ئەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ دروست دەبن

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-10-27-21:04:00 - کۆدی بابەت: 11537
ئەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ دروست دەبن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرڤ دروست دەبن (بە عەرەبی: الغازات الناتجة عن الأنشطة البشرية، بە ئینگلیزی: Gases produced by human activitiesلە ئەنجامی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ وەکوو چالاکییە (پیشەسازییەکان و ئامرازەکانی هاتووچۆ و گواستنەوە) کۆمەڵە گازێکی ژەهراوی لە هەوادا بڵاودەبنەوە زۆربەی کات ئەو گازانە دەبنە هۆکارێک بۆ پیسبوونی هەوا و کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە شێوەیەکی نەرێنی. بۆ نموونە شاری (لۆس ئەنجڵۆس) ژمارەی دانیشتوانی حەوت ملیۆن کەس بووە، چوار ملیۆن کەسیان ئۆتۆمبێلیان بەکار ھێناوە ھەربۆیە ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن لیتر بەنزینیان سووتاندوە لە ئەنجامدا ١٢ هەزار تەن ماددەی پیسکەریان خستۆتە هەواوە. لە ساڵی ١٩٩٠ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی جیهان ٦٠٠ ملیۆن ئۆتۆمبێل بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەو ژمارەیە زیادی کردووە بۆ ٨٠٠ ملیۆن ئۆتۆمبێل. لە ئێستادا زیاترە لە یەک ملیار ئۆتۆمبێل.

ئەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرڤ دروست دەبن

گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO)

بریتییە لە گازێکی بێ ڕەنگ و بۆن، ترسناکترین جۆری گازە و زۆرترین زیانی بۆ مرۆڤ هەیە، ساڵانە بڕەکەی (٢٣٠) ملیۆن تەن زیاد دەکات. ئەم گازە لە ئەنجامی سووتانی ناتەواوی سووتەمەنییەکان دروست دەبێت، لە هەموو سەرچاوەکانی تری ژەهراوی بوونی هەوا ترسناکترە بۆ مرۆڤ و گیانداران، چونکە لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێن تێکهەڵ دەبێت و خوێن توانای گواستنەوەی ئۆکسجینی نامێنێت بۆ خانەکانی لەش و ژەهراوی دەبێت.

گازی دووانۆکسیدی کاربۆن (CO2)

ئەم گازە پێش شۆڕشی پیشەسازی ٢٨٠ بەش بووە لە ملیۆنێک، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ بڕەکەی زیادی کردووە بۆ ٣٤٩ بەش لە ئێستادا ٣٤٩ بەشە لە ملیۆنێک، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاست و کۆتایی ئەم سەدەیە بگاتە ٤٠٠ بەش لە ملیۆنێک. ئەم گازە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنییەکانی وەکوو (نەوت، خەڵووز و گازی سروشتی و ماددەکانی تر) دروست دەبێت. ئەم گازە ڕۆڵی خانووی شووشەیی دەگێڕێت، کاریگەری لەسەر زیادبوونی پلەی گەرمی و دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی هەیە.

گازی گۆگردی هایدرۆجین (H2S)

ئەم گازە لە ئەنجامی شیبوونەوەی ماددە ئەندامییەکان دروست دەبێت، نموونە وەکوو ئاوی زێرابەکان و ئاوەڕۆی ماڵان، بۆنێکی ناخۆشی هەیە کە لە بۆنی هێلکەی پیسبوو دەچێت. ئەم گازە زۆر مەترسیدار و کوشندەیە، چونکە لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی خوێن یەک دەگرێت و ڕێژەی ئۆکسجین لە لەشدا کەم دەکات، سەرەنجام دەبێتە هۆی داهێژان و لە بیرچوونەوە و سووتانەوەی کۆئەندامی هەناسە و چاو.

گازی دووانۆکسیدی گۆگرد (SO2)

ئەم گازە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنییەکان، خەڵووز و پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت دروستکردنی پۆڵا و زۆرجاریش لە دەمی هەندێک لە گڕکانەکان دەردەپەڕێت. ئەم گازە ساڵانە ١٠٠ ملیۆن تەن دروست دەبێت لە ئەنجامی چالاکییە مرۆییەکان و بە ڕێژەی ٪٩٠ لە باکووری گۆی زەوییە. گازیکی ترشە دەبێتە هۆی دروست بوونی دیاردەی ترشەباران (Acid Rain) بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا، سەرەنجام دەبێتە هۆی پیسبوونی ڕووبەرە ئاوییەکان وەکوو (ڕووبار، دەریاچەکان، کانی و کارێزەکان)، پیسبوونی خاک و ڕووەک. لەگەڵ تەمی دووکەڵاویدا تێکەڵ دەبێت و زیانی گەورە دروست دەکات.

