لێدانی دڵ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-08-21:28:00 - کۆدی بابەت: 11610
لێدانی دڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لێدانی دڵ یاخود تێکڕای لێدانی دڵ (بە ئینگلیزی: Heart beat or Heart rate، بە عەرەبی: ضربات القلب او معدل ضربات القلب) تێکڕای لێدانی دڵ ژمارەی لێدانەکانی دڵە لە هەر خولەکێکدا، کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٠٠ جار لە خولەکێکدایە بۆ کەسانی پێگەیشتووە. گرژبوونی دڵ (Heart pulse) ڕێگایەکە کە دەتوانیت لە ڕێیەوە هەموو کاتێکێک هەست بە لێدانی دڵ بکەیت. پێوانی لێدانی دڵ یارمەتیدەر دەبێت بۆ چاودێری تەندروستی و زانینی ئەوەی ئایا وەرزش دەکەیت لە ئاستێکی گونجاودا یاخود نا، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە تەندروستی وەربگریت

تێکڕای لێدانی دڵ چییە؟

تێکڕای لێدانی دڵ ژمارەی ئەو کاتەیە کە دڵ لە خولەکێکدا لێدەدات. جەستە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی واتا خۆنەویستانە کۆنترۆڵی لێدانی دڵ دەکات بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ هەر شتێک کە دەیکەیت یان ئەوەی لە دەوروبەر ڕوودەدات. لەبەر ئەوەیە لێدانی دڵ خێراتر دەبێت کاتێک چالاکتر بیت، بە پەرۆش یان ترساو بیت، و دادەبەزێت کاتێک پشوو دەدەیت، ئارام یان ئاسوودەیت.

لێدانی دڵ ئاماژەیەکی گرنگە بۆ تەندروستی. کاتێک لێدانی دڵت زۆر خێرایە یان زۆر خاوە، ئەوە لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی دڵ یان کێشەی تەندروستی تر بێت. توانای هەستکردن بە لێدانی دڵ لە هەموو جەستەدا ڕێگەیەکی شیاوە بۆ پزیشکەکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییە پزیشکییەکان.

هەموو کاتێک دڵ لێدەدات، خوێن لە ڕێگەی تۆڕی خوێنبەرەکانەوە لە جەستەدا دەگوشرێت. پەڵسی دڵ واتا گرژبوونی دڵ و پاڵنانی خوێن بۆ خوێنەرەکان ئەو پەستانەیە کە لە خوێنبەرەکاندا هەیە و بۆ ماوەیەکی کورت بەرز دەبێتەوە کاتێک دڵ خوێنی زیاتر پاڵدەنێت بۆ ئەوەی سووڕی خوێن بەردەوام بێت. لە نێوان لێدانەکاندا دڵ پشوو دەدات، کە فشارەکە دووبارە دەکاتەوە. بۆیە هەر لێدانێکی دڵ وەک یەک پاڵنان وایە.

جیاوازییەکی کەم لە نێوان لێدانی دڵ و پەڵسی دڵ هەیە، بە جۆرێک کە لە زۆر سەرچاوەی زانسیدا وەک یەک پێناسەیان بۆکراوە. چەند شوێنێک هەیە کە تیایدا خوێنبەرەکان زۆر نزیکن لە پێستەوە، هەندێکیان ئاسانتر هەستیان پێ دەکرێت لەوانی تر بەهۆی تایبەتمەندییەکانی جەستەوە.

ئەو ڕێگایانە چین کە هەست بە گرژبوونی دڵ دەکەیت و بۆچی گرنگن؟

دەتوانرێت بە ئاسانی هەست بە گرژبوونی دڵ بکەیت لەم چەند شوێنەدا (بە بەکارهێنانی پەنجەی ئەڵقە و پەنجەی دۆشاومژە بەیەکەوە بەڵام وریابە پەستانێکی زۆر نەکەیت).

شا خوێنبەری مل: لە گوێچکەتەوە بەرەو خوار و پەنجەکان دابنێ و ڕاستەوخۆ بۆ خوارەوە بگەڕێ. لە ژێر ئێسکی چەناگەدا، هەست ڕابگرە کە پێویستە لەوێدا هەست بە گرژبوونی دڵ بکەیت.

خوێنبەری کەوەرەیی مەچەک: دەستت بەرەو سەرەوە دابنێ واتا با لەپی دەستت ڕووی لە سەرەوە بێت، ئەم خاڵەی دەتوانیت هەست بە گرژبوونی دڵ بکەیت ئەو شوێنەیە کە ماسولکە گۆشتییەکانی پەنجە گەورە تێکەڵ دەبن لەگەڵ مەچەکت.

خوێنبەری ناوەوەی ئانیشک: لە ناوەڕاستی ناوچەی بەتاڵی ناوەوەی ئانیشک بە پەنجەکانی دەستت دەست پێ بکە. بە هێواشی ئەو پەنجانە بە درێژایی پێست ڕابکێشە بەرەو خوارەوە. بەم جۆرە دەتوانیت هەست بە لێدانی دڵ بکەیت لە ناوچەی کەمێک ناوەڕاستی ئانیشک.

