نەخۆشیی گەشکە لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-02-18-22:13:00 - کۆدی بابەت: 11982
نەخۆشیی گەشکە لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشیی گەشکە لە منداڵاندا (بە ئینگلیزی: seizure, paralysis in children) بارودۆخێکی مێشکییە و باوترین کێشەکانی دەمارە کۆئەندامە. مێشک لە دەمارە خانەکان پێکهاتووە کە بەهۆی چالاکی کارەبایی پەیوەندی نێوانیان بەردەوامە. کاتێک بەشێک یان چەند بەشێکی مێشک چەند نیشانەیەکی نائاسایی وەردەگرن کە دەبێتە هۆی تێکدانی نیشانە ئاساییەکانی مێشک ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیی گەشکە. هەر شتێک ببێتە هۆی پچڕان و تێکدانی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان خانەکانی مێشک دەبێتە هۆی دروستبوونی گەشکە یان فێ. ئەو حاڵەتانەش وەک تای بەرز، بەرزی یان نزمی پەستانی خوێن، بەکارهێنانی ئەلکحول و  لێدانی قورس لە مێشک. چەند جۆرێکی جیاوازی نەخۆشیی فێ هەیە، جۆرەکانی نەخۆشیی فێ بەندە لەسەر ئەوەی چ بەشێکی مێشک یان چەندێکی مێشک کاریگەر بووە و لە ماوەی تووشبوون بە فێ یەکە چی ڕوویداوە. دوو جۆری فێ بریتین لە فێی گشتگیر و فێی بەشێکی مێشک (Focal seizure).

فێی بەشێکی مێشک

کاتێک ڕوو دەدات کە کرداری نائاسایی مێشک لە بەشێک یان زیاتر لە بەشێکی مێشکدا ڕوودەدات. پێش ڕوودانی گەشکە لە منداڵەکاندا چەند نیشانەیەک دەردەکەون، وەک گوێبیستبوونی هەندێک شتی نائاسایی، یان گۆڕان لە هەستی بۆنکردن.

دووجۆری Focal seizure بریتین لە:

  • گەشکەی سادە

نیشانەکان بەند دەبێت لەسەر ئەوەی چ بەشێکی مێشک کاریگەر بووە. ئەگەر کاری نائاسایی مێشک لەو بەشەی مێشکدا بێت کە لەگەڵ بینیندا تێکەڵ دەبێت ئەوا ڕەنگە بینینی منداڵەکە بگۆڕێت. زۆر کاتیش ماسولکەکان کاریگەر دەبن، کاریگەری گەشکە لەسەر ماسولکەکان تایبەتە بە بەشێکی ماسولکەکان بۆ نموونە پەنجەکان، ماسولکە گەورەکانی دەست یان قاچەکان. ڕەنگە منداڵەکان ئەم نیشانانەشیان تێدا دەربکەوێت وەک ئارەقکردنەوە، دڵتێکەڵهاتن و زەردبوونی ڕەنگ. لەم جۆرەی گەشکە منداڵەکان هۆشیان لەدەست نادەن.

  • گەشکەی ئاڵۆز

ئەم جۆرەی گەشکە بەزۆری لەو بەشانەی مێشکدا ڕوودەدات کە کۆنتڕۆڵی هەستەکان و یادەوەری دەکات. لەم جۆرەدا ڕەنگە منداڵەکە بێ هۆش ببێت و ناتوانێت ئاگاداری ئەو شتانە بێت کە لە دەوروبەری ڕوودەدەن. دوای ڕوودانی گەشکە لەم جۆرەیاندا ڕەنگە منداڵەکە بۆ ماوەیەک بخەوێت بەو ماوەیە دەوترێت ماوەی دوای گەشکە.  

گەشکەی گشتگیر

  • ئەم جۆرەی گەشکە لە هەردوو لای مێشکدا ڕوودەدات. لەم جۆرەدا منداڵەکە هۆشی نامێنێت و دوای ڕوودانی گەشکەکەش هەست بە ماندوویەتی دەکات.

جۆرەکانی گەشکەی گشتگیر بریتین لە:

  • سووکە فێ

ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کورت لە هۆشیاری و توانای سەیرکردن. لەم جۆرەدا منداڵەکە بەخێرایی چاوەکانی دەتروکێنێت، بەزۆری گەشکەکە زیاتر لە ٣٠ چرکە ناخایەنێت. کاتێک ماوەی ڕوودانی گەشکەکە تەواو بوو ڕەنگە منداڵەکە بیری نەکەوێتەوە چی ڕووی داوە و دووبارە دەست بە چالاکییە ئاساییەکانی سەرەتای بکاتەوە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. ئەم جۆرە بەزۆری لەنێوان تەمەنی ٤ بۆ ١٢ ساڵیدا ڕوودەدات و ڕەنگە چەند جارێک لە ڕۆژێکدا ڕووبدات دەکرێت کێشە بۆ ڕەفتار و توانای فێربوونی منداڵەکە دروست بکات.

  • گەشکەی خاووبوونەوە

لەم جۆرەیانادا ماسولکەکان لەناکاو خاو دەبنەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی کەوتن، ڕەنگە منداڵەکە کاردانەوەی نەبێت و هەست بە ماندووبوون بکات.

هۆکارەکانی گەشکە لە منداڵاندا

  • نەمانی هاوسەنگی لە گواستنەوەی نیشانەکانی مێشک.
  • لووی مێشک
  • جەڵتەی مێشک
  • زیانگەیشتن بە مێشک بەهۆی نەخۆشیی یان برینداربوون.

نیشانەکانی گەشکە لە منداڵاندا

نیشانەکان لەسەر جۆری گەشکەکە بەند دەبێت، ئەمانە چەند نیشانەیەکی باوی گەشکەیە:

  • لەرزینی دەست و قاچەکان
  • چاو نەتروکاندن و بەبەردەوامی سەیرکردنی شوێنێک یان شتێک
  • ڕەقبوونی جەستە
  • لەدەستانی ئاگایی و بێهۆش بوون
  • درووستبوونی کێشەی هەناسەدان، یان وەستانی هەناسە
  • لەدەستدانی توانای کۆنترۆڵکردنی ڕیخۆڵە و میزەڵدان
  • کاردانەوەی بۆ وشە و ژاوەژاوی دەوروبەری نابێت
  • تروکاندنی چاو بەخێرایی

لەماوەی گەشکەدا ڕەنگە پەلەکانی منداڵەکە ڕەنگیان بۆ شین بگۆڕێت، یان هەناسەدانی ئاسایی نەبێت. لەدوای گەشکە ڕەنگە منداڵەکە بخەوێت یان هەست بە شڵەژان بکات.


سەرچاوەکان



188 بینین