پشكنینی بۆماوەیی

له‌لایه‌ن: - لێزان خالید لێزان خالید - به‌روار: 2024-01-19-23:13:00 - کۆدی بابەت: 11875
پشكنینی بۆماوەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشكنینی بۆماوەیی (بە عەرەبی: الاختبارات الجينية، بە ئینگلیزی: genetic testing) پشکنینی بۆماوەیی جۆرێکە لە پشکنینی پزیشکی کە گۆڕانکاری لە بۆهێڵەكان، کرۆمۆسۆمەکان یان پرۆتینەکاندا دەستنیشان دەکات. ئەنجامی پشکنینی بۆماوەیی دەتوانێت حاڵەتێکی بۆماوەیی گوماناوی پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەت بکاتەوە یان یارمەتی دیاریکردنی ئەگەری تووشبوون  و گواستنەوەی نەخۆشی بۆماوەیی کەسێک بدات. لە ئێستادا زیاتر لە ٧٧ هەزار پشکنینی بۆماوەیی بەکاردەهێنرێن و هەندێکی دیکەش پەرەیان پێدەدرێت.

پشكنینی بۆماوەیی بریتییە لە گەڕان بەدوای گۆڕانکارییەکان لە:-

بۆهێڵەكان (جینەكان): تاقیکردنەوەی بۆهێڵەكان لێکۆڵینەوە لە زنجیرەكانی DNA دەکات بۆ دەستنیشانکردنی  بازدان یان گۆڕانکاری لە بۆهێڵەكاندا کە دەتوانێت ببێتە هۆی یان زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە تێکچوونی بۆماوەیی، پشكنینی DNA ی هەر كەسێك پشت بە نیوكلۆتایدەكان دەبەستێت كە پێكهاتەی سەرەكی DNA، بۆهێڵێك یان چەند بۆهێڵێك یان هەموو DNA ی كەسێك كە بە بۆهێڵەكان ناسراوە.

کرۆمۆسۆمەکان: پشکنینی بۆماوەیی کرۆمۆسۆمەکان کرۆمۆسۆمی تەواو یان درێژی زنجیرەیی DNA شیکاری دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا گۆڕانکاری بۆماوەیی گەورە هەیە، وەک کۆپییەکی زیادەی کرۆمۆسۆمێک، کە دەبێتە هۆی حاڵەتێکی بۆماوەیی.

پرۆتینەکان: پشكنینی بۆماوەیی كیمیای زیندەیی لێکۆڵینەوە لە بڕ و ئاستی چالاکیی پڕۆتینەکان یان ئەنزیمەکان دەکەن، نائاسایی لە هەریەکەیان دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە DNA کە لە ئەنجامدا تێکچوونی بۆماوەیی لێدەکەوێتەوە.

هۆكارەكانی پشكنینی بۆماوەیی

  • بۆئەوەی بزانیت كە ئایا حاڵەتێكی بۆماوەییت هەیە كە لە خێزانەكەتدا هەبووە پێش ئەوەی نیشانەكان لەتۆدا دەربكەوێت.
  • بۆ ئەوەی بزانیت كە ئەگەری دووگیانی لە ئێستا یان داهاتوو حاڵەتێكی بۆماوەیی هەبێت.
  • بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی بۆماوەیی ئەگەر تۆ یان منداڵەکەت نیشانەکانی هەبوو.
  • بۆ تێگەیشتن و ڕێنماییکردنی پلانی خۆپاراستن یان چارەسەرکردنی شێرپەنجە.

جۆرەكانی پشكنینی بۆماوەیی

چەندین جۆری جیاوازی پشکنینی بۆماوەیی هەیە، یەک پشکنینی بۆماوەیی نییە کە بتوانێت هەموو حاڵەتە بۆماوەییەکان دەستنیشان بکات، شێوازی پشکنینی بۆماوەیی تاکەکەسییە بە پشتبەستن بە مێژووی پزیشکی و خێزان و بۆ چ حاڵەتێک پشکنییان بۆ دەکرێت.

پشكنینی تاكە بۆهێڵ: پشكنینەكانی تاكە بۆهێڵ بریتییە لەگەڕان بەدوای گۆڕانكارییەكان تەنها لەیەك بۆهێڵدا. پشكنینی تاكە بۆهێڵ كاتێك ئەنجام دەدرێت كە پزیشكەكەت پێی وایە تۆ یان منداڵەكەت نیشانەكانی حاڵەتێك یان نیشانەیەكی دیاریكراوتان هەیە، نموونەی ئەمەش بریتین لە نەخۆشی ماسولكەیی دوچێن یان نەخۆشی خانەی داسكی. هەروەها پشكنینی تاكە بۆهێڵ بەكاردەهێنرێت كاتێك گۆڕانكارییەكی بۆماوەیی ناسراو لە خێزانێكدا هەبیت.

پشكنینی پانێڵ: پشكنینی جیناتی پانێڵ بریتییە لەگەڕان بەدوای گۆڕانكاریەكان لە زۆربەی بۆهێڵەكان تەنها لەیەك تاقیكردنەوەدا. هەندێك لەنموونەكانی پشكنینی پانێڵی بۆماوەیی بریتییە لە كەمی ماسولكەكان، كورتی باڵا یان گەشكە (فێ). هەروەها دەتوانرێت پشكنینی بۆهێڵەكانی پانێڵەكان پۆلێن بكرێن بۆ گرووپێك لە بۆهێڵەكان كە هەموویان پەیوەندیان بە مەترسی زیاتر توشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجەوە هەیە وەك شێرپەنجەی مەمك، شێرپەنجەی كۆڵۆن و ڕیخۆڵە.

پشكنینی بۆماوەیی یان بۆهێڵی بە قەبارەیەكی گەورە: دوو جۆری جیاوازی پشكنینی بۆماوەیی گەورە هەیە ئەوانیش بریتین لە:

  • ڕێكخستینی ئێگزۆم: سەیری هەموو بۆهێڵەكانی ناو DNA دەكات (تەواوی ئێگزۆم) یان تەنها ئەو بۆهێڵانەی كە پەیوەندییان بە باردۆخە پزیشیكیەكانەوە هەیە (ئێگزۆمی كلینیكی).
  • ڕێكخستنی جینۆم: گەورەترین پشكنینی بۆماوەییە و سەیری هەموو DNA ی كەسێك دەكات نەك تەنها بۆهێڵەكان.

مەترسی و سنوورەکانی پشکنینی بۆماوەیی چین؟

مەترسییە جەستەییەکانی پەیوەست بە زۆربەی پشکنینە بۆماوەییەکان زۆر کەمن، بەتایبەتی بۆ ئەو پشکنینانەی کە تەنها پێویستیان بە نمونەی خوێن یان ئامادەكردنی سمیری دەم هەیە (شێوازێکەکە نمونەی خانەکان لە ڕووی ناوەوەی ڕوومەتەوە وەردەگرێت)، بەڵام ئەو ڕێکارانەی کە بۆ تاقیکردنەوەو دەستنیشانکردنی پێش لەدایکبوون بەکاردەهێنرێن (پێیان دەوترێت ئامنۆسەنتێزی و نمونەگرتنی ڤیلۆسی کۆریۆنی) مەترسییەکی بچووک بەڵام ڕاستەقینەیان هەیە بۆ لەدەستدانی دووگیانی (لەبارچوون) چونکە پێویستیان بە نمونەیەکی شلەی سەراو یان شانە هەیە لە دەوروبەری کۆرپەلە.


سەرچاوەکان



261 بینین