خۆپاراستن لە زیانەکانی گەرمکەرەوە لە زستاندا

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-12-18-22:59:00 - کۆدی بابەت: 11744
خۆپاراستن لە زیانەکانی گەرمکەرەوە لە زستاندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆپاراستن لە زیانەکانی گەرمکەرەوە لە زستاندا (بە عەرەبی: الوقاية من أضرار المدفئة في الشتاء، بە ئینگلیزی: protecting yourself from heater damages in winter)، بەهۆی نزمی پلەکانی گەرما خەڵکێکی زۆر پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی جۆرەها شێوازی گەرمکردنەوە، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی گەرمکەرەوەکانەوە زۆرێک لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە تۆمار دەکرێن، کە زۆرجار دەرئەنجامەکانی ترسناک و کارەساتبارن، دەکرێت ببنە هۆی ئاگرکەوتنەوە، کە چەندین جار زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، هەر بۆیە پێویستە ڕێگاکانی خۆپاراستن لەم مەترسیانە بزانین و بۆ ئەوەی ماڵ و شوێنی کارمان لەم مەترسیانە بەدووربن.

سێگۆشەی ئاگرکەوتنەوە

لە کاتی ئیشپێکردنی گەرمکەرەوە سێگۆشەی ئاگرکەوتنەوەمان هەیە، بەڵام هەڵە و کەمتەرخەمی هۆکارێکن بۆ بەیەکگەیاندنی لاکانی سێگۆشەکە، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە. سێگۆشەی ئاگرکەوتنەوە پێکدێت لەمانەی خوارەوە:

  • بوونی ئۆکسجین لە هەوای ژوور و شوێنەکانی تردا.
  • بوونی کەرەستە یان ماددە هەرشتێک دەگرێتەوە کە ئەگەری سوتانی هەیە، لەوانە فەرش، مۆبیلیات و کەرەستەی تر کە دەکرێت لە دۆخی ڕەق، شل، یان گازیدابن.
  • گەرمی وەکوو پریشک یان بڵێسە کە سەرچاوەی سەرەکی ئاگرکەوتنەوەن.

خۆپاراستن لە زیانەکانی گەرمکەرەوە 

چەند ڕێگایەک بۆ خۆ پاراستن لە زیانەکانی گەرمکەرەوە ئەگەر گەرمکەرەوە (سۆپای نەوت، سۆپای غاز و هیتەر….چەندانی تر) لە ماڵەکەدا هەبوو، پێویستە ئەم ڕێکارانەی خوارەوە جێبەجێ بکەیت بۆ ڕێگریکردن لە  مەترسییەکان:

١- گەرمکەرەوەکە زۆر لە مۆبیلیاتەکانی ناو ماڵەکەت نزیک مەکەرەوە.

٢- جلوبەرگ، فەرش، پەردە و جێگەی نوستن لە نزیک گەرمکەرەوەکە دامەنێ.

٣- ڕێگە مەدە منداڵ یان ئاژەڵی ماڵی نزیک بێتەوە لە گەرمکەرەوەکە، هەروەها هیچ جلێک لەسەر گەرمکەرەوەکە دامەنێ.

٤- بەپێی دیاریکردنی شوێنی دانانی گەرمکەرەوە دەتوانیت گەرمکەرەوەی گونجاو هەڵبژێریت، بۆ شوێنی داخراو گەرمکەرەوەی کارەبایی هەڵبژێرە، بەڵام ئەگەر بتەوێت لە شوێنی کراوەدا بەکاریبهێنیت، دەتوانیت گەرمکەرەوەی غاز بەکاربهێنیت.

٥- هەر گەرمکەرەوەیەک کە دەیکریت دەبێت هەستەوەری تێدابێت، بەجۆرێک لە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە شێوەیەکی خودکار بکوژێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە ژووری نوستندا دابنرێت.

٦- دەتوانیت گەرمکەرەوەکە لەسەر ڕوویەکی ڕەق  دابنێیت وەک کاشی  بۆ ئەوەی مەترسی ئاگرکەوتنەور کەم بکەیتەوە.

٧- پێویستە لە کاتی خەوتندا گەرمکەرەوەکان بکوژێنیتەوە بەکاریان نەهێنیت.

٨- ئەگەر گەرمکەرەوەی غاز بەکاردەهێنیت، باشتر وایە زەنگی ئاگادارکردنەوە لەناو هەموو ژوورێکی نوستندا دابنێیت بۆ ئەوەی لە ئەگەری دزەکردنی گازدا بتپارێزێت.

٩- پەنجەرەی ژوورەکە بەلایەنی کەمەوە یەک سانتیمەتر بە کراوەیی بهێڵەرەوە، دەرگای ژوورەکانی تر بە کراوەیی بهێڵەرەوە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ ڕووبدات.

١٠- ئەگەر گەرمکەرەوەی غاز بەکاردەهێنیت لە کاتی هەستکردن بە بۆن یان بڵێسەی ئاگر، دەبێت دەستبەجێ بیکوژێنیتەوە.

١١- هەروەها لە کاتی بەکارهێنانی گەرمکەرەوەی غازدا دەبێت سەرچاوەیەک لە ژوورەکەدا هەبێت بۆ هاتنە ژوورەوەی هەوای پاک.

١٢- پشکنینی گەرمکەرەوەی کارەبایی و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی تۆز و مانەوەی وایەر و پلاکەکانی بە سەلامەتی.

١٣- گەرمکەرەوەی کارەبای بۆ گەرمکردنەوری خۆراک بەکارمەهێنە

١٤- قاپێک ئاو لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا دابنێ بۆ قەرەبووکردنەوەی شێی لەدەستچوو، هەروەها شلەمەنی زۆر بخۆرەوە بۆ پاراستنی پێستی چاو لە وشکبوونەوە.

١٥- گەرمکەرەوەی کارەبایی بەستراو بە کارەباوە بەبێ چاودێری بەجێی مەهێڵە، هەوڵبدە پلەی گەرمی لە ئاستێکی باشدا دابنێیت کە گونجاو بێت بۆ گەورەکان، منداڵ و ئاژەڵە ماڵیەکان.

١٦- باشترین شوێن بۆ دانانی گەرمکەرەوەکە شوێنی شێدار و سەر مێزە بۆ ئەوەی زیان بە مۆبیلیاتەکان نەگەیەنێت، نابێت گەرمکەرەوەکە لە نزیک ئەم شتانەدا دابنێیت:

  • بۆیاغ
  • بتڵی غاز
  • شقارتە
  • شوێنی هاتووچۆ

ئەگەر کەشوهەوا زۆر سارد بوو پێویستت بە بەکارهێنانی گەرمکەرەوە هەبوو، پێویستە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەیت بۆ خۆبەدوورگرتن لە مەترسییەکانی.


سەرچاوەکان



168 بینین