سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2023-12-26-17:18:00 - کۆدی بابەت: 11774
سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

سیستمی زانیارییە جوگرافیەکان (بە عەرەبی: نظم المعلومات الجغرافية، بە ئینگلیزی: Geography Information Systemبریتییە لە کۆمەڵەیەکی بەیەکەوە بەستراوی کە پێکهاتووە لە (بەرنامە، ئامێرەکان، داتا و زانیاری، بەکارھێنەر و خەزنکردن و شیکردنەوە و بەدەستھێنان و پیشاندانی دەرئەنجامێکی زانستییانە بە ئاسانترین و گونجاوترین شێوە). سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان ناسراو بە (GIS) لە ئێستادا بۆتە زمانێکی سەردەمیانە بۆ لێك تێگەیشتنی نێوان توێژەران لە بوارە جیاجیاکان و بەرپرسانی بواری پلاندنان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن لە دام و دەزگاکان، لە ڕێگای سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دەتوانرێت بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی باشترین و گونجاوترین شوێن بدرێت بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی زۆرینەی پڕۆژەکان بە کاتێکی کەم و تێچوو و ماندووبوونێکی کەمتر، ئەمەش واتای ئەوە دێت کە دەستێکی باڵای ھەبووە لە گۆڕینی ڕێرەوی تەواوی سیستمی ژیان و کۆمپانیا و حکوومەت و بەڕێوبەرایەتی و شارەوانییەکانی جیھان ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ھەموو جومگەیەکی تەکنەلۆجیای سەردەمیانەی داگیر کردووە، بۆیە دەگمەنە شتێك بدۆزرێتەوە ھێندەی GIS  کە خۆی کردبێت بە ھەموو گۆشەیەکدا لەگەڵ ھەموو بوارەکانی ژیان خۆی گونجاندبێت.

ناساندنی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان

وشەی GIS کورتکراوەی ھەریەك لە وشکەکانی (Geography Information System) جوگرافیا (الجغرافیە - Geography) وەکوو ڕەگەزێکی شوێنی لەم سیستمەدا خۆی دەنوێنێت کە مەبەست لێی زەوییە، ئەو جیھانە ڕاستەقینەی کە بەھۆی دیاردە و پێکھاتەکەییەوە زانیارییەکان دەردەبڕێت. زانیاری (المعلومات – Information) بریتییە لەو زانییاریانەی کە ئەم سیستمە بەڕێوەی دەبات و کاری لەسەر دەکات. سیستم (النظم – System) بریتییە لە کۆمەڵە توخمێکی بە یەکەوە بەستراو بە لە کارکەوتنی یەکێك لەو توخمانە سیستمەکە پەکی دەکەوێت، کۆی ئەو کردارانەی کە بەرنامەکانی ئەم سیستمە ئەنجامی دەدەن لەسەر  زانیارییە وەرگیراوەکانی شوێنی دیاریکراون.

(سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان) وەکوو بنەمایەکی سەردەمیانە و ھاوبەشێکی خێرا و زانستی گەشەیکردووە، لە لایەك لە بەرەو پێش بردنی زانستی نەخشە و نەخشەسازی (Cartography) و لە لایەکی تریش زانستی جوگرافیا (Geography science) ئەگەر چی لە ڕابردوودا ڕووانینی جوگرافیا بۆ دیاردەکان بە شێوەیەکی وەسفی بووە و کەمتر ھەنگاوی ناوە بەرەو ڕووانینی کرداری (Practical) توێژینەوە جوگرافییەکان زیاتر پێویستان بە تێگەیشت و شیکردنەوە و لێکدانەوەی دیاردە ژینگەییەکانی دەوروبەر و دەرخستنی کاریگەری و کارلێکردنیان لەگەڵ یەکتری ھەبووە، بۆ ئەم مەبەستەش توێژەرانی جوگرافی پێویستیان بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری جۆراوجۆر ھەبووە بە گوێرەی جیاوازی شوێنیان ھەربۆیە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان بوو بە بنچینەیەکی وردی زانستیانە بۆ دروستکردنی نەخشە لەسەر بنەمای داتا شوێنی و داتاوەسفییەکان، گرنگی ئەم سیستمە لەوە دایە کە بەکارھێنەرانی دەتوانن بە کاتێکی کەم و تێچوویەکی کەم ماندووبوونێکی کەمتر نەخشەی ھەر شوێنێك دروست بکەن کە ئامانجیانە بە شێوەیەکی ئاسان و زانستیانە. 

