چاندنی داری میوەی جاک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-03-20-00:37:00 - کۆدی بابەت: 12162
چاندنی داری میوەی جاک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی داری میوەی جاک (بە ئینگلیزی: planting jackfruit tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة الکاکایا)، دارێکی هەمیشە سەوزی تایبەت بە ناوچە خولگەییەکانە و نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەری ئاسیایە، بەرێک دەگرێت کە شیاوی خواردنە، گەشەکردنی تاڕادەیەک خێرایە و لەماوەی تەنها چەند ساڵێکی کەمدا میوە دەگرێت، قەدەکەی بە شێوەیەکی ڕێک گەشەدەکات و بەرگەکەشی ڕەنگێکی قاوەیی نزیک سووری هەیە، چڵی زۆر گەورەی هەیە و گەڵای ڕەنگ سەوزیان پێوەیە کە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر دەبێت، دەکرێت درێژی دارەکە بگاتە ٩-٢١ مەتر و پانییەکەشی بگاتە نزیکەی ٦-١٥ مەتر.    

لە وەرزی پاییزدا خونچەدەکات و گوڵێکی سەوز دەگرێت هەروەها دەکرێت لەکاتەکانی تریشدا و بە درێژایی ساڵەکە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ گوڵبگرێت، دواتر بەرێکی گەورەی زەرد بۆ سەوز دەگرێت و لەناوەڕاستی هاویندا پێدەگات، بەشی ناوەوەی میوەکە ڕەنگی زەردە و تامێکی شیرینی هەیە، کە دەوترێت نزیکە لە تامی مۆز و ئەنەناسەوە، خۆشبەختانە ئەم دارە زۆر تووشی نەخۆشی نابێتەوە، بەڵام دەکرێت کاتێک بەردەگرێت میوەکەی ببێتە هۆی ڕاکێشانی هۆکاری نەخۆشییەکان، بۆیە پێویستە کاتێک پێدەگات دەستبەجێ لێبکرێتەوە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە و قەبارەی بەرەکانیان جیاوازی تێدایە.      

هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترین کات بۆ چاندنی وەرزی بەهارە.
  • باشترە لە بری تۆو بە نەمام بچێنرێت.
  • بەڵام پێویستی بە جێگەیەکی فراوانە، چونکە ئەگەر جێگەی ڕەگەکەی تەسکبێت ئەوا بەدرێژایی مەودای ژیانی گەشەکردنی کەمدەبێتەوە.
  • دواتر خاکەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی ڕەگەکەی جێگیرببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم جۆرە دارە پێویستی بە خاکێکە کەمێک دەوڵەمەندبێت بەماددەی خۆراکی، شیبووەوەبێت و بەتەواوەتی وشکببێتەوە واتە ئاو تێیدا کەڵەکە نەکات، هەروەها ڕۆژانە بڕێکی زۆر ڕووناکی ڕاستەوخۆی خۆری بەربکەوێت، بەلایەنی کەمەوە بگاتە شەش کاتژمێر و ئەوانەی لە جێگەی سێبەردا گەشەدەکەن هیچکات بەرناگرن، بەڵام پلەی ترشێتی خاکەکەی دیاریکراو نییە و لە هاوکێش و ترش و تفتیشدا گەشەدەکات، هەرچەندە باوەڕ وایە کە لە خاکێکی کەمێک ترشدا باشتر گەشەدەکات، بەڵام بۆ گەشەکردنی باش پێویستی بە هەبوونی شێیە بەتایبەتی بۆ دارە گەنج و بچووکەکان.

پێویستی بە گرنگیپێدانی زۆر نییە و تەنها بە دابینکردنی ئاووهەوای گونجاو گەشەی زۆر دەکات، پێویستییەکانیشی تەنها بریتین لە گەرما و ڕووناکی، هەروەها پێویستە لە جێگەی خۆیدا بهێڵرێتەوە و نەگوازرێتەوە، چونکە بە گشتی ئەم جۆرە دارە بۆ گواستنەوە گونجاو نییە، هەروەها باشترە بە بەردەوامی هەموو گژوگیا زیانبەخشەکانی دەوروبەری دارەکە هەڵبکەنرێن، بۆ ئەوەی پێشبڕکێ نەکەن لەسەر ماددەی خۆراکی و ئاوی خاکەکە.

دانانی ڕیزێک سەماد کە تێکەڵەی گەڵا و خەڵوز و کایە چەندین سوود بە درەختەکە دەگەیەنێت، لەوانەش هێشتنەوەی شێ و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی گژوگیا زیانبەخشەکان، جگە لە ئەمانەش کاتێک پلەی گەرمی داببەزێت ئەوا سەمادەکە گەرمی بۆ ڕەگەکە دابیندەکات، ئەم دارە بەرگەی سەرما و تۆفان ناگرێت چونکە وەک هەموو دارەکانی تری ناوچەی خولگەیی لە شێ و گەرمیدا گەشەدەکات، کە ئەگەر پلەی گەرمی ببێتە خوار یەک پلەی سەدی ئەوا لەناودەچێت.  

دارە گەنجەکان پێویستیان بە هەڵپاچین نییە و تەنها دەبێت لقە نەخۆش و زیانپێگەیشتووەکانی لاببرێن، بەڵام گەورەکان بۆ ئەوەی زۆر بەرزنەبن و دەستبگات بە بەرهەمەکەی باشترە ئەو لقانەی لە سەرەوەن ببڕێن، بەمشێوەیە دارەکە زیاتر بە شێوەیەکی ئاسۆیی زیاددەکات نەک ستوونی، هەروەها گونجاوترە کە هەندێک لە لقە کۆن و بەتەمەنەکانی دارەکە هەڵبپاچرێن بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ بکات و ڕووناکی خۆر بدات لە هەموو چڵەکانی تریش، کاتی هەڵپاچینیش دەبێت دوای پێگەیشتنی بەرەکەی و لێکردنەوەیبێت.  


سەرچاوەکان



47 بینین