جگە لەم خوێنبەرانە، کارمەندانی چاودێری تەندروستی لەوانەیە هەست بە لێدانی دڵ بکەن لە شوێنەکانی تر، ئەم شوێنانە لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ دۆزینەوەیان بەبێ ڕاهێنان بەڵام دەکرێت زۆر بەسوود بێت کاتێک کارمەندێک بەدوای کێشەیەکی دیاریکراودا دەگەڕێت، کە ئەوانیش بریتین لە:

  • خوێنبەری لاجانگی ڕووخسار (لەگەڵ کەناڵی گوێچکە، وە تەنها بەرەو پێشەوەی ئەو بەشەی کە گوێ لەگەڵ لووت کۆدەبێتەوە).
  • خوێنبەری سنگ (تەنها لە سەرووی دڵتەوە)
  • خوێنەری سک
  • خوێنبەری بەشی سەرەوەی ڕان
  • خوێنبەر لە پشت ئەژنۆکانەوە
  • خوێنبەر لەسەری پێیەکان

چۆن دەتوانرێت گرژبوونی خوێنبەر (Heart pulse) بۆ پێوانی لێدانی دڵ بەکاربێت؟

کاتێک لێدانی دڵت دۆزییەوە (ئاسانترین شوێن بەزۆری مل یان مەچەکە)، دەتوانیت ڕێژەی لێدانی دڵت بزانیت بە ژماردنی ژمارەی لێدانی دڵ لە شەست چرکەدا. ئەگەر دەتەوێت وەڵامێکی خێراتر بدەیتەوە، هەموو ئەوەی پێویستە کەمێک بیرکارییە. ئاسانترین ڕێگاکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بریتین لە:

  • لێدانی دڵ بۆ ماوەی دە چرکە بژمێرە، کاتێک دە چرکە بەرز دەبێتەوە، ژمارەکە لێکدانی شەش بکە.
  • لێدانی دڵ بژمێرە بۆ ماوەی پانزە چرکە. کاتێک پانزە چرکە بەرز دەبێتەوە، ژمارەکە لێکدانی چوار بکە.
  • لێدانی دڵ بۆ ماوەی سی چرکە بژمێرە، کاتێک سی چرکە بەرز دەبێتەوە، ژمارەکە لێکدانی دوو بکە.

ئەو ژمارەیەی کە لە هەر یەکێک لەم سێ ڕێگایە وەریدەگریت بریتییە لە لێدانی دڵ لە خولەکێکدا، کە دەبێتە تێکڕای لێدانی دڵ. کورتکراوەی لێدانەکان بۆ هەر خولەکێک بریتییە لە "Bpm"

ئەگەر لێدانی دڵت دۆزییەوە کاتێک چالاک نیت، ئەوە لێدانی دڵە لە ماوەی خاوبوونەوەیا. هەروەها دەتوانیت ئەم کارە بکەیت لە کاتی وەرزشکردن یان ڕاستەوخۆ دوای وەرزشکردن. دۆزینەوەی لێدانی دڵ لە کاتی وەرزشدا ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا وەرزشەکەت بە پێی پێویست چڕ نییە، یان زۆر توندە یانیش بەپێی پێویستە.

ئایا دەتوانم بە گوێیەکانم گوێم لە گرژبوونی دڵ (یاخود تەوژمی خوێن لە خوێنبەرەکان) بێت؟

لە هەندێک حاڵەتدا، بەڵێ، لە ڕاستیدا دەتوانیت گوێت لە لێدانی دڵت بێت بە گوێیەکانت. ئەمە هەندێک جار بە دانانی سەر لەسەر دەست یان قۆڵ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەنگ دەبێت نەمێنێت ئەگەر شوێنەکە بگۆڕیت. ئەگەر گوێت لە لێدانی دڵت بوو بە گوێیەکانت تەنانەت دوای ئەوەی شوێنەکەت گۆڕی، پێویستە پەیوەندی بە کارمەندی چاودێری تەندروستییەوە بکەیت.

تێکڕای لێدانی دڵی ئاسایی

لێدانی دڵ پشت دەبەستێت بەوەی تەمەنت چەندە و تەندروستیت چۆنە. تا گەنجتر بیت، لێدانی دڵت بەرزتر دەبێت.

ڕێژەی لێدانی دڵ بۆ منداڵان:

  • منداڵی تازە لەدایکبوو (لەدایکبوون بۆ چوار هەفتە): ١٠٠ بۆ ٢٠٥ لێدان لە خولەکێک.
  • منداڵ (چوار هەفتە بۆ یەک ساڵ): ١٠٠ بۆ ١٨٠ لێدان لە خولەکێک.
  • منداڵی بچووک (یەک بۆ سێ ساڵ): ٩٨ بۆ ١٤٨ لێدان لە خولەکێک.
  • پێش قوتابخانە (سێ بۆ پێنج ساڵ): ٨٠ بۆ ١٢٠ لێدان لە خولەکێک.
  • تەمەنی قوتابخانە (پێنج بۆ دوانزە ساڵ): ٧٥ بۆ ١١٨ لێدان لە خولەکێک.

