێنە و ڤیدیۆکانی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی تری گواستنەوە.
  • هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت بۆ دانیشتن لە پشت چەرخەی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی تری گواستنەوە یان دانیشتن لە کوشنی سەرنشینی.
    واتا لەم چارەسەرییەدا کەسەکە ڕووبەڕووی هۆکاری ترسەکەی دەکرێتەوە و ڕائەهێنرێت لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ترسەکەیدا.

چارەسەری هەوڵسوکەوتی زانستی (CBT): ڕێگایەکی دیکەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان و بە تایبەت فۆبیاکان بریتییە لەم چارەسەرییە. کە تێیدا کەسەکە گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت بۆ زیاتر زاڵبوون بەسەر ترسەکەی و توانای کۆنترۆڵکردنی.

دەرمان: یەکێک لە ڕێگا چارەسەرییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژە خەمۆکی و ئارامکەرەوەکان. بە تایبەت لە کاتی دروستبوونی نیشانەکان کەسەکە پێویستی بە وەرگرتنی دەرمان دەبێت.


سەرچاوەکان



272 بینین