ناوهڕۆك
ناساندن
هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن یان هەوکردن و برین لە بەشی خوارەوەی ڕیخۆڵە ئەستوورە (بە ئینگلیزی: Ulcerative colitis، بە عەرەبی: التهاب القولون التقرحي) نەخۆشییەکی درێژخایەنە و ڕوودەدات کاتێک هەوکردن لە کۆلۆندا دروستدەبێت. جاری واهەیە بە هەوکردنی بریناوی ڕیخۆڵەش ناودەبرێت. زۆربەی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنیان هەیە ئەزموونی ماوەیەکی نیشانە زۆر ئەکەن دوای ماوەی کپبوونی نیشانەکان. نیشانەکان بریتین لە سکچوون، پیسایی خوێناوی، ئێشەی سک و دابەزاندنی کێش. هەروەها چارەسەرەکانیشی دەرمان و نەشتەرکاری دەگرێتەوە.
هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن دەبێتە هۆی برین و هەوکردنی هەموو یان بەشێکی کۆلۆن. بە مانایەکی تر هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن نەخۆشییەکی هەمیشەییە کە دەبێتە هۆی هەوکردن و برینەکان لەناو ڕیخۆڵە ئەستوورە. هەروەها هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە (IBD)، لەگەڵ نەخۆشی کرۆن. زۆرجار دەبێتە هۆی سکچوونی خوێناوی و قۆڕەی ناو سک. لەوانەیە پێویست بکات زیاتر پیسایی بکرێت.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنیان هەیە ئەزموونی ماوەیەک دەکەن کاتێک نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێت، بەدوایدا ماوەیەکی درێژتر کە بەبێ نیشانە دەبن.
جۆرەکانی هەوکردنی بریناوی کۆڵۆن
دابینکەرانی چاودێری تەندروستی هەوکردنی بریناوی کۆڵۆن پۆلێن دەکەن لەسەر بنەمای ئەو شوێنەی هەوکردنەکەی لە کۆڵۆندا دروستکردووە. هەوکردنەکە بەزۆری لە پاشکۆوە (ڕێکە) دەست پێدەکات، کە نزیکە لە کۆم. هەوکردنەکە دەتوانێت بڵاوببێتەوە و کاریگەری لەسەر هەموو یان بەشێکی کۆلۆن هەبێت. جۆرەکانی بریتین لە:
- هەوکردن و سوتانەوەی ڕێکە و کۆم (Ulcerative proctitis): هەوکردنی بەشی کۆتایی ڕیخۆڵە ئەستوورە واتا پاشکۆ لەگەڵ کۆم.
- هەوکردنی کۆڵۆنی لای چەپ: هەوکردنەکە کاریگەری لەسەر لای چەپی کۆڵۆن هەیە.
- هەوکردنی تەواوی کۆڵۆن (Pancolitis): هەوکردنەکە کاریگەری لەسەر هەموو کۆلۆن هەیە.
لەوانەیە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن سووک، مامناوەند یان توند بێت، بەپێی نیشانەکان. توندترین شێوە، هەوکردنی چڕی بریناوی کۆڵۆن، دەگمەنە. لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ژیان کە پێویستی بە چارەسەری پزیشکی بەپەلە هەیە.
هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن چەند باوە؟
بەیەکەوە لەگەڵ نەخۆشی کرۆن، کە جۆرێکی دیکەی هەوکردنی ڕیخۆڵە، هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن لە هەر ٢٥٠ کەسێکدا ١ کەس یان زیاتر تووش دەکات لە ئەمریکای باکوور و ئەورووپا. بەپێی پەیمانگای نەتەوەیی نەخۆشی شەکرە و هەرسکردن و نەخۆشییەکانی گورچیلە لە ئەمریکا، نزیکەی ٩٠٠.٠٠٠ کەس لە ئەمریکا لەگەڵ هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن دەژین.
نیشانەکان
نیشانەکانی هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن زۆرجار بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبن. لە سەرەتادا، لەوانەیە نیشانەی سووکی هەوکردنی بریناوی گەدە تێبینی بکەیت، لەوانە:
- سکچوون (لەوانەیە خوێناوی بێت یان نا).
- زیادبوونی جووڵەی ڕیخۆڵە یان ماوەکانی سکچوون (چوار یان کەمتر لە ڕۆژێکدا).
- جووڵەی ڕیخۆڵەی بەپەلە (لەناکاو پێویستی بە پیساییە).
