بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-02-24-22:03:00 - کۆدی بابەت: 12017
بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان (بە عەرەبی: تطوير الخدمات، بە ئینگلیزی: Improvement of servicesژیانی مرۆڤ بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە لەسەرجەم بوارەکاندا، گەیشتووە بە ئاستێکی بەرز بە تایبەتی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، لە ئەنجامی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا و زانست کە کاریگەری و ڕەنگدانەوەیان ھەبووە لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیان لە چوارچێوەی ئەم بوارانەش خزمەتگوزارییەکان بە پلەی یەکەم دێن کە بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەخۆیانەوە بینیووە لەلایەنی جۆر و بڕ و کواڵیتی بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ پێداویستی و خواستەکانی مرۆڤ.

بەرەوپێشچوونی خزمەتگوزارییەکان بەندە بە چەند ھۆکارێکەوە

١- خواستی بەردەوام لەسەر خزمەتگوزارییەکان: خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە بە شێوەیەکی زۆر خێرا بۆ پرکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ، جیادبوونی خواستیش بەو شێوە خێراییە دەگەڕێتەوە بۆ دووھۆکار کە بریتین لە: 

  • زیادبوونی پێداویستییەکانی مرۆڤ بۆ ئەو خزمەتگوزاریانە بە تێپەڕبوونی کات بەپێی پێشکەوتنی ئاستی ڕۆشنبیری و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و گەشەکردنی تەکنەلۆجیا.
  • زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە بەردەوامی ھۆکارێکی سەرەکییە، چونکە خواست لەسەر خزمەتگوزارییەکان زیاد دەکات بەم جۆرەش پەستانێکی زۆر لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان دروست دەبێت و زۆر جار دەبێتە ھۆکاری بەشنەکردنی خزمەتگوزارییەکان. بۆ نموونە خواست خزمەتگوزاری (ئاو، کارەبا، ڕێگا و بان و ئینتەرنێت) بە بەردەوامی زیاد دەکات بە شێوەیەکی بەرچاو.

٢- لەم چەند ساڵەی ڕابردوو جیھان بەرەو پێشچوونێکی گەورەی تەکنەلۆجیای بەخۆیەوە بینیوە، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیان ھەبووە لە نێو ئەم بوارانەش خزمەتگوزارییەکان بە ھەموو جۆرەکانیانەوە، بە جۆرێک کە تەکنیکی تازە و پێشکەوتوو بەکاردەھێنرێت لە ئاڕاستەکردنی خزمەتگوزارییەکانی (تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، ئاو و کارەبا، ئاوەڕۆ و خۆشگوزەرانی و لەناو بردنی پاشماوە ڕەقەکان و گواستنەوە و گەیاندن). بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا بۆتە ھۆی داھێنانی ئامێری جۆراوجۆر کە مرۆف لە ماڵەوە بەکاری دەھێنێت، نموونە وەکوو ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە و ئینتەرنێت، کۆمپیوتەر، مۆبایل) کە پێویستیان بە وزە و ئاوی زیاتر ھەیە.

٣- زیادبوونی ژمارەی ئەو کرێکارانەی کار دەکەن لە بواری خزمەتگوزارییەکان: کەرتی خزمەتگوزاری بە کەرتێکی سەرەکی دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەم کەرتە کاردەکەن، ژمارەی کرێکارانیش لە زیادبوون دایە بە شێوەیەکی بەردەوام لەم کەرتە، چونکە تا دێت ئەم کەرتە فراوانتر دەبێت. ڕێژەی ئەو کرێکارانەی لە کەرتی خزمەتگوزاری کار دەکەن گەیشتۆتە (٤٠٪) قەبارەی دەستی کار لە وڵاتانی پیشەسازی و زیاتر لە (٦٠٪) قەبارەی دەستی کار لە وڵاتانی ناپیشەسازی. بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا ژمارەی دەستی کار لە کەرتی خزمەتگوزاری توانی پێشەنگاییەتی لە کەرتی کشتوکاڵ بسەنێتەوە لە ساڵی ٢٠٠٦، کاتێک ڕێژەی دەستی کار لەم کەرتە گەیشتە (٤٠٪) و ڕێژەی دەستی کار لە کەرتی کشتوکاڵ دابەزی بۆ (٣٨,٧٪). 
بە شێوەیەکی گشتی لە جیھاندا دەستی کار پۆلێندەکرێت بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:

  • دەستی کاری سەرەکی: مەبەست لە دەستی کاری سەرەکی ژمارەی ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە کار دەکەن لەو چالاکیانەی کە داھات بۆ وڵات یان ھەرێم بەرھەم دێنن.
  • دەستی کاری ناسەرەکی: ژمارەی ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە کاردەکەن لە پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکان. لە نێوان ئەو دوو جۆرە کرێکارانەش جیاوازی گەورە بەدی دەکرێت، لە وڵاتانی پیشەسازی بەرانبەر ھەر کرێکارێکی کارکەر لە چالاکییە سەرەکییەکان دوو کرێکار لە چالاکییە ناسەرەکییەکان دەبینرێت، بەڵام لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو ئەو ژمارەیە بەرز دەبێتەوە بۆ پێنج کرێکار.

