بۆچی بۆنەی کریسمس لە مانگی کانوونی یەکەمدایە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-15-15:34:00 - کۆدی بابەت: 11730
بۆچی بۆنەی کریسمس لە مانگی کانوونی یەکەمدایە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی بۆنەی کریسمس لە مانگی کانوونی یەکەمدایە؟ (بە عەرەبی: لماذا عيد الميلاد في شهر کانون الاول؟، بە ئینگلیزی: Why Christmas is in December؟) بۆنەی کریسمس بۆنەیەکی تایبەت بە شوێنکەوتووانی ئایینی مەسیحییە لە جیهاندا کە لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە پێی ساڵنامەی گریگۆریان ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا، لە پاش ڕێوەڕەسمی ئایینی لە کڵێساکان بۆ ئێوارەکەی خوانێک ئامادە دەکرێت و پێی دەگوترێت ئێوارەی کریسمس. 

بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بەوەی بۆچی لە مانگی کانوونی یەکەمدا ئەم بۆنەیە ئەنجام دەدرێت. چونکە بەر لە ساڵنامەی گریگۆریان لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ نەگێڕدراوە.

کەی بۆ یەکەم جار کریسمس ئەنجام دراوە؟

توێژەران و لێکۆڵینڤانەکانی مێژوو پێیان وایە بۆ یەکەم جار کە بۆنەی کریسمس لە مانگی کانوونی یەکەم ئەنجامدرابێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "گریکۆ-ڕۆمانەکان" بەر لەوە لە کاتەکانی تری ساڵدا ئەنجامدراوە. بەدیاریکراویش لە سەدەی دووەمی زایینیدا بۆنەکە ئەنجامدراوە. ڕۆمەکان سێ ئەگەر و بنچینەیان بۆ ئەم بۆنەیە دانەوە.

بۆچی لە ٢٥ی کانوونی یەکەمدا مەسیحییەکان یادی کریسمس دەکەنەوە؟

بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی بۆنەی کریسمس، سەرەتا بۆ مەبەست و شێوازی جیا ئەم ئاهەنگە ئەنجام دراوە بە درێژایی مێژوو سێ شێواری یادکردنەوە هەبووە بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا، کە دانەیەکیان هیچ پەیوەندی بە لەدایکبوونی ئەو نەبووە و تەنها ڤیستیڤاڵێکی ساڵانە بووە کە بە ڤیستیڤاڵی زستان ناسراو بووە و شوێن کەوتووانی ئایینی مەسیحی بۆ کات بەسەربردن ئاهەنگیان گێڕاوە و لە کۆتاییشدا منداڵان بە پێدانی خەڵات دڵخۆش کراون. 

یەکەم: لەسەردەمی سێکتۆس جۆلیەس ئەفریکانۆس بەرواری ٢٥ی ئادار بە ڕۆژی سکپڕی مریەمی پاکیزە دانراوە کە بەبڕوای ئەوان لەو ڕۆژەشدا جیهان دروست بووە، پاشان دەڵێن: نۆ مانگ سک پڕ بووە و لە ٢٥ی کانوونی یەکەم عیسا لە دایکبووە. بۆیە لە ساڵێکدا دوو جار ئاهەنگیان گێڕاوە یەکەم لە ٢٥ی ئادار و دووەمیان لە ٢٥ی کانوونی یەکەم. 

دووەم: لە سەدەی سێیەمدا، لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمدا، ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژی یادکردنەوەی "لەدایکبوونەوە" یاخود "نوێبوونەوە" دیاریکراوە هەرچەندە تا ئەو سەردەمەش بەشێکی زۆری ڕۆمەکان لەسەر ئایینی میسۆلۆجی بوون وەک لە مەسیحی. بەڵام هەموو ساڵێک لەم سەردەمەدا لە ٢٥ی کانوونی یەکەم ڤیستیڤاڵی "ساتورنالیا"یان ئەنجام دەدا کە ڤیستیڤاڵی زستان و لەدایکبوونیشی پێ دەگوترێت، هاوڵاتیان لە گۆڕەپانی سەرەکی شارەکان باڵەخانەکانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. لە کۆتایی ئاهەنگەکەشدا خەڵات بەسەر منداڵان دابەشدەکرا، کە لەم سەردەمەدا شەوی ٣١ کانوونی یەکەم لەسەر ١ی کانوونی دووەم کە شەوی سەری ساڵە هەمان شێوازی ئاهەنگ گێڕانی سەدەی سێیەمی زایینی ڕۆمەکانە کە تیایدا "بابا نۆیل" خەڵات دەداتە منداڵان و دڵخۆشیان دەکات و خەڵکیش لە شەقامەکان تا نزیک بەرەبەیان ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازە کە هەمان ڤیستڤاڵی زستانەی ئەو سەردەمەیە کە لە ٢٥ی کانوونی یەکەم ئەنجام دەدرا.

سێیەم: بۆ یەکەم جار ناوی کریسمس هاتبێت لە ساڵی ٣٣٦ زایینی بووە ئەویش هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی ئیمپڕاتۆر "کۆنستانتین" کە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی بە ڕۆژی لە دایکبوون دیاریکرد. بەڵام ئەم ڕۆژە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان بۆ نوێکردنەوەی ئیمان بووە کە لەسەردەمی ئەمدا ئایینی مەسیحی هێندە بەهێزبوو ڕۆژێکیان دیاریکرد بەناوی ڕۆژی لەدایکبوونی ئایینی مەسیحی کە پێی دەگوترێت کریسمس. هەرچەندە لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵات ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم بە ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا دانرابوو و لەسەر ئەو شێوازی ئاهەنگ گێڕانەی ڕۆمەکان ئاهەنگیان نەدەگێڕا. تاوەکو سەدەی نۆیەم ئینجا کریسمس بووە بۆنەیەکی گشتگیر بەسەر کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و هەمووان لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەم بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا ئاهەنگیان دەگێڕا.


سەرچاوەکان



255 بینین