هەرزەکارەکان (سیانزە بۆ هەژدە ساڵ): ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدان لە خولەکێک.

بۆ کەسانی پێگەیشتوو (تەمەن سەروو هەژدە ساڵ) مەودای چاوەڕوانکراوی لێدانی دڵ ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدان لە خولەکێک.

ئەم تێکڕای لێدانی دڵانە بۆ منداڵان له کاتی به ئاگابووندا تۆمارکراوە ئەگەری ئەوە هەیە کە لە کاتی خەوتندا کەمتر بن.

چی دەبێت ئەگەر لێدانی دڵم لە مەودای ئاساییدا نەبێت؟

کاتێک لێدانی دڵ دەکەوێتە دەرەوەی ئەم مەودایانە، یان زۆر بەرزە یان زۆر نزمە، لەوانەیە نیشانەی کێشە بێت.

خێرا لێدانی دڵ: ئەمە کاتێکە کە لێدانی دڵ زیاتر لە ١٠٠ لێدان لە خولەکێک بێت، کە ڕێژەیەکی نائاسایی بەرزە.

هێواش لێدانی دڵ: ئەمە کاتێکە کە لێدانی دڵ لە خوار ٦٠ لێدان لە خولەکێک بێت، کە ڕێژەیەکی نائاسایی کەمە.

لەگەڵ ئەوەشدا، وردەکارییەکی گرنگ کە پێویستە لەبیرت بێت ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە زۆر چالاک بیت، ئەوەیە کە لەوانەیە لێدانی دڵ لە خوار ٦٠ لێدان لە خولەکێکدا بێت. وەرزشوانانی پێشبڕکێکار دەتوانن لێدانی دڵیان کەم بێتەوە لە ٤٠ لێدان لە خولەک یان زیاتر. بەڵام بۆ کەسێکی ئاسایی، ئەم ڕێژەیە مەترسیدارە.

چی بکەم ئەگەر نیگەران بم لە لێدانی دڵم؟

ئەگەر هەر نیگەرانییەکت هەیە دەربارەی لێدانی دڵ، پێویستە قسە لەگەڵ کارمەندی تەندروستی سەرەتایی بکەیت. ئەوان باشترین کەسن کە دەتوانن وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە یان ڕەوانەت بکەن بۆ پسپۆڕێک ئەگەر پێویست بکات. ئەو نیشانانەی کە پێویستە قسە لەگەڵ کارمەندی تەندروستی بکەیت دەربارەی لێدانی دڵ بریتین لە:

  • لێدانی دڵ کە زۆر خێرایە یان زۆر خاوە.
  • لێدانی دڵ کە باز دەدات یان ناڕێکە.

ئەگەر هەست بە هەستێکی لەرزین دەکەیت کاتێک دەست لەسەر خوێنەرەکانت دادەنەیت بۆ پێوانەی لێدانی دڵ لەجیاتی ئەوەی هەست بە یەک "لێدان" بکەیت. ئەمە پێی دەگوترێت "لەرە" و دەکرێت نیشانەی هەندێک کێشەی دڵ و کۆئەندامی سووڕان بێت.

هەروەها پێویستە بە لایەنی کەمەوە ساڵی جارێک سەردانی کارمەندی چاودێری سەرەتایی بکەیت بۆ پشکنینی ساڵانە یان جەستەیی. لێدانی دڵ بەشێکی ئاساییە لەو سەردانە. هەروەها ئەمە ڕێگایەکە بۆ دابینکەرەکەت، دەکرێط زوو تووشی چەندین کێشە بیتەوە (لەوانە کێشە مەترسیدارەکان کە نیشانەکانیان هەیە)، زۆربەیان چارەسەر دەکرێن ئەگەر زوو دەستنیشآنبکرێت.

لێدانی دڵت یەکێکە لە ئاسانترین ڕێگاکان بۆ پاراستنی تەندروستی.

هەروەها ڕێگایەکی ئاسانە بۆ کارمەندی چاودێری تەندروستی بۆ ئەوەی زوو کێشە تەندروستییەکانت چارەسەر بکەیت یان ئەو کێشانە دەستنیشان بکەیت کە خەریکن بەسەرت دێن. لەوەش گرنگتر، تێگەیشتن لە لێدانی دڵ، بەتایبەتی ڕێژەی ئامانجەکەت، ڕێگایەکە بۆ وەرزشکردنی زیرەکتر نەک تەنها قورستر. بەم شێوەیە دەتوانیت زۆرترین سوود لە چالاکییەکان وەربگریت و ئاگاداری خۆت بیت.


سەرچاوەکان



608 بینین