تیۆری چارەسەرکردنی زانیارییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-14-22:10:00 - کۆدی بابەت: 11425
تیۆری چارەسەرکردنی زانیارییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تیۆری چارەسەرکردنی زانیارییەکان (بە ئینگلیزی: Information Processing، بە عەرەبی: نظرية معالجة المعلومات)، یەکێکی تر لەو تیۆرانەی کە گرنگی خۆی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا هەیە، تیۆری چارەسەرکردنی زانیاری و داتاکانە، کە ئەم تیۆرە یەکێکە لە تیۆرە نوێیەکان و گرنگییەکی زۆر بەو پڕۆسە عەقڵیانە دەدات کە دەکەونە نێوان وروژێنەر و وەڵامدانەوە، هەر لەبەر ئەو گرنگیەیەتی کە هەندێک دەروونزان بە شۆڕشێکی زانستی لە قەڵەمی دەدەن، بە تایبەتی لە بواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی یادکردنەوە و پڕۆسەی فێربوونی مرۆڤ و بیرکردنەوە و زمان. ئەم تیۆرە جیاوازە لە تیۆرە مەعریفە و کۆنەکان، لەبەرئەوەی تەنها وەسفی پڕۆسە مەعریفی و عەقڵییەکان ناکات، بەڵکو لەگەڵ وەسفکردن، لە هەوڵی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی سەرجەم ئەو پڕۆسە عەقڵیانە و دیاریکردنی میکانیزمی کارکردنیانە لە ناو مێشکی مرۆڤ و چۆنیەتی بەشدار بوونیان لە گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی زانیاری و داتاکان و بەرهەم هێنانی ڕەفتار و هەڵسووکەوت. 

ئەرک و فەرمانەکانی فێرخواز لە پڕۆسەی فێربووندا

  • وەرگرتنی زانیاری و وروژێنەرەکانی جیهانی دەرەوە لە ڕێگەی هەستەوەرەکانەوە دواتر چارەسەرکردن و گۆڕانکاریکردن لەو وروژێنەرانەدا بە جۆرێک کە لە توانای مێشکدا هەبێت لێیان تێبگات. 
  • کۆگاکردن و پاراستنی هەندێک لەو زانیاریانەی کە لە قۆناغی یەکەم وەردەگیرێن. 
  • ناسینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو زانیاری و وروژێنەرە کۆگاکراوەکان لە کاتی پێویستدا. 

کەواتە ژمارەیەک پڕۆسەی عەقڵی دەکەوێتەوە نێوان وروژێنەرەکان و وەڵامەکان، کە ئەو پڕۆسە عەقڵیانە بەرپرسیارن لە چارەسەرکردن و دەستکاریکردن و گۆڕانکاریکردن لە وروژێنەر و زانیارییە وەرگیراوەکانی جیهانی دەرەوە و دواتر بەرهەمهێنانی ڕەفتار و وەڵام و هەڵسووکەوتی پێویست. زانا ستێرن بێرگ سێ ئاستی بۆ چارەسەرکردنی زانیاری و داتاکان دیاری کردووە لە ڕێگەی بە هێماکردن و کۆگاکردن و گەڕاندنەوەیان: 

  • چارەسەرکردنی فیزیکی و ماددی: لەم ئاستەدا چارەسەری وروژێنەرە بینراوەکانی وەک وێنە و شتە نووسراوەکان دەکرێت. 
  • چارەسەرکردنی بیستراوەکان: لەم ئاستەدا چارەسەری وروژێنەرە بیستراوەکانی وەک زمان و دەنگەکانی پەیوەست بە پیت و وشە بیستراوەکان و نیشانەکانیان دەکرێت. 
  • چارەسەرکردنی واتاکان: لەم ئاستەدا چارەسەری واتای وروژێنەرە بینراو و بیستراوەکان دەکرێت. 

پێکهاتەکانی تیۆری چارەسەرکردنی زانیارییەکان 

هەستە یادکردنەوە 

ئەم کۆئەندامە یەکەم وەرگر و تۆماری هەست و وروژێنەرەکانی جیهانی دەرەوەیە، لە ڕێگەیەوە و لە میانەی هەستەوەرەکانی بینین، بیستن، بۆنکردن، تامکردن، بەریەک کەوتن و دەست لێدانەوە ژمارەیەکی زۆری بێ سنوور زانیاری وەردەگیرێت. 

