زیانەکانی شەرمنی

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-11-13-19:28:00 - کۆدی بابەت: 11626
زیانەکانی شەرمنی

ناوه‌ڕۆك

ناسنادن

زیانەکانی شەرمنی (بە عەرەبی: أضرار الخجل، بە ئینگلیزی: Harmful effects of shyness)، شەرمنی بریتییە لە هەستکردنی بەردەوامی تاک بە شەرمەزاری و ناڕەحەتی لەبەردەم خەڵکیدا، بەتایبەتی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا یان لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی نوێدا لە ترسی ئەوەی خەڵکی چۆن سەیری دەکەن، ئەم هەستانە ڕەنگە ڕێگری لێبکەن لە دەربڕینی ئەوەی کە دەیەوێت بیڵێت یاخود بیکات. شەرمنی سیفەتێکی کەسایەتییە نەک نەخۆشییەکی دەروونی، لەوانەیە لە هەندێک حاڵەتدا نیشانەی جەستەیی لەگەڵدا بێت، وەک سووربوونەوەی دەموچاو و ئارەقکردنەوە، شەرمنی کاریگەری زۆری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازی باوەڕبەخۆبوون.

نیشانەکانی شەرمنی

دەکرێت هەندێک نیشانەی دەروونی، ڕەفتار و جەستەیی لە کەسانی شەرمن دەربکەوێ، لەوانە:

نیشانەی دەروونی و ڕەفتاری کەسی شەرمن

  • پەسەندکردنی بێدەنگی
  •  هەستکردن بە ناڕەحەتی و شەرمەزاری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە نوێکان.
  • ئارەزوو دەکەن کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسانی دەورووبەر ئاسانتر بووایە.
  • کەمی یان نەبوونی بەرکەوتەی چاو.
  • دوودڵی لە دەستپێکردنی ئەزموونێکی نوێ.
  • خۆبەدوورگرتن لە هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تاک هەست بە ئاسوودەیی ناکات.
  • دەرکەوتنی هەندێ ڕەفتاری هەڵچوون، وەک یاریکردن بە قژ یان زۆر دەست لێدانی دەموچاوو.
  • زوو زوو مەشقکردن لەسەر  چۆنیەتی قسەکردن یان ڕەفتارکردن پێش ئەوەی چاوی بە کەسانی تر بکەوێت.

نیشانە جەستەییەکانی کەسانی شەرمن

نیشانەکان تەنها لە هەست و ڕەفتارەکانی کەسانی شەرمندا دەرناکەون، بەڵکو نیشانە جەستەییەکانیش دەگرێتەوە، وەک: 

  • سووربوونەوەی دەموچاوو
  • ئارەقکردنەوە
  • خێرا لێدانی دڵ
  • گێژبوون
  • دڵتێکەڵهاتن

جیاوازی نێوان شەرم و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی چییە؟

جیاوازی لە نێوان شەرمنی و دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی یان فۆبیای کۆمەڵایەتی (Social Anxiety) ئاسان نییە، هەندێک کەسی تووشبوو بە فۆبیای کۆمەڵایەتی پێیان وایە ئەوەی بەدەستیەوە دەناڵێنن تەنها شەرمنییەکی زۆرە، بەڵام لە ڕاستیدا نەخۆشییەکی دەروونییە کە پێویستی بە چارەسەرە. شەرمنی و فۆبیای کۆمەڵایەتی لە هەندێک ڕووەوە لەیەکدەچن، چونکە هەردووکیان ترس و دڵەراوکێ لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆدەگرن، بەڵام لە زۆر ڕووەوە جیاوازن.

دیارترین نیشانەکانی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

  • ترس و دڵەڕاوکێی زۆر یان خۆبەدوورگرتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان.
  • هەستکردن بە سەرلێشێواوی زۆر لەکاتی گفتوگۆکردندا، تەنانەت ئەگەر بە تەلەفۆنیش بێت یان لە کاتی قسەکردن لەبەردەم خەڵکدا.
  • ترس لە ڕەخنەگرتن، تێڕوانین و بۆچوونی کەسانی تر.
  • خێرا لێدانی دڵ
  • ئارەقکردنەوەی زۆر
  • لەرزین
  • دڵتێکەڵهاتن یان ڕشانەوە
  • تۆقین
  • هەستکردن بە دڵەڕاوکێ بەهۆی دەرکەوتنی نیشانە جەستەییەکان.

ئایا دەکرێت شەرمنی ببێتە هۆی فۆبیای کۆمەڵایەتی؟

ڕەنگە شەرمنی لە هەندێک حاڵەتدا بگۆڕێت بۆ فۆبیای کۆمەڵایەتی ئەگەر بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەست بەسەر کەسەکەدا بگرن، وەک هەستکردن بە کەمی، نەمانی باوەڕبەخۆبوون و نەمانی متمانە بە توانا و لێهاتووییەکانی لە ئەنجامی نیگەرانبوونی لە شەرمنییەکەی. ئەم بیرکردنەوە و ڕەفتارانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی فۆبیای کۆمەڵایەتی، کە لەوانەیە لە هەر قۆناغێکی ژیاندا ڕووبدات. 

زیانەکانی شەرمنی

شەرمنی بەردەوام و توند کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر لایەنی ژیان هەیە، چی لەسەر ئاستی کەسی بێت یان کۆمەڵایەتی لەوانەیە ببێتە هۆی: 

  • هەستکردن بە تەنیایی و کەمبوونی باوەڕبەخۆبوون.
  • دڵەڕاوکێی زۆر
  • هەستکردن بە شەرمەزاری بەهۆی ئەو نیشانانەی کە لەسەر کەسەکە دەردەکەوێت، وەک سووربوونەوەی دەموچاوو و زمانگیران.
  • لاوازی پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
  • نەبوونی هاوڕێ و بەشدارینەکردن لە چالاکییە چێژبەخشەکان.

هەروەها شەرمنی زۆر ڕەنگە کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی هەبێت و ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی زیاد بکات بەهۆی ئەو دڵەڕاوکێ و فشارەی کە دروستی دەکات، وەک: 

  • خەمۆکی
  • بەرزی فشاری خوێن
  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • لاوازی بەرگری لەش

ئایا شەرمنی لایەنی ئەرێنی هەیە؟

گومانی تێدا نییە زۆربەی کەسە شەرمنەکان ئارەزوو دەکەن لە شەرمنی ڕزگاریان بێت بۆ ئاسانکاری مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تردا، بەڵام کەسانی شەرمن  سیفەتێکی باش تایبەتمەندنیان هەیە کە بەسوودە بۆ زیادکردنی باوەڕبەخۆبوونیان و لەنێو ئەو سیفەتانەشدا:

  • کۆششکردن لە خوێندن یان کاردا.
  • بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و کەمتر دەکەونە کێشەوە.
  • دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی زۆرباش.
  •  گوێ گرتن لە کەسانی تر و نیشاندانی هاوسۆزی.
  • کەسانی سادە و ڕاستگۆن، ئەمەش دڵنەوایی  دەداتە ئەو کەسانەی کە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن.
  • پلانی باش و بڕیاردانی ورد.


سەرچاوەکان



754 بینین