گرنگترین ئەو ھۆکارانەی کار دەکەنە سەر خزمەتگوزارییەکان

ھۆکارە کارگێڕییەکان

سنوورە کارگێڕییەکان بەوە دەناسرێن کە جێگیر نین و بە بەردەوامی لە گۆڕانکاری دانە، ئەم گۆڕانکاریانەش ھەندێک جار بە قازانج و ھەندێک جار بە شکستی یەکە کارگێڕییەکان و دراوسێکانیان دەشکێتەوە. گرنگترین ئەو ھۆکارانەی بەرپرسن لە گۆڕانی سنوورە کارگێڕییەکان بریتین لە:

  • ھۆکارە کارگێڕییەکان: زۆربەی کات لەگەڵ دەستنیشانکردنی یەکەیەکی کارگێڕی بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەری شار یان یان پایتەخت یان ھەر پلەییەکی تری کارگێڕی بێت، ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر چەندین لایەن گرنگترینیشیان خزمەتگوزارییەکانە. لە زۆربەی وڵاتانی جیھان خزمەتگوزارییە گرنگ و کواڵتی بەرزەکان لە سەنتەری شارەکان پێشکەش دەکرێن، بە واتای ئەوەی ھەرچەند لە دڵی شارەکان دوور بکەوینەوە ھەست بە کەمی خزمەتگوزارییەکان و دابەزینی کواڵتیان دەکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆکاری ئەوەی جیاوازی لە تێچوونی (خەرجی) گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان بەدی دەکرێت لە نێوان ژینگە شارنشینییەکان و ژینگە لادێ نشینییەکان و جیاوازی لە بڕی کاتی پێویست بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و کۆچکردنی دانیشتووان لە گوندەکان بە ئاڕاستەی شارەکان بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان و سوود وەرگرتن لێیان.
  • ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: خۆی دەبینێتەوە لە کاریگەرییەکانی زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان و چڕی دانیشتووان، بەم جۆرەش پێویست دەکات یەکە کارگێڕییەکان نوێ بکرێنەوە لە یەکە کارگێڕییە کۆنەکان، بۆ نموونە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان بکرێن بە ناحییە و ناحییەکان بکرێن بە قەزا و قەزاکان بکرێن بە پارێزگا بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بە ئاستێکی بەرز و خێرا پێشکەش بکرێن.
  • ھۆکارە ئابوورییەکان: خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وەبەرھێنان و بە تایبەتی ئەوانە پەیوەستن بە بەرھەمێنانی چالاکییەکانی کشتوکالی و ئاوەدانی و ئاوەڕۆ.

دانیشتووان

لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت، بۆچی دانیشتووان بە گرنگترین بابەت دادەنرێت بۆ خزمەتگوزارییەکان؟ 
لە وەڵامدا دەگووترێت، چونکە مرۆڤ لە لایەک وەبەرھێنەرە و لەلایەکیش بەکاربەرە، کەواتە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خزمەتگوزارییەکان بریتییە لە بەردەستکردنی پێداویستییەکانی خزمەتگوزاری تاکوو مرۆڤ بتوانێت بە ئاسوودەیی لە ژینگەییەکی ئارام بژیت و بوونی ئەو داتا و زانیارییانەی کە تایبەتن بە مرۆڤ بە بەردی بناغەی گشت خزمەتگوزارییەکان دادەنرێن. وە لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤاییەتی دادێن بە تایبەتی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان دادێن. گرنگترین ئەو ھۆکارانەش کە کاردەکەنە سەر دانیشتووان بریتین لە (کۆچکردن و لە دایکبوون و مردن).

ئاواکاری (العمران)

ئاواکاری کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی (شوێنیان و دروستبوونیان و قەبارەیان)، چونکە شێوەی دابەشبوون و درێژبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان ڕێک لەگەڵ دابەشبوونی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون دێت. پەیوەندییەکی ڕاستەوانە ھەیە لە نێوان قەبارەی دانیشتووان و قەبارەی ئاواکاری، چونکە ھیچ زیادبوونێک لە ژمارەی دانیشتووان بەبێ فراوانبوونی ڕووبەری ئاواکاری نایاتە کایەوە.

ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن

ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن بە پردی نێوان شوێنەکان دادەنرێن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە شوێنی مەبەست. لەم بارەییەوە زانا (شیزھۆڵم) دەڵێت پەیوەندییەکی ئەرێنی و بەھێز ھەیە لە نێوان ڕێگاکانی گواستنەوە و چڕی دانیشتووان و شێوەی گوندەکان، چونکە گوندەکان ھەمیشە بە درێژایی ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن دروست دەکرێن، بە شێوەیەکی درێژکۆڵەیی، کەواتە پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لە نێوان ڕێگاکانی گواستنەوە و دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان.

سیاسەتی دەوڵەت

کاریگەری ھەیە لەسەر لە دایکبوون و ھاوسەنگی و لاسەنگی لە دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان، بۆ نموونە ھەندێک لە وڵاتان ھەڵدەستن بە دانانی پلانێک بۆ پێشخستن و دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان لە شارەکاندا، ئەمەش وادەکات ناوچە دێ نشینییەکان لە ھەندێک لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش ببن، لە ئەنجامی ئەم ناھاوسەنگییە لە دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان کۆچکردنی ناوخۆیی لە لادێکانەوە بەرەو شارەکان دەست پێدەکات بە مەبەستی گەیشتن و سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکان، بەڵام ئەمەش چەندین کێشەی تر لە شارەکان بە دوای خۆی دادێنێت وەکوو (فراوانبوونی شارەکان و دروستبوونی پەستانێکی زۆر لەسەر خزمەتگوزارییەکان و بەش نەکردنیان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری). سیاسەتی دەوڵەت بە چەند جۆرێک کاریگەری ھەیە لەسەر دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان: 

  • لە دایکبوونی خزمەتگوزارییەکان
  • قەبارەی خزمەتگوزارییەکان
  • دەستنیشانکردنی شوێنی خزمەتگوزارییەکان
  • ھەماھەنگی ئاسۆیی و ستوونی خزمەتگوزارییەکان


سەرچاوەکان



144 بینین