- قەبزی (وەک ئەوەی کە پێویستە پیسایی بکرێت، بەڵام ناتوانرێت).
- گرژبوونی ناو سک و ئازار.
هەروەها لەوانەیە نیشانەکانی هەوکردنی بریناویی کۆڵؤنی مامناوەند بۆ توند هەبێت، لەوانە:
- جووڵەی ڕیخۆڵەی بەردەوام یان ماوەی سکچوون (چوار جار یان زیاتر لە ڕۆژێکدا).
- خوێن، لینجی یان تۆپەڵبوونی خڕۆکەی سپی لە پیسایی.
- توندبوونی سک.
- ماندووبوون (زۆر ماندووبوون).
- لەدەستدانی کێش لەناکاو.
- هێڵنجدان.
- تا.
نزیکەی نیوەی خەڵک لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان نیشانەی سووکیان هەیە. هەندێکی دیکە تووشی تایەکی بەردەوام دەبن، یان سکچوونی خوێناوی، هەستکردن بە نەخۆشی و ئێشەی سک.
نیشانەکانی تری هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن
نزیکەی ٢٥٪ی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنیان هەیە لە کۆتاییدا حاڵەت و نیشانە پەیوەندیدارەکانیان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر بەشەکانی تری جەستە هەیە جگە لە کۆلۆن. تەنانەت هەوکردنەکە لەوانەیە بڵاوببێتەوە بۆ ئێسکەکان، جومگەکان، چاوەکان، پێست و جگەر.
نیشانەکان بریتین لە:
- ئازاری جومگەکان و هەوکردنی جومگەکان.
- سووربوونەوە، سوتان یان خورانی چاوەکان.
- چەند برینێکی ئازاربەخش، برینی ڕەش یان برین لەسەر پێست.
هۆکارەکان
توێژەران پێیان وایە هۆکاری تووشبوون بە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن ئاڵۆزە و چەندین هۆکاری مەترسی تێدایە. زۆربەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی هەیە بە وەڵامدانەوەیەکی زیادەی بەرگری. ئەرکی کۆئەندامی بەرگری جەستە پاراستنی جەستەیە لە میکرۆب و ماددە مەترسیدارەکانی تر. بەڵام هەندێک جار کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر جەستە، کە دەبێتە هۆی هەوکردن و زیان گەیاندن بە شانەکان.
هۆکارەکانی مەترسی
هەموو کەسێک دەکرێت هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن هەبێت، بەڵام مەترسییەکە لەسەر ئەم بنەمایانە گەورەترە:
تەمەن: زۆربەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە یان کاتێک تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاترە دەستنیشان دەکرێن بە بوونی هەوکردنی بریناوی کۆڵۆن.
ڕەگەز و نەتەوە: لە مەترسییەکی گەورەتردایت ئەگەر سپی پێست بیت، بەتایبەتی ئەگەر بە ڕەچەڵەکی ئەشکەنازی جوو بیت.
بۆماوەیی: ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن زیاترە ئەگەر خزمێکی پلەی یەکەم (دایک و باوک، خوشک و برا یان منداڵ)ـی تووش بووت هەبێت. نزیکەی ٢٠ ٪ی ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنیان هەیە ئەندامێکی خێزانیان هەیە کە تووشبووە بە هەوکردنی بریناوی کۆڵۆن یان نەخۆشی کرۆن.
میکرۆبەکانی ڕیخۆڵە: پێکدێت لە بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕوو لە کۆئەندامی هەرسکردندا. وەک سیستنی ژینگەی کۆڵۆن بیر لێ بکەرەوە، ئەو کەسانەی کە هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنیان هەیە جیاوازییان هەیە لە وردە زیندەوەرەکانیان بە بەراورد لەگەڵ کەسانی تر. لێکۆڵەران دڵنیا نین هۆکاری ئەمە چییە.
هۆکارەکانی تر، وەک فشاری دەروونی و خۆراک، مەترسی گەشەکردنی هەوکردنی بریناویی کۆڵۆن زیاد ناکەن، بەڵام لەوانەیە نیشانەیەکانی زیاد بکەن. یەکێک لە باشترین شتەکان کە دەتوانیت بیکەیت ئەگەر دەستنیشانی هەوکردنی بریناویی کۆڵۆنت کردووە ئەوەیە کە تێبینی پاڵنەرەکانت بکەیت بۆ ئەوەی خۆت لێیان دووربگریت.