بۆچی دوای دەستپێکردنی شتەکان بەردەوام نابین؟

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-02-29-22:40:00 - کۆدی بابەت: 12044
بۆچی دوای دەستپێکردنی شتەکان بەردەوام نابین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی دوای دەستپێکردنی شتەکان بەردەوام نابین (بە عەرەبی: لماذا لا نكمل ما بدأناه، بە ئینگلیزی: Why don't we finish what we started) بۆ دەسپێکردنی هەر کارێک یان پابەندبوون بە هەر خوویەکی نوێوە، لە سەرەتادا زۆر تامەزرۆین کە دەستپێبکەین و بە ئامانجی گەورە و زۆرەوە دەستپێدەکەین، بەڵام هەر لە سەرەتای دەستپێکی وەڕەس و بێزار دەبین و کارەکە ڕادەگرین و تەواوی ناکەین.

زۆر کەس تووشی ئەم کێشەیە دەبن و کاریگەری نەرێنی و خراپی زۆر لەسەر ژیانیان بە گشتی و ژیانی پیشەیی بە تایبەتی هەیە. بەردەوام بوون لە کار و خوویەکی نوێ هونەر و و رەبەرزی دەوێت، چونکە دەسپێکردن و هەنگاوەکانی سەرەتا بۆ زۆر کەس ئاسان و ئاساییە، بەڵام بەردەوام بوون و هەوڵدان بۆ مانەوە بە هەموو کەسێک ناکرێت.

نموونەی ئەو کارانەی تێیدا بەردەوام نابین

  • وەرزشکردن و سەردانیکردنی هۆڵی وەرزشی.
  • دانانی پلان و ئامانج لە سەرەتای ساڵ.
  • پەیوەستبوون بە ڕیجیم و خواردنی تەندروست.
  • پەیوەستبوون بە خوویەکی نوێی ڕۆژانە.
  • دانانی کار و بزنسی تایبەتی.
  • بەشداریکردن لە کۆرس یان خوولی بەهێزکردن لە بوارێکی تایبەتی.

هۆکارەکانی بەردەوامنەبوون لە کارێک

دیارینەکردنی ئامانج: پێش دەستپێکی هەر کارێک هۆکار و ئامانجی ئەنجامدانی ئەو کارە لە خۆت بپرسە، چونکە پێویستە بزانیت بۆچی دەتەوێت ئەو کارە بکەیت، دیارینەکردنی ئامانج یان نەبوونی پلان هۆکارێکی سەرەکین بۆ ساردبوونەوە و زوو کۆتایی هێنان بەو شتانەی کە ئارەزوومان لێیان بووە.

نەریتە خراپەکان: خۆدزینەوە و خۆدرەنگ خستن و هەڵهاتن لە ئەنجامدانی کارەکان، بیانووهێنانەوە و ترس لە ئەنجامەکان و دڵەڕاوکێی بەردەوام هەموو ئەمانە هۆکار گەلێکن بۆ ئەوەی نەتوانین بەردەوام بین لەسەر کارێک کە دەستمان پێی کردووە و زوو لێی وەڕەس بین.

تەمەڵی: تەمەڵی و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی کارێک لەسەر ئاستی ئەرکە ڕۆژانەکان بێت یان لەسەر ئاستی پلاندانان بۆ ئامانجەکان و کارکردن بێت بۆ گەیشتن پێیان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشەکشەکردن و دواخستنی کارەکانن، تەمەڵی تەنها واتای ناچالاکی نییە بەڵکو بریتییە لە بێهێزی لە بیرکردنەوە و تەمبەڵی لە دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ ئارەزووی بەدەستهێنان هەموو شتێک بەشێوەیەکی ئامادە و ئاسان، بۆیە کاتێک دەست بە کارێکی نوێ دەکەین شتەکان نوێن بەربەست و کێشەت بۆ دروست دەبێت، بۆیە بۆ خۆدزینەوە لە ئەنجامەکان زۆرجار تەمەڵی هەڵدەبژێریت و کارەکە تەواوناکەیت.