کورتە یادکردنەوە 

ئەم کۆئەندامە وێستگەی دووەمی زانیارییەکانە و ئەو وروژێنەر و شتانەی کە لە کۆئەندامی هەستە یادکردنەوە، بۆ ئێرە دەگوازرێتەوە، تیایدا بۆ ماوەیەکی کاتی کۆگا دەکرێن، واتا بۆ ماوەی ٥ بۆ ٣٠ چرکە زیاتر نامێننەوە. 

کۆئەندامی درێژە یادکردنەوە 

ئەم کۆئەندامە کۆگای سێیەمە لە سیستمی چارەسەری زانیارییەکان، کە یادگاری و زانیاری و ڕووداوەکان و شارەزاییەکان بۆ هەتا هەتایە تیایدا دەمێننەوە، لەم کۆگایەدا زانیاری و شارەزاییەکان، دوای بە هێماکردن و تاوتوێکردنیان لە کورتە یادکردنەوە و گواستنەوەیان بۆ درێژە یادکردنەوە کۆگا دەکرێن و لە کاتی پێویستدا دەگەڕێنەوە و سوودیان لێ وەردەگیرێت.

پڕۆسە عەقڵییە سەرەکییەکانی سیستمی چارەسەرکردنی زانیارییەکان

وەرگرتن و پێشوازیکردن

یەکەم بنەمای وەرگرتنی زانیارییەکان کە مرۆڤ بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە، هەستەوەرەکانە، کە مرۆڤ لە ڕێگەیانەوە وروژێنەر و زانیاری و ڕووداوەکانی جیهانی دەرەوە تۆمار دەکات و بەپێی پێویست و گرنگییان ڕەوانەی کورتە یادکردنەوە دەکرێن، چونکە بەبێ وەرگرتن و هەستەوەرەکان و زانیارییەکانی جیهانی دەرەوە، هیچ ڕەفتار و هەڵسووکەوتێک بەرهەم نایەت. 

بەهێماکردن

بریتییە لە پڕۆسەی گۆڕینی وروژێنەر و شتە هەست پێکراوەکان بۆ هێمای تایبەتی، کە لە توانای مێشکدا هەبێت لێیان تێبگات و کۆگایان بکات. لە جۆرەکانی بە هێماکردن: بە هێماکردنی وێنەیی و بینراوی، بە هێماکردنی بیستراوی، بە هێماکردنی جووڵەیی و واتایی، بە هێماکردنی دەست لێدانی. ئەگەر بە هێماکردن نەبێت، ئەوا سیستەمی چارەسەرکردنی زانیارییەکان ناتوانێت بە هیچ کارێک هەڵبستێت.

کۆگاکردن 

بریتییە لە پڕۆسەی پاراستن و کۆگاکردنی زانیاری و وروژێنەرە هەستپێکراوەکان. 

گەڕاندنەوە

مەبەست لە گەڕاندنەوە، هاتنەوە بیر و یادکردنەوەی وروژێنەر و زانیارییە کۆگاکراوەکانە، لە کاتی پێویستدا. گەڕاندنەوە و یادکردنەوەی زانیارییەکان لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر دەگۆڕێت.

بە ئاگایی و وریایی هەڵبژێردراو

سیستمی مەعریفی بە شێوەیەکی تایبەتی کاردەکات، ئەویش هەڵبژاردنی زانیاری و وروژێنەرەکانە، کە ڕێگە بە هەموو شتێکی هەستپێکراو نادات بچێتە ناو کۆئەندامی یادکردنەوە، بەڵکو تەنها ڕێگە بە ئەوانە دەدات کە بە ئاگا و وریا دەبێت بۆیان گرنگە بە لایانەوە، هەروەها ئەوانەش پشتگوێ دەخات و لە بیر دەچنەوە کە گرنگیان پێ نادات و بە وریا و بە ئاگا نابێت بۆیان. 


سەرچاوەکان



397 بینین