کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی لە کاتی کارکردن

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-03-07-20:26:00 - کۆدی بابەت: 12078
کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی لە کاتی کارکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی لە کاتی کارکردن (بە عەرەبی: ظبط الغظب اثناء العمل، بە ئینگلیزی: Manage anger at work)، زۆرجار لە کاتی کارکردندا بە هەر هۆکارێک بێت تووشی تووڕەیی دەبیت، بۆیە پێویستە لە کاتی کارکردنتدا توڕەییەکانت کۆنتڕۆڵ بکەیت چونکە ڕەنگە تووشی کێشەت بکات لە شوێنی کارەکەتدا.

کاریگەری تووڕەبوون لە کاتی کارکردندا

کاریگەرییەکانی تووڕەیی لە شوێنی کاردا تەنها بۆ ژیانی پیشەیی نییە، تووڕەیی دەتوانێت ئاستی فشاری دەروونی زیاد بکات، لە ڕووی دەروونی و لە ڕووی جەستەییەوە، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی جەستەیی بە بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کاریگەری لەسەر بەرگری و کۆئەندامی دەمار، بەردەوام بیرکردنەوە و هەستە نەرێنییەکان، دەتوانێت کاریگەری لەسەر متمانە بەخۆبوون هەبێت.

هۆکارەکانی تووڕەبوون لە کاتی کارکردندا

  • بوونی فشاری دەروونی، فشاری دەروونی کاریگەری لەسەر تووڕەبوون هەیە لە کاتی کارکردندا کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵی فشارەکانت بکەیت، دەرئەنجام دەبێتە هۆی تووڕەبوون.
  • لاوازی پەیوەندی، تێنگەیشتن و ناکۆکی دەبنە هۆی لاوازی پەیوەندییەکان دەرئەنجام تووڕەبوون و نا ئومێدی ڕوودەدات.
  • مامەڵەی نادادپەروەرانە: ئەزموونکردنی مامەڵەی نادادپەروەرانە، وەک لایەنگری، جیاکاری، یان نەبوونی دانپێدانان بە هەوڵەکانت، لەوانەیە ببێتە هۆی تووڕەیی لە کارەکەتدا.
  • هۆکاری کەسی: گرنگە ڕەچاوی هۆکارە تایبەتییەکان بکەیت کە لەوانەیە ببنە هۆی توڕەبوونت لە کارەکەتدا، فشاری دەرەکی، کێشە کەسییە چارەسەرنەکراوەکان کاریگەرییت لەسەر دروست دەکەن لە کاتی کارکردندا.
  • چاوەڕوانییە بەدینەهاتووەکان: ئەگەر کارەکەت لەگەڵ چاوەڕوانییەکانت، ئامانجە پیشەییەکانت، یان بەها کەسییەکانت هاوتا نەبێت، ئەوا لەوانەیە تووڕەیی دروست بکات، بۆ نموونە نەبوونی دەرفەتی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون، دەتوانن ببنە هۆی تووڕەیی.

چەند ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەییت لە کاتی کارکردندا

  • هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە، هەناسەدانی قووڵ وادەکات جەستە ئارام ببێتەوە بە چالاککردنی کۆئەندامی دەمار، لێدانی دڵت خاو دەکاتەوە، پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، گرژی ماسولکەکان کەم دەکاتەوە، هەستی ئارامی زیاد دەکات و یارمەتیت دەدات کۆنترۆڵی هەستەکانت بکەیت.
  • دیاریکردنی هۆکاری تووڕەییت، کە هۆکاری تووڕەبوونەکەت دۆزییەوە ئەو کات دەتوانیت چارەسەر بۆ تووڕەبوونەکەشت بدۆزیتەوە.
  • گەڕان بەدوای پشتگیری، هاوبەشیکردنی هەست و نیگەرانییەکانت لەگەڵ هاوکارێکی باوەڕپێکراو، سەرپەرشتیار، یان هاوڕێیەک دەتوانێت ببێتە هۆی پاڵپشتیکردنی هەستی، یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتن لە بارودۆخەکان، دۆزینەوەی چارەسەرە گونجاوەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ تووڕەییدا.
  • پشوویەک بدە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی تووڕەیی وات لێدەکات تووڕەییەکەت نەمێنێت، پشوودان دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ بیرکردنەوەی گونجاوتر و هەستکردن بە ئارامی.
  • گوێگرتنی چالاک بریتییە لە سەرنجدانی تەواو لەسەر قسەکەر، گرنگییدان بە ئاماژە زارەکی و نا زارەکییەکان، و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لێیان، بە گوێگرتنی چالاکانە ڕێز نیشاندەدەیت، هاوسۆزی بەهێز دەکەیت و ژینگەیەکی گونجاو دروست دەکەیت بۆ پەیوەندی بنیاتنەر و چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • بەکارهێنانی پەیوەندی پتەو، پەیوەندی پتەو بریتییە لە دەربڕینی بیر و ڕا و بۆچوون و هەستەکانت بە شێوەیەکی ڕێزدارانە و گونجاو، کە یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆت بکەیت و سنوورەکان دیاری بکەیت و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەیت بەبێ ئەوەی پشت بە تووڕەبوون ببەستیت، بە پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی کاریگەر، هەڵە تێگەیشتن کەم دەکەیتەوە و پەیوەندییە دروستەکانت لەگەڵ ئەوانی تردا لە شوێنی کاردا بەهێز دەکەیت. 
  • هاوسۆزی، خۆت لە شوێنی کەسانی دیکە دابنێ و هەوڵ بدە لە هەستەکانیان تێبگەیت، هاوسۆزی یارمەتیت دەدات بۆ پەرەپێدانی ئارامگرتن، کە وادەکات وەڵامی بارودۆخە سەختەکان بدەیتەوە بە تێگەیشتنێکی زیاتر و توڕەییەکی کەمتر.
  • داوای یارمەتی بکە، ئەگەر تووڕەییت لە کارەکەت درێژخایەن بوو یان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەرت هەبوو، ئەو کاتە دەتوانییت داوای یارمەتی لە ڕاوێژکارێک یاخود ڕێنماییکارێک یان پسپۆڕێک بکەیت، پسپۆڕێک دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دۆزینەوەی هۆکارە بنچینەییەکان، پەرەپێدانی ستراتیژی مامەڵەکردن، و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە دەبێتە هۆی توڕەییت.


سەرچاوەکان



100 بینین