ئۆکسیدەکانی نایترۆجین (NO+NO2)

ئەم دوو گازە دروست دەبێت لە ئەنجامی هۆکارەکانی گواستنەوە بە جۆرێک (٪٣٠ بۆ ٪٣٥) ئەم گازە لە ئەنجامی پاشماوەکانی ئۆتۆمبێل و هەندێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەو کارگە پیشەسازیانەی کە پەینی نایترۆجین دروست دەکەن. وێرای کێڵگە کشتوکاڵییەکان بە تایبەتی دوای پڕۆسەی پەیندانی کیمیایی ئەم گازانە لەگەڵ هەڵمی ئاو لە هەوادا (ترشی نەتریک) دروست دەکەن و لە ئەنجامدا ترشە باران پێکدێت کە کار دەکاتە سەر لەناوبردنی چینی ئۆزۆن و تیشکی هەڵگەڕاوەی زەوی دەمژێت، سەرەنجام دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گەرمی و وێڕای کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر مرۆڤ.

ئاوێتەکانی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن (CFC)

ئەم ئاوێتەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تێکشکانی گەردیلەکانی ئۆزۆن هەیە، ناسراوە بە (فیریۆنات)، سەرچاوەی سەرەکیان بریتییە لە پیشەسازییەکانی بەفرگر، سارد کەرەوەکان، گەرمکەرەوەکان، پیشەسازییەکانی بۆن و سپڕای ڕەنگکردنی قژ و مێروو قرکەرەکان. ئەم ئاوێتانە لە چینی یەکەمی بەرگە هەوا (ستراتۆسفێر) هۆکارێکە بۆ شیبوونەوەی ئۆزۆن بۆ ئۆکسجین، چونکە ئەم ئاوێتانە بەهۆی تیشکی سەروو بنەوشەیی شی دەبنەوە بۆ (کلۆر و فلۆر)، ئەوانیش کار دەکەنە سەر گازی ئۆزۆن ئەم گازە شی دەبێتەوە بۆ ئۆکسجین، بە جۆرێک هەر گەردیلەیەکی کلۆر توانای تێکشکانی ١٠ هەزار گەردیلەی هەیە.

دیاردەکانی دوای پیسبوونی هەوا بەو گازانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ دروست دەبن

دیاردەی داخورانی چینی ئۆزۆن

چینی ئۆزۆن بە بڕێکی کەم لە بەرگی گازیدا هەیە کە لە (٤ ملیم) تێپەڕ ناکات. ڕێگە بە بڕێکی کەم لە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەدان بێتە نێو بەرگەهەوا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٩٨٦) تێبینی کونبوونی چینی ئۆزۆن کراوە. ئەو گازانە دەبنە هۆی لە ناوچوونی چینی ئۆزۆن بریتین لە:

١- کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن، چونکە گازی کلۆری چالاک بەرهەم دێنێت بەم جۆرە: (CI + O3 = CIO + O2).

٢- ئۆکسیدی نایترۆجین لەگەڵ ئۆزۆن کار لێک دەکات بەم جۆرە: (NO + O3 = NO2 + O2).

کاریگەرییەکانی کون بوونی چینی ئۆزۆن

  • توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجەی پێست.
  • کار دەکاتە سەر چاوی مرۆڤ هەندێک جار تووشی لێڵ بوون و کوێربوونی دەکات. 
  • لاوازبوونی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ بەرانبەر بە نەخۆشییەکان.
  • کەمبوونەوەی بەرهەمی دەریاکان و بەرهەمی کشتوکاڵی.
  • کاریگەری خراپی هەیە لەسەر ماددە پلاستیکییەکان و پێکهاتەی باڵەخانە و خانووبەرە. 