بوونی سەرقاڵی بەردەوام و نەمانی سەرنج: ژیانی هاوچەرخمان پڕە لە سەرقاڵکردن، لە سۆشیال میدیاوە تاکوو یارییە ڤیدیۆییەکان و بابەتە ئەلیکترۆنییەکان، ئەو خێراییەی کە تایبەتمەندە بەم سەردەمە دەکرێت هۆکاربن کە بە کۆمەڵێک ئامانج و پلانی گەورە خۆمان سەرقاڵ بکەین، بەڵام دەکرێت ورووژێنەرێكى دەرەكى سەرنجبەر بە بەردەوامی، ببێتە هۆکاری ئەوەی دەستمان پێکرد وازیان لێبهێنین و پاشەکشە بکەین لە تەواوکردنی.

نەمانی پاڵنەر و ئارەزوو: لە سەرەتای هەر کارێک کە دەست پێدەکەین حەز و ئارەزوویەکمان هەیە، بەڵام بەپێی کات ئەم ئارەزوو و پاڵنەرە کەم دەبێتەوە.

چارەسەر  

ئامانجێکی سەرەکی دابنێ، واتا پێش ئەنجامدانی هەر کارێک هۆکاری ئەنجامدانی ئەو کارە لە خۆت بپرسە، لە خۆت بپرسە کە ئامانجت لە کردنی ئەو کارە چییە یان بۆچی دەتەوێت خوویەکی نوێ فێربیت، دیاریکردنی ئامانج هاوکاریت دەکات کە تێگەیشتنت بۆ کارەکە هەبێت و بە ئاسانی پێوەی پەیوەست بیت و لێی بێزار نەبیت، بەشێوەیەکی خولی پێداچوونەوە بۆ دەرەنجامەکان بکە، هەوڵدە هەموو تێبینی و وردەکارییەکان تۆمار بکە و بیاننووسە. 

دووربکەوە لەو شتانەی کە سەرقاڵت دەکەن و لە کاتت دەبەن و سەرنجت ناهێڵن، بۆ تەواوکردنی ئەوەی دەستت پێکردووە دەبێت کۆنتڕۆڵی سەرقاڵکردن و سەرنجبەرەکانی دەوروبەرت بکەیت، سەرەتا بە دەستنیشانکردنی ئەو سەرقاڵکردن و هۆکارانە دەستپێبکە کە کاتت بە بەتاڵی دەبات، پاشان هەوڵبدە کاتەکانت بە باشی ڕێک بخەیت و دەستبەرداری زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بیت، هەوڵبدە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەرت جڵەوگیر بکەیت و ڕاستەوخۆ هەنگاوەکانی کارەکانت ئەنجام بدە. 

بەدوای هاندان و پاڵنەری گونجاودا بگەڕێ، بوونی پاڵنەری خوودی یەکێکە لە تەکنیکە گرنگەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەمانی ئارەزوو و پاشەکشەکردن لەوەی کە دەستت پێکردووە، هەوڵبدە هاندەر و پاڵنەرە گونجاوەکانت بدۆزیتەوە و خۆت پاڵپشت و هاندەر وبیرخەرەوەی خۆت بە.

بەدوای کەسی پشتیواندا بگەڕێ، هاوڕێ و خێزان و کەسی نزیک ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پاڵنەر و پاڵپشتیکردنی حۆ، بۆیە دوور بکەوەرەوە لە هاوڕێیەتی ژەهراوی و پەیوەندی نەرێنی، هەروەها بەدوای کەسانی پشتیواندا بگەڕێ کە یارمەتیت دەدەن لەکاتی پێویستدا و بۆ تەواوکردنی ئەوەی دەستت پێکردووە پشتگیریت دەکەن.

هەوڵبدە بەسەر تەمبەڵیتدا زاڵ بیت، ئەگەر هۆکاری پاشەکشێ و دواخستن و وازهێنانت بێهێزی و تەمبەڵی بێت، پێویستە چارەسەری ئەمە بکەیت بە ڕاهێنانی خۆت لەسەر چالاکییە هزری و جەستەییەکان و گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیی خۆت بە وەرزشکردن و کارکردن.


سەرچاوەکان



128 بینین