کەواتە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان ئامرازێکی کۆمپیوتەرییە بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە جوگرافییەکان یان سیستمێکی کۆمپیوتەرییە بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە شوێنی و ناشوێنییەکان و کۆگاکردنیان و شیکردنەوە و چارەسەرکردنیان و پیشاندانیان بە پشت بەستن بە تەوەرەی شوێنی (X,Y).

مێژووی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان 

سەرەتای دەرکەوتنی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم، بەتایبەتیش کاتێك کە توێژەران ھەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ نواندنی دیاردەکانی سەر ڕووی زەوی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکانیان، دواتر گرنگی زیاتر درا بەو بەرنامەیە بۆ نواندنی داتا و زانیاری و بەستنەوەی بە شوێنی جوگرافی و شیکردنەوەی دواتریش چاپکردنی لەسەر کاغەز.

یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆگرامە کۆمپیوتەریانەی کە پەرەی پێدرا بریتی بوو لە سیستمی زانیاری جوگرافی کەنەدی (CGIS) لە ساڵی ١٩٦٢ لە لایەن ئەندازیاری کەنەدی (روجر توم لینسون) ئەم پڕۆگرامە ئامادەکرا بە ئامانجی بەرەوپێش بردنی سیستمی زانیارییە دیجیتاڵییەکان بوو بۆ چارەسەر کردنی نەخشەی دەرامەتە سروشتییەکان لە کەنەدا، ئەم پڕۆگرامەش یارمەتی دەربوو لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی زەویە کشتوکاڵییەکان و لەوەڕگاکان، ئەمەش لە ڕێگای داخڵکردنی کۆمەڵێك داتا و زانیاری و شیکردنەوەیان و خستنەڕووی چارەسەریان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی کە خۆی دەبینیەوە لە بەرھەم ھێنانی کۆمەڵێك نەخشە لەسەر شیاوی خاك بۆ کشتوکاڵ و ئەو ناوچانەی کە توانای بەرھەمھێنانیان ھەیە.

دواتر ئەم پڕۆگرامە لە ساڵی ١٩٦٧بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکارھات، لە ساڵی ١٩٨٢ ئەم پڕۆگرامە ١٧٠ سیستمی لە خۆگرتبوو کە ٨٢ سیستمیان ئەمریکی بوون و ٨٥ سیستمیش کەنەدی و بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپی بوونە. لەگەڵ سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیستەم سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەرنامەکانی ڕووی لە زیاد بوون کرد لە لایەن چەند دەزگایەکی (میرییە)وە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپا بە ئامانجی بەجێ گەیاندنی چەند پڕۆژەیەکی شوێنجێیی لەسەر ئاستی زانکۆکان، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆی (واشنتۆن) ھەڵسا بە بەرەوپێش بردنی پڕۆگرامێکی تایبەت بە کاری (گەیاندن و پلاندانانی ھەرێمی) لە دوایدا سیستمی بەکارھێنانی زەوی و بەڕێوەبردنی دەرامەتە سروشتییەکان سەری ھەڵدا لە ویلایەتی نیۆڕك لە ساڵی ١٩٦٧، لە ساڵی ١٩٦٩ پەیمانگای توێژینەوە لە سیستمە ژینگەییەکان ناسراو بە (ESRI) دامەزرا بە پشت بەستن بە چەند بیرۆکەیەک کە لە زانکۆی ھارفارد چەند شوێنێکی تر پەیدابوون.

لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم سیستمێکی پێشکەوتوو سەری ھەڵدا بە شێوەیەکی بازرگانی بەناوی (Arc info) لە ساڵی ١٩٨٢ کە بە گرنگترین سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دادەنرا لەو سەردەمدا، چونکە دەرئەنجامێکی نایابی دا بە دەستەوە لە بوارەکانی (ڕووبەڕوو بوونەوەی بە بیابانبوون، پلاندانانی ھەرێمی، توێژینەوە ژینگەییەکان، پەرەپێدانی دەرامەتە سروشتییەکان) دواتر چەندین سیستمی تر سەریان ھەڵدا وەكوو (GIS,Spans,Atlas,Intergraph).

لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیست تا کۆتایی ئەو سەدەیە بە قۆناغێکی زێڕینی گەشەی کارتۆگرافی دادەنرێت، چونکە کۆمەڵێك پڕۆگرامی سەردەمیانە ھاتنە کایەوە کە گرنگترینیان سیستمی دیاریکردنی شوێنی (Global Position Systems) وێنەی مانگە دەستکردیە ئاسامانیەکان (Image Satellite) لە ڕێگای سیستەمی ھەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing) کە ھۆکارێکی گرنگبوون بۆ خستنەڕووی نەخشەی دیجیتاڵی بە جۆرێک تاکوو ئێستا جیھان ھاوشێوەی ئەو ھونەرە نەخشەسازییەی بە خۆیەوە نەبینیووە.

سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان ئامرازە یان تەکنیکە یان زانستە؟

سیستەمی زانیارییە جوگرافیەکان بە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە تاکوو گەیشتووە بەو سیستەمە پێشکەوتووەی کە ئێستا بەردەست کراوە، شایەنی باسە لە قۆناغی یەکەم لەو کاتەی کە نەخشە کاغەزیەکان کران بە نەخشە دیجیتاڵییەکان لەم قۆناغەدا سیستمی زانیارییە جوگرافیەکان وەکوو ئامراز (Tool) بەکارھێنراوە، بەڵام لە قۆناغی دووەم کە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان قۆناغی ئامرازی تێپەڕاند و گەیشت بە قۆناغی تەکنیك (Technology) لەم قۆناغەشدا ئەم سیستمە چەندین فەرمانی لە خۆگرتبوو کە بریتیبوون لە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و کۆگاکردنیان و شیکردنەوە و چارەسەر کردنیان تا وای لێھات لە ناوەڕۆکدا پشت بە چەندین زانست ببەستێت وەکوو زانستەکانی (ئامار، جوگرافیا، کارتۆگرافی، کۆمپیوتەر، جیۆدیسیا، تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە RS، سیستەمی دەست نیشانکردنی شوێنی GPS) سەبارەت بە قۆناغی سێیەم ھەژمارکردنی سیستمی زانیارییە جوگرافیەکان وەکوو زانست (Gis Science) نەك وەکوو تەکنیك یەکەمین سەرھەڵدان بۆ چەمکی "زانستی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان" دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ کاتێك پڕۆفیسۆر (Goodchild Michael) توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە لە دوایدا چەندین چەمکی تر سەریان ھەڵدا کە لە ناوەڕۆکدا ھەمان مانایان ھەڵگرتبوو وەکوو:

  • Geomatics
  • Geoinformatics
  • Spatial information system
  • Geoinformation engineering 

لە ساڵی ٢٠٠٠ لە وڵاتە کگرتووەکانی ئەمریکا کۆنفڕانسێکی زانستی بەڕێوەچوو لە ژێرناونیشانی کۆنفڕانسی زانستی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (www.Giscience.org) زۆربەی بابەتەکانی ئەم کۆنفڕانسە لە زۆرینەی خولەکانیدا پێکھاتبوون لە زانستی (جوگرافیا، کۆمپیوتەر، ئەندازیاری، فەلسەفە، بیرکاری، ئامار، کۆمەڵایەتی، زانیاری) کەواتە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان ئامرازە تەکنیکە، زانستە ئەمەش بەپێ ئەو قۆناغانە بووە کە زانستەکە پیایدا تێپەڕیووە.