دیاردەی ترشە باران

بە جۆرێک لە جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت لە ئەنجامی ئەو گازانەی لە کارگە پیشەسازیەکان دەردەچن بە هەوادا بڵاو دەبنەوە، دواتر لەگەڵ دابارین کار لێک دەکات و دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و خاک و سەرچاوە ئاوییەکان، جگە لەو زیانە تەندروستیانەی بۆ مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ هەیەتی. ئەم دیاردەیە بۆ یەکەم جار لە لایەن (ڕۆبەرت سمیس) تێبینی کراوە لە ساڵی (١٨٧٢) لە هەرێمی مانشستەر، ترشە باران لە ئەنجامی دوو گازی سەرەکی دروست دەبێت کە بریتین لە:
١- دووەم ئۆکسیدی گۆگرد (SO2)
٢- ئۆکسیدی نایترۆجین (NO)
ئەو گازانەی توانای گواستنەوەیان هەیە بۆ نموونە بڕی ئۆکسیدەکانی کبریت (دووەم و سێیەم) لە هەریەک لە وڵاتانی (سوید و نەرویج و دانیمارک) دوو هێندە و نیوی زیاتر لەو بڕەی کە کارگەکانی ئەم وڵاتانە بەرهەمی دێنن.

کاریگەرییە خراپەکانی ترشە باران

  • دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ، وەکوو نەخۆشییەکانی (چاو و کۆئەندامی هەناسە و کۆئەندامی دەمار).
  • کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەکوو کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و بێهێزبوونی خاک.
  • دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە. 
  • کار دەکاتە سەر بەرهەمی ماسی لە ئاودا، بۆ نموونە ڕووباری تۆڤدال لە نەرویج.
  • دەبێتە هۆی لە ناوچوونی دارستانەکان.
  • کار دەکاتە سەر داخوران و تێکچوونی باڵەخانە و دامەزراوەکان.

دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی

بریتییە لە بەرزبونەوەی پلە بە پلەی گەرمی لە چینی خوارەوەی بەرگی گازی لە ئەنجامی زیادبوونی چڕی کۆمەڵە گازێک، نموونە وەکوو گازی میسان و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و کلۆرۆفلۆرۆکاربۆن. هۆکارە سروشتی و مرۆییەکانی دروستبوونی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی:
١- هۆکار سروشتییەکان گرنگترین هۆکارەکان بریتین لە سووتانی دارستانەکان و تەقینەوەی گرکانەکان و هەڵمژینی تیشکی گەرمی لە لایەن بەرگی گازی، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەریا و زەریاکان.
٢- هۆکارە مرۆییەکان ئامرازەکانی گواستنەوە بە گشت جۆرەکانیان و سووتانی سوتەمەنی لە ڕێگای کارگەکان و بڕینەوەی دارستانەکان.

دیاردەی دوکتەم (ضبخان)

تێکەڵەیەکە لە دووکەڵ و تەم کە لەسەر شار و ناوچە پیشەسازییەکان دروست دەبێت لە کاتی زیادبوونی گازە ژەهراوییەکان لە هەوادا. گرنگترین جۆرەکانی دوکتەم:
١- دوکتەمی ئاسایی (دوکتەمی کلاسیکی) بریتییە لەو دوکتەمەی لە ئەنجامی تێکەڵبوونی دووکەڵ و دنکۆڵەی غوبار و ئۆکسیدی گۆگرد لەگەڵ هەوا دروست دەبێت و ڕەنگی هەوا بۆ خۆڵەمێشی دەگۆڕێت، کاریگەری بە نزمبوونەوەی پلەی گەرمی زیاتر دەبێت و زۆربەی کات لە بەیانیان زوو ڕوودەدات بە تایبەتی لە وەرزی زستان بۆیە بە دوکتەمی لەندەنی دەناسرێت.
٢- دوکتەمی کیمۆ ڕووناکی ئەم جۆرەیان لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ماددە هایدرۆکاربۆنییەکان دروست دەبێت، لە ڕێگای کارلێککردنی ئەو پیسکەرانە لەگەڵ تیشکی خۆر گازی ئۆزۆن دروست دەبێت دوکتەم ڕوودەدات. ڕەنگی هەوا قاوەیی دەبێت بۆنێکی ناخۆش بڵاودەبێتەوە، ئەم جۆرە دوکتەمە لە کاتی نیوەڕۆ دروست دەبێت بە تایبەتی لە وەرزی هاوین لە کەشێکی ساماڵدا، بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی کاریگەری زیاتر دەبێت و بە دوکتەمی لۆس ئەنجڵۆس دەناسرێت.


سەرچاوەکان



335 بینین