دڵەڕاوکێی داهاتوو

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-02-23-14:26:00 - کۆدی بابەت: 12006
دڵەڕاوکێی داهاتوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دڵەڕاوکێی داهاتوو (بە عەرەبی: قلق مستقبل، بە ئینگلیزی: future anxiety)، بە دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ دادەنرێت، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری نەرێنی لە داهاتوودا، ئەگەری هەیە هەڕەشەیەک بێت بۆ تێکدانی ئارامی مرۆڤ لە داهاتوودا، کاریگەری لەسەر کەسێتی بەجێدەهێڵێت.

بۆچی دڵەڕاوکێی داهاتوومان هەیە؟

فشاری دەروونی وەڵامێکی سروشتییە لە بەرامبەر شتێک یان ڕووداوێک، کاتێک ئێمە لە بارودۆخێکی نوێداین یان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبینەوە، ئاساییە کە هەست بە نیگەرانی بکەین دەربارەی ئەوەی کە لە داهاتوودا چی دەبێت، ئەم هەستانە یارمەتیمان دەدەن پێشبینی ئەوە بکەین کە لەوانەیە لە داهاتوودا چی ڕووبدات و تەنانەت لەوانەیە وەکو پاڵنەرێکیش وابێت، ئەگەر فشاری دەروونی کەم بوو، ئەوە دەکرێت ئەم فشارە سوودبەخش بێت، بەڵام کاتێک ئەو فشارە درێژخایەن دەبێت، ئەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەییمان دروست دەکات، دڵەڕاوکێی زۆر سەبارەت بە داهاتوو دەتوانێت وامان لێبکات خۆمان بەدووربگرین لەو شتانەی کە ئێمە بە فشاری دەروونی دەزانین، کە لەوانەیە دڵەڕاوکێکە خراپتر بکات، ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەنیان هەیە لەوانەیە شتەکان بە جیاوازتر ببینن لەوانی تر، ئەوان پێشبینی ئەوە دەکەن  کە شتە نەرێنییەکان زۆرتر ڕوودەدەن و هەست بە مەترسی ڕاستەقینە دەکەن.

نیشانەکانی دڵەڕاوکێی داهاتوو

نیشانە جەستەییەکان

دڵەڕاوکێی داهاتوو چەندین نیشانەی جەستەیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت لەوانە: گرژبوونی ماسولکەکان، زەحمەتی سەرنجدان، خێرایی لێدانی دڵ، هەستکردن بە ئازار لە گەدەدا، هەستکردن بە سەرئێشە، کێشە لە خەوتن، ئەم نیشانانە لەوانەیە بارگرانییەکی زۆر لەسەر تەندروستی دەروونی و هەستی دروست بکات. نیشانەکانی تر بریتین لە:

  • خێرایی لێدانی دڵ.
  • سەرگێژبوون.
  • ترس لە مردن.
  • هەستکردن بە نیگەرانی، گرژی، فشار، یان توڕەبوون.
  • هەستکردن بە نائارامی و نەتوانینی دانیشتن.

هۆکارەکانی دڵەڕاوکێی داهاتوو چین؟

تا ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ دڵەڕاوکێی داهاتوو، بەڵام زیاد بیرکردنەوە دەربارەی داهاتوو بە شێوەیەکی گشتی  وبیرکردنەوەی نەرێنی بەشێوەیەکی تایبەت کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی دڵەڕاوکێ هەیە بۆ داهاتوو.

چارەسەری دڵەڕاوکێی داهاتوو

١. هەناسەدان

فێربوون و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی هەناسەدان یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەتوانیت بیکەیت بۆ هەر جۆرە دڵەڕاوکێیەک، دڵەڕاوکێ کاریگەری دەخاتە سەر جەستەت، هەناسەدانت خێرا و تەنگ دەبێت، دەستت ئارەقە دەکاتەوە.  ئەمە بازنەیەکی کاردانەوەی نەرێنی دروست دەکات کە کاردانەوەی جەستەت دڵەڕاوکێکە زیاتر دەکات، دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئەمانە بکەیت لە ڕێگای تەکنیکی هەناسەدانەوە، دەتوانیت سەرەتا بە هەناسەیەکی هێواش و قووڵ دەست پێ بکەیت، تەکنیکی هەناسەدان یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ دەربارەی داهاتووت، ئەمە یەکێکە لە باشترین ئەو شتانەی کە دەتوانیت بیکەیت بۆ تەندروستی دەروونیت.

٢. ڕابردوو بە بیر خۆت بهێنەوە

بیر لەوە بکەرەوە کە لە ڕابردوودا چۆن بوویتە و چۆن توانیوتە زاڵ ببیت بەسەر سەختەییەکاندا و ئەو شتانەی کە تۆ پێت وابووە قورسن ئەنجامت داون، ئەم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاوەکو دڵەڕاوکێت بۆ داهاتوو کەمتر بێیتەوە. 

٣. هەنگاو بنێ بەرەو گۆڕانکاری

سەرەتا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دروست بکەیت دەبێت هۆکار دیاری بکەیت دوای ئەوە هۆکارت دیاری کرد دەتوانیت هەنگاو بنێت بەرەو گۆڕانکاری، دڵەڕاوکێی داهاتووت هەیە دەربارەی ئەوەی ژینگەکەت پیسە و لە داهاتوودا ئەم ژینگەیە چی لێدێت؟ دەتوانیت هاوکاری ژینگە پارێزەکان بکەیت تاوەکو دڵەڕاوکێکەت کەم بکەیتەوە یاخود تۆ تاکێک نەبیت لەو تاکانەی کە ژینگەکەیان پیس دەکەن.

٤. داوای یارمەتی بکە

پەیوەندی بکە بە هاوڕێیەکی باوەڕپێکراو، متمانەپێکراو، یان پیشەگەرێک کە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە کەمکردنەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکانت. هەندێک جار بە تەنها قسەکردن لەگەڵ ئەواندا دڵەڕاوکێکەت دەربارەی داهاتوو کەم دەبێتەوە، مێشکت ئارام دەبێت و جەستەت پشوو دەدات کاتێک پشت بەو پاڵپشتییە دەبەستیت کە کەسێکی تر دەتوانێت پێشکەشی تۆی بکات هەست بە ئارامی  ودڵنیایی دەکەیت لەگەڵیاندا.


سەرچاوەکان



129 بینین