پەیوەندی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان بە زانستەکانی تر

١- زانستەکانی کۆمپیوتەر (Computer Science)
بەکاردێت بۆ نواندن و بەکارخستن و پێوانەکردنی زانیارییە کۆکراوەکان لە ڕێگای بەرەوپێش بردنی ئامێرە تەکنیکێیەکان وەكوو (Hardware) و ڕێگاکانی نموونەسازی و سیستمە تەنیکییەکانی وەكوو (Software) هەر بۆیە سیستمە کۆمپیوتەرییەکان بە پێکهاتەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە ڕێگای پڕۆگرامە تایبەتییەکانییەوە، سیستمی کۆمپیوتەریش لەسێ پێکهاتەی سەرەکی پێکدێن کە بریتین لە:

  • ئامێرەکانی داخڵکردنی داتا وەكوو سی دی، ڕایتەر، ئامێرەکانی سکانەر و کیبۆرد و مۆنیتەر.
  • ئامێرەکانی پاراستن و چارەسەرکردن  وەكوو هاڕد و پڕۆسیسەر.
  • ئامێرەکانی بەدیارخستن و دەرهێنان وەكوو پرێنتەر و ئامێرەکانی وێنەکێشان.

٢- زانستی جیۆدیسیا (Geodesy Science)
بەکاردێت بۆ دیاریکردنی شێوە و قەبارەی زەوی، بواری ھێزی کێشکردنی زەوی و نموونەی بیرکارییە بەکارھاتووەکان لەو نواندانانەدا.

٣- زانستی کارتۆگرافی (Cartography Science
ئەم زانستە بەکاردێت لە بواری دیاریکردنی بنچینە و بنەماکانی نواندنی ڕواڵەتە سروشتی و مرۆییەکانی سەر زەوی، ئەم نواندنانەش چ بە شێوەی نەخشەی کاغەزی بێت یان بە شێوەی نەخشەی دیجیتاڵی بێت.

٤- زانستی ڕووپێوی وێنەیی (Photogrammetry Science
بەکاردێت بۆ دیاریکردنی شوێن و شێوەکانی سەر ڕووی زەوی، لە ڕێگای ئەنجامدانی پێوانەکردن لەسەر وێنە ئاسمانییەکان

٥- زانستی ھەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing Science
بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری شوێنی و ژینگەیی بەبێ ئەوەی بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆی ھەبێت لەگەڵ ئامانجەکەی لەسەر ڕووی زەوی.

٦- زانستی ڕووپێوی (Surveeying Science
ئەم زانستە بەکاردێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵە لایەنێك لە چوارچێوەی سیستمی زانیارییە جوگرافێیەکان وەكوو ڕێگا و ئامێر و تەکنیکە بەکارھاتووەکان لە پێوانە و نواندنی وردەکاری شێوەی بەرزی و نزمی (تۆپۆگرافی) سەر ڕووی زەوی. 

٧-  پەیوەندی زانستی ئامار بە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان
زانستی ئامار بە لقێکی سەرەکی دادەنرێت کە هاوبەشی دەکات لە بەڕێوەبردنی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان، چونکە سەرجەم پڕۆگرامەکانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان ئاماری مۆدێڵی بیرکاریان لە خۆگرتووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسێس و شیکاری داتای بڕی شوێنی. 

٨- پەیوەندی زانستی جوگرافیا بە سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان
‌‌جوگرافیا ئەو زانستەیە کە گرنگیدەدات بە پەیوەندی شوێنی دیارە سروشتی و مرۆییەکان و کاریگەریان لەسەر ژینگە و مرۆڤ، لە ڕێگای ئەنجامدانی شیکاری بڕی بۆ دیاردەکان بۆیە زانستی جوگرافیا بە بنەمایەکی سەرەکی سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی فرمانە شیکارییەکان و هاوبەشی کردن لە بڕیاردانی دروست.

٩- سیستمی جیھانی بۆ دەست نیشانکردنی شوێنەکان (GPS)
بەکاردێت بۆ بەدەست ھێنانی کۆردینەیتی سێ ڕەھەندی بۆ ئامانجە جێگیر و جوڵاوکان لەھەر شوێنێکی سەر  ڕووی زەوی بێت و لەژێر کاریگەری ھەر بارودۆخێکی کەشوھەوا بێت. 

١٠- سیستمی زانیاری جوگرافی جاڵجالۆکەیی (Webgis system
بەکاردێت بۆ ڕەخساندن و دابەشکردنی داتا شوێنیەکان لە ڕێگایی کۆمپیوتەرەکان و لە دەرەوە بە ڕێگای تۆڕی کۆمپیوتەری یان ئینتەرنێت.


سەرچاوەکان



602 بینین